جیهانجیهان

جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز وتی: ئێران بە ئەمریکای راگەیاندووە کە هیچ پلانێکی بۆ سەپاندنی باج بەسەر گەروی هورمزدا نییە.

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سەرەڕای ئەم داواکارییانە، ڤانس پێیوایە ئێران لە رەوشێکی خراپدایە و بە توندی فشار دەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە کۆتایی بە شەڕ بهێنێت. ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕوانی ئەمریکا ئەوەیە ئاستی هەناردەکردنی نەوت و غاز لە کەنداوەوە بگەڕێتەوە بۆ پێش سەرهەڵدانی ململانێکان.

لەلایەکەوە، راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن ئێران کۆمەڵێک داواکاریی نوێی وەک مەرج بۆ کردنەوەی گەرووەکە خستووەتەڕوو، لەوانە چاککردنی رەفتارەکانی ئەمریکا، کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ حزبوڵا و حەماس و حوسییەکان و هەڵگرتنی گەمارۆکان و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگی ساڵانی 2025 و 2026.

لەلایەکی دیکەشەوە، سوپای پاسدارانی ئێران پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەمریکا ناچار دەبێت مەرجەکانیان سەبارەت بە گەروی هورمز قبوڵبکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانی ئاشکرای کرد کە سەرکردایەتیی ئێران تاووتوێی ستراتیژییەکی نهێنی دەکات بۆ ئەوەی هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بباتە دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس لە تشرینی دووەمی داهاتوو.

بەپێی رۆژنامەکە، تاران پێیوایە درێژەدان بە ئاڵۆزییەکان و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت جەماوەرییەتی پارتی کۆمارییەکان لە ناوخۆی ئەمریکا لاواز دەکات، هەروەها دۆخەکە وەک "تەڵەیەکی سیاسی" بۆ ترەمپ دەبینێت؛ چونکە بەردەوامبوونی رووبەڕووبوونەوە فشارە ئابوورییەکان زیاتر دەکات، پاشەکشەشی وەک لاوازی لێکدەدرێتەوە.

هاوکات لێدوانی بەرپرسانی ئێرانیش ئاماژە بە دەستپێکردنی سیاسەتی کاتکوشتن دەکەن، بەجۆرێک کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە کە پێچوونەوەی قۆناغی دووەمی دانوستانەکان دوو بۆ چوار مانگی پێویستە، ئەوەش بوار لە ترەمپ دەبرێت بۆ دەستکەوتنی هەر هێوربوونەوەیەک پێش هەڵبژاردنەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای زیاتر لە 80 ساڵ، بەهۆی دابەزینی بەرچاوی ئاستی ئاوی روباری دانوب لە شاری بودابێستی پایتەختی هەنگاریا، روفاتی دوو سەربازی سوپای ئاڵمانیای نازی و موتۆڕسکیلێک و بڕێک ئامێری سەربازیی سەردەمی جەنگی دوەمی جیهانی لە قوڵایی روبارەکە دەرهێنران.

بەپێی راگەیەندراوێکی ئەنجومەنی جەماوەریی ئاڵمانیا بۆ چاودێریکردنی گۆڕەکانی جەنگ، پڕۆسەی دەرهێنانی روفاتەکان لەلایەن شارەزایانی ئەنجومەنەکە و بە هاوکاری تیمەکانی هەنگاریا ئەنجامدراوە.

بەهۆی تێکەڵبوونی لیتاوی بنی روبارەکە لەگەڵ گازوایل لە ناوچەی مەیدانی باتیانی، کەشێکی گونجاو لە ژێر ئاودا دروست بووە، کە رێگری لە شیبوونەوەی تەواوەتی جەستەکان کردوە لەو ماوە دورودرێژەدا؛ بە شێوەیەک، کە ناسنامەی سەربازەکان بە تەواوی و بەبێ کێشە ناسراونەتەوە.

دۆزینەوەی هەردوو بەشی ئەو پارچە پلێتانەی ناوی سەربازەکانیان لەسەر بووە، نیشانەی ئەوەیە لە کاتی جەنگەکەدا زانیاری کوژرانیان هەرگیز نەگەیشتووەتە فەرمانگەی زانیارییەکان لە بەرلین تا خێزانەکانیان ئاگادار بكرێنەوە.

 بڕیاریشە دوای تەواوبوونی پشکنینەکان، روفاتی ئەو دوو سەربازە لە گۆڕستانی سەربازیی بودائورش لە دەروازەی شاری بودابێست بە خاك بسپێردرێن.

جگە لە رووفاتەکان، موتۆڕسکیلێک لە جۆری (DKW NZ 350-1) کە لە سەردەمی جەنگدا بە بەهێزی و بەرگەگرتن دەناسرایەوە، لەلایەن پەیمانگا و مۆزەخانەی مێژوی سەربازییەوە لە ئاوەکە دەرهێنراوە.

هەروەها ژمارەیەک مینی دژەتانکی ئاڵمانی لە جۆری (Tellermine 35)، نیشانەیەکی رێزلێنانی سەربازی و گالۆنێک سوتەمەنی دۆزراونەتەوە.

