ترەمپ دەڵێت، پێویستە یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران لەناوببرێت یاخود بگوازرێتەوە بۆ ئەمریكا، ئێرانیش ئەو داواكارییە رەتدەكاتەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەنوێترین بڵاوكراوەیدا لە تروس سۆشیال رایگەیاندووە، یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران یان دەبێت بگوازرێتەوە بۆ ئەمریكا بۆئەوەی لەناوببرێت، یان لە شوێنی خۆی لە ئێران لەناودەبرێت، وتیشی، پرۆسەكە دەبێت بە ئامادەبوونی لیژنەی وزەی ئەتۆمی و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەنجام بدرێت.

یۆرانیۆی پیتێندراوی كۆگاكراوی ئێران بە نزیكەی 400 كیلۆگرام دەخەمڵێنرێت و یەكێكە لەو بابەتانەی لە دانوستانەكانی ئەمریكا و ئێران زۆرترین ناكۆكی لەسەرە.

ئاژانسی تەسنیمی ئێرانیش لە زاری لێپرسراوێكی باڵای وڵاتەكەیەوە رەتیكردووەتەوە تاران ئامادە بێت بۆ گواستنەوەی یۆرانیۆمە پیتێندراوەكەی بۆ دەرەوەی ئێران.

سەرچاوەیەكی باڵای ئێرانیش بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، تاران رازی نەبووە بە رادەستكردنی یۆرانیۆمی كۆگاكراوی پیتێندراو.