ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئاوارەکانی فەڵەستین رایگەیاند، دوای بۆردومانەکەی ئیسرائیل بۆسەر نەخۆشخانەیەک ھیچ شوێنێکی ئارام بۆ ھاوڵاتیانی مەدەنی لە غەززە نەماوە.
ھاوکات یەکێتی ئەوروپاش لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، ھێرشکردنەسەر نەخۆشخانەیەک لە غەززە و خاپوورکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

ئەنجومەنی کۆمکاری عەرەبیش بە توندی ھێرشەکەی سەر غەززەی سەرکۆنەکرد و بە تاوانی جەنگ ناوی برد.

ھاوکات تورکیا و ئێرانیش لە ئاستی باڵا ھێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی ئەھلی عەرەب (مەعمەدانی)یان سەرکۆنەکرد و ھێرشەکەیان بە "دڕندانە" ناوبرد، داواشیان لە ھەموو مرۆڤایەتی کرد دژی ھێرشەکە بێتە دەنگ.

لەسەر ئاستی ئەنجومەنی ئاسایشیش، ئیمارات و روسیا داواکارییەکی ھاوبەشیان ئاڕاستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد، بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە و تاوتوێکردنی ھێرشەکەی غەززە و دۆخی مرۆیی ھاوڵاتیانی فەڵەستین.

کاردانەوەکان تەنھا لە ئاستی رەسمی وڵاتان نەبوون، بەڵکو لە فەڵەستین، تونس، ئوردن و زۆرینەی وڵاتانی ئیسلامی ھاوڵاتیان دژی ھێرشەکەی سەر غەززە ھاتوونەتەسەر شەقام و داوای بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی ھێرشەکە دەکەن.