 پێشبینیش دەکرێت لەگەڵ بەردەوامی دابەزینی ئاستی ئاوی روباری دانوب، پاشماوەی کەشتیی نوقمبوو و روفاتی زیاتری قوربانیانی جەنگی دوەمی جیهانی بدۆزرێنەوە.

جەنگی دوەمی جیهانی، کە لە ساڵی 1939 تا 1945 بەردەوام بوو، زۆربەی وڵاتانی جیهانی لە خۆگرت، بەتایبەت وڵاتە زلهێزەکانی جیهانی لەخۆگرتبوو .

لە جەنگەکەدا زیاتر لە 100 ملیۆن کەس لە 30 وڵاتی جیاواز بەشدارییان تێدا کرد و  لە ئەنجامی جەنگەکە 70 بۆ 85 ملیۆن کەس کوژران، کە زۆرینەیان خەڵکی مەدەنی بوون، هەروەها  دەیان ملیۆن کەس بەهۆی کۆمەڵکوژی و برسێتی و نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تۆڕی هەواڵی سی‌ ئێن‌ ئێن لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، ناکۆکیی جدی لە بەرزترین ئاستی حکومەت و سوپای  ئەمریکا سەبارەت بە بەردەوامیی جەنگ لەگەڵ ئێران دروست بووە و داوای کۆتاییهاتنی جەنگەکە دەکەن.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، زۆرێک لە لێپرسراوە باڵاکانی ئەمریکا گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی، کە بژاردە سەربازییە بەردەستەکان ئیتر ناتوانن ئامانجەکانی  سەرۆکی ئەمریکا بپێکن.

لە بەشێکی تری راپۆرتەکەدا، بەپشتبەستن بە زانیاریی سێ سەرچاوەی ئاگادار، ئاماژە بەوە کراوە، کە ژەنەڕاڵ دەن کین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا، لە هەفتەکانی رابردوودا بە شێوەیەکی تایبەتی بە ئەندامانی تری کابینەکەی راگەیاندووە، کە پێویستە واشنتۆن رێگەچارەیەک بۆ چوونەدەرەوە لەم جەنگە بدۆزێتەوە، چونکە زیاتر ئاڵۆزکردن و فراوانکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان دەکرێت ئەنجامی پێچەوانەی لێبکەوێتەوە.

سی ئێن ئێن دەڵێت؛  ژەنەڕاڵ کین ئەم نیشاندانی نیگەرانییانەی لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای وەک جان راتکلیف سەرۆکی دەزگای هەواڵگری (CIA)، مارکۆ رۆبیۆی وەزیری دەرەوە و جی‌دی ڤەنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا باسکردوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەم ناکۆکییە ناوخۆییە نیشانەی جیاوازییەکی گرنگ لە هەڵسەنگاندنی لێپرسراوانی سیاسی و سەربازیی ئەمریکایە لەبارەی توانای بەردەوامبوونی هەڵمەتی سەربازی و ئەوەی ئایا بەردەوامبوونی جەنگ دەتوانێت ئامانجە سیاسییەکانی واشنتۆن دابین بکات یان نا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە روداوێکی تەقەکردندا لە خوێندنگەیەکی تایلەند دوو کوژراو 15 برینداری لێکەوتەوە.

دەسەڵاتدارانی تایلەند رایانگیاند، بەهۆی تەقەکردنی خوێنکدارێکەوە لە ناو خوێندگەیەک لە باکوری بانکۆک، مامۆستایەک کوژراوە و 15 کەسی تر بریندار بوون، پێش ئەوەی تەقەکەرەکە خۆی بکوژێت.

فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای نۆنتابوری بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، تۆمەتبارەکە پاش ئەنجامدانی تاوانەکە دەستبەجێ لەناو خوێندنگەیەکەدا خۆی کوشتووە، هاوکات لەناو بریندارەکاندا مامۆستایەک و سێ خوێندکار هەن.

ئەم روداوە لە کاتێکدایە لە مانگی شوباتی رابردووشدا لە باشووری تایلەند، بەهۆی هێرشی چەکدارێک بۆ سەر خوێندنگەیەک مامۆستایەک کوژرا و خوێندکارێکیش بریندار بوو.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ، رێوڕەسمی ئیمزاکردنی "رێککەوتنامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش"ی لەنێوان سعودیە، تورکیا و پاکستان بەڕێوەچوو، رێککەوتنەکە لە چوارچێوەی هەنگاوەکان بۆ بەهێزکردنی هاوکارییە بەرگرییەکان و چەسپاندنی سیستمی بەرپەرچدانەوەی بەکۆمەڵ بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ئاستی ناوچەکە و جیهاندا.

رێککەوتنەکە لە کۆبوونەوەی محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان ئیمزاکرا. لە لووتکەکەدا سەرکردەی هەرسێ وڵات تاوتوێی پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوانیان و ژمارەیەک پرسی هەرێمی و نێودەوڵەتیی جێی بایەخی هاوبەشیان کرد.

