پەرلەمانی ئەوروپا خەڵاتی ساخارۆڤ بۆ ئازادی رادەربڕینی بەخشییە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، کە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە روبەڕووی توندوتیژی و سەرکوتکردن بوونەتەوە.
"رۆبرتا میتسولا" سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاند، گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی خاڵی وەرچەرخان بوو کە لێکەوتە و کاریگەری زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا و بووە ھۆکارێک بۆ دەرکەوتنی بزووتنەوەیەک بە سەرکردایەتی ژنان و چوونە مێژووەوە، دروشمی ژن ژیان ئازادیشیان وتەوە و بەرگرییان لە دادپەروەری و شکۆ و ئازادی لە ئێران کرد.
ریشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ بە سەردانێک دەگاتە تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیل و لەگەڵ ئیسحاق ھێرزۆگی سەرۆکی ئەو وڵاتە و بنیامین ناتانیاھۆ ھاوتا ئیسرائیلییەکەی کۆدەبێتەوە.
وتیشی، سەردانەکەی بۆ خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت و جگە لە ئیسرائیل سەردانی چەند وڵاتێکی دیکەش دەکات و ئامانج لە سەردانەکەشی ھێورکردنەوەی گرژیی و ئاڵۆزییەکانی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس دەبێت بە تایبەتی دوای ھێرشەکەی سەر نەخۆشخانەیەکی تایبەتی کەرتی غەززە، کە ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتەوە.
سەرۆک وەزیرانی بەڕیتانیا ئاماژەی بەوەشکردەوە، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل جەختدەکاتەوە، نابێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگە بدات بزووتنەوەی حەماس لە ھێرشە تیرۆریستییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوام بێت.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا لە چاوپێکەوتێکدا ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە، کە ئێران لە ھەموو شتێکدا تاوانبار بکرێت، جەختیشیکردەوە، روسیا ئەو ھەوڵانە بە ئیستفزازی دەزانێت و ناکرێت ھەموو شتێک بخرێتە ئەستۆی ئێران.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێیان وایە سەرکردایەتی ئێران ھەڵوێستێکی تا رادەیەک بەرپرسیارانە و ھاوسەنگیان گرتووەتەبەر و رێگریانکردووە لە تەشەنەسەندنی ئەو ململانێیە بۆ ھەموو ناوچەکە و وڵاتانی دراوسێ.
وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سەبارەت بە کەرتی غەززەش رایگەیاند، مەترسی پەرەسەندنی ململانێی فەڵەستین و ئیسرائیل بۆ ململانێی سەرتاسەری ھەرێماییی زۆر جددییە و دەبێت ھەمووان ژیرانەتر مامەڵە لەگەڵ رەوشەکە بکەن.
دوای دوو ڕۆژ لە ھێرشێک بۆ برۆکسل کە کوژرانی دوو کەسی لێکەوتەوە، "ئەلێکساندەر دی کرۆ" سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا و "ئۆڵف کریستێرسۆن" سەرۆک وەزیرانی سوید جەختیانکردەوە لەسەر پێویستی باشتر پاراستنی سنوورەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا و پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی تۆکمەتر و ھەماھەنگتر بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانەی کە مافی پەنابەرێیان لەو وڵاتانە رەتکراوەتەوە.
بەلجیکا و سوید داوایانکردووە پاراستنی سنوورەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بەھێزتر بکرێن و ڕێوشوێنەکانی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی نایاساییش توندتر بکرێنەوە.
راشیانگەیاند، دەبێت چارەسەری ئەو کێشەیە بە زووترین کات بکرێت و ئەو کێشەیەش چارەسەر نابێت تا ھەمووان پێکەوە ھەماھەنگ نەبن.
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی ئەوروپاش تا ئێستا لەمساڵدا ٦٥ ھەزار کەس لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا دیپۆرتکراونەتەوە و ساڵانەش نزیکەی ٤٠٠ ھەزار فەرمانی دیپۆرتکردنەوە لە ئەوروپا دەردەکرێت.
حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە لەھەوڵی بەردەوامدان بۆ دروستکردن و بەدیھێنانی ھەماھەنگییەکی تەواو لە نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بە مەبەستی راگەیاندنی یەک ھەڵوێست لە دژی ئیسرائیل پێش کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی.
وتیشی، ئێران و سعودیە ھاوڕان لەسەر ئەوەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی فرشتنی نەوت بە ئیسرائیل قەدەغە بکەن، لە ھەر وڵاتێکی عەرەبی و ئیسلامیش باڵیۆزخانەی ئیسرائیل ھەبێت دابخرێت و باڵیۆز و فەرمانبەران و دیبلۆماتکارەکانیان دەربکرێن.
