لێپرسراوێکی باڵای ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا ھێرشی کردەسەر بارەگای گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بۆ ئەوەی ھێرشەکانیان بۆ سەر ھێزەکانی ئەمریکا بوەستێنن.
وتیشی، لە ئەگەری بەردەوامی ھێرشەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، رەوشەکە ئاڵۆزتر دەبێت.
دەشڵێت، بایدن بە وردی لێکدانەوەی بۆ بابەتی ھێرشەکەی سوریا و عێراق کردووە و نەیویستوە پەلە بکات، بەڵام ئەگەر ھێرشی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بەردەوام بن ھیچ بژاردەیەکی بۆ نامێنێتەوە و راستەخۆ ھێرش دەکاتە سەر ئێران.
مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە ئیدارەی بایدن ھەست بەوە بکات کە ستراتیجیەتەکەیان بۆ رازیکردنی ئێران سەرکەوتوو نەبووە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرەو لەناوچون دەبات و زیان بە سەقامگیری ھەرێمی دەگەیەنێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە ئەمریکا دژی ھەر ئەو ھەوڵێک بوەستێتەوە کە زیان بە ئەمریکا دەگەیەنێت و وەڵامی ھەڕەشە و مەترسیەکان دژی ھاوپەیمانەکانیشی بدرێتەوە.
وتیشی، ئێستا کاتی ئەوەیە کە بایدن خەبەری بێتەوە و ھەست بەوە بکات سیاسەتەکەی بەرامبەر ئێران شکستی ھێناوە و لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە زیاتر لە ١٦٠ ھێرش کراوەتەسەر بنکە سەربازی و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
ھاوکات، تۆجەر ویکەر، سیناتۆری ئەمریکا رایگەیاند، پێشوازی لە ھێرشی ئەمریکا بۆ سەر بارەگا سەربازیەکان دەکات، بەڵام کاتەکەی درەنگە و دوای چەندین ئاگادارکردنەوەی ئێران ئینجا ھێرشەکە ئەنجامدراوە کە ئەمەش رێگا خۆشکەرە بۆ ئەوەی ئەو گروپانە ئامادەسازی بکەن.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بە فەرمانی راستەوخۆی ئەو ھێزەکانی ئەمریکا ھێرشیان کردوەتەسەر چەند پێگەیەکی سوپای پاسداران و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سوریا، وتیشی، وەڵامی ئەمریکا سەرەتایەکە و بەردەوام دەبن لە ھێرشکردنە سەر ئەو شوێنانەی دیاریکراون.
دەشڵێت، ئەمریکا بە دوای ئاڵۆزیدا ناگەڕێت لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و جیھان، بەڵام ئەوانەی دەیانەوێت ئازاریان بدەن، پێویستە بزانن ئەگەر ئازاری ھەر ئەمریکیەک بدەن وەڵامی توندیان دەدرێتەوە.
لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکاش وتی، بەرگەی ئەوە ناگرن ھێرش بکرێتەسەر ھێزەکانیان و رێکاری پێویست بۆ بەرگریکردن لە ئەمریکا و ھێزەکانیان و بەرژەوەندییەکانیان دەگرنەبەر.
کۆشکی سپیش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، پێش ئەوەی ھێرشبکەنەسەر ناوچە سنورییەکان، حکومەتی عێراقیان ئاگادارکردوەتەوە.
دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا (کرملین) بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، لەماوەیەکی نزیکی ئەم مانگەدا ڤلادمێر پوتن، سەرۆکی روسیا سەردانی تورکیا دەکات، لەو سەردانەشدا پەیوەندییە ئابوریی و بازرگانییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لەگەڵ ھاوتا تورکییەکەیدا تاوتوێ دەکات.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئامانجێکی دیکەی سەردانەکە پوتن تایبەتە بە تاوتوێکردنی دۆخی ھەرێمی و بەتایبەت شەڕی ئۆکراین، ئەویش بەھۆی ئەوەی تورکیا بێلایەنانە مامەڵەی لەگەڵ ناکۆکییەکانی ئۆکراین و روسیا کردووە و گوێی بە فشاری وڵاتانی رۆژئاوا نەداوە، بۆ کەمکردنەوەی ھاوبەشی ئابوری و بازرگانی لەگەڵ مۆسکۆ.