تورکیا و سعودیە و پاکستان راگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، ئاماژەیان بەوەکرد، رێککەوتنەکە پشتبەستووە بە پەیوەندییە مێژوویی و برایەتییەکانی نێوان هەرسێ وڵات و بەرژەوەندییە ستراتیژییە هاوبەشەکان ئیمزا کراوە، جەخت لە پەرۆشیی ریازی، ئەنقەرە و ئیسلامئاباد دەکاتەوە بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی بەکۆمەڵ و بەشداری لە چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا.

لە بەندەکانی "رێککەوتنامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش"دا هاتوو، هەر هێرشێکی چەکداری بۆ سەر هەریەک لەم سێ وڵاتە بە هێرش بۆ سەر تەواوی وڵاتانی بەشدار لە رێککەوتنەکە هەژمار دەکرێت؛ ئەوەش لەپێناو بەهێزکردنی پرەنسیپی بەرپەرچدانەوەی بەکۆمەڵ و دووپاتکردنەوەی پابەندیی هاوبەش بەرانبەر هەر هەڕەشەیەک کە رووبەڕووی ئاسایش و سەروەرییان دەبێتەوە.

هاوکات رێککەوتنەکە ئامانجی پەرەپێدانی ئاستەکانی هاوکاریی سەربازی و بەرگری و بەهێزکردنی هەماهەنگییەکانی نێوان هەرسێ وڵاتە، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی و تواناکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییە ئەمنییە هاوبەشەکان.

هەر سێ وڵات ئەوەشیان خستەڕوو، ئەم رێککەوتننامەیە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی سعودیە، تورکیا و پاکستان دێت بۆ قووڵکردنەوەی هاوبەشی ستراتیژی و چڕکردنەوەی هەماهەنگییە سیاسی و بەرگرییەکان، بەشێوەیەک خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات و پاڵپشتیکاری ئاسایشی هەرێمی و نێودەوڵەتی بێت لە سایەی گۆڕانکارییە خێراکاندا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی بەرگریی روسیا ئاشکرایدەکات، هێزەکانیان لە باشور و رۆژهەڵاتی ناوچەی ئۆدێسا لە دەریای رەش سێ کەشتیی بارهەڵگریان تێکشکاندووە کە چەک و تەقەمەنییان بۆ هێزەکانی کیێڤ دەگواستەوە.

وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاند، هێزەکانیان لە دەریای رەش هێرشیان کردووەتەسەر سێ کەشتیی بارهەڵگر کە کەرەستە و کەلوپەلی سەربازییان بۆ هێزەکانی ئۆکراین دەگواستەوە.

بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی بەرگریی روسیا، لە درێژەی بەئامانجگرتنی هێڵەکانی پشتیوانیی سوپای ئۆکراین، هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانی وڵاتەکەیان توانپوویانە لە باشور و رۆژهەڵاتی ناوچەی ئۆدێسا، سێ کەشتیی بارهەڵگری سەربازی لە کاربخەن کە چەک و تەقەمەنییان بۆ هێزەکانی ئۆکراین دەگواستەوە.

ئەم پێشھاتە لە کاتێکدایە، روسیا هێرشەکانی بۆ سەر ناوەندە لۆجیستییەکان و کۆگاکانی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە کیێڤ و دەوروبەری چڕتر کردووەتەوە، بەمەبەستی پەکخستنی توانا سەربازییەکانی ئۆکراین لە دەریای رەشدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لێپرسراوێكی سەربازی ئۆكراین رایگەیاند، نزیكەی 16 هەزار بیانی لە 72 وڵاتەوە لەناو سوپای ئۆكرایندا شەڕ دەكەن. 

ئۆلگا رێچیلوڤا لێپرسراوی باڵای سوپای ئۆكراین رایگەیاند، نزیكەی 72 هەزار شەڕكەری بیانی لە 72 وڵاتەوە لە ناو سوپای ئۆكراین بەرگری لە وڵاتەكەی دەكەن كەنزیكەی 40%یان لە وڵاتانی ئەمریكای لاتینییەوە هاتوون.

ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراین رایگەیاند، لە ئێستادا ژمارەی سەربازەكانیان دەگاتە 880 هەزار سەرباز و پلانی زیادكردنی سەربازی بیانیان هەیە لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە و خۆبەخشان دەتوانن داواكاری پێشكەش بكەن،
وەزارەتی بەرگری ئۆكراینیش راگەیاند، هەوڵ دەدەن سەرباز لە سەرانسەری جیهاندا رابكێشێت موچەی مانگانەیان بگاتە شەش هەزار و 700 دۆلار.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین بڵاوکراوەیدا لەسەر پلاتفۆرمی تروس سۆشیاڵ، بەتوندی هێرشی کردەسەر دەزگاکانی راگەیاندنی وڵاتەکەی و کردوون بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و بێبنەما لەبارەی هەبوونی کێشە لەگەڵ وەزیری جەنگی وڵاتەکەی.

سەرۆکی ئەمریکا لە بڵاوکراوەکەدا، پشتیوانیی بێسنوری خۆی بۆ پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەشدا، وەزیری جەنگ سەرکەوتنی گەورەی لە چاکسازیکردن لەناو سوپای ئەمریکادا بەدەستهێناوە و ئاستی سەربازانی وڵاتەکەی بەرزکردووەتەوە.