بنیامین ناتانیاھو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیاندراوێکدا لە تۆڕی " ئێکس" بڵاویکردەوە، بزوتنەوەی حەماس مووشەکی ئاراستەی نەخۆشخانەی مەعەمەدانییەی کردووە لە غەززە نەک سوپای ئیسرائیل.
راشیگەیاند، ئەوەی منداڵان بەو شێوە دڕندانەیە بکوژێت، بە دوور نییە منداڵانی خۆشیان بکوژن.
ھاوکات ئەفیخای ئەدرعی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، حەماس موشەکێکی ئاڕاستەی ئیسرائیل کردووە بەڵام بە ھەڵە مووشەکەکە بەر نەخۆشخانەکە کەوتووە.
بڕیاربوو دوێنێ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆببێتەوە گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشھاتەکانی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل و رەوشی مرۆیی غەززەی پڕۆژە بڕیارێکی بەرازیل سەبارەت بە ئاگربەست لە غەززە بکات، بەڵام بەھۆی بۆردومانەکەی نەخۆشخانەی مەعمەدانیە کۆبونەوەکە دواخرا بۆ ئێوارەی ئەمڕۆ.
بڕیارە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆشدا، دەنگدان لەسەر پرۆژە بڕیارێکی بەرازیل بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە تاوتوێ بکرێت.
رۆژی دووشەممەی رابردووش ئەنجومەنی ئاسایش پڕۆژە بڕیارێکی روسیای خستە دەنگدانەوە، کە تایبەت بوو بە راگرتنی جەنگ لە کەرتی غەززە، بەڵام لە کۆی ١٥ دەنگ تەنھا پێنج دەنگی پشتیووانیی بەدەستھێنا، چوار وڵاتیش رەتیانکردەوە و شەش وڵاتیش دەنگیان نەدا.
لە لایەکی تریشەوە، لەگەڵ کردنەوەی بازارەکانی بەھۆی بۆردومانەکەی کەرتی غەززە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھان گۆرانکاری بەسەردا ھات و نرخی ھەر بەرمیلێک دوو دۆلار بەزربۆیەوە. لە ئێستادا نرخی بەرمیلێک نەوتی برینت بە نزیکەی ٨٩ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رەتیکردەوە سوپای وڵاتەکەی نەخۆشخانەی مەعمەدانی بۆردومان کردبێت وتی، حەماس ئەو ھێرشەی ئەنجامداوە، بزوتنەوەی حەماسیش لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی دایەوە و رایگەیاندووە، لەگەڵ یەکەم ساتی ھێرشەکەدا چاوەڕوانی ئەوەیان دەکرد دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ئەو لێدوانە بدەن و خۆیان لەو کارە دڕندانە و کۆمەڵکوژییە بێبەری بکەن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، کێشەی گەورە ئەوەیە ئەمریکا بەردەوامە لەسەر پەردەپۆشکردنی درۆ و چەواشە کارییەکانی و جیھانیش گوێ لە ئەمریکا دەگرێت و چاویان لە ئاستی راستییەکان دادەخەن کۆمەڵکوژییەکی وەک ھێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی گرنگ نییە بەلایانەوە.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، بەھۆی ھێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە تائێستا ٣ ھەزار و ٤٧٨ کەس کوژراون و ١٢ ھەزار و ٦٥ کەسی تریش برینداربوون و ٧٠٪ی کوژراوان و بریندارانیش ژن و منداڵ و کەسانی بەساڵاچوون، ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنھا لە ھێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی ٤٧١ کەس کوژران و ٣١٤ کەسیش برینداربوون.
ریاز مالکی وەزیری دەرەوەی فەڵەستینیش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، بەھۆی ھێرش و بۆردومانە بەردەوامەکانی ئیسرائیلەوە لە ھەر ١٥ دەقەیەکدا منداڵێکی فەڵستینی دەکوژرێت.
ئابیر عاتیفا، وتەبێژی بەرنامەی جیھانی خۆراکی نەتەوەیەکگرتووەکان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، خۆراک لە کۆگاکانی کەرتی غەززە بەرەو نەمان دەچن و بەشی چوار بۆ پێنج رۆژ خۆراک لە کۆگاکاندا ماوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بارودۆخی خۆراک لە کەرتی غەززە لە مەترسیدایە و تادێت بارودۆخی مرۆیش لەو ناوچەیە خراپتر دەبێت.
