وەزارەتی بەرگریی روسیا تێکشکاندنی هێرشێکی بەرفراوانی ئۆکراینی رادەگەیەنێت و ئاشکرای دەکات، شەوی رابردوو سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی 389 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ئاسمانی چەندین هەرێمی جیاواز و دەریای رەشدا خستووەتە خوارەوە.
وەزارەتی بەرگریی روسیا، ئەمڕۆ شەممە، ئاشکرایکرد، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی توانیویەتی 389 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (درۆن) ئۆکراین بخاتە خوارەوە.
وەزارەتی بەرگریی روسیا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، شەوی رابردوو هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی توانیویانە ئەو ژمارە زۆرەی درۆنەکانی ئۆکراین لە ئاسمانی چەندین هەرێم و ناوچەی جیاوازی باشور و رۆژئاوای وڵاتەکەدا تێکبشکێنن و بیخەنە خوارەوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە ئاسمانی هەرێمەکانی (بێلگۆرۆد، بریانسک، ڤلادیمیر، کالوگا، کورسک، لیپیتسک، لێنینگراد، نۆڤگۆرۆد، ئۆریۆل، پسکۆڤ، رۆستۆڤ، ریازان، ساراتۆڤ، سمۆلێنسک، تڤێر، تولا)، لەگەڵ هەرێمی کراسنۆدار، مۆسکۆ، نیمچە دوورگەی قرم، دەریای ئازۆڤ و دەریای رەشدا خراونەتە خوارەوە.
سەرۆكی فەرەنسا گەڕانەوەی كەشتیی فڕۆكەهەڵگری ئەتۆمیی "شارل دیگۆل"ی بۆ وڵاتەکەی راگەیاند، ئەمەش دوای چەند مانگێک لە جێگیرکردنی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران.
ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا، لە هەژماری رەسمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کرد، ئەم بڕیارە لەبەر ڕۆشنایی ئەو پێشھاتە ئەرێنییە دراوە کە بەهۆی ئیمزاکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتۆن و تاران لە 17ـی حوزەیرانی رابردوودا هاتوەتە ئاراوە، کە ئامانج لێی راگرتنی کارە سەربازییەکان و گۆڕانکاریی پێداویستییە ئەمنییەکانی ناوچەکەیە.
سەرۆکی فەرەنسا جەختیشیکردەوە، بڕیاری کشاندنەوەی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکە دوای زنجیرەیەک گفتوگۆی بنیاتنەر هاتووە لەگەڵ سوڵتانی عومان.
ماکرۆن ئەوەشی خستەڕوو، سەرەڕای کشاندنەوەی ئەو کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە، بەڵام فەرەنسا بە تەواوەتی لە ناوچەکەدا کارا دەمێنێتەوە و هێزەکانی دژە-مینی دەریایی لەگەڵ کەشتییە پاسەوانەکانیاندا لە شوێنی خۆیاندا دەمێننەوە و ئامادەی هەر دەستوەردانێک دەبن لەگەڵ هاوبەشەکانیاندا، بە مەبەستی گەڕانەوەی تەواوەتیی ئاسایش بۆ هاتوچۆی دەریایی لە گەروی هورمزدا.
جێگەی ئاماژەیە، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "شارل دیگۆل" لە سەرەتای مانگی ئاداری رابردوودا و لە لوتکەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکادا، لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست جێگیر کرا، بە ئامانجی بەهێزکردنی توانای بەرگریی فەرەنسا لە ناوچەکە و ناردنی پەیامێکی بەهێز بۆ ئەو هێزانەی کە تێوەگلابوون لەو ململانێیەدا.
ئاماری گیانلەدەستدان بەهۆی دوو بوومەلەزرەكەی ڤەنزوێلا دوو هەزار و 600 كەسی تێپەڕاند و ژمارەی برینداربووانیش بۆ زیاتر لە 12 هەزار و 600 كەس بەرزبووەتەوە.