وتیشی، ئیدارەکەی کۆمەڵێک دەستکەوتی گرنگیان لە دەرەوەی وڵاتدا بەدەستهێناوە، وەک ئۆپراسیۆنی سەربازی لە ڤێنیزوێلا کە بووە هۆی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆی سەرۆکی ئەو وڵاتە و رێگریکردن لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و لەناوبردنی بەتەواوی.

هەر لە بڵاوکراوەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا رۆژنامەی «واشنتن پۆست»ـی بە بڵاوکردنەوەی ئەم دەنگۆیانە تۆمەتبار کرد و رایگەیاند کە سەرەڕای ئاگادارکردنەوەیان لە ناڕاستیی زانیارییەکان، هێشتاش بەردەوام بوون لە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شارەزایان و دامەزراوە جیهانییەکان ساڵی 2028 وەک خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی ناو دەبەن؛ کاتێک کە باڵادەستبوونی ژیریی دەستکرد لە ئابوریی راستەقینەدا، گۆڕانکاریی لە میدیا و یەکەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بە ئامرازە زیرەکەکان هاوکات دەبن، هەروەها شێوازی کارکردن، دەنگدان و دەستگەیشتن بە زانیارییەکان لە سەرانسەری جیهاندا سەروبن دەکەن.

سەرکردە سیاسییەکان، وەبەرهێنەران و بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا لە چاوەڕوانی ساڵی 2028دان؛ نەک تەنیا بۆ روداوێکی دیاریکراو، بەڵکو بەهۆی ئەگەری هاوکاتبوونی چەندین گۆڕانکاریی جەوهەری لە بواری ژیریی دەستکرد، ئابوری، سیاست و راگەیاندن، بە شێوازێک کە دەکرێت تەواوی شێوازی کارکردن، دەنگدان و دەستگەیشتن بە زانیارییەکان لە جیهاندا بگوڕێت.

ماڵپەڕی ئەکسیۆس  لە شیکارییەکی زانستیدا لەژێر ناونیشانی "هەموو شتێک لە 2028دا بە یەک دەگەن"، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو ساڵە دەبێتە خاڵی بەیەکگەیشتنی ئەو رەوتە جیاوازانەی ئێستا بە جیا گەشە دەکەن، بەڵام لە ساڵانی داهاتوودا کاریگەرییەکانیان رونتر و بەهێزتر دەبن.

راپۆرتەکە ساڵی 2028 وەک وادەیەکی پێشوەختە بۆ تەقینەوەی گۆڕانکارییەکان ناناسێنێت، بەڵکو وەک وێستگەیەکی گونجاو سەیر دەکرێت کە تێیدا گۆڕانکارییە سیاسی، تەکنەلۆژی و ئابورییە خێراکان یەکدەگرن، ئەمەش وا لە حکومەتەکان و کۆمپانیاکان دەکات لە ئێستاوە خۆیانی بۆ ئامادە بکەن.

ژیریی دەستکرد لە شاشەکانەوە دەچێتە ناو واقیع

تەوەرەی یەکەم پەیوەندیدارە بە بەکارهێنانی بەربڵاوی ژیریی دەستکرد لە کەرتی کار، پیشەسازی و خزمەتگوزارییەکاندا، لە بڕی ئەوەی تەنیا وەک ئامرازێک بۆ نووسینی دەق و شیکردنەوەی زانیاری بمێنێتەوە، وەبەرهێنەران و کۆمپانیاکان پێشبینی دەکەن بە شێوەیەکی پلەبەند بەرەو بەڕێوەبردنی کارگەکان، تۆڕەکانی وزە، خزمەتگوزارییە گشتییەکان، کانزاکان و کەرتە جیاوازەکانی بەرهەمهێنان هەنگاو بنێت.

ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە راپۆرتێکی گۆڵدمان ساکسەوە گواستوویەتییەوە کە وەبەرهێنانی جیهانی لە ژێرخانی ژیریی دەستکرددا کە ناوەندەکانی زانیاری، وزە و توانای کۆمپیوتەری دەگرێتەوە  لە نێوان ساڵانی 2026 بۆ 2031 دەگاتە نزیکەی 7.6 تریلیۆن دۆلار، ئەمەش بەپێی راپۆرتەکە بەو مانایەیە کە سنوری چاولێکەری نێوان کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان و دامەزراوە پیشەسازییەکان کاڵتر دەبێتەوە.

کاریگەرییەکانی ئەم خەرجییە گەورانە گەیشتووەتە ئەو کۆمپانیایانەی بەرهەمهێنەری کەیبڵ، بۆیە و کەرەستەکانی ساختوومان و پێداویستی ناوەندەکانی زانیارین، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی بازدانی ژیریی دەستکرد تەنیا لە روی چیپ و بەرنامەسازییەوە نەماوەتەوە، بەڵکو بووەتە هۆکارێک کە کاریگەریی لەسەر ناوچە بەربڵاوەکانی "ئابوریی راستەقینە" هەیە.

