جیهانجیهان

ھەریەک لە پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە"، پارتی چەپی سەوز ئەنجامی یەکەم کۆبونەوەی خۆیان لە دوای ھەڵبژاردنەکانی تورکیا بڵاوکردەوە و لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، لە دژی رژێمی تورکیا کە دوژمنی رەنج، ئاشتی، ئازادی و دیموکراسییە ھەنگاوێک بەرەو دواوە نانێین و تێکۆشانیان فراوانتر دەکەن، پێویستە کەس گومانی لەوە نەبێت، چونکە بێگومان خەبات و تێکۆشان فراوانتر دەکەن.

لەبەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا ھاتووە، پێویستە بێ ورە و چاوترسێن نەبن و لە داھاتوودا تابلۆی نوێ، بۆ پێکھاتەکان و دەزگاکان و گەل بە فراوانی شی دەکەبنەوە و ئەنجامی پێویست لەبەرچاو بگرن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی لە زاری سەرچاوەیەکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکاوە بڵاویکردووەتەوە، ماوەی چەند ساڵێکە ناوبەناو ھێرشی جیاجیا لە رێگەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە لە ناو خاکی سوریا دەکرێتەسەر ھێزەکانی ئەمریکا، ئەمەش ئیدارەی کۆشکی سپی و وەزارەتی بەرگری نیگەران کردووە و بڕیاریانداوە لە رێگەی سیستمی مووشەکیی ھیمارسەوە توانای بەرگری ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا بەھێزتر بکەن.

بەوتەی سەرچاوەکە لە ئێستادا دوو سیستمی مووشەکیی ھیمارس گەیشتووەتە دەست ھێزەکانی ئەمریکا و یەکێکیان لە کێڵگەی نەوتی عومەر، ئەویتریشیان لە کونکۆ تایبەت بە بەرھەمھێنانی غاز جێگیرکراوە کە لە یەک کاتدا توانای ئاراستەکردنی شەش مووشەکی ھەیەو تا دووری ٨٠ کیلۆمەتریش زۆر بە وردی ئامانجەکەی دەپێکێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاندووە، بەپێی بەدواداچوون و ئەو بەڵگانەی دەستیان کەوتووە، رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە ٢٣ ھێندە لەئاستی رێگەپێدراو بەپێی رێککەوتنی ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ زیاتربووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، یۆرانیۆمی پیتێنراوی عەمبارکراویش لەلایەن ئێرانەوە گەیشتووەتە چوار ھەزار و ٧٤٤.٥ کیلۆگرام لەکاتێکدا بەپێی رێککەوتنە ئەمییەکە بۆی ھەیە ٢٠٢.٨ کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو عەمبار بکات.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بایدن بەر لە بەجێھێشتنی کۆشکی سپی بەرەو ویلایەتی "دیلاوێر" بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ "ئەردۆغان" ئەنجامداوە و پیرۆزبایی لێکردووە.

وتیشی، ئەردۆغان دەیەوێت لەسەر پرسی فڕۆکەی ئێف ١٦ بگەنە چارەسەر، کە بەھۆی ئاستەنگ دروستکردن لە کۆنگرێسی ئەمریکاوە ئەو مامەڵەیە لەنێوان واشنتۆن و ئەنقەرە وەستاوە.

ھەروەھا بایدن بە ھاوتا تورکییەکەی راگەیاندووە کە ئەمریکا دەیەوێت مامەڵە و ھەماھەنگی لەگەڵ سوید ھەبێت و دەبێت پرسی بە ئەندامبوونی ئەو وڵاتە لە ھاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ" کۆتایی بێت.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تەلەفزیۆنی رەسمی ئێران بڵاویکردەوە، خامنەیی لەگەڵ ھەیسەم بن تارق سوڵتانی عومان لە تاران کۆبووەتەوە و پشتیوانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئێران و میسری کردووە و وتویەتی ھیچ کێشەیەک لەو بابەتەدا نییە، کە چەندین دەیەیە ناکۆکی و پشێوی تێدایە. 

ئەوەش لەکاتێکدایە کە ماوەیەکی دوور و درێژە عومان رۆڵی نێوەندگیر دەبینێت لەنێوان تاران و وڵاتانی رۆژئاوا. لەئێستاشدا چەند ئاماژەیەک ھەیە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی میسر و ئێران، بە تایبەت دوای ئەوەی سعودیە و ئێران لە مانگی ئاداری رابردوو بەنێوەندگیری چین، کۆتاییان بە دابڕانی پەیوەندییەکانیان ھێنا و ئاساییانکردەوە. تائێستاش لێپرسراوانی میسر وەڵامی لێدوانەکەی "خامنەیی"یان نەداوەتەوە. 

