هەسەدە رایگەیاند، بەرپەرچی دوو هێرشی گروپە چەکدارەکانیان داوەتەوە و دەیان چەکداریان کوشتووە، هەروەها دەستیان  بەسەر دوو تانک و تۆپهاوێژ و زرێپۆشدا گرتووە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات 'هەسەدە' رایگەیاند، هێزەکانیان لە گوندی 'قبر ئیمو' لە رۆژهەڵاتی مەنبج رووبەڕووی هێرشێکی گروپە چەکدارەکان بوونەتەوە و تاوەکو ئەم ساتە رووبەڕووبوونەوەکان بەردەوامن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ناوچەی پردی قوزاق، ئۆتۆمبێلێکی چەکدارەکانیان تەقاندووەتەوە و بەهۆیەوە دوو چەکدار کوژراون و بۆردومانێکی ئاسمانیشیان ئەنجامداوە.

ئەوەش هاتووە، لە بەنداوی تشرینیش هێزەکانی ئەنجومەنی مەنبجی سەربازی هێرشێکی گروپە چەکدارەکانیان تێکشکاند، کە بەهۆیەوە دەیان چەکدار کوژران و بریندار بوون.

هەسەدە راشیگەیاندووە، لە رووبەڕووبوونەوەکەی بەنداوی تشریندا دەستیان گرتووە بەسەر دوو تانک، تۆپهاوێژێک، زرێپۆشێک، دوو ئۆتۆمبێل کە دۆشکەیان لەسەر بووە.