بەڵام ئەم گۆڕانکارییە مەترسیی هاوتەریبیشی لەگەڵدایە، کە دیارترینیان ئەگەری فراوانبوونی جیاوازییەکانە لە نێوان کۆمپانیا و ئەو کارمەندانەی توانای سوودوەرگرتنیان لە تەکنەلۆژیا هەیە لەگەڵ ئەوانەی کە بەهۆی سیستمە ئۆتۆماتیکییەکانەوە مێژووی کار و لێهاتووییەکانیان پاشەکشە دەکات.

یەکەمین هەڵبژاردن کە ژیریی دەستکرد رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت

تەوەرەی دووەم سیاسییە، لە ئەمریکا، ساڵی 2028 وادەی هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی دەبێت، بەڵام هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن دەکرێت بە تەواوی جیاواز بن لەوەی دەنگدەران لە خولەکانی رابردوودا بینیویانە.

ئەکسیۆس پێی وایە ژیریی دەستکرد بووەتە ئامرازێکی سیاسیی دووجەمسەر؛ لەلایەک یارمەتی هەڵمەتەکان دەدات بۆ شیکردنەوەی ئاڕاستەی دەنگدەران، دارشتنی پەیامەکان و گەیشتن بە توێژە وردەکان، لەلایەکی تریشەوە رێگە خۆش دەکات بۆ بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی چەواشەکار، ڤیدیۆی ساختە (دیپ فەیک) و هەڵمەتی قەناعەتپێکردنی ئۆتۆماتیکی بە رووبەرێکی بەربڵاو.

ئاماژەکانی ئەم گۆڕانکارییە لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی ساڵی 2026دا دەرکەوتن، لە رێگەی بەکارهێنانی وێنە و ڤیدیۆی دروستکراو بە ژیریی دەستکرد لە رێکلامە سیاسییەکاندا، جگه لە هەوڵەکان بۆ کاریگەرییدانان لەسەر ئەو وەڵامانەی کە مۆدێلە زمانەوانییەکان دەربارەی کاندیدەکان و پرسە گشتییەکان پێشکەشی دەکەن.

بەمەش، دەکرێت هەڵبژاردنی 2028 ببێتە یەکەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کە کێبڕکێ تێیدا تەنیا لەسەر شاشەی تەلەڤیزیۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەبێت، بەڵکو درێژببێتەوە بۆ ناو ئەو وەڵامانەی کە یاریدەدەرە زیرەکەکان' AI Assistants'  بە دەنگدەرانی دەدەن کاتێک پرسیاریان لێ دەکەن.

پلاتفۆرمە تەقلیدییەکان لەبەردەم گۆڕانکارییەکی نوێدا

تەوەرەی سێیەم پەیوەندیدارە بە داهاتووی راگەیاندن و ئینتەرنێت، دوای گواستنەوەی جەماوەر لە رۆژنامە چاپکراوەکانەوە بۆ ماڵپەڕەکان و دواتریش بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڤیدیۆ، ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد وەک دەروازەیەکی نوێ بۆ دەستگەیشتن بە هەواڵ و زانیارییەکان دەرکەوتوون.

راپۆرتی هەواڵە دیجیتاڵییەکانی ساڵی 2026 کە لەلایەن پەیمانگای رۆیتەرز بۆ توێژینەوەی رۆژنامەنووسی دەركراوە، ئاماژە بە بەردەوامیی گواستنەوەی بەکارهێنانی هەواڵ بەرەو پلاتفۆرمەکانی پەیوەندی و ڤیدیۆ دەکات، هاوكات لەگەڵ گەشەکردنی بەکارهێنانی چاتبۆتە زیرەکەکان، لەگەڵ بەرزبوونەوەی نیگەرانییەکان دەربارەی زانیاریی چەواشەکار، ئاستی متمانە و سەرچاوەی زانیارییەکان.

ئەم گۆڕانکارییە دامەزراوە هەواڵییەکان دەخاتە بەرانبەری ئاڵۆزییەکی دوولایەنە: چۆنیەتی گەیشتن بە جەماوەر کاتێک وەڵامی یاریدەدەرێکی زیرەک دەبێتە جێگرەوەی سەردانیکردنی ماڵپەڕەکە، لەگەڵ چۆنیەتی دەستەبەرکردنی ئەوەی هەواڵەکان کورتبڕ نەکرێن یان بە شێوازێکی هەڵە و ئاڕاستەکراو دووبارە دانەڕێژرێنەوە.

ئابوری، قەرزەکان و نادادپەروەری

شیکارییەکەی ئەکسێۆس پەیوەندی لە نێوان پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و ئابوورییەکاندا دروست دەکات، سودەکانی ژیریی دەستکرد دەکرێت بە شێوازێکی ناهاوسەنگ بڕوات بۆ خاوەن سەرمایەکان، کۆمپانیا گەورەکان و کارمەندە لێهاتووەکان، لە کاتێکدا توێژەکانی تر رووبەڕووی فشاری موچە، بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و مەترسیی لەدەستدانی کارەکانیان دەبنەوە.

هاوکات پێشبینی دەکرێت قەرزی گشتی و خەرجییەکانی سودەکانیان وەک کۆسپێکی سەرەکی لەسەر توانای حکومەتەکان بمێننەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکانی داهاتوودا، بەتایبەت ئەگەر گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکان هاوکات بێت لەگەڵ سستبوونی ئابوری، قەیرانی وزە یان ئاڵۆزییە نێودەوڵەتییەکان.

