ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، دەسەڵاتدارانی تورکیا ناتۆیان ئاگادارکردووەتەوە، ناتوانن داواکارییەکەی سوید بۆ بەئەندامبوون لە ناتۆ پەسەند بکەن، تاکو ئەوکاتەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە رۆژانی لە ٢٨ و ٢٩ی ئەم مانگە لە برۆکسل کۆدەبنەوە.
ھاوکات سەرچاوەیەک لە لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، لیژنەکەیان کۆتایی ئەم مانگە دەستبە گفتوگۆکان لەسەر دۆسیەی بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ دەکات، لەو بارەیەوە فوئات ئۆکتای، ئەندامی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی پڕۆسەی دەنگدان لەسەر بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ خێراتر ناکات، چونکە بە بابەتێکی بەپەلەی نازانێت.
مانگی ئایاری ٢٠٢٢ دوای ھێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکراین، سوید و فینلاند داواکارییەکیان بۆ بەئەندامبوون لە ناتۆ پێشکەش کرد، تورکیا سەرەتا ھەردوو داواکارییەکەی رەتکردەوە، بەڵام دواتر گڵۆپی سەوزی بۆ بەئەندامبوونی فینلاند ھەڵکرد و ئاستەنگی بۆ داواکەی سوید دروستکرد.
گروپی چەکداری مقاومەی ئیسلامی لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەوەڵامی ئەو ھێرشانەی دەکرێنە سەر خەڵکی کەرتی غەززە، بارەگایەکی ھێزەکانی ئەمریکایان لە کێڵگەی کۆنیکۆ لە سوریا کردووەتە ئامانج.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بە مووشەک ھێرشیانکردووەتە سەر بارەگاکەی ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و مووشەکانیان ئامانجەکانی خۆیان بە سەرکەوتووی پێکاوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، لە رۆژی ١٧ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە تائێستا، نزیکەی ٧٠ جار ھێرشکراوەتە سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا و بەھۆیانەوە لانیکەم ٦٠ کەس برینداربوون.
رادیۆی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، نزیکەی ٥٠ مووشەک لە لوبنانەوە ئاڕاستەی ناوچەی جەلیل کراون و ئەم بۆردوومانە توندترینە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسەوە.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە باکوری ئیسرائیل لێدراوە و ئاماژەی بە ھاتنی مووشەک کردەوە لە لوبنانەوە.
لەلای خۆشیەوە، حزبوڵای لوبنان راگەیاند، ئەمڕۆ ھێرشیان کردووەتە سەر بارەگاکانی ئیسرائیل لە چەند ناوچەیەک و توانیویانە تانکی میرکاڤا و ئەو بارەگایانە بکەنە ئامانج. ئاماژەی بەوەشکردووە، ٤٨ موشەکی کاتیۆشا ئاڕاستەی ئیسرائیل کراون.
رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی لە زاری بیزالیل سمۆتریچ وەزیری دارایی ئیسرائیلەوە رایگەیاندووە، جەنگی ئیسرائیل لە دژی حەماس تێچوویەکی زیاتر لەوەی دەوێت، کە پێشبینی دەکرا.
وتیشی، بە پێی پێشبینییەکان ئەو تێچوەی پێویستە بۆ ئەو شەڕە یەکسانە بە نیوەی بودجەی ساڵانەی ئەو وڵاتە واتە ١٥٪ بەرھەمی گشتی، ئەوەش دەبێتە ھۆی ئەوەی ئیسرائیل رووبەرووی قەیرانێکی دارایی درێژمەودا ببێتەوە.
ھاوکات، نوسینگەی ئاماری ئیسرائیل ڕایگەیاند، تەنھا لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوو دوای شەڕی غەززە ڕێژەی بێکاری لە وڵاتدا بۆ نزیکەی ١٠٪ بەرزبووەتەوە.
دوێنێ، دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی ھۆڵەندا کۆتاییھات و بە گوێرەی ئەنجامە سەرەتاییەکان، پارتی ئازادی بە بەدەستھێنانی ٣٥ کورسی پەرلەمان توانی پلەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکە بەدەستبھێنێت، پارتی کاری سەوزیش ٢٦ کورسی بەدەسھێناوە، پارتی ئازادی و دیموکراسیەتیش کە لەلایەن دیلان یەشلگۆز کە ژنێکی کوردە سەرکردایەتی دەکرێت، ٢٣ کورسی بەدەستھێناوە.
