وەزیری جەنگی ئەمریكا، بۆ یەكەمجار بە سەردانێكی رەسمی دەچێتە ئیسرائیل و پرسی فڕۆكەی ئێف 35ـی توركیا تاوتوێ دەكات.
تۆڕی سی ئێن ئێن بڵاویكردەوە، كە بڕیارە ئەمرۆ پێیت هیگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریكا، دوای بەشداریكردنی لە لوتكەی ناتۆ لە ئەنقەرە، راستەوخۆ بەرەو ئیسرائیل بەڕێ بكەوێت.
بەپێی سەرچاوە هەواڵگرییەكان، وەزیری جەنگی ئەمریكا لەگەڵ ناتانیاهۆ و لێپرسراوانی تری ئیسرائیل بۆ تاوتوێكردنی رەوشی ناوچەكە كۆدەبێتەوە، ئامانجی سەرەكیی سەردانەكەشی رەواندنەوەی مەترسییەكانی ئیسرائیلە لە ئەگەری پێدانی فڕۆكەی جەنگیی ئێف 35 بە توركیا لە لایەن واشنتۆنەوە.
ئەم سەردانە لە كاتێكدایە، كە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، هۆشداریی توندی دایە دۆناڵد ترەمپ و رایگەیاند، كە فرۆشتنی پێشكەوتووترین فڕۆكەی جەنگی بە توركیا، ئەو وڵاتە ناكاتە دۆستی ئەمریكا، بەڵكو هاوسەنگیی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وێران دەكات.
رەخنەشی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان گرت و رایگەیاند كە هەڕەشەی وێرانكردنی وڵاتەكەیان دەكات، بۆیە پێدانی ئەم هێزە بەوان، دەبێتە هۆی پەرەسەندنی دەستدرێژییەكانیان.
لەلایەكی دیكەوە، دۆناڵد ترەمپ لە ئەنقەرە ئاماژەی بەوە كردووە كە توركیا هاوپەیمانێكی دلسۆزی ئەمریكایە و ئامادەیە ئەو قەدەغەیە لایببات كە پێشتر لەسەر فرۆشتنی ئەو فڕۆكانە بە ئەنقەرە هەبوو.
پەیمانیی باکوری ئەتڵەسی ناتۆ لوتکەی ئەمساڵی خۆی لە ئەنکەرە دەست پێدەکات، کە تێیدا پرسی گرتنەئەستۆی بەرپرسیارێتییەکی گەورەتری بەرگری لەلایەن ئەوروپا و فشارەکانی ئەمریکا لە پێشەنگی تەوەرەکاندا دەبن.
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، سەرکردەکانی 32 وڵاتی ئەندام لە پەیمانی باکوری ئەتڵەسی 'ناتۆ' بگەنە ئەنکەرەی پایتەختی تورکیا، بە مەبەستی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی دوو رۆژە کە تیشک دەخاتە سەر زیادکردنی خەرجی و توانای بەرگریی ئەوروپا و ئیمزاکردنی چەندین گرێبەستی گەورەی کڕینی چەک، ئەمەش لەژێر سایەی فشارە بەردەوامەکانی ئەمریکادا دێت بۆ بەشکردنی دادپەروەرانەی تێچووەکان لەناو هاوپەیمانتییەکەدا.
لوتکەکە بە کردنەوەی پێشانگایەکی گەورەی پیشەسازییە بەرگرییەکان دەست پێدەکات، کە ئامانجی هاوکاریکردنی وڵاتانی هاوپەیمانە بۆ گۆڕینی زیادبوونی خێرا لە بودجە سەربازییەکانیاندا بۆ توانای نوێی مەیدانی و ئەنجامدانی گرێبەستی کڕینی چەک بە بەهای ملیارەها دۆلار.
لەژێر فشاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا، ئەندامانی ناتۆ ساڵی رابردوو بەڵێنیاندا بودجەی بەرگریی خۆیان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکەن، بە جۆرێک لە 2%ـەوە بەرزی بکەنەوە بۆ 3.5%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی تا ساڵی 2035، لەگەڵ تەرخانکردنی 1.5%ی زیادە لە بەرهەمی ناوخۆیی بۆ خەرجییە پەیوەندیدارەکانی بەرگری.
