بەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەیەک لە کازاخستان بە ٧٢ سەرنشینەوە کەوتە خوارەوە، کە پێنج کەسیان ستافی ناو فڕۆکەکە بوون، بەپێی دوایین ئامارەکان، توانراوە ٣٢ سەرنشینیان رزگار بکرێن.

فڕۆکەکە سەر بە هێڵی ئاسمانی ئازەربایجان بووە و گەشتەکەی لە باکووی ئازەربایجانەوە بەرەو روسیا بووە.

لە دوایین راپۆرتدا لەسەر زاری بەرپرسانی کازاخستانەوە ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێس بڵاویکردووەتەوە، لە فڕۆکەکەدا ٦٧ سەرنشین و پێنج ستافی ناو فڕۆکەکە هەبوون، کە تاوەکو ئەم ساتە ٣٢ کەس رزگار کراون، کە دووانیان منداڵن.

ئەوەش هاتووە، ئەو کەسانەی رزگارکراون لە ئێستادا لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن.

ئەسۆشیەتید پرێس ئەوەشی خستووەتە روو، ٤٢ کەس لە سەرنشینەکانی فڕۆکەکە خەڵکی ئازەربایجان بوون، ١٦ کەسیان خەڵکی روسیا بوون، شەش کەسیشیان کازاخستانی و سیانەکەی دیکەش خەڵکی قیرغستان بوون.

لەبارەی هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەوە باس لە دوو هۆکار دەکرێت، یەکێکیان ئەوەیە کە پۆلێکی باڵندە خۆیان کێشاوە بە فڕۆکەکەدا. هۆکاری دووەمیش باس لەوەدەکرێت، لە کازاخستان گرفت لە جی پی ئێس'ی فڕۆکەکەدا دروستبووە و بۆماووەیەکی درێژ کاری نەکردووە، بەهۆیەوە فڕۆکەکە تووشی ئەو رووداوە بووە.