دیلان یەشلگوز بەو ئەنجامەی بەدەستھێناوە لە ئێستا کاندیدە بۆ بوون بە سەرۆک وەزیرانی ھۆڵەندا، بۆ ئەوەش پێویستی بەوە ھەیە لە کۆی ١٥٠ پەرلەمانتاری ٧٦یان دەنگیپێبدەن لە پەرلەماندا.
دیلان یەشلگۆزی تەمەن ٤٦ ساڵ لە دایکبووی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیایە و لە بنەڕەتدا خەڵکی شاری دێرسیمی باکوری کوردستانە، وەزیری دادی ھۆڵەندا بووە و لە تەمەنی حەوت ساڵیەوە وەک کۆچبەر چووەتە ئەو وڵاتە.
ئیسماعیل سەوابیتە بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی راگەیاندنی حکومی لە غەززە رایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی بۆردوومانی کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ ١٤ ھەزار و ٥٣٢ کەس بەرزبووەتەوە کە شەش ھەزاریان منداڵن و چوار ھەزار ژنیشیان تێدابووە، ئاماژەی بەوەشدا، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆناش بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە ٣٥ ھەزار کەس.
سەبارەت بە زیانەکانی دیکەش رایگەیاند، نزیکەی ٢٦ نەخۆشخانە و ٥٥ بنکەی تەندروستی لە خزمەتگوزاری دەرچوون، ھەروەھا دەیان ئەمبولانس بەھۆی تەواوبوونی سووتەمەنی ناتوانن خزمەت بە ھاووڵاتیان بکەن، لە ٦٠٪ بیناکانی نیشتەجێبوون لە غەززە داڕماون یاخود زیانی زۆریان بەرکەوتوە.
فەرماندەی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کەشتی یو ئێس ئێس تۆماس ھۆدنەر چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی حوسییەکانی خستووەتەخوارەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، خستەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە چوارچێوەی گەڕان و ھاتوچۆی کەشتییە جەنگییەکە بووە لە دەریای سور.
فەرماندەی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا دەشڵێت، کەشتییەکە و ستافەکەی ھیچ زیانێکی گیانی و ماددیان بەرنەکەوتووە.
رامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، لە دوای دەستپێکردنی شەڕەکانییەوە لەگەڵ حەماس لە کەرتی غەززە، سوپای ئیسرائیل ھێرش و بۆردومانەکانی بۆسەر چەند ناوچەیەکی سوریا چڕتر کردووەتەوە بەتایبەتیش بارەگا سەربازییەکان و فڕۆکەخانەکان.
وتیشی، لە ٢٢ی مانگی رابردووەوە تائێستا کە مانگێک تێپەڕیووە سەرجەم گەشتەکانی ھەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق و حەلب راگیراون، چونکە بەھۆی ھێرشەکانی ئیسرائیلەوە زیانی زۆریان پێگەیشتووە، ئەوەش درێژترین ماوەی راگرتنی کەشتەکانی ئەو دوو فڕۆکەخانەیەیە لە دوای سەرھەڵدانی ئاڵۆزییەکانی سوریا لە ساڵی ٢٠١١.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیەنراوێکدا بڵاوکردووەتەوە، بە نێوەندگیری قەتەر و میسر و ئەمریکا ھەر یەک لە ئیسرائیل و حەماس گەیشتونەتە رێکەوتن لەسەر ئاگربەست بۆ ماوەی چوار رۆژ، مەرجی ئەوەشیان داناوە ئەو ئاگربەستە درێژبکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "رێککەوتنەکە ئاڵوگۆڕکردنی ٥٠ ژن و منداڵی مەدەنی زیندانی لە کەرتی غەززە لە قۆناغی یەکەمدا دەگرێتەوە، لە بەرامبەر ئازادکردنی ژمارەیەک ژن و منداڵی فەلەستینی کە لە زیندانەکانی ئیسرائیل دەستبەسەر کراون، ژمارەی ئازادکراوەکانیش لە قۆناغەکانی دواتری جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەدا زیاد دەکرێن.
ھاوکات ئاگربەستەکە رێگە بە ھاتنە ژوورەوەی ژمارەیەکی زیاتری کاروانی مرۆیی و ھاوکارییە فریاگوزارییەکان دەدات، لەنێویاندا سوتەمەنی دیاریکراو بۆ پێداویستییە مرۆییەکان.
ھاوکات جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا پێشوازی لەو ئاگربەست و پێشھاتە نوێیە کردوو ھیوای خوسات بەردەوامی ھەبێت.
لە دوای ئەوەی پێکھێنەرانی حکومەتی ھۆڵەندا لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا شکستیانھێنا، ئەمڕۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پەرلەمانی ھۆڵەندا بەڕێوەدەچێت، بۆ یەکەمجاریش ژنێکی کورد کێبڕکێ لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیران دەکات، کە ناوی "دیلان یەشیلگۆز"یە و وەزیری دادەو تەمەنی ٤٦ ساڵە.