وەزارەتی پەیوەندییەكان و راگەیاندنی ڤەنزوێلا، نوێترین ئاماری قوربانیانی دوو بوومەلەرزە بەهێزەكەی مانگی رابردووی باكوری وڵاتەكەی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەكانەوە گیانیان لەدەستداوە بۆ دوو هەزار و 645 كەس بەرزبووەتەوە و ئاماری برینداربووانیش گەیشتووەتە 12 هەزار و 666 كەس.
وەزارەتەكە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەلایەن 30 هەزار كارمەندی فریاگوزاریی ناوخۆیی و سێ هەزار و 300 كارمەنی نێودەوڵەتییەوە، تا ئێستا شەش هەزار و 462 كەس رزگاركراون و هاوكاریش گەیەندراوەتە زیاتر لە 86 هەزار خێزانی زیانلێكەوتوو.
ئەوەش لەكاتێكدایە، بەپێی زانیارییەكانی دەستەی جیۆلۆجی ئەمریكا، لە 24ی حوزەیراندا دوو بوومەلەرزە بە گوڕی 7.2 و 7.5 پلە بەپێی پێوەری رێختەر، بە جیاوازی تەنها 39 چركە، باكوری ڤەنزوێلایان هەژاند و لە دوای ئەو كاتەشەوە تا ئێستا 890 پاشلەرزە تۆماركراون.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایدەگەیەنێت، دەستپێکردنەوەی پشکنینی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بەستراوەتەوە بە ئەنجامی دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران.
رافایل گرۆسی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، گەیشتنی پشکێنەرانی ئاژانسەکە بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، پەیوەستە بە بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران.
وتیشی، تا ئێستا نەیانتوانیوە بگەنە ئەو بنکانە، بەڵام پێویستە درک بەوە بکەن کە ئەم پرسە تا رادەیەک بەستراوەتەوە بەو دانوستانە بەردەوامانەی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا هەن، هاوکات پشت بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان دەبەستێت.
رافایل گرۆسی ئەوەشی خستەڕوو، هێشتا نەگەیشتوونەتە قۆناغێک کە تێیدا کاتی وردی دەستپێکردنەوەی پشکنینەکان بزانن، هیوایشی خواست پرۆسەکە کاتێکی زۆر نەخایەنێت و وتی؛ "دەبێت ئێستا رێگەمان پێبدرێت سەردانی بنکەکان بکەین."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە پێشتر ئێران و ئەمریکا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان ئیمزا کردووە، کە تێیدا هاتووە کۆتایی بە ناکۆکییە سەربازییەکانی نێوانیان دەهێنرێت، هاوکات چوارچێوەیەکی کاتی دیاری دەکات بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی لەلایەن ئەمریکاوە و گەڕانەوەی ئێران بۆ سەرپەرشتیکردنی هاتوچۆی دەریایی لە گەروی هورمز.
دواجار پزیشکان و شارەزایانی خۆراک لەسەر شتێک رێککەوتن و لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە یەکێک لە باشترین خواردنەکان بۆ مرۆڤ، هێلکەیە.
هەموومان گرنگیی میوە و سەوزە لە سیستمی خۆراکی رۆژانەماندا بۆ ژیانێکی تەندروست دەزانین، بەڵام ژەمە خۆراکێکی هاوسەنگ تەنها بەرهەمە فرەجۆرەکان لەخۆناگرێت. ئێستا هەمووان دەزانن کە هێلکە سەرچاوەیەکی باشی پرۆتینە، بەڵام ئایا دەزانیت چی بەسەر جەستەتدا دێت ئەگەر بۆ ماوەی لانیکەم یەک مانگ، هەموو رۆژێک هێلکە بخۆیت؟ ئەنجامەکەی سەرسوڕهێنەر دەبێت.
هێلکە، کە زۆرجار بە "مەڵتی-ڤیتامینی سروشت" ناودەبرێت، خاوەنی پێکهاتەیەکی خۆراکیی سەرسوڕهێنەرە و هاوسەنگییەکی تەواو لە نێوان پرۆتینی کوالیتی بەرز، ڤیتامینە سەرەکییەکان و کانزا گرنگەکان دابین دەکات.