بۆچی ساڵی ٢٠٢٨ بە دیاریکراوی؟

هیچ سەعاتێکی زانستی نییە کە ژمێرەیی پێچەوانە بۆ ساڵی 2028 بکات، و هیچ کۆدەنگییەکیش نییە کە گۆڕانکارییە گەورەکان بە تەواوی لەو ساڵەدا رودەدەن. بەڵام گرنگیی ئەو ساڵە، بەپێی خوێندنەوەی ئەکسێۆس، لە هاوکاتبوونی خولێکی هەڵبژاردنی یەکلاکەرەوەی ئەمریکاوە دێت لەگەڵ قۆناغێکی پێشکەوتووی بڵاوبوونەوەی ژیریی دەستکرد، فراوانبوونی وەبەرهێنانەکانی لە ئابوریدا، و گۆڕانکاریی چاوەڕوانکراو لە شێوازی وەرگرتنی هەواڵ و زانیاری لەلایەن جەماوەرەوە.

لەبەر ئەوە، دەکرێت ساڵی 2028 ئەو ساڵە نەبێت کە جیهان تێیدا "لە یەک کاتدا بگۆڕێت"، بەڵام دەکرێت ببێتە ئەو ساڵەی کە گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی ئێستا تێیدا رونتر دەبنەوە، و کاریگەرییە سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی بە شێوازێک دەردەکەون کە پشتگوێخستنیان ئەستەم دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شەپۆلی گەرمای توند لە ئەوروپا بەردەوامە و راپۆرتێك دەریدەخات، تەنها لە یەك هەفتەی سەرەتای گەرماكەدا لە ئەڵمانیا نزیكەی 10 هەزار كەس گیانیان لەدەستداوە.

بەگوێرەی تازەترین خەمڵاندنەكانی پەیمانگەی رۆبێرت كۆخی ئەڵمانی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشییەكان، تەنها لەماوەی یەك هەفتەی سەرەتای شەپۆلی گەرمادا نزیكەی نۆ هەزار و 600 كەس لە ئەڵمانیا بەهۆی بەرزی پلەكانی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە.

راپۆرتی پەیمانگەكە دەریدەخات، ئەم ژمارەیە پەیوەستە بەو شەپۆلە گەرما توندەی كە لە 22 بۆ 28ی حوزەیران وڵاتەكەی گرتەوە و پلەی گەرما لە چەندین ناوچەدا گەیشتە نزیكەی 40 پلەی سیلیزی.

هاوكات، تەنها بەو هەفتەیە كۆی گشتیی گیانلەدەستدانەكان بەهۆی گەرماوە لەم ساڵدا بۆ نزیكەی 11 هەزار و 900 حاڵەت بەرزبووەوە، كە ئەمەش ژمارەیەكی پێوانەیییە و تەنها لە یەك هەفتەدا لە كۆی گشتیی ساڵانی پێشوو تێپەڕیوە.

پەیمانگاكە ئەوەشی خستووەتە روو، مەترسیدارترین كاریگەرییەكانی گەرما روبەڕوی بەساڵاچووان بووەتەوە؛ بەجۆرێك زیاتر لە شەش هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدان لەناو كەسانی سەروو 85 ساڵدا تۆماركراوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمریکا لە 6ـی ئابی 1945 بە بۆمبی ئەتۆمی هێرۆشیمای بۆردومان کرد و دوای سێ رۆژ بە بۆمبێکی تر ناکازاکی کردە ئامانج، ئەمەش تاکە دوو حاڵەتە لە مێژوودا کە چەکی ئەتۆمی لە سەردەمی جەنگدا بەکارهاتبێت. ژاپۆن دوای ماوەیەکی کەم خۆی رادەست کرد و کۆتایی بە جەنگی جیهانی دووهەم هێنا.

دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر بە نهێنی لە بنکەی سەربازیی لۆس ئەلامۆسی ئەمریکا کاری لەسەرکرا، دواجار بۆمبە وێرانکەرەکە لە هاوینی ساڵی 1945 ئامادەکرا.

پێکهاتە جیاوازەکانی بۆمبەکە رەوانەی بنکەی سەربازیی تینیان کران و لەوێ کۆکرانەوە و دوو بۆمبی لێ دروستکرا.

یەکێکیان ناوی "کوڕە بچکۆلە"کەی لێنرا کە بۆمبێکی یۆرانیۆمی 4.5 تۆنی بوو. هێزی تەقینەوەکەی یەکسانبوو بە تەقینەوەی 15 هەزار تۆن TNT.

بۆمبەکە خڕایە سەر فڕۆکەی بۆمبهاوێژی بی-29 بە ناوی "ئینۆلا گەی"، لە کاتی خۆرهەڵاتندا لە 5ی ئاب بەرەو ژاپۆن بەڕێکەوت. دوو فڕۆکەی تری لەگەڵدا بوو، یەکێکیان بۆ وێنەگرتن و ئەوی دیکەیان بەرپڕسیار بوو لە پێوانی زانستییەکان.

