وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا پەنابەران ناچار دەكات بڕی 10 هەزار پاوەند بۆ تێچووی نیشتەجێبوون و پشتگیرییە داراییەكانیان بدەن، و سەرپێچیكردنی بریارەكەش كاریگەری لەسەر مافی مانەوەیان دەبێت.
لە چوارچێوەی یاسای نوێی كۆچ و پەنابەریدا وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، بریاردراوە ئەو پەنابەرانەی مافی مانەوەیان پێدەدرێت 10 هەزار پاوەندیان لێوەربگیرێت لەبەرانبەر تێچووی نیشتەجێبوون و ئەو هاوكارییە داراییەی پێش وەرگرتنی مافی پەنابەری پێیاندراوە.
لە بڕیارەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەو پەنابەرانەی مافی مانەوە و پاراستنیان پێدەدرێت هەر كاتێك توانای داراییان باشبێت دەبێت ئەو بڕە پارەیە بدەن.
هاوکات، شەبانە مەحموود وەزیری ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاندووە، دەكرێت گۆرانكاری لەو بڕە پارەیەدا بكرێت، بەڵام پابەندنەبوون بە بڕیارەكە كاریگەری نەرێنی لەسەر داهاتووی پەنابەران دەبێت، بەتایبەتیش مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی لەو وڵاتەدا.
جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف وەک نێردراوانی ئەمریکا گەیشتنە دەوحەی پایتەختی قەتەر بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەندێک لایەنی تەکنیکیی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئێران.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لەوبارەیەوە رایگەیاند، کە جارێ کۆبوونەوەی ئاستی باڵا لەگەڵ ئێران ئەنجام نادرێت، بەڵکو تەنها وتوێژی تەکنیکی لەسەر پرسە ئەمنی و ئابوورییەکان بەڕێوەدەچێت.
ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە ئامانجیان جێبەجێکردنی رێککەوتنە کاتییەکەی نێوان واشنتۆن و تارانە بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی و کردنەوەی گەروی هورمز، کە بەهۆی شەڕەکەی نێوانیان. پێوانەی بازرگانیی جیهانی نەوتی پەکخستووە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، هەردوولا هێشتا یەکتری بە پێشێلکردنی ئاگربەست و هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان تۆمەتبار دەکەن.
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئۆپەراسیۆنی "شین و سپی" دژی ئێران رادەگەیەنێت و ئاماژە بەوە دەکات کە سوپای وڵاتەکەی لە ئامادەباشی تەواودایە بۆ ئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەڕ.
کاتس لە کاتی پێشکەشکردنی کورتەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: رەنگە سبەی خۆمان لە شەڕدا لەگەڵ ئێران ببینینەوە، ئەگەر ئێران مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل بکات، ئەوا بە توندی هێرش دەکەینە سەری، باسی لەوەش کرد کە: سوپای ئیسرائیل چاوەڕێی ئەوە دەکات و لە دۆخی ئامادەباشیدایە، هەروەها تەلئەبیب هەڵوێستی خۆی بۆ ئیدارەی ئەمریکا روون کردووەتەوە.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رونی کردەوە کە: هەڵگیرسانەوەی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران رەنگە لە حاڵەتێکدا روبدات ئەگەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری راگرتنی دانوستانەکان و دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بدات، یان ئەگەر ئێران خۆی دەستپێشخەری بکات بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، دواجار وتیشی: سوپا رێنمایی پێگەیشتووە بۆ ئامادەکاری بەمەبەستی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی (شین-سپی) دژی ئێران.
راشیگەیاند کە ئێران "هێشتا کۆگایەکی مووشەکی و توانای هاوێشتنی هەیە، ئاماژەی بەوەش کرد کە: سوپا لە رووی بەرگری و هێرشبەرییەوە ئامادەیە، لە حاڵەتی پێویستیشدا رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی بەرەی ناوخۆیی دەگیرێتەبەر.
کاتس ئاماژەی بەوە کرد کە "ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە بەئامانجگرتنی هەر هەڕەشەیەک، رونی کردەوە کە "هەر تەقەکردنێک لەلایەن حزبوڵاوە، بە لێدان لە باشوری بەیرووت وەڵام دەدرێتەوە.