ئاستی وزەت بەرز بکەرەوە
هێلکە سەرچاوەیەکی بێوێنەی پرۆتینی کوالیتی بەرزە، کە پێویستە بۆ بونیادنان و چاککردنەوەی ماسولکەکان. ئەگەر دەتەوێت لە درێژەی رۆژدا هەست بە وزەیەکی زیاتر بکەیت، کردنی هێلکە بە بەشێکی هەمیشەیی لە ژەمەکانت دەبێتە هۆی دابینکردنی ئەو بڕە پرۆتینەی جەستەت پێویستیەتی. ئەو ترشە ئەمینیانەی لە هێلکەدا هەن یارمەتی گەشەی ماسولکە و بەهێزبوون و چاکبوونەوەی دەدەن. ماڵئاوایی لەو بێهێزی و سستییەی ناوەڕاستی رۆژ بکە و پێشوازی لە وزەیەکی بەردەوام بکە لە رێگەی ئەو پرۆتینە دەوڵەمەندەی لە هێلکەدا هەیە.
بەهێزکردنی مێشک
ئایا دەزانیت هێلکە وەک "خۆراکی مێشک" وایە؟ هێلکە دەوڵەمەندە بە "کۆلین" (Choline)، کە ماددەیەکی خۆراکییە و زۆر گرنگە بۆ گەشە و کارکردنی مێشک، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی تواناکانی مێشک بە شێوەیەکی بەرچاو. کۆلین رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە یادگە و فێربووندا، ئەمەش وای کردووە ببێتە ماددەیەکی پێویست بۆ خوێندکاران و هەر کەسێک کە بیەوێت زیرەکی و تیژبینی مێشکی زیاد بکات. کەواتە ئەگەر بەدوای تەرکیزێکی باشتر و یادەوەرییەکی بەهێزتردا دەگەڕێیت، هێلکە بخەرە ناو بەرنامەی رۆژانەتەوە.
کلیلی پێست و قژێکی تەندروستتر
نهێنی پێستێکی گەشاوە، قژێکی پڕ و نەرم، و چاوێکی درەوشاوە بزانە لەڕێگەی سودەکانی هێلکەوە. هێلکە پڕە لە ڤیتامینەکانی وەک بایۆتین (B7)، کە بەناوبانگە بۆ باشترکردنی تەندروستی پێست و قژ، هەروەها لووتین و زیاکسانتین کە بۆ تەندروستی چاو پێویستن. ئەم ماددە خۆراکییە سوودبەخشانە تەنها بۆ رووکەش نین، بەڵکو لە ناوەوە کار دەکەن بۆ خۆراکدان بە جەستەت و زیادکردنی بریقە و جوانییە سروشتییەکەت.
ئایا ئەمەت دەربارەی هێلکە دەزانی؟
ئێمە سەرسوڕهێنەرترین سودی تەندروستی هێلکەمان بۆ کۆتایی هێشتووەتەوە. رەنگە سەرسوڕهێنەرترین زانیاری تەندروستی دەربارەی هێلکە ئەوە بێت کە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی "کۆلین"ـە. کۆلین ماددەیەکی خۆراکی بنەڕەتییە و رۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت لە چەندین ئەرکی جەستەدا، لەوانە گەشەی مێشک، کارکردنی جگەر و میتابۆلیزم (سووتانی خۆراک). ئەم ماددەیە بەتایبەتی لە کاتی دووگیانیی خانماندا گرنگە، چونکە یارمەتی گەشەی مێشکی کۆرپەلە دەدات و رێگری دەکات لە کەموکوڕییەکانی بۆری دەمار (Neural tube defects). سەرەڕای گرنگییەکەی، زۆر کەس لە سیستمی خۆراکیدا پشتگوێی دەخەن. خواردنی هێلکە لە ژەمەکانتدا رێگەیەکی ئاسان و خۆشە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەم ماددە گرنگە بەدەست دەهێنیت.