شاری هێرۆشیما بەهۆی ئەوەی بنکەیەکی سەربازیی گەورەی تێدابوو، لە سەرووی لیستی ئامانجەکانی ئەمریکاوە بوو.

کاتێک فڕۆکە ئەمریکییەکان گەیشتن، ئاسمانی هێرۆشیما ساماڵ بوو. لە سەعات 8:15 خولەکی بەیانی بە کاتی ناوخۆی ژاپۆن بۆمبەکە فرێدرایە خوارەوە.

بۆ ئەوەی کاریگەریی تەقینەوەکە زیاتر بێت، بۆمبەکە پێش ئەوەی بگاتە زەوی لە بەرزیی 600 مەترەوە تەقێنرایەوە.

تروسکەیەکی گەورە ئاسمانی رووناککردەوە، پاشان گۆڕا بۆ هەورێکی سپیی چڕ کە 15 کیلومەتر بەرزییەکەی بوو.

لە سەر زەوی و لە مەودای دوو کیلومەترەوە، خانوو و باڵەخانەکان لە چاو ترووکانێکدا تەخت بوون و ئاگر لە هەموو شوێنێک کەوتەوە.

زیاتر لە 70 هەزار کەس دەستبەجێ بوون بە قوربانی، دەیان هەزاری تریش بەهۆی برینداربوون و کاریگەریی تیشکدانەوە گیانیان لەدەستدا. مەزەندە دەکرێت بە گشتی 140 هەزار کەس لەو بۆردوومانەدا گیانیان لەدەستدابێت.

دوای سێ رۆژ و لە 9ـی ئابدا ئەمریکییەکان بۆمبی دووهەمیان بەکارهێنا. بەڵام ئەم بۆمبەیان لە پلۆتۆنیۆم دروستکرابوو. ئامانجەکە سەرەتا شاری کۆکورا بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەور ئاسمانی داپۆشیبوو، لە کۆتا خولەکەکاندا ئامانجەکە بەرەو ناکازاکی گۆڕدرا.

بۆمبەکە ناوی "پیاوە قەڵەوەکە" بوو، لە بەرزیی 500 مەترەوە تەقێنرایەوە. مەزەندە دەکرێت کۆی گشتیی گیانلەدەستدان تا کۆتایی ساڵی 1945، 74 هەزار کەسی تێپەڕاندبێت.

بەهێزیی تەقینەوەکە یەکسانبوو بە تەقینەوەی 20 هەزار تۆن TNT. هەرچەندە بۆمبی دووهەم لە یەکەم بەهێزتر بوو، بەڵام گرد و بەرزاییەکانی ناکازاکی کاریگەریی بۆمبەکەیان کەمتکردەوە، کە ناوەندی شارەکە لەسەروو ناوچەی پیشەسازییەوە بوو، چڕیی دانیشتوانەکەی کەمتر بوو لە دانیشتوانی شاری هێرۆشیما.

سەرچاوەکان: ئاژانسی فرانس پرێس،  بی بی سی

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "فۆکس نیوز" رایگەیاند دانوستان لەگەڵ ئێران بۆ گەیشتن بە رێککەوتن ئاڵۆز و دژوار دەبێت و کاتی دەوێت، چونکە ئێرانییەکان مامەڵەکردن لەگەڵیان قورسە.

ڤانس وتیشی: ئەرکی ئیدارەی ئەمریکا بەڕێوەبردنی ئەم دۆسیەیەیە بە شێوازێک کە باشترین ئەنجام بۆ گەلی ئەمریکا و سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەدەستبهێنێت.

لە هەمان کاتدا، ڤانس پێشبینی کرد کە پێشهاتە چاوەڕوانکراوەکان لە کۆتاییدا ببنە هۆی دابەزینی نرخەکانی نەوت و مانەوەیان لە ئاستێکی نزمدا، لەگەڵ رێگریکردنی لە ئێران بۆ دەستگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی، کە ئەوەش پێگەی ستراتیژیی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەهێزتر دەکات.

ناوبراو روونیشی کردەوە، نرخی نەوت لەمرۆدا لە ئاستی 79 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک، و ئاماژەی بەوە دا پرۆسەی دانوستاندنەکە هێشتا بەردەوامە، وهەندێک هەوڵ بۆ پێشبینیکردنی ئەنجامەکان یان بڕیاردانی پێشوەختە لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەکە لەم قۆناغەدا دروست نین.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە تاران ئەنجامدانی دانوستاندنی راستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن رەت دەکاتەوە و رایگەیاندووە هێشتا بڕیاری لەسەر جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان نەداوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ترەمپ دەنگۆی کەمیی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنیی وڵاتەکەی رەتدەکاتەوە و دزەپێکردنی ئەو زانیارییانەش بە "خیانەت لە نیشتمان" وەسف دەکات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی خاوەنی بڕێکی زۆر و بێشومار لە تەقەمەنییە، بەتایبەتی لە جۆرە دیاریکراو و تایبەتەکان، هەروەها ئەو راپۆرتانەشی رەتکردەوە کە باس لە هەبوونی کەمیی موشەک و تەقەمەنی لە کۆگاکانی سوپای ئەمریکادا دەکەن.

