ئەمریکا پشتیوانی خۆی بۆ گەیاندنی ھاوکاریی مرۆیی بۆ غەززە راگەیاند
١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣
ماتیو میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، ھەرچەندە ئیسرائیل لە ھێرشەکانیدا بۆسەر حەماس پارێزگاری لە خۆی دەکات، بەڵام چاوەڕوانی ئەوەشیان لەو وڵاتە ھەیە کە پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکانی کاتی جەنگ بێت.
وتیشی، لە ٧ی ئەم مانگەوە ٣٢ ھاوڵاتی ئەمریکی لە ھێرشەکانی حەماسدا گیانیان لەدەستداوە و ١١ کەسیش بێسەروشوێنن، بۆیە ھەموو ھەوڵێک دەدەن تا چارەنوسی بێسەروشوێنەکان دیاری بکرێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو، واشنتن لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا ڤیتۆی دژی پڕۆژەبڕیارێک بەکارھێنا بۆ راگرتنی ئاگربەست لە غەززە، چونکە پڕۆژەکە مافی بەرگریکردنی بۆ ئیسرائیل تێدا جێگیر نەکرابوو.