ئۆباما هێرشێكی توند دەكاتە سەر سیاسەتەكانی ترەمپ بەرامبەر بە ئێران دەڵێت گەڕاوینەتەوە بۆ خاڵی سەرەتا و خراپتریش.
باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشوتری ئەمریكا، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا هێرشێكی توندی كردە سەر سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەرامبەر بە ئێران و رایگەیاند، پاشەكشەكردنی ئەمریكا لە رێككەوتننامە ئەتۆمییەكە دۆخەكەی خراپتر كردووە.
ئۆباما راشیگەیاند، رێككەوتنێك هەبوو كە تێیدا ئێران رازی ببوو چەكی ئەتۆمی پەرە پێنەدات، هەموو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەوانەش دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل و دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەمریكا، كۆدەنگ بوون لەسەر ئەوەی رێككەوتنەكە كاریگەربوو و ئامانجی خۆی دەپێكا.
سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا ئاماژەی بەوەشكرد، كشانەوەی ئیدارەی ترەمپ لەو رێككەوتنە، بووە هۆی ئەوەی ئێران لە پاشاندا توانای ئەتۆمی گەورەتر پەرە پێبدات.
وتیشی: ئەوان چوونە ناو شەڕێكەوە و ملیارەها دۆلاریان خەرج كرد، بارگرانییەكی زۆرمان خستە سەر سوپاكەیان و زۆر كەسیش گیانیان لەدەستدا، ئێستا وەك ئەوە وایە گەڕابینەوە بۆ خاڵی سەرەتا، یان تەنانەت دۆخەكە كەمێك خراپتریش بووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە ماوەی چوار مانگە سەرکردایەتی هەوڵەکانی داماڵینی چەکی ئەتۆمیی ئێران دەکات، و جەختیشی کردەوە کە تاران رەزامەندی لەسەر هەموو ئەو شتانە نیشانداوە کە ئێمە دەمانەوێت، ئەمەش دوای کۆتاییهاتنی گفتوگۆ تەکنیکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کە لە دوو رۆژی رابردوودا لە دەوحە بەڕێوەچوون.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی CNBC وتی کە ئەوەی لەگەڵ ئێران رویدا کەمپینێک بوو بۆ داماڵینی چەکی ئەتۆمییەکەی، نەک شەڕ بە مانایەکی نەریتی.
هەروەها رونی کردەوە کە ئێران ئەو پارە بلۆککراوانەی هەیەتی بۆ کڕینی گەنمەشامی، گەنم و کاڵاکانی دیکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەکاردەهێنێت.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: گۆشەگیریی ئەمریکا لەسەر گەروی هورمز پێشێل نەکراوە، و وتیشی: لە ماوەی گۆشەگیرییە دەریاییەکەدا، تەنانەت یەک کەشتیش نەیتوانیوە بگاتە بەندەرەکانی ئێران.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هاتن کە ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خولێکی نوێی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆیان لە دەوحە کۆتایی پێهێنا، وەک ئەوەی نێوەندگیرەکان رۆژی پێنجشەممە رایانگەیاند، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی دوای هێرشە بەرامبەرەکانی نێوان هەردوولا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە بیڵ بۆڵت، بەڕێوەبەری بەوەکالەتی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی، خاوەنی دەسەڵاتێکی بەرفراوانە بۆ لادانی پارێزبەندی لەسەر کۆمەڵێک دۆسیەی گرنگ، لە نێویاندا ئەو بەڵگەنامانەی کە تایبەتن بە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020.
