جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد و رایگەیاند، پەیوەندییەکی درێژ و تایبەتی لەگەڵ بنیامین ناتانیاھۆ ئەنجامداوە، بەڵام داوای لێنەکردووە ئاگربەست رابگەیەنێت.
کۆشکی سپیی ئەمریکا لەبارەی پەیوەندییە تەلەفوونییەکەی بایدن و ناتانیاھۆ، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، ھەردوو سەرۆک باسیان ھەڵمەتە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و ئامانج و قۆناغەکانی کردووە و بایدن جەختی کردووەتەوە لە پێویستی پاراستنی مەدەنییەکان لە غەززە، ھەروەھا جەختیان لە گرنگیی ئازادکردنی بارمتەکان لە دەستی حەماس کردووەتەوە.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاند، کەشتی تێکشکێنەری ئەمریکی "لابون" بەرپەرچی چوار درۆنی بۆمبڕێژکراوی داوەتەوە، کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان لە یەمەن ھەڵدرابوون بە ئاڕاستەی کەشتییەکە.
راشیگەیاند، شەوی رابردوو، کەشتییەکی نەوتھەڵگری گابۆن کە ئاڵای ھندستانی لەسەر بووە، درۆنێکی بۆمبڕێژکراوی پێدا تەقیوەتەوە، بەڵام بێ زیان بووە.
ھەروەھا کەشتییەکی دیکە کە ئاڵای نەرویژی لەسەر بووە پێی راگەیاندوون کە روبەڕووی ھێرشی درۆن بوونەتەوە و رزگاریان بووە.
سێنتکۆم راشیگەیاند، لە ١٧ی ئۆکتۆبەرەوە، ئەوە پانزەدەیەمین جارە کە ئەو ھێرشانە دەکرێتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لەلایەن حوسییەکانەوە.
کامیرۆن کە ئەم ھەفتەیە سەردانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی کرد و لەگەڵ ھاوتا میسرییەکەی جەنگی ئیسرائیل و غەززەی تاوتوێکرد رایگەیاند، تاران ھاوکاری پێشکەشی بریکارەکانی دەکات لە ناوچەکە و لەڕێی حزبوڵا و حوسییەکان و گروپە چەکدارەکانی عێراقەوە ھێرش دەکاتە سەر بنکەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و بەوەش کاریگەری خراپی لەسەر ناوچەکە و جیھان ھەیە.
وتیشی، دەبێت پەیامێکی روون بگەیەندرێتە ئێران و تێبگات لەوەی لێبوردە نابن بەرامبەری و لەندەن و ھاوپەیمانەکانی رێکارەکانیان دژ بە تاران توند دەکەنەوە.
ئەو ھۆشداییەی کامیرۆن دوای لێدوانێکی بەرپرسانی ئەمریکی دێت کە ئێرانیان تۆمەتبارکردبوو بە دەستوەردان لە ھێرشکردنە سەر کەشتییەکانی دەریای سور، لەڕێی دابینکردنی مووشەک و درۆن و زانیاری ھەواڵگیری بە حوسییەکان.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا وێستگە نەوتیەکان و کارەبایان لە تربە سپی بۆردومان کردووە.
باسی لەوەشکرد، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ٣٤ بۆردومانی ئەو ناوچانەیان کردووە و لانی کەم ٢٣ پێگەیان کردووەتەوە ئامانج.
راشیگەیاند، زیانە گیانی و ماددییەکانی بۆردومانەکانی تورکیا نەزانراوە.
بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، بڕیاری زیادکردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە بەس نییە و پێویستیان بە ھاوکاری زیاترە بەو پێیەی ئیسرائیل کارەساتی مرۆیی لە غەززە خوڵقاندووە.
دەشڵێت، ئەمریکا لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا ھەوڵی زۆری داوە بۆ ئەوەی رێگری لە بڕیارێکی لەو شێوەیە بکرێت و ئەمریکاش بەپێچەوانەی خواستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتوەکان کاردەکات کە دەیانەوێت کار بۆ راگرتنی شەڕ بکەن.
ئێوارەی رۆژی ٢٢ی ئەم مانگە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە رەزامەندی ١٣ ئەندامی لە کۆی ١٥ ئەندام پرۆژەیەکی بۆ زیادکردنی ھاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە پەسەند کرد و داوایکرد ھەنگاوی بەپەلە بنرێت بۆ گەرەنتیکردنی گەیشتنی ھاوکاریی مرۆیی بە شێوەیەکی سەلامەت و بەبێ گرفت بۆ کەرتی غەززە.
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی بەرگری تورکیا، شەوی رابردوو لە ھەرێمی کوردستان سێ سەربازیان لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان کوژراوە و چوار سەربازی تریش برینداربوون.
بەپێی راگەیەنراوەکەش بەیانی ئەمڕۆ لە چوار سەربازە بریندارەکە سێ سەربازی تریان گیانیان لەدەستداوە، بەوەش ژمارەی کوژراوەکان گەیشتوەتە شەش سەرباز، سەربازە بریندارەکەش لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدایە.
