ئەكسیۆس: وڵاتانی نێوەندیگر پێشنیازێكی نوێیان بۆ رێككەوتنی ئەمریكا و ئێران كردووە
لازیا عەلی
٦ی نیسانی ٢٠٢٦
ماڵپەڕی ئەكسیۆس ئاشكرایكرد، وڵاتانی نێوەندگیر پێشنیازێكی نوێیان بۆ رێكکەوتنی ئەمریكا و ئێران كردووە كە لە دوو قۆناغ پێك دێت و قۆناغی یەكەمشیان ئاگربەستێكە بۆ ماوەی 45 رۆژ.
ماڵپەڕی ئەكسیۆسی ئەمریكی رایگەیاند، ئێران و ئەمریكا لە رێگەی پاكستان، میسر و توركیاوە، تاوتوێی ئەو پێشنیازە دەكەن كەلەلایەن پاكستان و میسر، توركیاوە خراوەتەڕوو.
ئاماژەی بەوەشكرد، رێككەوتنە پێشنیازكراوەكە لە دوو قۆناغ پێكدێت، قۆناغی یەكەم بریتییە لە ئاگربەستێك بۆ ماوەی 45 رۆژ، تێیدا دانوستان دەكرێت بۆ كۆتاییهێنانی هەمیشەیی بە جەنگ ، لە قۆناغی دووەمیشدا رێككەوتنی كۆتایی بۆ وەستاندنی شەڕ ئیمزا دەكرێت.
چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی كەمتر لە 48 سەعاتی داهاتوو، چارەنووسی ئەم دەسپێشخەرییە دیپلۆماسییە و رەوشی ناوچەكە بە گشتی یەكلایی بكرێتەوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە دۆناڵد ترەمپ ئێوارەی رۆژی سێشەممەی وەك دوایین وادە بۆ رێككەوتن دیاریكردوە و هۆشداریی داوە ئەگەر رێككەوتن نەكرێت، رێوشوێنی سەربازیی تووند بەرانبەر تاران دەگیرێتەبەر.



