پەرلەمانی تورکیا ئەرکی سوپای وڵاتەکەی لە عێراق و سوریا بۆ دوو ساڵی دیکە درێژکردەوە
کوردسات نیوز
١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣
پەرلەمانی تورکیا لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، بە دەنگی ٣٥٧ پەرلەمانتار نووسراوەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیای پەسەندکرد، بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ئەرکی سوپای تورکیا لە عێراق و سوریا بۆ دوو ساڵی داھاتوو.
سەرۆککۆماری تورکیا لە نووسراوەکەدا، کە ئاڕاستەی پەرلەمانی کردبوو، تیایدا بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان لە عێراق و سوریا داوایکردبوو ئەرکی سوپای تورکیا لەو دوو ناوچەیە بۆ ماوەی دوو ساڵی داھاتوو درێژبکرێتەوە.
جێی باسە ھەریەک لە پارتەکانی ئاکپارتی، مەھەپە، ئاییندە، سەرلەنوێ رەفاح و ھوداپار دەنگیاندا بە نووسراوەکەی سەرۆک کۆمار، ھەریەکە لە جەھەپە و ھەدەپ دەنگیان بە نووسراوەکەدا نەدا.
ساڵی ٢٠١٣ تورکیا لە چوارچێوەی ھەڵمەتی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش سوپای وڵاتەکەی رەوانەی عێراق و سوریا کرد و لەدوای کۆتایی ھاتنی ئەو رێکخراوەش بە رەسمی لە ساڵی ٢٠١٧، تورکیا بە پاساوی بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی یەپەگە لە خاکی عێراق و سوریا ماوەتەوە.