ئەوەش لە کاتێکدایە لە مانگی نیسانی ٢٠٢٢ەوە تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی لە ھەرێمی کوردستان دەستپێکردووەو لەو ماوەیەشدا کوژرانی ١٢١ سەرباز و گیانلەدەستدانی ٨٤١ گەریلای راگەیاندوە.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو سەربازی دیکەیان بەھۆی موشەکێکەوە کوژراون لەکاتی ئەنجامدانی پرۆسەیەکدا.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لە ٧ی تشرینی دووەمەوە تا ئێستا ٤٧٢ سەربازی ئیسرائیل کوژراون و ھەزار و ٩٥٢ی تریش برینداربوون و تەنھا لە کەرتی غەززەش ١٤٠ سەربازیان کوژراون و ٧٨٤یان برینداربوون.
کۆڕبەندی خێزانە بێسەروشوێنەکانی ئیسرائیلیش رایگەیاند، گادی ھاگای تەمەن ٧٣ ساڵ، کە ھاوڵاتیەکی ئیسرائیلییە و خاوەنی رەگەزنامەی ئەمەریکییە و یەکێک بووە لە بارمتە ئیسرائیلییەکان لە غەززە، رۆژی ٢٢ی ئەم مانگە گیانی لەدەستداوە.
ئەدریان واتسن وتەبێژی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی رایگەیاند، ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو لە پشت ھێرشەکانی سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سورەوەیە و زانیارییە ھەواڵگرییەکانیش وادەریدەخەن کە ئێران لەرووی سەربازیی و داراییەوە یارمەتی حوسییەکان دەدات و راھێنانیان پێدەکات بۆ ھێرشکردنەسەر کەشتییەکان.
دەشڵێت، ئەو کارەی حوسییەکان بە ھاوکاری درێژخایەنی دارایی ئێران ئەنجام دەدرێت و ھانیان دەدات سەقامگیری ناوچەکە تێکبدەن و بەبێ ئێرانیش حوسییەکان گرفتییان بۆ دروست دەبێت لە ھێرشکردنەسەر کەشتییەکان.
ئەدریان واتسن وتیشی، ئەمریکا ھاوپەیمانییەک دروست دەکات بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریاکان لە ناوچەکەدا و بۆئەو مەبەستەش گفتوگۆکان بەردەوامن.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، بەپێی ئەو بەڵگانەی کە شیکارییان بۆ کراوە، ئیسرائیل بۆمبی جۆری (ئێم کەی ٨٤)بۆ بۆردومانکردنی ناوچەیەکی ئارامی غەززە بەکارھێناوە کە ئەو بۆمبەی لە ئەمریکا وەرگرتووە و بەیەکێک لە گەورەترین و وێرانکەرترین بۆمب دادەنرێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو بۆمبانە دژی ھاووڵاتیانی مەدەنی بەکارھاتوون لە شەش ھەفتەی یەکەمی شەڕی ئیسرائیل و غەززەدا و لە وێنەی مانگی دەستکرددا دەرکەوتووە بۆمبەکە چاڵی گەورەی بە پانتایی ١٢ مەتر دروستکردووە.
دەشڵێت، رووپێوی سەربازیی بۆ کەرتی غەززە ئەنجامدراوە و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان لە ئەنجامی بۆردومانەکانیان ٢٠٨ چاڵی گەورەیان دروستکردووە و جگە لەوەش ئەمریکا پێنج ھەزار بۆمبی وێرانکەری لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا رادەستی ئیسرائیل کردووە.
لێپرسراوێکی ئیسرائیلیش رایگەیاندوە، کاری لە پێشینەی وڵاتەکەی لەناوبردنی حەماسە و ئەو بابەتەش زۆر شت لەخۆی دەگرێت.
حەمید حسێنی ئەندامی ژووری بازرگانی ھاوبەشی ئێران - عێراق رایگەیاندووە، ھەناردەی بەرھەمی ئێرانی بۆ عێراق لە ھەشت مانگی ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ٣٥٪ زیادیکردووە، بەپێی ئامارێکیش لە ماوەی نێوان ٢١ی ئادار تا ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بە بەھای زیاتر لە شەش ملیار دۆلار کاڵا و پێداویستی لە ئێرانەوە ھەناردەی عێراق کراوە.
راشیگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ساڵی ئێرانی کە دەکاتە ٢٠ی ئاداری ساڵی داھاتوو، بڕی ھەناردەی ئێران بۆ عێراق بگاتە، ١٢ ملیار دۆلار.
بەپێی مەرسومێکی سەرۆکایەتی تورکیا کە لە رۆژنامەی رەسمی بڵاوبووەتەوە، ھاوڵاتیانی ھەریەک لە وڵاتانی سعودیە، ئیمارات، عومان، بەحرێن، ئەمریکا و کەنەدا، لە ڤیزا دەبەخشرێن کە بەمەبەستی گەشیاری روو لە تورکیا دەکەن.
