مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کە گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە خۆدەگرێت، بەرەبەیانی ڕۆژی ھەینی ِرایگەیاند شاری ئیلاتی ئیسرائیلیان بە "چەکی گونجاو" کردووەتە ئامانج لە وەڵامی بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر ھاوڵاتیانی مەدەنی لە غەززە، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر لەبارەی ھێرشەکەوە ئاشکرابکات.
جەختیشیکردووەتەوە ئەوان لە ھێرشەکانیان ناوەستن و بەردەوام دەبن تا بۆردومانەکانی سەر غەززە دەوەستێنرێت.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا کوژرانی دوو سەربازی تری وڵاتەکەی راگەیاند، بەوەش ژمارەی کوژراوانی سەربازەکانی ئیسرائیل گەیشتە ٤٧١ سەرباز، کە ١٣٩ سەربازیان لە ئۆپراسیۆنە زەمینییەکەی دوای ٢٧ تشرینی یەکەمەوە کوژراون و زیاتر لە ھەزار و ٩٢٩ سەربازیش بریندار بوون.
لە لایەنی فەڵەستینیشەوە، نووسینگەی حکوومی لە غەززە ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراون گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٠ ھەزار کەس، زیاتر لە ٥٢ ھەزار کەسی دیکەش برینداربوون کە زۆرینەیان ژن و منداڵن و زیاتر لە حەوت ھەزار کەسیش بێسەروشوێن و لە ژێر باڵەخانە رووخاوەکاندا ماونەتەوە.
ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا رۆژی پێنجشەممە بە سەردانێک گەیشتە ئوردن و لەگەڵ شا عەبدوڵای دووەم، پادشای ئەو وڵاتەدا کۆبووەوە، لەکۆبوونەوەکەدا پادشای ئوردن داوایکرد جیھان فشارەکانی لەسەر ئیسرائیل زیاتر بکات بۆ راگرتنی دەستبەجێی شەڕی غەززە.
لای خۆیەوە سەرۆکی فەڕەنسا باسی لەوەکرد، وڵاتەکەی جەخت لەسەر بەدیھێنانی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکە دەکاتەوە ئەویش بە دروستکردنی دوو دەوڵەت بۆ فەڵەستینی و ئیسرائیلییەکان، ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ زیادکردنی ھاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە دەربڕی.
ئاماژەی بەوەشکرد، فەڕەنسا و وڵاتانی ئەوروپا خواستی ئەوەیان ھەیە بەھاوکاری ئوردن، منداڵانی برینداری شەڕی غەززە وەربگرن و چارەسەری تەندروستیان پێشکەش بکەن.
ئاژانسی ناوەندی ھەواڵی کۆریا بڵاویکردەوە، کیم جۆنگ ئون لە لێدوانێکیدا لە کاتی کۆبوونەوە لەگەڵ سەربازان لە دەستەی مووشەکی سەر بە سوپا رایگەیاند، گرنگی بە چالاکییە سەربازییەکان دەدەن و پەرەی پێدەدەن، ئەو چالاکییانەش وەڵامێکی باشە بۆ وڵاتانی دوژمن و ئاماژەیەکە بۆ ئاستی گەشەکردنی ستراتیژییەتی ئەتۆمی و تواناکانیان.
وتیشی، ئەگەر وڵاتانی دوژمن بیانەوێت بە باسکردن لە چەکی ئەتۆمی ھەراسانیان بکەن و ھەڕەشەیان لەسەر دروست بکەن، بە چەکی ئەتۆمی وەڵامیان دەدەنەوە.
رۆژی دووشەممەش، کۆریای باکور نوێترین مووشەکی بالیستی تاقیکردەوە کە کیشوەربڕ بووە و توانای ھەیە بگاتە وشکانییەکانی ئەمریکا، ئەو تاقیکردنەوەیەش لەلایەن ئەمریکا و ژاپۆن و کۆریای باشور ئیدانە کرا.
مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە ئاڕاستەی کۆنگرەی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی کرد، دوایین ھەڵوێستی خۆی لەسەر پرۆسەی سیاسی سوریا راگەیاند و ئاماژەی بەوەشکرد، لە رووداوەکانی ئەم دواییەی دێرەزوردا دەرکەوت کە رژێمی سوریا تائێستاش تەنھا بیر لە چارەسەری سەربازیی دەکاتەوە.