سوپای کۆریای باشوور لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی رۆژی ھەینی، کۆریای باکوور چەند مووشەکێکی لە جۆری کروز ئاڕاستەی کەناراوەکانی رۆژئاوا کردووە، ئەمەش چوارەمین جارە لەماوەی زیاتر لە ھەفتەیەکدا ئەو وڵاتە مووشەک بەرەو کەناراوەکانی رۆژئاوا ھەڵبدات.
ھاوکات، کۆریای باکوور ڕایگەیاند، ئەو مووشەکانەی ئاڕاستەی کەناراوەکانی رۆژئاوای دەکات، مووشەکی ستراتیژین، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە ڕەنگە مووشەکەکان توانای ئەتۆمییان ھەبێت.
ئەوەش لەدوای ئەوەدێت، سەرەتای ھەفتەی رابردوو کۆریای باکوور ھەڵدانی مووشەکێکی نوێی لەجۆری کروز تاقیکردەوە و کیم جۆن ئون سەرۆکی ئەو وڵاتەش ئامادەی ھەڵدانی مووشەکەکە بوو.
چاک شومەر، سیناتۆری دیموکراتەکان ئاشکرایکرد، بەم نزیکانە کۆنگرێس تاوتوێی ھاوکارییە نوێیەکەی حکومەتی ئەمریکا دەکات بۆ ئۆکراین کە پێشتر جۆ بایدن داوای کردبوو ڕەزامەندی بدرێت لەسەر ھاوکاری زیادە بۆ ئۆکراین بە بڕی ٦١ ملیار دۆلار.
باسی لەوەش کردووە، سبەینێ دەقی پرۆژەکە بڵاودەکرێتەوەو پێدەچێت رۆژی چوارشەممە دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام ئاماژەی بە بڕی ھاوکارییەکە نەکردووە.
کۆمارییەکان ڕەتیدەکەنەوە ھاوکارییە نوێیەکەی حکومەتی ئەمریکا بۆ ئۆکراین پەسەند بکەن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئامانجێکی ڕوونی نییە.
ئەوە لەکاتێکدایە دوێنێ یەکێتی ئەوروپا رەزامەندی نیشاندا لەسەر پێشکەشکردنی ھاوکاری نوێ بە ئۆکراین بە بەھای ٥٠ ملیار یۆرۆ.
گرانت شاپس، وەزیری بەرگری بەریتانیا ئاماژەی بەوەدا، وڵاتەکەی ئامادەنییە ھاوبەشی ئەمریکا بکات لە بەئامانجگرتنی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سوریا.
ئەوەشی خستەڕوو، ئۆپراسیۆنی سەربازی ھاوبەشی نێوان بەریتانیا و ئەمریکا، تەنھا بەئامانجگرتنی حوسییەکانی یەمەنە لە دەریای ناوەڕاست و لەو چوارچێوەیەشدا، کاردەکەن بۆ ئەوەی کەشتییەکی فڕۆکەھەڵگری بەڕیتانی ڕەوانەی دەریای ناوەڕاست بکەن.
بەپێی ئاژانسی رەسمی سوریا، بۆردومانەکە سەعات ٤:٢٠ خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە بۆ سەر چەند پێگەیەک لە باشوری دیمەشق و سیستەمی بەرگری ئاسمانی سوریاش وەڵامی ھێرشەکەی داوەتەوە.
ھاوکات روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، بۆردومانەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دوو پێگەی حزبوڵای لوبنان بووە لە باشوری دیمەشق و زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە.
بەپێی ئامارەکانی روانگەی سوری، لەمساڵدا ئیسرائیل ھەشت جار بۆردومانی سوریای کردووە و بەھۆیەوە ١٥ پێگە خاپورکراون و ٢١ سەرباز کوژراون و حەوتی دیکەش برینداربوون.
بەپێی رۆژنامەکە، ھەفتەی رابردوو، بە سەرپەرشتی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەی ئێران بەڕێوەچووە بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشھاتەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ھەڵسەنگاندنی دۆخەکە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، خامنەیی لە کۆبوونەوەکەدا داوای لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسدارانی ئێران کردووە، خۆیان لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی ئەمریکا بەدووربگرن، بەڵام ئامادەکاریی بکەن بۆ بەرپەرچدانەوەی ھەر ھێرشێک کە بکرێتە سەریان.