سەبارەت بە لوبنان، کاتس وتی: ئیسرائیل لە ناوچەی ئەمنی لە باشوری لوبنان ناکشێتەوە، مانەوەی هێزەکانی ئیسرائیلی لەوێ وەک گرنگترین دەستکەوت کە بەدەستهاتووە و کشانەوە پێش داماڵینی چەکی حزبوڵا لە تەواوی لوبناندا رونادات.
وتیشی، سوپای لوبنان بە پاڵپشتی ئەمریکا، کار لەو ناوچەیەدا دەکات کە دەکەوێتە نێوان سنوورەکان و روباری لیتانی بۆ دوورخستنەوەی حزبوڵا، ئاماژەی بەوەش کرد کە واشنتۆن و تەلئەبیب پێکەوە لایەنگری راهێنانی یەکە تایبەتەکانی سوپای لوبنان دەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە.
هەروەها باسی لە دۆسیەی سوریا کرد و وتی: ئیسرائیل لەو ناوچانە ناکشێتەوە کە لە ناوەوەی سوریا کۆنترۆڵی کردوون، و تەلئەبیب لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکان دەکات و بەرپرسیارێتی پاراستنی دروزەکان دەگرێتە ئەستۆ.
سەبارەت بە کەرتی غەززەش، کاتس رایگەیاند کە: ئیسرائیل رێگە بە دووبارە پڕچەککردنەوەی بزووتنەوەی حەماس نادات، و بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی، ئەگەر چەکی حەماس بەگوێرەی مەرجەکان دانەماڵرێت، ئەوا خۆمان ئەرکەکە تەواو دەکەین.
لە کۆتاییدا، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل باسی لە گروپی ئەنساروڵڵا (حۆسییەکان) کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە: ئەوان هەڕەشەیەکی گەورەترن لەوەی کە بیرۆکەی لێدەکرێتەوە، رونی کردەوە کە: ئیسرائیل خۆی بۆ سیناریۆ جیاوازەکانی داهاتوو ئامادە دەکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە وێستگەکانی فرۆشتنی سووتەمەنی لە وڵاتەکەیدا کرد کە دەستبەجێ نرخی بەنزین دابەزێنن، بەوپێیەی نرخەکانی ئێستا رەنگدانەوەی ئەو دابەزینە نین کە لە نرخی نەوتدا هەیە، هاوکات هۆشداریشی دایە بازرگانان لە دەرئەنجامەکانی بەرزکردنەوەی نرخەکان.
ترەمپ ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند: پێویستە وێستگەکانی فرۆشتنی سووتەمەنی دەستبەجێ نرخەکانیان دابەزێنن! نرخەکان زۆر بەرزن لە کاتێکدا کە نرخی نەوت ئێستا 68 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک و بەرەو دابەزینی زیاتریش دەچێت.
وتیشی: پێویستە کۆمپانیاکانی فرۆشتنی تاکەکەسی بە خێرایی وەڵامی ئەم لێدوانە بدەنەوە و ئەوە بکەن کە دەزانن راستە نرخەکان بۆ گەلە مەزنەکەمان لە ئەمریکا دابەزێنن! هیچ قۆستنەوەیەک لە نرخاندندا قبووڵ ناکرێت، چونکە ئەمە بە تەواوی نایاساییە ئەگەر فرۆشیارانیش ئەمە نەکەن، ئەوا کێشەی گەورە چاوەڕوانیان دەکات!.
ترەمپ وتیشی: دەستپێبکەن بە ئامانجکردنی نرخێک کە نزیک بێت لە 2.50 دۆلار بۆ هەر گالۆنێک، هەروەها پێویستە ویلایەتی کالیفۆرنیاش دەستبەرداری سەپاندنی ئەم باجە قورسانە بێت لەسەر بەنزین.
بەم زووانە باجەکە لە نرخی خودی بەرهەمەکە بەرزتر دەبێتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانیش ئەمە قبووڵ ناکات، بەهەمان شێوە خەڵکی کالیفۆرنیاش کە بەهۆی ئەم باجە بێمانایانەوە لەلایەن حکومەتەکەی خۆیانەوە دەچەوسێنرێنەوە".