کۆبوونەوەی ئەمساڵیش تیشک دەخاتە سەر گۆڕینی ئەو بەڵێنانە بۆ پابەندبوونی کۆنکرێتی و کرداری، ترەمپیش چەند رۆژێک بەرلە بەڕێوەچوونی لوتکەکە، بەردەوام بوو لە فشارەکانی و خەرجییە بەرگرییەکانی هاوپەیمانەکانی بە "پێکەنیناوی" وەسف کرد.
هاوکات، ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین پەیوەندی بە سەرکردەکانی ناتۆوە دەکات و کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لەگەڵ ترەمپ ئەنجام دەدات؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە زیلینسکی هەوڵی بەدەستهێنانی بەڵێنی هاوکاریی سەربازی دەدات بە بەهای 160 ملیار دۆلار، لەگەڵ هاندانی هاوپەیمانان بۆ دابینکردنی موشەکی زیاتری بەرگریی ئاسمانی و نوێکردنەوەی هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی دانوستاندنە چەقبەستووەکانی ئاشتی لەگەڵ روسیادا.
هەر لە چوارچێوەی لوتکەکەدا، رۆژی چوارشەممە، سەرکردەکانی ناتۆ دووبارە کۆدەبنەوە بۆ ئەنجامدانی راوێژکارییەک کە تیشک دەخاتە سەر گرتنەئەستۆی بەرپرسیارێتییەکی گەورەتری بەرگری لەلایەن ئەوروپاوە، بەتایبەت لە کاتێکدا کە سەرنجی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرەو ناوچەی زەریای هێمن و ناوچەکانی دیکە هاتووەتە ئاراوە.
لە کاتێکدا ئەمریکییەکان یادی 250 ساڵەی دامەزراندنی دەوڵەتەکەیان دەکردەوە، ئامارەکانی تەقەکردنی بەکۆمەڵ ریکۆردێکی نوێی پێوانەیی تۆمار دەکەن و تەنها لە سێ ڕۆژدا 100 کەس بەهۆی تەقەکردنەوە کوژراون.
رێکخراوی "Gun Violence Archive"ی ناحکومی رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرانسەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لە کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکانی جەژنی سەربەخۆیی ئەو وڵاتەدا بەهۆی روداوەکانی تەقەکردنەوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە 100 کەس.
رێکخراوەکە لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کردووە، لە ماوەی پشووی جەژنی سەربەخۆیی ئەمریکادا، 20 روداوی تەقەکردنی بەکۆمەڵ تۆمارکراون، ئەمەش بە بەرزترین ئاماری پێوانەیی دادەنرێت لە دوای ساڵی 2021ـەوە.
ئاشکراشی کردووە، ئەو روداوانە لە ماوەی تەنها سێ رۆژدا بوونەتە هۆی کوژرانی 100 کەس و برینداربوونی 340 کەسی دیکە، هاوکات رێکخراوەکە رونیکردووەتەوە کە ئەم داتایانە سەرەتایین و ئەگەری هەیە لە داهاتوودا ژمارەکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت و زیاد بکەن.
جێی ئاماژەیە، لە 4ـی تەممووزی ئەمساڵدا، ئەمریکا یادی 250 ساڵەی دامەزراندنی دەوڵەتەکەی کردەوە.
ترەمپ رایدەگەیەنێت؛ لە رووی سەربازییەوە ئێرانیان تێکشکاندووە و ئەنجامەکانی تاران هاوشێوەی دەستکەوتەکانی پێشوویانە لە ڤەنزوێلا، جەختیش دەکاتەوە کە وڵاتەکەی خاوەنی بەهێزترین سوپای جیهانە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە رووی میدیاییەوە ئەو گرنگی و رووماڵە شایستەیەی پێ نادرێت کە پەیوەستە بە دۆسیەی ئێرانەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە لە ڕووی سەربازییەوە گورزی کوشندەیان لە تاران وەشاندووە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد: "ئێمە وەک پێویست رووماڵی میدیایی شایستەمان پەوڕو نەکردووە لەوەی کە پەیوەستە بە ئێرانەوە، بەڵام لە راستیدا لە رووی سەربازییەوە سڕیماننەوە و تێکمانشکاندن".
