هێزەکانی سوریای دیموکرات 'هەسەدە' رایگەیاند، لە بەرپەرچدانەوەی هێرشێکدا لە مەنبج، پێنج ئەندامی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیایان کوشتووە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات بڵاویانکردەوە، "لە رووبەڕووبوونەوەیەکدا لە باشووری خۆرهەڵاتی مەنبج لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا، پێنج ئەندامی ئەو گروپەمان کوشت و دەسمان بەسەر ژمارەیەک چەک و تەقەمەنیدا گرت".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێزەکانمان کە مافی بەرگری و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانیان هەیە، بەشێوەی راستەوخۆ هێرشیانکردووەتە سەر ئەو چەند خاڵەی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا، رووبەڕووبوونەوەکان لە ئێوارەی دوێنێوە تاوەکو بەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بوون".

ئەوەش هاتووە، لە ناوچەی زرکانیش، فڕۆکەکانی تورکیا خاڵێکی هێزەکانی ناوخۆیان کردووەتە ئامانج، کە بەهۆیەوە ئەندامێکی ئەو هێزە و هێزە سەربازییەکان شەهید بوون و چوار ئەندامی هێزەکانی ناوخۆش برینداربوون.

دوێنێش، هەسەدە رایگەیاند، بەرپەرچی دوو هێرشی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیایان داوەتەوە و دەیان چەکداریان کوشتووە، هەروەها دەستیان  بەسەر دوو تانک و تۆپهاوێژ و زرێپۆشدا گرتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە پردی قوزاق، ئۆتۆمبێلێکی چەکدارەکانیان تەقاندووەتەوە و بەهۆیەوە دوو چەکدار کوژراون و بۆردومانێکی ئاسمانیشیان ئەنجامداوە. لە بەنداوی تشرینیش هێزەکانی ئەنجومەنی مەنبجی سەربازی هێرشێکی گروپە چەکدارەکانیان تێکشکاند، کە بەهۆیەوە دەیان چەکدار کوژران و بریندار بوون، هەروەها دەستیان گرتووە بەسەر دوو تانک، تۆپهاوێژێک، زرێپۆشێک، دوو ئۆتۆمبێل کە دۆشکەیان لەسەر بووە.