بەپێی نیویۆڕک تایمز، ئێران نایەوێت راستەوخۆ رووبەڕووی ئەمریکا ببێتەوە، بەڵام ئامادەکارییەکانی دەستپێکردووە، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو ھێرشانەی ئەمریکا بەڵێنیداوە لە ئایندەیەکی نزیکدا بیکاتە سەر ئێران.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ئێران سەرجەم گروپە چەکدارەکان و سیستەمی بەرگری وڵاتەکەی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و سەکۆی ھەڵدانی مووشەکی بالیستیشی بە درێژایی سنووری عێراق جێگیرکردووە.
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، پێشبینی دەکرێت وەڵامی ئەمریکا بۆ کوژرانی سێ سەربازەکەی لە ئوردن لە رۆژانی شەممە و یەکشەممەدا دەستپێبکات.
رونیشیکردەوە، پێدەچێت ھێرشەکان لەسەر چەند ئاستێک بن لەناویاندا ھێرشی سەربازی و ھەنگاوی دیکە کە دەکرێت گۆڕانکارییان بەسەردا بێت، لە ئاماژەیەدا بۆ ئەوەی واشنتن نایەوێت گرژی زیاتر لە ناوچەکە پەرەبسێنێت.
ھاوکات کەناڵی سی بی ئێس نیوزی ئەمریکی لە زاری کاربەدەستانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، پلانەکان پەسەند کراون سەبارەت بە چۆنیەتی وەڵامدانەوەی واشنتۆن دوای ئەوەی سێ سەربازی ئەمریکی لە ھێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئوردن کوژران.
ئاماژە بەوەشکراوە، کەشوھەوا ھۆکارێکە کە کاریگەری لەسەر کاتی ھێرشە پلان بۆ داڕێژراوەکان ھەیە، چونکە واشنتۆن پێی باشترە ئەو ھێرشانە ئەنجام بدات کاتێک مەودای بینین روون بێت بۆ ئەوەی زیان بە ھاوڵاتیانی مەدەنی نەگەیەنێت.
کەناڵەکە لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە دەڵێت، بەرپرسانی ئەمریکا پێشنیازەکەیان لە سەردانەکانی دواییندا خستووەتەڕوو، بەڵام حکومەتی ئیسرائیل ڕەزامەندی لەسەر نیشان نەداوە.
بەپێی پلانەکە، سوپای ئەمریکا مەشق بەو لایەنانە دەکات لە کەرتی غەززە بۆ پێکھێنانی ھێزێکی پۆلیس بۆ دوای جەنگ لەبری ھێزی چەکداری دیکە.
کەناڵەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەو لایەنانەی دەخرێنە نێو پلانەکەوە، بە بزووتنەوەی حەماسەوە نابەسترێنەوە و دانیشتووی کەرتی غەززە دەبن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرپرسانی باڵای فەلەستین پێشنیارەکانیان بۆ ناوی ئەو لایەنانەی لە غەززە پێشکەش بە بەرپرسانی ئەمریکی کردووە کە دەتوانن ئەم ڕۆڵە بگێڕن، دەشڵێت: ئەو لایەنانەی کە ڕاھێنانیان پێدەکرێت کاردەکەن بۆ بەڕێوەبردنی سیستەمی ناوخۆیی.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، چوار کۆمپانیای ئێرانی و ھۆنگ کۆنگ سزایان بەسەردا سەپێندراوە بە تۆمەتی دابینکردنی کەلوپەل و تەکنەلۆجیا بۆ دروستکردنی موشەکی بالیستی و درۆن و فرۆشتنی بە گروپەکانی نزیک لە ئێران.
ئاماژەی بەوەشکردووە، شەش لێپرسراوی باڵای بواری ئەلیکترۆنی سوپای پاسدارانی ئێران بەھۆی ئەنجامدانی چالاکی و ھێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر ژێرخانی ئەمریکا و چەند وڵاتێکی تردا سزادراون.