ئەوەشی خستەڕوو، ئەمریکا لە سەرکەوتن بەردەوامە و ئەو ئەنجامانەی ئێستا لە ئێران بەدەستی دەهێنن، هاوشێوەی ئەو ئەنجامانەن کە پێشتر لە ڤەنزوێلا بەدەستیان هێناون.
سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە بەهێزی پێگەی وڵاتەکەی کرد و وتی: "وڵاتەکەمان زۆر بەهێزە و لە ئێستادا خاوەنی بەهێزترین سوپاین لەسەرانسەری جیهاندا".

زیلینسکی زەنگی مەترسی لێدەدات و داوای موشەکی پاتریۆت لە ناتۆ دەکات، هێرشە بەرفراوانەکەی روسیاش بۆ سەر کیێڤ دەیان کوژراو و برینداری لێدەکەوێتەوە.
ڤۆلۆدیمێر زیلیسنکی سەرۆکی ئۆکراین، ئەمڕۆ داوای لە هاوپەیمانانی ناتۆ کرد کە لە میانی لوتکەی ئەم هەفتەیەی هاوپەیمانێتییەکە لە ئەنکەرە "بڕیاری یەکلاکەرەوە" بدەن بۆ بەهێزکردنی بەرگرییە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی، ئەمەش دوای ئەوەی روسیا شەپۆلێکی نوێی هێرشی ئاسمانی بەرفراوانی لە شەودا بۆ سەر کیێڤ و ناوچەکانی تری وڵاتەکە ئەنجامدا.
زیلینسکی رایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا لانی کەم 11 کەس گیانیان لەدەستداوە و 60 کەسی تریش لە کیێڤی پایتەخت برینداربوون، وتیشی، روسیا لەو هێرشەدا 68 موشەک و 351 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەکارهێناوە.
سەرۆکی ئۆکرانیا جەختیکردەوە، بەرگرییە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی توانیویانە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و موشەکە کرووزەکان تێکبشکێنن، بەڵام بەهۆی "کەمیی موشەکی دژەبەرگرییەوە" نەیانتوانیوە بەرپەرچی موشەکە بالیستییەکانی روسیا بدەنەوە.
پێشتریش زیلینسکی لەسەر بنەمای زانیارییە هەواڵگرییەکانی وڵاتەکەی، هۆشداری دابوو لە ئەگەری هێرشێکی بەرفراوانی روسیا پێش بەڕێوەچوونی لوتکەی سەرکردەکانی ناتۆ کە بڕیارە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە لە تورکیا بەڕێوەبچێت.
زیلینسکی کە بڕیارە رۆژی سێشەممە وەک میوان بەشداری لە لوتکەکەدا بکات، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" داوای لە هاوپەیمانانی ناتۆ کرد "بڕیاری یەکلاکەرەوە بۆ پشتگیریکردنی بەرگرییە ئاسمانییەکانمان و لە ئەنجامدا پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان" بدەن.
لە کۆتاییدا زیلینسکی ئاماژەی بەوەکرد، "تا ئەو کاتەی موشەکەکانی پاتریۆت لە کۆگاکانی هاوپەیمانەکانماندا بمێننەوە، ئەمە تەنها هانی روسیا دەدات بۆ بەردەوامبوون لە وێرانکردنی باڵەخانە نیشتەجێبوونەکان. ئەمریکا و ئەوروپا هێزی پێویستیان هەیە بۆ راگرتنی ئەم تیرۆرە".
جیاواز لە زیانە گیانییەكان، شەپۆلی گەرما لە فەرەنسا بووەتە هۆی كەوتنەوەی ئاگر لە 20 ناوچەی جیاوازی ئەو وڵاتە و تا ئێستا بەشێكی ئاگرەكان كۆنتڕۆڵ نەكراون.
