سودان لە جەنگ و هەرەسهێناندایە، زۆرن ئەو چیرۆکانەی کە لەو وڵاتەدا رودەدەن، لەناویاندا چیرۆکی دەستدرێژی سێکسی یەکێکی دیکەیە لە دیاردەکانی ئەو جەنگە؛ یەکێک لەو چیرۆکانە دایکێکە کە رێگەی داوە دەستدرێژی بکرێتە سەری لەبەر رزگاربوونی دوو کچەکەی.

ئەم راپۆرتە لە بی بی سی وەرگیراوە

بەهۆی جەنگەوە بارودۆخی سودان باش نییە و وڵاتەکە لە هەرەسهێناندایە، یەکێک لە دیاردەکانی جەنگەکە دەستدرێژی سێکسییە کە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ نیگەرانییان لەوبارەیەوە دەربڕیوە.

زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەس

بە وتەی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەسی سوداننی ناچار بوون ماڵەکانیان جێبهێڵن.

بارودۆخی ژنانی سودان بەجۆرێکە هەندێک جار دەبێت زیاتر لە چوار سەعات رێگا ببڕن بۆ کڕینی پێداویستییەکانیان، ئەمە لەکاتێکدایە کە پیاوەکانیان ناچنە دەرەوە لەبەر ئەوەی راستەوخۆ چەکدارەکان داوای پارەیان لیدەکەن و لێشیان دەدەن.

"من بەرگەی سەختییەکان دەگرم"

یەکێک لە ژنەکانی سودان دەڵێت، "بەرگەی سەختییەکان دەگرم چونکە دەمەوێت خواردن بە منداڵەکانم بدەم، برسیمانە و پێویستمان بە خواردنە".

چیرۆکی 'مریەم' و دەستدرێژی

مریەم ناوی خوازراوی ژنێکی سودانە، ماڵیان لە دارسلام بووە و بەناچاری جێی هێشتووە و هاتووەتە لای براکەی تا بە ئارامی بژی، هەروەها لە شوینێکی فرۆشتنی چا کار دەکات.

مریەم دەڵیت، "لەسەرەتای جەنگدا دوو چەکدار هاتنە ماڵەکەمان، ویستیان دەستدرێژی بکەنە سەر دوو کچەکەم کە دانەیەکیان ١٧ ساڵە و ئەوی دیکەیان ١٠ ساڵە".

"بە کچەکانم وت لە پشتمەوە بوەستن، هەروەها بە چەکدارەکانم وت ئەگەر بڕیارە دەستدرێژی بکەن، واز لە کچەکانم بهێنن و دەستدرێژی بکەنە سەر من"، مریەم وادەڵێت.

مریەم زیاتر دەگێڕێتەوە و دەڵێت، "چەکدارەکان لێیاندام و پێیان وتم جلەکانت دابکەنە، لەوکاتەدا بە کچەکانم وت رابکەن، ئەوانیش لەگەڵ منداڵەکانی ئەو شوێنەی کە لێی دەژیاین رایان کرد و چەکدارەکان ئەوەی ویستیان کردیان".