میسر لە سەردەمی ئەنوەر سادات و دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران پچڕاند. لە ساڵی ٢٠١١ش لە دوای بەھاری عەرەبی کە "محەمەد مورسی" وەک سەرۆکی میسر ھەڵبژێردرا، پەیوەندییەکانی میسر و ئێران بەرەو باشی چوو، بەڵام جارێکی دیکە و دوای لابردنی "مورسی" لە ساڵی ٢٠١٣ و ھەڵبژاردنی "عەبدولفەتاح سیسی" بە سەرۆک، پەیوەندییەکان پچڕانەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پێشووتری ھەدەپە لە تویتەرەوە پەیامێکی ئاڕاستەی ئەردۆغان و لایەنگرانی کردووە و نووسیویەتی، پیرە‎ پاشا لە باڵکۆنی کۆشکە گرانبەھاکەیەوە درێژە بە بوختان و ھەڕەشە و سوکایەتییەکانی دەدات کە سەرخۆش و مەستە بە سەرکەوتنێکی ساختە و درۆینە و گروپێکی ماستاوچیش کە سەرگەرمی چێژ و درۆن لە بەردەمیدا وەستاون پێکەوە ھاواردەکەن و داوای لەسێدارەدان دەکەن.

دەربارەی ھاواری لایەنگرانی ئەردۆغان کە داوای لەسێدارەدانی دەمیرتاش دەکەن دەڵێت، ئەم داوایە لە فەرەنسای کۆندا نەکراوە، بەڵکو لە شاری ئەنقەرە و لە ساڵی ٢٠٢٣ کراوە، بەڵام با ئەوە بزانن کە نەک خۆی، بەڵکو ناتوانن تەنانەت چاکەتەکەشی ھەڵبواسن.

دەمیرتاش لە کۆتایی تویتەکەیدا دەڵێت، ‎ئەو نەوەی فەرماندەی گەورەی کورد سەلاحەدینی ئەیوبییە کە ئازادکەری قودسە و بەڵێندەدات کە رۆژی ھات، دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ ھەموویان بکات.

لەشەوی ٢٨ی ئایار ئەردۆغان لەبەردەم دەیان ھەزار لایەنگریدا و لە بەردەم کۆشکی سەرۆکایەتی لە ئەنقەرە وتاری سەرکەوتنی پێشکەش کرد و وتی، لە سەردەمی ئەودا ھەرگیز دەمیرتاش ئازاد نابێت و لایەنگرانیشی ھاواریان دەکرد و داوای لەسێدارەدانی دەمیرتاشیان کرد.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەکانی ھەواڵ بڵاویانکردووەتەوە، لە چەند ناوچەیەک لە باکوری سوریا کە لەژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنی سوریادان، ئاھەنگ بەبۆنەی سەرکەوتنی "ئەردۆغان"ەوە گێڕاوە و تەقەی ھەڕەمەکی لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە کراوە، بەوھۆیەوە کەسێک کوژراوە و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون. 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش چەندین ڤیدیۆ بڵاوکراونەتەوە کە لە سەربانی ماڵەکان تەقە دەکرێت، ھەروەھا وێنەی چەندین کەسیش دانراوە کە بەھۆی تەقەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.  

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە کارکردن لەگەڵ تورکیا وەک ھاوپەیمانێک لەناتۆ، سەبارەت بە پرسە دوو قۆڵییەکان و ململانێ جیھانییە ھاوبەشەکان. 

ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیاش وتی، سەرکەوتنی ئەردۆغان بەڵگەیەکی روونە بۆ پشتیوانی گەل لە سەرۆکەکەیان. 

ھاوکات ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا رایگەیاند، فەڕەنسا و تروکیا روبەڕووی ململانێی گەورە بوونەتەوە پێکەوە، وەک گەڕانەوەی ئاشتی لە ئەوروپا و داھاتووی ھاوپەیمانی ئەوروپی ئەتڵەسی و دەریای ناوەڕاست. 
لای خۆیەوە، "ریشی سوناک" سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ھیوای خواست ھەماھەنگی لەگەڵ تورکیا بەردەوام بێت، لە بواری بازرگانییەوە تا چارەسەرکردنی ھەڕەشە ئەمنییەکان. 

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش سەرباری پیرۆزبایی وتی، چاوەڕێی ھەماھەنگی زیاترن لەنێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا. 