لۆران نونێز وەزیری ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند، شەش لەو ئاگرانە مەترسیدارن وتاكو ئێستا سێ ئاگر بە تەواوی كۆنتڕۆڵ نەكراون.
بە وتەی وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، یەكێك لە ئاگرەكان لە هەرێمی پیرینێی لە رۆژهەڵاتی فەرەنسا كەتوەتەوە و رووبەری هەزار و 600 هێكتار زەوی گرتووەتەوە، بەهۆیەوە 10 هەزار كەس لە دانیشتووانی ناوچەكە ماڵەكانیان چۆڵ كردووە.
هەر بەهۆی ئاگرەكەوە كارمەندێكی تیمەكانی ئاگركوژێنەوە بریندار بووە و چەندین رێگای سەرەكی لەنێوان شارەكانی ئەو وڵاتەدا پەكیان كەوتووە.
روسیا تەقاندنەوەی پردێكی ستراتیژی و كوژرانی زیاتر لە هەزارو 400 سەربازی ئۆكراینی لەماوەی 24 سەعاتدا راگەیاند.
وەزارەتی بەرگری روسیا بڵاویكردەوە، لە 24 سەعاتی رابردوودا توانیویانە پردێكی ستراتیژی لە رۆژهەڵاتی ئۆكراین خاپور بكەن و هەزار و 470 سەربازی ئەو وڵاتە بكوژن.
ئاماژەی بەوەشكردوە، هێزەكانیان لە هەموو بەرەكانەوە لەپێشرەویدان و لە هەرێمی لە دۆنێتسك پێگەكانی خۆیان بەهێزتر كردووە ولەبەرەی رۆژهەڵاتیشەوە زیاتر چوونەتە ناو سنورەكانی ئۆكراینەوە.
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئەمڕۆ دووشەممە، رایگەیاند: ئیسرائیل لایەنی بەرپرس بووە لە کوشتنی عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران.
کاتس لە لێدوانەکانیدا وتی: خامنەیی، کە ئێستا رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی بەڕێوەدەچێت، لەسەر دەستی ئیسرائیل کوژرا، چونکە ئەو دەستپێشخەری کردبوو و سەرکردایەتی پلانێکی دەکرد کە ئامانجی لەناوبردنی ئیسرائیل بوو.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد: هەر سەرکردەیەکی تر پلانی بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل هەبێت لەناوی دەبەین، هاوکات جەختی لەوە کردەوە: ئیسرائیل ئامادەیە بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە هەر کاتێکدا و لە دژی هەر هەڕەشەیەک، و ئامادەیی تەواوی دامەزراوەی سەربازیی وڵاتەکەشی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سیناریۆ جیاوازەکاندا دووپاتکردەوە.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزە دەریاییەكانی ئەمریكا رایگەیاند، كە ئۆپراسیۆنی گەڕان بەدوای ئەو فرۆكەوانەی هەفتەی رابردوو دوای كەوتنی هێلیكۆپتەرێك لە دەریای عەرەب بێسەروشوێن ببوو بێ ئەنجام بووە و كۆتای هاتووە.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم) لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد، كە دوای گەڕانێكی فراوان لە لایەن هێزە ئاسمانی و دەریاییەكانی وڵاتەكەیانەوە، بڕیاریانداوە ئۆپراسیۆنی دۆزینەوەی ئەو دەریاوانە رابگرن كە لە یەكـی تەمموزەوە بێسەروشوێن بووە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت كە هێلیكۆپتەرێكی جۆری ئێم ئێچ 60 ئێسی ئەمریكی پێویستی بە نیشتنەوەی ناچاری بوو لەسەر ئاو،تا ئێستا سێ كەسی تر لە تیمی هێلیكۆپتەرەكە رزگاركران و هەوڵەكان بۆ دۆزینەوەی كەسی چوارەم بێ ئەنجام بوون.