وتیشی، لەم کاتەدا ئۆپۆزسیۆنی سوریا بووەتە داردەستی وڵاتانی دەرەوە و لەناوخۆشدا کاریگەری نەماوە، بۆیە ئەرکی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتە ریزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە ژێر چەترێکدا کۆبکاتەوە.
پەیوەست بە کاریگەری وڵاتانیش لەسەر رەوشی سوریا، فەرماندەکەی ھەسەدە ئاشکرایکرد، ھێزە نێودەوڵەتییەکان ھیچ بەرنامە و ئیرادەیەکی بەھێزیان نییە بۆ چارەسەری قەیرانی سوریا.
وتەبێژی حوسیەکان رایگەیاندووە، ھێرشەکانی دەریای سوورمایەی نیگەرانی نین، بەڵکو بۆ ناچارکردنی ئیسرائیلە لە راگرتنی ھێرشەکانی بۆسەر غەززە.
ھاوکات ھۆشداری لە ھەوڵەکانی ئیسرائیل دەدات بۆ فراوانکردنی ململانێکان و رزگارکردنی خۆی لە گرژیەکانی ناوچەکە.
وتەبێژی حوسیەکان دوپاتیدەکاتەوە، ئەگەر ئیسرائیل ھێرشەکانی بۆسەر غەززە کۆتایی پێ نەھێنێت ئەوا ھێرشەکانی ئەوانیش لە دەریای سور بەردەوامی دەبێت.
لە ماوەی رابردوودا حوسییەکانی یەمەن لە دەریای سوور چەند کەشتییەکی بارھەڵگری سوتەمەنیان کردە ئامانج کە بە ئاڕاستەیی ئیسرائیل دەچوون.
لە کاردانەوەی ئەو ھێرشانەشدا ئەمریکا و زیاتر لە ١٠ وڵاتی تر ھاوپەیمانێتییەکیان لە دەریای سور پێکھێنا ئەوەش بەمەبەستی بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکانیان لە ھێرشی حوسییەکان.
بنیامین ناتانیاھۆ رایگەیاند، ئیسرائیل تا سەرکەوتن دەجەنگێت و شەڕ راناگرێت، کاتێک شەڕ رادەگرێت کە ئامانجەکانیان بەدی بھێنن ئەوانیش لەناوبردنی حەماس و ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکانە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوو بژاردەشی خستە بەردەم حەماس و وتی، پێویستە لەسەر حەماس خۆیان رادەست بکەن، یاخود بمرن لەوە زیاتر ھیچ بژاردەیەکی تریان نییە.
دڵنیاشیدا لەوەی، لەمەودا غەززە نابێتە ھەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل.
دادگای باڵا لە ویلایەتی کۆلۆرادۆی ئەمریکا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا گونجاو نییە بۆ ئەوەی کێبڕکێی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بکات لەو ویلایەتە، بەھۆی ئەوەی رۆڵی ھەبووە و ھانی یاخیبووانی داوە لە ھێرشکردنە سەر کۆنگرێس لە ساڵی ٢٠٢١دا.
ئەو بڕیارەش دوای ئەوە ھات کە لە کۆی حەوت دادوەری دادگای باڵای کۆلۆرادۆ چواریان دەنگیان بەوەدا کە ترەمپ مافی ئەوەی نییە لەو ویلایەتە خۆی کاندید بکات بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا.
لە بەرامبەر ئەو بڕیارەش، تیمی کەمپینی بانگەشەی ترەمپ رایگەیاند، بڕیارەکە نا دیموکراسیانەیە و تانەی لێدەدەن و لە دادگای باڵای فیدراڵی ئەمریکا سکاڵا تۆماردەکەن.
ئەو بڕیارەی دادگای کۆلۆرادۆ یەکەمین جارە دەربکرێت، کە تێیدا کاندیدێک بە نەشیاو بۆ کێبڕکێی سەرۆکایەتی وەسف بکرێت، بڕیارەکەش بەپێی ماددەی سێ لە ھەمواری چواردەیەمی دەستوری ئەمریکا دراوە.
