ئێران لەسەر كوشتنی ئیسماعیل هەنییە لەلایەن ئیسرائیلەوە، نامەیەك ئاڕاستەی ئەنجومەنی ئاسایش دەكات، نوێنەری وڵاتەكەش دەڵێت: دانپێدانانی ئیسرائیلییەكان رەوایەتی دەدات بە هێرشەكانی تاران بۆ سەر تەلئەبیب.

لە نامەكەی ئێران بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكان هاتووە: دانپێدانانی یسرائیل كاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە كوشتنی ئیسماعیل هەنییە لە تاران، زۆر بێشەرمانەیە و رەوایەتی هێرشەكانی ئێران دژی ئیسرائیل دەردەخات.

ئێران راشیگەیاندووە، ئیسرائیل بەبیانووی جیاواز و تۆمەتباركردنی وڵاتەكە بە هاوكاریی حوسییەكان دژی تەلئەبیب ئامادەكاریی دەكات بۆ هێرشكردنە سەر ئێران و دەیەوێت بە هەنگاوەكانی هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكات.

ئیسماعیل هەنییە سەرۆكی پێشوتری بزوتنەوەی حەماس لە 31ی تەمموزی ئەمساڵ لە تاران كوژرا، لە بەرامبەردا، ئێران بە زیاتر لە 200 درۆن و موشەك هێرشیكردە سەر ئیسرائیل.