ترەمپ لە کاتی بەجێهێشتنی بنکەی سەربازیی ئەندرۆس بەرەو ویلایەتی باکووری داکۆتا، بە میدیاکانی راگەیاند: بیڵ بۆ ماوەیەکی کورت لەوێ دەبێت، رەنگە مانگێک یان دوو مانگ. بەڵام من پێم وتووە مادام لەو شوێنەیە، دەتوانێت سیفەتی نهێنی لەسەر هەر دۆسیەیەک لابدات کە خۆی بیەوێت.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، مانگی رابردوو، ترەمپ، بیڵ بۆڵتی وەک بەڕێوەبەری بەوەکالەتی هەواڵگری نیشتمانی دەستنیشان کرد، کە وەک بەرزکردنەوەی پۆستی هاوپەیمانێکی نزیکی لێکدرایەوە کە خاوەنی چەندین ساڵ ئەزمون نییە لە بواری ئاسایشی نیشتمانیدا.
دوای ئەو شەپۆلە رەخنەیەی کە رووبەڕووی ئەم بڕیارە بووەوە، ترەمپ، جای کلایتۆن (داواکاری گشتیی مانهاتن)ی بۆ وەرگرتنی هەمیشەیی پۆستەکە کاندید کرد، بەڵام دواتر بە شێوەیەکی کتوپڕ دانیشتنی پەسەندکردنی پۆستەکەی لە کۆنگرێس دواخست، ئەمەش وەک کارتێکی گوشار دژی دیموکراتەکان بۆ ناچارکردنی کۆنگرێس بە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای توندکردنەوەی ڕێکارەکانی ناسنامەی دەنگدەران.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەبێ بەدەستهێنانی بەهایەک یان سوودێک، پارە لە حلفی ناتۆدا خەرج دەکات تەنها لە پێناو پاراستنیان.
ترەمپ لە پۆستێکدا رایگەیاندووە: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی ناتۆ، پارەیەکی زۆر زیاتر لە هەر وڵاتێکی تر خەرج دەکات و جیاوازییەکەش زۆر گەورەیە، بێ ئەوەی هیچ سوودێکی لێ ببینێت.
وتیشی: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا 999 ملیار دۆلار خەرج دەکات، لە کاتێکدا بەریتانیا 90.5 ملیار دۆلار، فەرەنسا 66.5 ملیار دۆلار، ئیتالیا 48.8 ملیار دۆلار، و پۆڵەندا 44.3ملیار دۆلار خەرج دەکەن.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە: وڵاتانی تر، بە ئەڵمانیاشەوە، بڕە پارەیەکی زۆر کەمتر خەرج دەکەن، و ئەمەش شتێکی گاڵتەجاڕیە.
نزیكەی 24 سەعاتە فڕۆكەوانێكی سەر بە كەشتی فڕۆكە هەڵگری جۆرج بۆشی ئەمریكی لە دەریای عەرەبیدا بێسەروشوێنە و تیمەكان سەرقاڵی گەڕانن بە دوایدا.
كەشتیگەلی دەریایی پێنجەمی ئەمریكا رایگەیاند، هەلیكۆپتەرێكی سەر بە كەشتی یو ئێس ئێس جۆرج ئێچ دەبلیو بۆشی ئەمریكی لە دەریای عەرەبیدا تێكشكاوەو سێ لە ئەندامانی تیمی هێلیكۆپتەرەكە رزگاركراون، بەڵام فڕۆكەوانەكە هێشتا بێسەروشوێنە.
بەپێی راگەیەنراوی كەشتیگەلی دەریایی ئەمریكا، لە نیوەڕۆی دوێنێوە گەڕان بەدوای فڕۆكەوانەكەدا بەردەوامە، بەڵام هێشتا ناسنامەكەی ئاشكرا نەكراوە.
دەشڵێت، هیچ ئاماژەیەك نییە كە روداوەكە بەهۆی بەئامانجگرتنی هێلیكۆپتەرەكەوە بووبێت یان كێشەی تەكنیكی بێت، بەڵام لێكۆڵینەوە لەوبارەوە دەستیپێكردووە.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستانەکان لەگەڵ ئێران لە ئاڕاستەیەکی زۆر باشدا بەڕێوەدەچن و ئیدارەی واشنتۆن دەیەوێت دەرفەتێکی راستەقینە بدات بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی گفتوگۆکان.