"بریان نیلسون" بریکاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ کاروباری تیرۆر و ھەواڵگری دارایی رایگەیاند، ئەمریکا سزای بەسەر ١٠ قەوارە و چوار کەسایەتی لە ئێران و مالیزیا و ھۆنگ کۆنگ و ئیندۆنیزیا سەپاندووە، بەھۆی ئەوەی پشتیوانی پڕۆگرامی ئێرانیان بۆ دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووە.
وتیشی، ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرھەمدەھێنێت و لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و روسیا بڵاویاندەکاتەوە و ئەوەش ئاڵۆزی و جەنگ لە ناوچەکە درێژ دەکاتەوە.
بە وتەی ئەو لێپرسراوە ئەمریکییە، واشنتۆن ئەو کەسانەی سزا داوە کە ھاوکاری ئێرانیان کردووە لە گەیشتن بە پێداویستی و بابەتە ئەمریکی و بیانییەکان بە بڕی ھەزاران دۆلار، بۆ ھاوکاریکردنی ئێران لە دروستکردنی ئەو فڕۆکانە.
ئیسحاق ھێرتزوگ، سەرۆکی ئیسرائیل رایگەیاند، ئامادەن بۆ چوونە ناو ئاگربەستێکی تر لەگەڵ حەماس لە پێناو ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان و گەیاندنی یارمەتیی زیاتر بۆ غەززە.
ھاوکات پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە ئاشکرای کرد، ئیسرائیل ئامادەیە بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی تر لانی کەم بۆ ماوەی یەک ھەفتە، ئەوەش لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی نوێ بۆ ئازادکردنی زیاتر لە ٣٠ بارمتە لەلایەن حەماسەوە.
دەشڵێت، ئیسرائیل سوورە لەسەر دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بۆ ئازادکردنی بارمتەی زیاتر، لەکاتێکدا حەماس دەڵێت، تاکو شەڕ بەردەوام بێت دانوستانەکان دەستپێناکەنەوە.
ئەو پێشنیازەی ئیسرائیل دوای کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکوەزیرانی قەتەر و بەڕێوەبەری دەزگای ھەواڵگیریی ئیسرائیل و ئەمریکا لە پۆڵەندا ھات، کە گفتوگۆیان کرد بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی راوەستانی شەڕ و ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەی زیاتر.
ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پەسەندکردنی ھاوکاریکردنی ئۆکراین بە بڕی ٦١ ملیار دۆلار لەلایەن ئەمریکاوە لە ئەمساڵدا بەھیچ شێوەیەک روونادات و لەئێستادا دانووستانکاران لەنێوان ھەردوو وڵات گفتوگۆ لەبارەی چەند پرسێکەوە دەکەن، کە پەیوەستە بە کاروانی ھاوکارییەکانەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، دانووستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئۆکراین، رێگەخۆشکەرە بۆ کاروانی ھاوکارییەکانی ئەمریکا و چاوەڕوان دەکرێت، لە سەرەتای ساڵی داھاتوو پرسی ناردنی ھاوکاری لە ئەمریکاوە و بۆ ئۆکراین یەکلایی بکرێتەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، تائێستا واشنتۆن زیاتر لە ٤٣ ملیار دۆلار ھاوکاری سەربازی پێشکەشکی کێیڤ کردووە و جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاش جەخت لە ھاوکاریکردنی ئۆکراین بە زووترین کات دەکاتەوە.
میدیای رەسمیی حکومەتی ئێران بڵاویکردەوە، ئێوارەی رۆژی سێشەممە حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان گەیشتووەتە دەوحەی پایتەختی قەتەر و چاوی بە ئیسماعیل ھەنیە کەوتووە و گفتوگۆیان لەبارەی رەوشی غەززە و ھێرشەکانی ئیسرائیل کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا ئیسماعیل ھەنیە رایگەیاند، دوای تیپەڕبوونی ٧٥ رۆژ بەسەر دەستپێکردنی شەڕدا، بەڵام ھێشتا بەرگرییەکانی بەھێز و توند دەکەن.