ھاوکات لێپرسراوانی سوید و ئەڵمانیا و کۆمیسیۆنی ئەوروپا و ناتۆ و سعودیە پیرۆزباییان لە ئەردۆغان کرد. 
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لەوبارەیەوە وتی، ھیوادارین پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا بەرەوپێش بچێت و دۆستایەتی و ھەماھەنگی بەردەوامی ھەبێت.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی فرانس پرێسی فەڕەنسی بڵاویکردەوە، تیمە دەریاوانییەکانی فەڕەنسا ئۆپراسیۆنێکیان لە ناوچەی کالێ ئەنجامداوە و ٤٦ کۆچبەریان لە خنکان رزگارکردووە، کە بەلەمەکەیان لە دەریادا پەکی کەوتووە، ھەروەھا لە ئۆپراسیۆنێکی تردا ١٧ کۆچبەری تریان رزگارکردووە.

رزگارکردنی ئەو کۆچبەرانە لە کەناڵی ئینگلیز لەکاتێکدایە، ھەفتەی رابردوو دادگای فەڕەنسا لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی لە ژێرئاو کەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناڵی ئینگلیز لە ساڵی ٢٠٢١، تۆمەتی کەمتەرخەمی ئاڕاستەی پێنج سەربازی فریاگوزاری دەریایی کرد، کە لە کاتی رووداوەکەدا لە ناوەندێکی چاودێری و بەھاناوەچوونی فەڕەنسی لە کەناڵی ئینگلیز لە ئەرکدا بوون.

٢٤ی تشرینی دووەم ساڵی ٢٠٢١ نزیکەی ٥٠ کۆچبەر ھەوڵیاندا بە بەلەمێک لە رێگەی کەناڵی ئینگلیزەوە لە فەرەنساوە بچنە بەریتانیا، بەڵام بەلەمەکەیان ژێرئاو کەوت و ٢٧ کۆچبەر گیانیان لەدەستدا، کە ١٧ کۆچبەریان کورد بوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وتەبێژی پاسەوانی کەناراوەکانی ژاپۆن بڵاویکردەوە، ئاگادارکردنەوەیەکیان لە کۆریای باکورەوە پێگەیشتووە کە لە چەند ھەفتەی داھاتوودا مانگێکی دەستکرد تاقیدەکەنەوە. پێشبینیش دەکرێت، ئەو ئەو مانگە دەستکردە لە نزیک دەریای خۆرھەڵاتی چین و خۆرھەڵاتی دوورگەی لوزون لە فلیپین بکەوێت. 

فومیو کیشیدا، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆنیش رایگەیاندووە، ئەو تاقیکردنەوەیە پەیوەندی بە مووشەکی بالستییەوە ھەیە و "پیۆنگ یانگ" بە مانگی دەستکرد ناوی دەبات. داواشی لە لێپرسراوان کرد زانیاری زیاتر کۆبکەنەوە و ھۆشیار بن و ھەماھەنگی بکەن لەگەڵ ھاوپەیمانەکانیان، وەک ئەمریکا و کۆریای باشور.

کۆریای باکور لەم چەند مانگەی رابردوودا تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی زیاد کردووە و بەھۆیەوە ژاپۆن سیستمی ئاگادارکردنەوەی دانیشتووانی لە وڵاتەکەی، کاراکردووە. 

لای خۆشیەوە، وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشور داوای لە کۆریای باکور کردووە پلانەکەی بۆ ھەڵدانی مانگی دەستکرد ھەڵبوەشێنێتەوە، بەڵێنیشیدا بە ھەماھەنگی لەگەڵ کۆمەڵی نێودەوڵەتی بۆ وەڵامدانەوەی ھەڕەشەکانی پیۆنگ یانگ  .

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆککۆمار لە پەیامەکەیدا بۆ ئەردۆغان رایگەیاندووە، بەبۆنەی ھەڵبژاردنەوەتان بە سەرۆک کۆماری تورکیا بەناوی گەلی عێراقەوە گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەکەین و ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین لە ئەرکەکەتان، داوا لە پەروەردەگار دەکەن خێرو خۆشی بۆ خۆتان و گەلەکەتان بھێنێت.

سەرۆک کۆمار لە پەیامەکەیدا سوربوونی عێراقی دووپاتکردووەتەوە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانە و  ھەماھەنگییەکان لەنێوان ھەردوو وڵات و گەلی دۆست، کە ببێتە مایەی پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری  ھەرێمی و نێودەوڵەتی.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە راگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی پەرلەمانی ئۆکراینادا بڵاوکراوەتەوە ئاماژەبەوەکراوە، لە دانیشتنی پەرلەماندا ١٠ یاسا و سێ پرۆژەیاسا و پێنج بڕیار پەسەندکراون.

 ئاماژە بەوەشکراوە، لەنێو بڕیارەکاندا ئەو بڕیارەش ھەیە کە سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا لەخۆدەگرێت.

سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆڵۆدیمیر زیلینسکی رەشنووسی ئەو بڕیارەی پێشکەشی پەرلەمان کردبوو کە سزای ئابووری و سزای دیکە دژی ئێران لەخۆدەگرێت.

بەپێی رەشنووسەکە، سزاکان بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ بەسەر ئێراندا دەسەپێنرێن و لەنێو رێکارەکانی سنووردارکردندا، ھەریەک لە قەدەغەکردنی تەواوەتی بازرگانی لەگەڵ وڵاتەکە و راگرتنی ترانزێتی سەرچاوە بە خاکی ئۆکراینا، گەشتە ئاسمانییەکان و گواستنەوە لەرێگەی ئاسمان و خاکی ئۆکرایناوە لەخۆدەگرێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شەش کۆمپانیای ناسراوی تورکیا بە جیا راپرسییان لە تورکیا ئەنجامداوە و پرسیاری ئەوەیان کردووە کە لە خوولی دووەمدا دەنگ بە کێ دەدەن، لە راپرسییەکەی کۆمپانیاکانی کۆندا، ئاسال، ساروس و بیماردا رەجەب تەیب ئەردۆغان زیاتر لە ٥٢%ـی دەنگەکان و کەمال کڵچدارئۆغلۆش ٤٧%ـی دەنگەکانی بەدەستھێناوە.

ھاوکات بەگوێرەی راپرسی ھەردوو کۆمپانیای ئاریا و ئۆرکیش کە تایبەتن بە توێژینەوە و راپرسی، کەمال کڵچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن لەنێوان ٥٠.٦ بۆ ٥١.٦%ـی دەنگەکان بەدەستھێنێت و دەبێتە ١٣ھەمین سەرۆککۆماری تورکیا.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ لە گەڕی دووەمی ھەڵبژاردنەکەدا ھاوڵاتییان بەشێوازی سەیر و جیاواز چوونەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان، وەک لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت ھەندێک لە دەنگدەرەکان ئاژەڵە ماڵییەکانیان بردووەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان و ھەندێکی دیکەشیان بەھۆی بەتەمەنییانەوە لەگەڵ کارمەندانی تەندروستی چوونەتە بنکەکانی دەنگدان.

ئەوەی لە ھەڵبژاردنەکەدا سەرنجی جیھانی بەلای خۆیدا راکێشابوو، بەشداریکردنی چەند کچ و کوڕێک بوون، کە بڕیاریاندابوو بە جلوبەرگی بووک و زاواوە بەشداری ھەڵبژاردنەکە بکەن و دوای دەنگدانیان راستەوخۆ ھاوسەرگیری بکەن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی ئەنجدامی بەراییەکان، رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی ھاوپەیمانی کۆمار ٥٢.٩٣٪ ، کەمال کڵیچدارئۆغڵو کاندیدی ھاوپەیمانی میللەت ٤٧.٧٪_ ی دەنگەکانی بەدەستھێناوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانکای نزیک لە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، ئەردۆغان لەپێش کڵچدارئۆغڵوەوەیە، لە بەدەستھێنانی دەنگەکان.

پارتی گەلی کۆماری جەھەپە دەڵێت، لە پڕۆسەی ھەڵبژاردندا پێشێکاریی روویداوە، پارتی دادو گەشەپێدانیش دەڵێت جەھەپە پشێوی دروستدەکات

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە ئیستەنبوڵ وتارێکی پێشکەشی لایەنگرانی کرد و رایگەیاند، ھەموو خەڵکی تورکیا و وڵاتەکەی براوەی ھەڵبژاردنەکەن و سوپاسی سەرجەم ئەو کەسانەشی کرد بەشدارییان لە ھەڵبژاردندا کرد و دڵنیایی پێدان کە پارێزگاری لەو متمانەیە دەکات پێییان بەخشیوە.

ئەردۆغان رەخنەی توندی ئاڕاستەی ھەدەپە و جەھەپە و ھاوپەیمانەکانی کرد و ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا کاتی خۆ ئامادەکردنە بۆ ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ساڵی داھاتوو.

ئەردۆغان لەبارەی وتاری سەرکەوتنیش کە بە وتاری باڵکۆن بەناوبانگە و لە دوای ھەموو ھەڵبژاردنێک لە باڵکۆنی بارەگای ئاکپارتی لە ئەنقەرە پێشکەشی دەکات وتی، ئەمشەو دەگاتە ئەنقەرە و لەبری ئەوەی وتاری باڵکۆن پێشکەش بکات، دەچێتە کۆشکی کۆمار و لە کۆشکەوە پەیام ئاڕاستەی جیھان دەکات.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...331332333334335...609