تورکیا لە ساڵی ٢٠١٦ ڤیزای لەسەر ھاووڵاتییانی قەتەر ھەڵگرتووە، ساڵی ٢٠١٧ش ڤیزای لەسەر ھاوڵاتیانی کوەیت ھەڵگرت، بەڵام ھێشتا بۆ عێراق بڕیاری نەداوە.
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزاری تورکیا، لە ماوەی حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە ٦٠٠ ھەزار ھاوڵاتی عێراقی روویان لە تورکیا کردووە، بەوەش عێراق دەچێتە پلەی یەکەم لەناو وڵاتانی عەرەبی بۆ سەردانیکردنی ئەو وڵاتە.
مەحمود بەسەل وتەبێژی بەرگری شارستانی لە غەززە ئاشکرایکردووە، رۆژی ھەینی خوێناویترین رۆژ بووە بۆ کەرتی غەززە، بەجۆرێک ١٦ سەرۆک خێزانی مەغریبی کوژران.
وتیشی، یەکێک لە سەرۆک خێزانەکان کە کوژراون، عیسام مەغریبی کارمەندی دێرینی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە لەگەڵ ھاوسەرەکەی و پێنج منداڵی.
شەڕی حەماس و ئیسرائیل پێینایە ٧٨مین رۆژەوە، بەپێی دوایین ئامارەکان، تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ ھەزار فەڵەستینی کوژراون و ٥٣ ھەزاری تریش بریندار بوون.
لە رەشنوسی نوێی پڕۆژەبڕیارەکەدا کە ئەمڕۆ جارێکی دیکە دەخرێتە دەنگدانەوە ئەو بڕگەیە لابراوە کە داوای دەستبەجێ راگرتنی شەڕ دەکات و پڕۆژەکە تەنھا داوای باشترکردنی دۆخی مرۆیی دەکات.
بەگوێرەی سەرچاوە دیبلۆماسییەکان ئەمریکا بەو رەشنوسە رەزامەندە و چاوەڕێ دەکرێت بۆیەکەمجار لەدوای حەوتی تشرینی یەکەمەوە، ئەنجومەنی ئاسایش بێدەنگی بشکێنێت و بڕیارێک دەربکات کە ھەر پێنج ئەندامە ھەمیشەییەکە لەبارەیەوە کۆدەنگبن.
٨ی ئەم مانگە ئەمریکا مافی ڤیتۆی دژی پڕۆژەبڕیارێک بەکارھێنا کە تیایدا داوای دەستبەجێ راگرتنی ھێرشەکانی ئیسرائیلی بۆسەر کەرتی غەززە کردبوو.
ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا رۆژی پێنجشەممە بە سەردانێک گەیشتە ئوردن و لەگەڵ شا عەبدوڵای دووەم، پادشای ئەو وڵاتەدا کۆبووەوە، لەکۆبوونەوەکەدا پادشای ئوردن داوایکرد جیھان فشارەکانی لەسەر ئیسرائیل زیاتر بکات بۆ راگرتنی دەستبەجێی شەڕی غەززە.
لای خۆیەوە سەرۆکی فەڕەنسا باسی لەوەکرد، وڵاتەکەی جەخت لەسەر بەدیھێنانی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکە دەکاتەوە ئەویش بە دروستکردنی دوو دەوڵەت بۆ فەڵەستینی و ئیسرائیلییەکان، ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ زیادکردنی ھاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە دەربڕی.
ئاماژەی بەوەشکرد، فەڕەنسا و وڵاتانی ئەوروپا خواستی ئەوەیان ھەیە بەھاوکاری ئوردن، منداڵانی برینداری شەڕی غەززە وەربگرن و چارەسەری تەندروستیان پێشکەش بکەن.
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کە گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە خۆدەگرێت، بەرەبەیانی ڕۆژی ھەینی ِرایگەیاند شاری ئیلاتی ئیسرائیلیان بە "چەکی گونجاو" کردووەتە ئامانج لە وەڵامی بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر ھاوڵاتیانی مەدەنی لە غەززە، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر لەبارەی ھێرشەکەوە ئاشکرابکات.
جەختیشیکردووەتەوە ئەوان لە ھێرشەکانیان ناوەستن و بەردەوام دەبن تا بۆردومانەکانی سەر غەززە دەوەستێنرێت.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا کوژرانی دوو سەربازی تری وڵاتەکەی راگەیاند، بەوەش ژمارەی کوژراوانی سەربازەکانی ئیسرائیل گەیشتە ٤٧١ سەرباز، کە ١٣٩ سەربازیان لە ئۆپراسیۆنە زەمینییەکەی دوای ٢٧ تشرینی یەکەمەوە کوژراون و زیاتر لە ھەزار و ٩٢٩ سەربازیش بریندار بوون.
لە لایەنی فەڵەستینیشەوە، نووسینگەی حکوومی لە غەززە ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراون گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٠ ھەزار کەس، زیاتر لە ٥٢ ھەزار کەسی دیکەش برینداربوون کە زۆرینەیان ژن و منداڵن و زیاتر لە حەوت ھەزار کەسیش بێسەروشوێن و لە ژێر باڵەخانە رووخاوەکاندا ماونەتەوە.