دەشڵێت، بەھۆی سزاکانەوە، سەرجەم موڵک و کەلوپەل و دارایی ئەو کەسانە کە لە ئەمریکا بلۆک دەکرێن و ناتوانن ھیچ چالاکییەکی دارایی ئەنجامبدەن.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، شەوی ھەینی چەند پێگەیەکی چەکدارانی نزیک لە ئێران لە سوریا لە ھەردوو ناوچەی ئەبولکەمال و مەیادین بۆردومانکران و لە ئەنجامیشدا بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان شەش چەکدار کوژراون.
ئەشی خستوەتەڕوو، لەلایەکی دیکەشەوە بارەگای ھەردوو گروپی چەکداری فاتمی و زەینەبیە لە دەوروبەری دیمەشق بۆردومانکراون، ھاوکات سنورەکانی نزیک باشوری لوبنانیش بۆردومان کراون.
ھەرچەندە میدیاکانی سوریا دەڵێن، ھێرشەکان لەلایەن ئەمریکاوە ئەنجام دراون، بەڵام لێپرسراوێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دەڵێت، ھێرشەکانی سوریا لەلایەن واشنتۆنەوە ئەنجامنەدراون.
سەرۆکایەتی تورکیا رایگەیاند، لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣دا کۆنگرێسی ئەمریکا رەزامەندی دەربڕی لەسەر فرۆشتنی ٤٠ فڕۆکەی جەنگی ئێف-١٦ بە ئەنقەرە لەسەر داواکاری فەرماندەی ئاسمانی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، رەزامەندی دراوە لەسەر دابینکردنی جبەخانە و کەلوپەلی پێویست بەو جۆرە فرۆکەیە و دواتر بەپێی خشتەیەک. پرۆسەی فرۆشتنەکە دەستپێدەکات و ھیچ مەرجێک نەسەپێندراوە بەسەر تورکیادا بۆ فرۆشتنی ئەو جۆرە فڕۆکەیە.
پێشتر ئیدارەی ئەمریکا داوای لە کۆنگرێس کردبوو، رەزامەندی دەرببڕێت لەسەر فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-١٦ بە بەھای ٢٠ ملیار دۆلار بە تورکیا، دوای ئەوەی تورکیا رەزامەندی لەسەر داواکاری سوید بۆ ئەندام بوون لە ناتۆ دەربڕی.
حەفیزە ئەرکان، پارێزگاری بانکی ناوەندیی تورکیا رایگەیاند، ھەوڵ دەدرێت کەسایەتی تیرۆر بکرێت و چەند تۆمەتێکی ئاڕاستەکراوە لەبەرئەوە دەستی لەکارکێشاوەتەوە.
بەپێی میدیاکانی تورکیا، کارمەندانی پێشوو و ئێستای بانکی ناوەندیی تورکیا رەخنەی توندیان لە کارەکانی حەفیزە ئەرکان گرتووە و تۆمەتباریان کردووە بەوەی رێگەی داوە باوکی دەست بخاتە بڕیارەکانی بانکی ناوەندییەوە.
ھاوکات محەمەد شەمیشەک، وەزیری ئابوری تورکیا رایگەیاند، بڕیارەکەی حەفیزە کەسییە.
حەفیزە ئەرکان لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە وەکو یەکەمین ژن بۆ ئەو پۆستە راسپێردرا، دوای ئەوەی نرخی سودی بانکی لە ٨.٥٪ بۆ ٤٥٪ بەرزبوەوە.
وەزارەتی تەندروستی فەلەستین رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە تا ئەمڕۆ ھەینی، ژمارەی کوژراوانی بۆردومان و ھێرشە زەمینیەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بۆ ٢٧ ھەزار و ١٣١ کوژراو بەرزبووەتەوە کە زۆرینەیان ژن و منداڵن .
وەزارەتەکە پشتڕاستیکردەوە، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوودا لانیکەم ١١٢ کەس کوژراون و لە سەرەتای سەرھەڵدانی شەڕەوە ٦٦ ھەزار و ٢٨٧ کەسیش بریندار بوون.
وەزارەتی تەندروستی فەلەستین دەشڵێت، ژمارەیەک قوربانی ھێشتا لەژێر داروپەردوودان و ھێرشەکان رێگرن لە گەیشتنی تیمەکانی ئەمبولانس و بەرگری شارستانی بۆ رزگارکردنیان.