ڤانس ئاماژەی بەوە کرد، رێنماییەکانی سەرۆکی ئەمریکا رونن بۆ پێشڕەویکردن بەرەو ئیمزاکردنی رێککەوتنێک و دانوستانکردن بە نیازپاکی و لە ئێستاشدا وەفدە تەکنیکییەکان لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لەگەڵ ئێرانییەکان و لایەنەکانی تر کۆدەبنەوە بۆ تاوتێکردنی وردەکارییەکان و پرسی ئاسایشی هێڵەکانی دەریاوانی.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە، ئامانجێکیان دەستنیشانکردووە و هەنگاوی زیاتریش بەستراوەتەوە بە هەڵوێستی ئێرانییەوەکان.
ناوبراو ئەوەشیخستوەتەڕوو، هەست بە گۆڕانکاری دەکەن لە دەسەڵاتدارانی ئێراندا و بەشێکی زۆریان دەیانەوێت لاپەڕيیەکی نوێ هەڵدەنەوە و درک بە پێویستی گۆڕینی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکادا دەکەن.
جەی دی ڤانس نیگەرانی وڵاتەکەشی لەبارەی مەلەفی ئەتۆمییەوە نەشاردەوە و رایگەیاند، لە قۆناغەکانی داهاتوودا گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە دەستپێدەکەن، بەڵام هۆشداریشی دا، ئەگەر ئێران هەوڵی سەرلەنوێ بنیادنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات یان دەستبکاتەوە بە بەئامانجگرتنی کەشتییەکان، ئەوا هاوکێشە و حیساباتەکانی واشنتۆن بە تەواوی دەگۆڕێن.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پرۆسەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران بە باشی بەڕێوەدەچێت و تاران هەنگاوێکی گەورەی بەرەو رێککەوتن بڕیوە.
وتیشی، رێگە نادەن ئێران چەکی ئەتۆم بەدەستبهێنێت و واشنتۆن بەردەوام دەبێت لەسەر رێڕەوی داماڵینی چەکی ئەتۆمی ئەو وڵاتە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە هەفتەی رابردوو گورزی بەهێزیان لە ئێران وەشاندووە، بەڵام لە ئێستادا ئاراستەی کارەکان ئەرێنین.
ئەوەشی روونکردەوە، هەمووان سوودمەند دەبن لە دەرئەنجامە ئابورییەکانی ئەم رەوشە، بەتایبەت بەرزبوونەوەی بازاڕەکانی سەرمایە و دابەزینی نرخی نەوت و کاڵاکان لە بازاڕی فرۆشی تاکەکەسیدا.
لە ئیسپانیا ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی گەرماوە گەیشتە هەزار و 28 كەس و كەشناسی وڵاتەكەش دەڵێت: شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ گەرمترین ماوە بووە لە مێژووی ئیسپانیادا.
ماوەی نزیكەی مانگێكە شەپۆلێكی گەرمای توند ئەوروپای گرتووەتەوە و ئیسپانیاش بە یەكەم وڵاتی ئەوروپی دادەنرێت كە زۆرترین رێژەی گیانلەدەستدانی تێدایە و هەزار و 28 كەس بەهۆی شەپۆلی گەرمای مانگی رابردووەوە گیانیان لەدەستداوە.
ئاژانسی نیشتمانیی كەشناسیی ئیسپانیا رایگەیاند، نیوەی یەكەمی ساڵی 2026 بە گشتی گەرمترین ماوە بووە كە لە مێژووی وڵاتەكەدا تۆماركرابێت، بە شێوەیەك تێكڕای پلەكانی گەرما 1.6 پلەی سیلیزی لە ئاستی ئاسایی بەرزتر بووە.
لەسەر ئاستی كۆی گشتی كیشوەری ئەوروپاش، شەپۆلی گەرمای ئەمساڵ بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو هەزار و 328 كەس ، زۆرترین رێژەی گیانلەدەستدانیش لەناو بەساڵاچووان و ئەوانەدا بووە كە نەخۆشیی درێژخایەنیان هەبووە.
نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداری دەدات لەداڕمانی تەواوەتی ئاژانسی ئۆنروا و دەڵێت: بۆ بەردەوامبوونی كارەكانی پێویستی بە 100 ملیۆن دۆلارە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، هۆشداری دەدات لە داڕمانی تەواوەتی دەزگای فریاگوزاری و كارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ئاوارەكانی فەڵەستین ناسراو بە ئۆنروا و رایگەیاندووە، ئەو دامەزراوەیە كورتهێنانی دارایی بەبری 100 ملیۆن دۆلار هەیە.
كورتهێنانی بودجەی ئۆنروا دوای ئەوە دێت كە هەریەك لە ئەمریكا و سوید هاوكارییكردنی دامەزراوەكەیان راگرت.
گۆتێرێس داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد ، بەپەلە هاوكاری دارایی پێشكەش بكەن، چونكە بەهۆی رێكارە توندەكانی ئیسرائیل و كەمبوونەوەی بودجە، چالاكییەكانی ئاژانسەكە بەرەو پەككەوتن دەچن.
گۆتێرێس دەشڵێت: ئۆنروا خزمەتگوزارییەكانی بە ڕێژەی 20٪ كەمكردووەتەوە ئەوەش دۆخی مرۆیی ناوچەكە خراپتر دەكات
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل جەختدەكاتەوە لەوەی تا بە تەواوی حزبوڵا چەك دانەنێت، لە باشوری لوبنان ناكشێنەوە.
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەكانیان لە ناوچە سنورییەكانی باشوری لوبنان ناكشێنەوە تا حزبوڵا بە تەواوی چەك دانەنێت و دڵنیایی نەدرێت لەوەی چیتر نابێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل.
ناتانیاهۆ لە كاتی بەسەركردنەوەی هێزەكانی سوپادا، داوای لێكردوون بە تەواوی ژێرخانی حزبوڵا لەناوبەرن بەتایبەت تونێلەكان، وتوشییەتی، هیچ شتێك لە دوای خۆتان جێمەهێڵن.
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشكردووە، حزبوڵا گرنگترین هاوپەیمانی ئێرانە و لە ئێستاشدا تەنیا 8٪ی جبەخانە موشەكییەكەی حزبوڵا ماوەتەوە، كە پێشتر نزیكەی 150 هەزار موشەك و هاوەن بووە.
لەلایەكی ترەوە، تەنها هەفتەیەك لەدوای رێككەوتنی ئیسرائیل و لوبنان، جارێكی تر سوپای ئیسرائیل هێرشی كردەوە سەر باشوری لوبنان و ژمارەیەك خانوویان تەقاندەوە.
دمیتری پۆلیانسکی، نوێنەری هەمیشەیی روسیا لە رێکخراوی ئاسایش و هاوکاری لە ئەوروپا رایگەیاند، وڵاتانی ئەوروپا درک بە مەترسیی ئاستی ئێستای پەرەسەندنی گرژییەکان لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ روسیا ناکەن.
پۆلیانسکی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی سپۆتنیکی روسی ئاماژەی بەوەشدا، پێدەچێت وڵاتانی ئەوروپا تێنەگەن کە روسیا بە رەوشێکی زۆر مەترسیداردا تێدەپەڕێت و ئۆکراینیش دەخوازێت مۆسکۆ و وڵاتانی ئەوروپا پەلکێشی جەنگێکی راستەوخۆ بکات.
وتیشی، ڤلادیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین چیتر ئارەزووی خۆی بۆ سیناریۆیەکی لەو شێوەیە ناشارێتەوە و گلەیی لە هاوپەیمانە ئەوروپاییەکانی دەکات بەهۆی ئەوەی نایانەوێت بەرەو روبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ روسیا هەنگاو بنێن.
هەفتەی رابردووش، ئەلێکساندەر گروشکۆ، جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاندبوو وڵاتانی ئەوروپا تا ساڵی 2030 خۆیان بۆ روبەڕووبوونەوە لەگەڵ روسیا ئامادە دەکات.