ترەمپ رەخنەی لەو باجانە گرت و داوای کەمکردنەوەی کردن، بەوپێیەی باری گرانی سەر شانی بەکاربەران زیاتر دەکەن.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: کۆبوونەوەکەی سبەینێ لەگەڵ ئێران گرنگە و لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەنجامەکەی دەردەکەوێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی نێوان واشنتۆن و تاران لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، لەوانەیە کۆبوونەوەیەکی "زۆر گرنگ" بێت و دەرەنجامەکانی لە داهاتوویەکی نزیکدا دەردەکەون.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی پێشکەوتنی زۆر باشی بەدەستهێناوە لەو شەڕەی کە بۆ داماڵینی چەکی ئەتۆمیی ئێران دەستیپێکردووە و وتی: "سبەی سێشەممە خولێکی نوێی گفتوگۆکان لە دەوحە بەڕێوەدەچێت و تیمە تایبەتەکامان لە ئێستادا ئامادەکاری دەکەن بۆ گەشتکردن بەرەو قەتەر."
ئەم لێدوانە ئەرێنییەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، سەردانی وەفدە تەکنیکییەکەیان بۆ قەتەر تەنها بۆ بەدواداچوونی بەندەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەیە و پەیوەندی بە هاتوچۆی لێپرسراوانی ئەمریکاوە نییە، بەڵام کۆشکی سپی بە رەسمی بەشداریکردنی نوێنەرانی باڵای خۆی وەک جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆفی لەو کۆبوونەوانەدا پشتڕاستکردووەتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، سبەینێ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئێران لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەدەچێت.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیاڵ تروس نووسیویەتی، "ئێران داوای کۆبوونەوەیەکی کردووە، کۆبوونەوەکەش سبەینێ سێشەممە لە دەوحە بەڕێوەدەچێت." جەختی لەوەشکردووەتەوە کە ئێران "هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".
هاوکات ئاژانسی "رۆیتەرز" لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانییەوە بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەکەی سبەینێ دەوحە جیاواز دەبێت لە کۆبوونەوە تەکنیکییەکانی پێشوو کە لە سویسرا بەڕێوەچوون، چونکە ئەمجارە سەرنجی سەرەکی لەسەر پرسی بەڕێوەبردنی گەروی هورمز و هێورکردنەوەی گرژییەکان دەبێت.
رۆیتەر ئاشکرایشیکردووە، وەفدە تەکنیکییەکانی ئەمریکا و ئێران، کە بەرپرسن لە جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان، لە چەند رۆژی داهاتوودا لە دەوحە کۆدەبنەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە هێرشە پێچەوانەکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوولا، هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنە لەرزۆکەکەی نێوانیانی دەکرد.
بەپێی زانیارییەکان، ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی ترەمپ و جارید کوشنەر راوێژکاری ترەمپ، بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن.

ئاژانسەکە روونیکردوەتەوە، وڵاتە نێوەندگیرەکان لە ئێستادا خەریکی دروستکردنی کەناڵی پەیوەندین بۆ رێگریکردن لە هەر گرژییەک و بڕیاریشە گفتوگۆ تەکنیکییەکان بەردەوام بن.
ئەمڕۆ دووشەممە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.2 پلە بەپێی پێوەری رێختەر، ویلایەتی لا گوایرای ڤەنزوێلای هەژاند، کە بە یەکێک لەو ناوچانە دادەنرێت کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەهۆی ئەو زنجیرە بوومەلەرزانەی لەم دواییانەدا وڵاتەکەی گرتووەتەوە.
زانایانی بواری بوومەلەرزەزانی ناوخۆیی ئاماژەیان بەوە کردووە کە بوومەلەرزەکە لە کاتژمێر 7:01ـی بەیانی بە کاتی ناوخۆیی روویداوە، بە دووریی نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە شاری لا گوایرا، و قووڵییەکەشی نزیکەی 2.9 کیلۆمەتر بووە.