دیلان یەشیلگۆز، کاندیدی پارتەکەی سەرۆک وەزیرانە و لە تەمەنی ٧ ساڵیدا لەگەڵ دایکی وەک کۆچبەر چووەتە ئەو وڵاتەوە.
بە پێی ئەو راپرسییانەش کە لەو وڵاتەدا ئەنجامدراون، دیلان زۆرترین ئەگەری ھەیە ئەو پۆستە وەربگرێت و لە ئەگەری سەرکەوتنی ، جێگەی مارک ڕوتە دەگرێتەوە کە ماوەی ١٣ ساڵە سەرۆک وەزیرانی ھۆڵەندایە.
ئیلی کوھین وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل راگەیاند، ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ حەماس کردوویانە لە رۆژی پێنج شەممەوە ھەردوولا دەستبە جێبەجێکردنی دەکەن.
رێککەوتنەکەی ئیسرائیل و حەماس بە نێوەندگیری قەتەر و میسر بووەو ئاگربەستێکی مرۆییە بۆ چوار رۆژ و رێککەوتنەکەش لە قۆناغی یەکەمدا ئازادکردنی ٥٠ بارمتەی ئیسرائیلی دەگرێتەوە کە زیاتر ژن و منداڵن، ئیسرائیلیش ٣٠٠ فەڵەستینی ئازاد دەکات کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، ھەر بەپێی رێکەوتنەکە، رێگە بە ناردنی ھاوکاری زیاتری مرۆیی بۆ کەرتی غەززە دەدرێت.
بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش پابەندبونی وڵاتەکەی بە ئاگربەستەکە راگەیاند، وتیشی، دوای کۆتایی ھاتنی ئاگربەستەکە شەڕ ناوەستێت، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاش پێشوازی لەو ئاگربەستە کرد.
ئێف بی ئای رایگەیاند، لەسەر پردی رەینبۆو کە ئەمریکا و کەنەدا بەیەکەوە دەبەستێتەوە ئۆتۆمبێلێێک تەقیوەتەوە و بەو ھۆیەوە دوو کەس گیانیانلەدەستداوە و ئەو ناوچەیەش داخراوە.
ھاوکاتدەسەڵاتدارانی ئەمریکا رایانگەیاندووە، ئەو ئۆتۆمبێلە لە کاتی ھەوڵدانی بۆ چونە ناو وڵاتەکەیان تەقیوەتەوە.
ئێف بی ئای دەشڵێت، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەین و پرکەش بە رووی ھاوڵاتیان و شۆفێراندا داخراوە.
ئەفیخای ئەردعی، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، فرۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەند خاڵێکی حیزبوڵاییان لەناو لوبنان بۆردومان کردووە.
حزبوڵاش لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە بۆردومانێکی ئیسرائیلدا لە باشوری لوبنان چەکدارێکیان کوژراوە.
ھاوکات، ئاژانسی ھەواڵی سانای سوریا رایگەیاند، دوو موشەک لەلایەن ئیسرائیلەوە لە بەرزاییەکانی جۆلان ئاڕاستەی شاری دیمەشق کراون، بەڵام بۆردومانەکە زیانی گیانی نەبووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سیستمی بەرگری ئاسمانی توانیویەتی یەکێک لەو موشەکانە بخاتە خوارەوە.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤیش بڵاویکردەوە، دەنگی تەقینەوە لە دەوروبەری دیمەشق بیستراوە بەھۆی بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو شارە.
بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بەپێی خاڵێکی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس بۆ ئازادکردنی ژمارەیەک لە بارمتەکان کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، رێگە بە رێکخراوی خاچی سوور دەدرێت چاوی بە ئەو بارمتانەی تر بکەوێت کە تائێستا لەژێر دەسەڵاتی حەماسدا دەستبەسەرکراون، وتیشی، حەماس لە ژێر فشارە سەربازیی و نێودەوڵەتییەکاندا بڕیاری رێککەوتنی داوە و زۆر بەجددی کار بۆ ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکانیش دەکەن.
ھاوکات یواف گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیلیش رایگەیاند، لەپێناو ئازادکردنی بارمتەکاندا نەبوایە ھیچکاتێک لەگەڵ حەماس رێککەوتنیان نەدەکرد، چونکە بەپێی ئەو پلانەی ھەیانە کار بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەو بزوتنەوەیە دەکەن و دەیانەوێت بە یەکجاری لە ناوی ببەن.