وتەبێژی بەرنامەی جیھانی خۆراک راشیگەیاندووە، لە زۆرینەی گەڕەکەکانی کەرتی غەززە فرۆشگاکان داخراون و ھاوڵاتییان بۆ ماوەی چەندین سەعات نۆرەدەگرن بۆ کڕینی خۆراک و پێداویستی.
وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین رایگەیاند، بەھۆی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوا، دوو ھەزار و ٨٧٣ کەس کە زۆرینەیان ژن و منداڵن کوژراون و نزیکەی ١٢ ھەزار کەسی دیکەش برینداربوون، وتیشی تەرمێکی زۆر تا ئێستا بێسەروشوێنن و لە ژێر باڵەخانە رووخاوەکاندا ماونەتەوە.
ھەروەھا سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ھێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل کوژرانی زیاتر لە ھەزار و ٤٠٠ ئیسرائیلی لێکەوتووەوە کە ٢٥٨ یان سەربازن و چوار ھەزار و ٢٢٩ کەسی دیکەش بریندارن، ٢٥٠ کەسیش بەدیلگیراون.
ھاوکات، رێکخراوی یونسیف لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، رەوشی مرۆی کەرتی غەززە زۆر خراپەو بەرەو خراپتریش دەروات بە تایبەتیش بۆ منداڵان، تا ئێستا زیاتر لە ٧٠٠ منداڵ بەھۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە گیانیانلە دەستداوە دوو ھەزار ٥٠٠ تریش برینداربوون.
رێکخراوی یونسیف داوایکرد بە زووترین کات رێرەوی مرۆیی لەدەروازەی رەفەح بکرێتەوە ئەوەی بتوانن بە زووترین کات یارمەتی ئەو منداڵانە بدەن کە لەو شارە گیریایانخواردووە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند،"ساڵح نیکبەخت"یاساناس و پارێزەری خانەوادەی ژینا ئەمینی، بە تۆمەتی بانگەشەی دژ بە حکوومەت لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە، سزای ساڵێک بەندکردن و دوو ساڵ قەدەغەبوونی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک سزای تەواوکەر بە سەردا سەپێنرا.
ھاوکات"عەلی ڕەزایی"پارێزەری ساڵح نیکبەخت لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرگرییەکانی پارێزەری، دادگا قورسترین سزای بەسەر پارێزەرەکەیاندا سەپاندووە کە ساڵێک بەندکردنە.
"ساڵح نیکبەخت"یاساناس و پارێزەری یاسایی تەمەن ٧٢ ساڵ زیاتر لە ٤٠ ساڵە کاری پارێزەری دەکات، لە چەندین دۆسیەی سیاسی و ڕۆژنامەوانیدا، لەوانە دۆسیەی زیندانیان و چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد و تورک و عەرەب، ئەرکی پارێزەریی لە ئەستۆ گرتووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبووەوە و گفتوگۆی لەبارەی دوایین پێشھاتەکانی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل و رەوشی مرۆیی غەززەی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا پڕۆژەبڕیارێکی روسیا خرایە دەنگدانەوە، کە تایبەت بوو بە راگرتنی جەنگ لە کەرتی غەززە، بەڵام لە کۆی ١٥ دەنگ تەنھا پێنج دەنگی پشتیووانیی بەدەستھێنا، چوار وڵاتیش رەتیانکردەوە و شەش وڵاتیش دەنگیاننەدا.
ئیسماعیل ھەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە رایگەیاند، کۆمەڵکوژییەکەی غەززە یەکەمجار نییە و ئیسرائیل لە داگیرکردنی فەڵەستیینەوە کۆمەڵکوژیی ئەنجام دەدات.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارن لە کۆمەڵکوژییەکەی غەززە، جەختیشیکردەوە، تاکو ئەو کاتەی سوپای ئیسرائیل لە خاکی فەڵەستین دەردەکەن بەردەوام دەبن لە شەڕکردن.
سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس وتیشی، پێویستە فەڵەستینییەکان دژی کۆمەڵکوژییەکانی غەززە و کەناری رۆژئاوا خۆپیشاندانی فراوان ئەنجامبدەن و ھاوکات لەگەڵ ئەوە پێویستە ھەموو ھاوڵاتییانی عەرەب دژی کۆمەڵکوژییەکە بێنەسەر شەقام، پێویستیشە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ھاریکاری ئیسلامی سەرکۆنەی کۆمەڵکوژییەکە بکەن.