ئەم بوومەلەرزەیە لە چوارچێوەی ئەو زنجیرە بوومەلەرزانەدا دێت کە لە ماوەی رابردوودا ڤەنزوێلایان هەژاندووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێشتا پاشلەرزەکان لە ژمارەیەک ناوچە تۆمار دەکرێن، هاوکات دەسەڵاتداران بەردەوامن لە هەڵسەنگاندنی رەوشەکە و چاودێریکردنی پێشهاتەکان.
بەهۆی سەرەهەڵدانی ناکۆکیی نوێ لەسەر چەند دۆسیەیەکی سەرەکی، گفتوگۆ چاوەڕوانکراوەکانی ئەم هەفتەیەی نێوان ئێران و ئەمریکا لە سویسرا بە شێوازێکی کتوپڕ هەڵپەسێردران.
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمریکی، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ئەو گفتوگۆیە تەکنیکییانەی کە بڕیاربوو ئەم هەفتەیە لە سویسرا لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا بەڕێوەبچن، بە شێوازێکی کتوپڕ هەڵپەسێردران؛ ئەمەش نیشانەی پرسیاری گەورەی لەسەر ئایندەی پرۆسەی دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵات دروستکردووە.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدا دێت کە تەنیا چەند رۆژێک لەمەوبەر واشنتۆن رایگەیاندبوو، تیمە تەکنیکییەکانی هەردوولا لە سویسرا کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی کە لە نێوانیاندا ئیمزاکراوە، کە خۆی لە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، سزاکان، و میکانیزمی ئازادکردنی بەشێک لە داراییە بلۆککراوەکانی تاراندا دەبینێتەوە.
پێشتریش مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردبووەوە، گفتوگۆیە تەکنیکییەکان تیشک دەخەنە سەر لایەنە وردەکانی رێککەوتنەکە، ئاماژەی بەوەش کردبوو، یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە لە ماوەی 60 رۆژدا دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و هیوای خواستبوو تاران پابەندی بەڵێنەکانی بێت.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، لە چەند ڕۆژی رابردوودا جیاوازی و ناکۆکی لە لێدوانی بەرپرسانی واشنتۆن و تاراندا دەرکەوتووە سەبارەت بە چەند دۆسیەیەکی سەرەکی، لەوانەش، میکانیزمی بەکارهێنانی ئەو پارە ئازادکراوانەی ئێران، گەڕانەوەی پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، و پرسی ئایندەی گەشتی دەریایی لە گەروی هورمز، کە پێدەچێت هۆکاری سەرەکیی راگرتنی گفتوگۆکان بن.
ئاژانسی نیشتمانیی تەندروستی گشتی لە فەڕەنسا رایگەیاند کە لە رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە، ژمارەی گیانلەدەستدان لە وڵاتەکەدا بە رێژەی نزیکەی هەزار حاڵەت لە ئاستی ئاسایی زیاتر بووە، وە هۆشداری دا کە رەنگە ئاماری کۆتایی زۆر لەمەش زیاتر بێت.
لە بەیاننامەیەکی ئاژانسی تەندروستی گشتی فەڕەنسادا هاتووە: لە 24ی حوزەیرانەوە، نزیکەی هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدانی زیادە تۆمارکراوە بەراورد بەو حاڵەتانەی لە مانگەکانی رابردوودا سەرژمێری کرابوون جەختیش کراوەتەوە کە ئەم ئامارانە سەرەتایین و کۆتایی نین.
ئاژانسەکە ئاشکرای کردووە ئەو ناوچانەی کە هۆشداریی پلە سوریان تێدا راگەیەندرا بوو، زیاتر کاریگەریی ئەم شەپۆلەیان بەسەرەوە بووە، بەتایبەتی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی 65 ساڵییەوەیە کە 85٪ی کۆی گشتی حاڵەتەکان پێکدەهێنن.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە زۆرترین رێژەی گیانلەدەستدان لە ناو ماڵەکاندا تۆمارکراوە، بە جۆرێک بە رێژەی 40٪ بەرزبووەتەوە، بەتایبەتی لە ناوچەی "ئیل دو فرانس" کە پاریسی پایتەخت و دەوروبەری لەخۆدەگرێت.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە: ئەم بەرزبوونەوەیە بیرخستنەوەیەکی گرنگە بۆ پێویستیی بەپەلە بە گرتنەبەری رێکاری هاوپشتی بەرانبەر بەو کەسانەی کە دابڕاون یان بەدەست تەنیاییەکی سەختەوە دەناڵێنن، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە ئاستی شارنشینییان بەرزە.