ترەمپ جەختیکردەوە، لە ئێستادا وڵاتەکەی بڕێکی زۆر لە تەقەمەنی بەرهەمدێنێت و بەپێی پێویستی راستەوخۆ رەوانەی ناوخۆی دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، کە کۆمپانیاکانی پیشەسازیی بەرگریی ئەمریکا سەرقاڵی دروستکردنی گەورەترین ژمارەی دامەزراوە و کارگەکانن لە مێژووی وڵاتەکەدا.

لە لایەکی ترەوە، سەرۆکی ئەمریکا دزەپێکردنی راپۆرتەکانی پەیوەندیدار بە کەمیی تەقەمەنی بە "خیانەت لە نیشتمان" وەسف کرد و بەڵێنیدا رووبەڕووی لێپرسراوانی ئەو دزەپێکردنانە بێتەوە و داوای سزای زیندانیکردنی درێژخایەنیان بۆ بکات.

ئەم لێدوانەی ترەمپ وەک وەڵامێک بوو بۆ ئەو راپۆرتانەی کە لەلایەن دەزگاکانی راگەیاندنی وەک (CNN) و ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاوکرابوونەوە، کە تێیدا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد واشنتۆن بەشێکی زۆری موشەکە بەرگرییکارەکان و موشەکە دوورهاوێژە وردەکانی 'وەک ئاتاکمس و پرزم' لە ماوەی جەنگی پێنج مانگەی رابردوویدا لەگەڵ ئێران بەکارهێناوە.

هاوکات، پێت هێگسێس وەزیری جەنگی ئەمریکا، ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە و بە "ناراست" وەسفیکردن، جەختیشی کردەوە لە ئامادەیی تەواوی سوپا بۆ جێبەجێکردنی تەواوی فەرمانە ستراتیژییەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی بەرگریی روسیا تێکشکاندنی دوو کەشتیی بارهەڵگری پێداویستیی سەربازیی لە ئاوەکانی دەریای رەش لە نزیک بەندەری ئۆدێسا راگەیاند.

لە راگەیەنراوێکدا وەزارەتی بەرگریی روسیا ئاشکرایکرد، هێزەکانیان لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە دوو کەشتیی بارهەڵگریان لە ئاوەکانی دەریای رەش لە باشور و رۆژهەڵاتی شاری ئۆدێسا کردووەتە ئامانج، کە پێداویستی و کەرەستەی سەربازییان بۆ سوپای ئۆکراین دەگواستەوە.

بەرگریی روسیا ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکان بەردەوام دەبن بۆ سەر تەواوی ئەو کەشتییانەی بۆ مەبەستی سەربازیی لەلایەن ئۆکراینەوە بەکاردەهێنرێن، ئەوەش لە کاتێکدایە رۆژی چوارشەممەی رابردووش سێ کەشتیی دتری هاوشێوە لە هەمان ناوچە کرابوونە ئامانج.

ئەم بەئامانجگرتنانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی موسکۆدایە بۆ پەکخستنی هێڵەکانی ناردنی هاوکاریی سەربازیی رۆژئاوا بۆ ئۆکرایب، بەتایبەت لە رێگەی بەندەرە سەرەکییەکانی وەکو چۆرنۆمۆرسک و میکۆلایڤ.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت، ئێران داوای دانوستان دەكات و نكۆڵی دەكات؛ جێگرەكەشی دەڵێت رێككەوتن لەگەڵ ئێران ئاسان نییە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، پێی باشە بگاتە رێككەوتنێك لەگەڵ ئێران، چونكە نایەوێت خەڵك بكوژرێت، وتیشی ئەوان قسە لەگەڵ ئێرانییەكان دەكەن و چاوەڕوانن بزانن چی روودەدات.

سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشدا، گفتوگۆكان سەبارەت بە گەروی هورمز بە باشی بەڕێوەدەچین بەڵام نەگەیشتونەتە رێككەوتنی كۆتایی، وتیشی وڵاتەكەی ئامادەبووە بۆ ئەنجامدانی گەورەترین هێرش لە مێژوودا لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، بەڵام ئێرانییەكان داوای ئەنجامدانی گفتوگۆیان لێكردووە، بەڵام ئێرانیەكان نكۆڵی لەوە دەكەن.

 لە هەمان چوارچێوەدا، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمریكا، رایگەیاند، حكومەتی ئێران تێكشكاوە، پێی وایە دوو باڵ لەناوخۆیدا بوونیان هەیە، یەكێكیان پاڵ بە جەنگەوە دەنێت، لە كاتێكدا ئەوەی تریان هەوڵی كۆتاییهێنانی دەدات، هەروەها جێگری سەرۆكی ئەمریكا ئەوەشی خستەڕوو، دانوستانەكان لەگەڵ ئێران كاتێكی پێویست دەبێت و ئاسان نابێت.

لەلای خۆیەوە كازم غەریب ئابادی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند ئەمریكا لە رێگەی نێوەندگیرانەوە نامەیەكی پێشكەش كردوون سەبارەت بە ئامادەیی بۆ گەڕانەوە بۆ پابەندبوون بە یاداشتی لێكتێگەیشتنەكە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...1819202122...640