راشیگەیاند، گوومانیان نییە کە ئیسرائیل ھێرشەکانی لە ئاسمان و زەوی و دەریاوە بۆ سەر خەڵکی غەززە فراوان کردووە.
بەپێی میدیای ئێران، ئەوە چوارەمین سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێرانە بۆ دەوحە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی شەڕ لە غەززە.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە تاران رایگەیاند، سێ رۆژە بە بڕیاری حکومەتی ئێران، خوێندنگە سەرەتاییەکان لە شاری تاران و دەوروبەری، بەھۆی پیسبوونی ھەواوە داخراون.
راشیگەیاند، لە نۆ مانگی رابردوودا تەنھا نۆ رۆژ ھەوای خاوێن لە تاران ھەبووە، لە سەرەتای وەرزی پایزیشەوە رێژەی پیسبوونی ھەوا زۆر زیادیکردووە. ئەوەش وایکردووە حکومەت بڕیاری داخستنی خویندنگەکان بدات.
بە وتەی پەیامنێری کوردسات نیوز، بوونی ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی کۆن و بەکارھێنانی نەوتی رەش لە ناوەندە پیشەسازییەکان، ھۆکاری سەرەکیین بۆ پیسبوونی ھەوای تاران و شارە گەورەکانی ئێران.
ماتیو میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتۆن لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایش لە ھەماھەنگیدایە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک سەبارەت بە پڕۆژە بڕیارێک، کە تێیدا داوا لە ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس دەکرێت رێگە بە گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی بە کەرتی غەززە بدەن و میکانیزمێکی چاودێری بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان پێکبھێنن، بۆ ھاوکارییە مرۆییەکانی لە داھاتوودا دەگەیەندرێتە ناوچەکە.
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رۆژی سێشەممەش کۆبووەوە و دانوستانی چڕی کرد سەبارەت بە ناردنی ھاوکارییەکان، ئێوارەی دووشەممەش بڕیاردانی لەسەر ئەو پڕۆژە بڕیارە دواخست، بۆ زانینی رای ئەمریکا لەسەری.
پێشتریش ئەمریکا دژی بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەستایەوە کە لەلایەن سەرجەم ئەندامیانەوە پشتیوانی دەکرا، بۆ راگەیاندنی ئاگربەست.
لەیس دراغمە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەستەی رێکخستنی پەیوەندییەکانی فەڵەستین رایگەیاندووە، بەھۆی ھێرش و بۆردومانە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، مۆلیدەکانی کارەبا تایبەت بە بنکەی سەرەکی ھێڵەکانی پەیوەندی لە ناوچەی خان یونس لە باشووری غەززە زیانی زۆریان بەرکەوتووە و بەھۆیەوە سەرجەم ھێڵەکانی ئینتەرنێت وەستاون.
وتیشی، پێدەچێت چارەسەرکردنی کێشەی بچڕانی ھێڵەکانی ئینتەرنێت ماوەیەکی زۆری بوێت، چونکە تیمەکانیان بەھۆی بەردەوامی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە ناتوانن بەردەوام کاری تێدا بکەن، بەڵام ئەگەر بۆردومان رێگە بدات تەنھا لەماوەی ١٠ سەعاتدا کێشەکە چارەسەر دەکەن.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، پەرلەمانی فەڕەنسا بە کۆی دەنگی ٣٤٩ پەرلەمانتار یاسایەکی نوێی سەبارەت بە کۆچبەران پەسەندکرد و بەپێی یاسا نوێیەکە، ھەر کۆچبەرێکی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا رووبکاتە فەڕەنسا و بێکاربێت، بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە خزمەتگوزاری نیشتەجێبوونی کۆچبەران بێبەش دەبێت.
لە کاردانەوەکانی پەسەندکردنی یاساکە، جیراڵد دارمانین وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا و پارتی کۆمارییەکان پێشوازییان لە پەسەندکردنی یاساکە کرد و ھەریەک لە پارتی "سەربەرزی فەڕەنسا و سۆسیالیست"یش ئیدانەی یاساکەیان کرد و پارتی سۆسیالیستیش نیازی خۆی بۆ تانەدان لە یاساکە راگەیاند.