رێککەوتنێکی چاوەڕوانکراو لەنێوان ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی پاکستان، بەرەو کۆتاییهێنان بە گرژییەکان و کردنەوەی رێڕەوە ئاوییەکان هەنگاو دەنێت.

ئاژانسی "رۆیتەرز" بڵاویکردەوە، فەرماندەی سوپای پاکستان لەگەڵ جێگری ترەمپ و هەریەک لە "ویتکۆف" و "عراقچی" وەزیری دەرەوەی ئێران، دەربارەی پلانێکی گشتگیر بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجامدا.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ئەگەر لایەنەکان لەسەر قۆناغی یەکەم رێکبکەون، ئەوا تەنها 15 رۆژیان پێویست دەبێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی.

رۆیتەرز ئاشکرایکردووە، پێشنیازی رێککەوتنە کۆتاییەکە، دەبێت ئێران دەستبەرداری بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی بێت، لەبەرانبەردا بڕگەی ئازادکردنی سەرجەم سزا داراییەکانی سەر ئێران هەڵبگیرێن.

ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ رەزامەندی لایەنەکان لەسەر ئەم پلانە، ئاگربەستی دەستبەجێ رادەگەیەنرێت و گەرووی هورمز بەڕووی هاتوچۆی دەریاییدا دەکرێتەوە.

لە بەرانبەردا، لێپرسراوێکی باڵای ئێران بە ئاژانسی "رۆیتەرز"ـی رایگەیاند، وڵاتەکەی پێشنیازێکی رەسمی لەلایەن پاکستانەوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ پێگەیشتووە، بەڵام مەرجی قورسیان بۆ کردنەوەی رێڕەوە ئاوییەکان هەیە.

ئەو لێپرسراوە باڵایە جەختی کردەوە، وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک گەرووی هورمز ناکاتەوە ئەگەر تەنها لە بەرانبەر "ئاگربەستێکی کاتی"دا بێت، دەشڵێت؛ پێمانوایە ئەمریكا ئامادەنییەبۆ ئاگربەستێكی درێژخایەن.