شایەنی باسە، ئەو شەپۆلە گەرما توندەی کە بۆ چەند رۆژێک فەڕەنسای خنکاندبوو و پلەکانی گەرما تێیدا لە زۆرێک لە ناوچەکان گەیشتبووە سەرووی 40 پلەی سەدی، لە رۆژی یەکشەممەوە دەستی بە کشانەوە و شکان کردووە.
میدیاکانی فەرەنسا بڵاویانکردوەتەوە، بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرما بەهێز و توندەی روی لە وڵاتەکە کردووە، لە ماوەی تەنها 24 سەعاتی رابردوو، 109 کەس گیانیان لەدەستداوە و ئەم بەرزبونەوە بێ پێشینەی پلەکانی گەرما رەوشی نائاسایی لە چەند شارێکی وڵاتەکە دروست کردوە.
بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، بەرزبونەوەی لەرادەبەدەری پلەکانی گەرما هۆکاری سەرەکی زیادبوونی کتوپڕی رێژەی گیانلەدەستدان بووە لە 24 سەعاتی رابردودا.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە دامەزراوە تەندروستی و خزمەتگوزارییەکانی ئەو وڵاتە لە ئامادەباشیدان بۆ روبەڕوبوونەوەی دەرهاوێشتە مەترسیدارەکانی ئەم شەپۆلە گەرمایە.
ئاماژەبەوەشکراوە، سەرەڕای ئەوەی لێپرسراوانی فەرەنسا بەردەوامن لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست و بەپەلە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گەرماکە، بەڵامهۆشداری توندیان ئاڕاستەی هاووڵاتیان کردووە.
بەتایبەتی داوا لە بەساڵاچوان، منداڵان و ئەو کەسانە دەکەن، کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و زیاتر لەبەردەم مەترسییەکەدان، رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن و لەو کاتانەی پلەکانی گەرما دەچنە بەرزترین، لەماڵ بمێننەوە و نەچنە دەرەوە.
سەرەڕای پێشبینییە زۆرەکان بۆ بەشداریکردنی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا لە یارییەکانی مۆندیالی 2026 کە وڵاتەکەی میوانداری دەکات، بەڵام تا ئێستا لە هیچ یارییەکدا دەرنەکەوتووە، ئەمەش لە کاتێکدایە هەڵبژاردەی ئەمریکا دوو یاری لە قۆناغی کۆمەڵەکان بردووەتەوە.
شارەزایانی سیاسی و کەسانی نزیک لە کۆشکی سپی چەند هۆکارێک بۆ ئەم بابەتە دەستنیشان دەکەن و ئاماژە بەوەدەکەن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تەنیا حەزی لە "روداوە گەورەکانە"، راشیانگەیاند، پێدەچێت ترەمپ چاوەڕێی یاری کۆتایی مۆندیال بکات کە زۆرترین بینەری هەیە.
دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە نیویۆرک لەلایەن هاندەرانی خولی باسکەی (NBA) 'فیکەی ناڕەزایەتی' دژی لێدرا، تیمی سەرۆکایەتی ترەمپ دەترسن لەوەی لە یارییەکانی مۆندیالدا کە جەماوەرێکی نێودەوڵەتی و هەمەجۆری هەیە، رووبەڕووی هەمان رەوش ببێتەوە.
جێی ئاماژەیە جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا پێشتر رایگەیاندبوو، بڕیارە سەرۆکی ئەمریکا لە یاری کۆتایی ئامادە بێت و جامی جیهانی پێشکەش بکات.
هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ لە یاریگەکاندا ئامادە نەبووە، بەڵام بەرپرسانی کۆشکی سپی ئاماژەیان بەوەکردووە، "ئەو لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە یاریزانانی ئەمریکاوە کردووە و پاڵپشتی خۆی بۆ دەربڕیون، فیفاش پێی باشە کە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەمریکا تەنیا لە یاری کۆتاییدا بێت بۆ ئەوەی سەرنجەکان لەسەر خودی وەرزشەکە لادەنەدەن".
ژنێكی توركی تەمەن 56 ساڵ، لە رێگەی باڵیۆزخانەی ئەمریكاوە نامەیەكی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ كردووە و داوا دەكات لە شاری ئەنکەرە چاوی پێی بكەوێت، چونكە بانگەشەی ئەوە دەكات كە ترەمپ باوكیەتی.
بەپێی هەواڵی میدیاكانی توركیا، نێكلا ئۆزمێنی تەمەن 56 ساڵ لە رێگەی نامەیەكەوە بۆ باڵوێزخانەی ئەمریكا داوا دەكات لە كاتی سەردانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ ئەنکەرە بە مەبەستی بەشداری لە لوتكەی ناتۆ، بتوانێت ترەمپ ببینێت لەبەر ئەوەی بە باوكی خۆی دەزانێت.
چیرۆكی ئەم ژنە توركە چەندین ساڵە لە میدیاكاندا باسی لێوە دەكرێت، تەنانەت لە ساڵی 2021ـدا سكاڵای یاسایی بۆ سەلماندنی باوكایەتیی ترەمپ تۆمار كردووە.بەو بەڵگەیەی كە دایكی پێش لەدایكبوونی، بازرگانێكی ئەمریكیی لە دەرەوەی وڵات ناسیوە بەڵام ئەو نهێنییەی بۆ ماوەیەكی زۆر شاردووەتەوە.
نێكلا ئۆزمێن چەندین جار داوای پشكنینی دی ئێن ئەی كردووە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت ، جەختیش دەكاتەوە كە هیچ مەبەستێكی مادیی نییە و تەنها دەیەوێت راستییەكان ئاشكرا ببن.
تا ئێستا دۆناڵد ترەمپ و نوسینگەكەی هیچ جۆرە لێدوانێكیان لەسەر ئەم بابەتە نەداوە و دادگاكانی توركیاش هیچ بڕیارێكیان بۆ پشتڕاستكردنەوەی قسەكانی ئەو ژنە دەرنەبڕیوە.
بەریتانیا ئاشکرایکرد، كەشتییەكی نەوتهەڵگری وڵاتەكەیان لە گەروی هورمز لە لایەن لایەنێكی نەناسراوەوە بە موشەك كراوەتە ئامانج.
دەستەی دەریاوانیی بەریتانیا لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، كەشتییەكی نەوتهەڵگری وڵاتەكەیان لە گەروی هورمز لە لایەن لایەنێكی نەناسراوەوە بە موشەك كراوەتە ئامانج.
بەپێی زانیارییەكان، زیان بە كەشتییەكە گەیشتووە بەڵام سەرجەم ئەندامانی تیمەكەی سەلامەتن. ئەم روداوە بووە هۆی هەڵگیرسانی یەكەم پێكدادانی سەربازیی نێوان واشنتۆن و تاران لە دوای ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم) رایگەیاند، كە وەك وەڵامێك بۆ هێرشەكەی سەر كەشتییە بازرگانییەكە، چەندین بنكەی كۆگاكردنی موشەك و درۆن و وێستگەی راداری ئێرانییان لە كەناراوەكان بۆردومان كردووە.
ئەمریكا خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەپۆلێكی گەرمای توند ئامادە دەكات و پێشبینی دەكرێت پلەكانی گەرما لە ناوچە جیاجیاكانی ئەو وڵاتە ئاستی پێوانەیی تۆمار بكەن.
پسپۆڕانی كەشناسی لە ئەمریكا هۆشداری دەدەن لە هەفتەی داهاتووەوە، شەپۆلێكی بەهێزی گەرما ناوچەكانی رۆژهەڵات و ناوەڕاستی ئەمریكا دەگرێتەوە، پێشبینیش دەكەن پلەكانی گەرما لە نێوان 32 و 38 پلەدا بن، بەڵام بەهۆی بەرزیی رێژەی شێ، گەرماكە دەگاتە نێوان 40 بۆ 44 پلە، كە ئەوەش مەترسییەكی زۆر لەسەر تەندروستیی گشتی دروست دەكات.
بەپێی هۆشدارییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی نیشتمانیی زەریاكان و بەرگەهەوای ئەمریكاش، ئەو شەپۆلە شارە سەرەكییەكانی وەك شیكاگۆ، ئەتڵانتا، مینیاپۆڵس و ناشڤیڵ دەگرێتەوە. راشیگەیاند، بەرزمانەوەی پلەكانی گەرما تەنانەت لە شەویشدا، رێگە نادات زەوی فێنك ببێتەوە و بارگرانیی زۆر لەسەر تۆڕەكانی كارەباش دروست دەكات.
راپۆرتەكان ئاماژە بەوە دەكەن، رەنگە ئەو گەرما توندە تا رۆژی چواری تەمموز، كە هاوكاتە لەگەڵ جەژنی سەربەخۆیی ئەمریكا، بەردەوام بێت، ئەو شەپۆلە لە كاتێكدایە وڵاتانی ئەوروپاش روبەڕوی گەرمایەكی بێوێنە بوونەتەوە و كاریگەری كردووەتە سەر تەندروستی دانیشتوانیان.
ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی پێناسی گومرگی بە رێژەی 100 بەسەر كاڵا و كەلوپەلی ئەوروپادا دەكات لە بەرانبەر سەپاندنی باج بەسەر كۆمپانیاكانی وڵاتەكەیدا.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە تروس سۆشیاڵ رایگەیاند، ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەوروپا لێكۆڵینەوە لە جێبەجێكردنی باجی دیجیتاڵی بەسەر كۆمپانیا تەكنەلۆژییەكانی ئەمریكادا دەكەن.
ترەمپ هۆشداریشیدا بەو وڵاتانەی ئەو هەنگاوە بگرنەبەر و رایگەیاند، پێناسی گومرگیی بە رێژەی 100% بەسەر كاڵاكانیاندا دەسەپێت كە هەناردەی ئەمریكا دەكرێن.
وتیشی، باجی گومرگیی دەسەپێنرێت لەسەرو ئەو رێككەوتنە بازرگانییانەی كە لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا ئیمزاكراون.
هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا 'سێنتکۆم' لە وەڵامێکی تونددا بۆ سەر هێرشەکەی دوێنێی سەر کەشتییەکی بازرگانی لە گەروی هورمز، چەند هێرشێکی ئاسمانییان کردە سەر پێگەکانی ئێران.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا 'سێنتکۆم' لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا کۆگاکانی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و وێستگەکانی راداری کەناراوی ئێرانیان کردووەتە ئامانج؛ ئەمەش دوای ئەوەی، ئێران بە درۆنێکی خۆکوژ هێرشی کردە سەر کەشتیی بازرگانیی کەشتییە کە بە ئاڵای سەنگافورەوە لە کاتی هێرشەکەدا لە گەروی هورمزەوە بەرەو کەناراوەکانی عومان لە رێگادابوو.
سێنتکۆم رایگەیاندووە کە ئەم دەستدرێژییە بێ پاساوەی هێزەکانی ئێران بۆ سەر کەشتیوانیی بازرگانی، پێشێلکردنێکی روونی رێککەوتنی ئاگرربەستەکەیە. هاوکات جەختیان کردووەتەوە کە ئەم رەفتارە مەترسیدارانەی ئێران ئازادیی هاتوچۆی دەریایی دەخاتە مەترسییەوە، بەتایبەت لەم رێڕەوە نێودەوڵەتییە گرنگەی کە جموجۆڵی بازرگانیی تێدا لە گەشەکردندایە.
لە کۆتاییدا فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو، هێزەکانیان بەردەوامن لە هەماهەنگی و دابینکردنی رێڕەوی ئارام بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە گەروەکەد، سوپای ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە ئامادەباشی و چاوکراوەییدا دەمێنێتەوە بۆ دەستەبەرکردنی پابەندبوون بە سەرجەم خاڵەکانی رێککەوتنەکە لەگەڵ ئێراندا.