نوسینگەی سەرۆکایەتی سوریا بەبێ دیاریکردنی کاتەکەی رایگەیاند، ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا سەردانی دیمەشق دەکات، ئەمەش دەبێتە یەکەم سەردانی سەرۆکی وڵاتانی زلهێزی ئەوروپا بۆ سوریا لە دوای روخانی دەسەڵاتەکەی بەسار ئەسەدەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە لە راگەیەندراوێكدا، نوسینگەی سەرۆکایەتی سوریا بڵاویکردوەتەوە، ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا سەردانی دیمەشق دەکات و لەگەڵ ئەحمەد شەرعی سەرۆکی کاتی سوریادا کۆدەبێتەوە بە بێ ئەوەی باس لە ناوەرؤکی کۆبونەوەکان بکرێت.
سەردانەکەی سەرۆکی فەرەنسا ئەگەر پشتڕاست بکرێتەوە، دەبێتە یەکەمین سەرکردەی زلهێزێکی ئەوروپی کە لەدوای روخانی بەشار ئەسەدەوە سەردانی سوریا بکات.
پێشتر، ئەمیری قەتەر و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین، سەردانی سوریایان کردوە لە دوای گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە.
جێ باسە، نیکۆلاس سارکۆزی دوایین سەرۆکی فەرەنسا بوو، کە ساڵی 2008 سەردانی سوریای کرد و دوای سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی "بەهاری عەرەبی" پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و پاریس لە ساڵی 2011دا پچڕا سەردانەکەی مارۆن دەبێتە یەکەم سەردانی سەرۆکی فەرەنسا بۆ سوریا دوای 18 ساڵ.
کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکور سەرپەرشتی تاقیکردنەوەی نوێترین سیستمی چەک و تەقەمەنی تایبەت بە وێرانکەری دەریایی (کانگ کۆن)ی کرد، کە کێشەکەی دەگاتە پێنج هەزار تۆن، ئەم هەنگاوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی پیۆنگیانگ دێت بۆ خێراکردنی پەرەپێدانی تواناکانی هێزی دەریایی.
ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریای باکور بڵاویکردەوە، تاقیکردنەوەکان رۆژی هەینی ئەنجامدراون و پڕۆسەکەش هاویشتنی چەندین موشەکی کروز و بەکارهێنانی کەرەستەی شەڕی ئەلیکترۆنی لەخۆگرتووە، وێرانکەری "کانگ کۆن" هەمان ئەو کەشتییە جەنگییەیە کە ساڵی رابردوو لە کاتی رێوڕەسمی خستنەگەڕیدا بەشێکی وەرگەڕا، بەڵام دواتر لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەوە نۆژەنکرایەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم تاقیکردنەوەیە دوای کەمتر لە دوو هەفتە دێت لە چوونەخزمەتی وێرانکەرێکی تری هاوشێوە بە ناوی "چوی هیۆن" کە ئەویش کێشەکەی پێنج هەزار تۆنە.
سەرۆکی کۆریای باکور پێشتر بەڵێنی دابوو هێزی دەریایی وڵاتەکەی بە چەکی ئەتۆمی پڕچەک بکات و کەشتیی جەنگیی نوێ دروست بکات کە کێشەکەیان بگاتە 10 هەزار تۆن.
ئاژانسەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای تاقیکردنەوەکانی رۆژی هەینی، کیم جۆنگ ئون فەرمانیکرد وێرانکەری "کانگ کۆن" لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا بە رەسمی بچێتە خزمەتی هێزی دەریاییەوە.
سەرۆکی کۆریای باکور جارێکی تر جەختی لە پێویستی خێراکردنی توانای سەربازیی وڵاتەکەی کردەوە بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی کە بە "هێزی رەها" ناوی برد.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی بە ئاهەنگگێڕانی بەرفراوان کرد بە بۆنەی تێپەڕبوونی 250 ساڵ بەسەر راگەیاندنی سەربەخۆیی وڵاتەکەیدا، لەو چوارچێوەیەشدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکدا رایگەیاند، وڵاتەکەی پێدەنێتە نێو "سەردەمێکی زێڕین"ەوە.
ترەمپ لە میانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی (سڵاو لە ئەمریکای 250) کە لە گۆڕەپانی نیشتمانی لە واشنتنۆی پایتەخت بەڕێوەچوو، جەختی لەوەکردەوە، هێزی ئەمریکا جێگەی شانازییە نەک شەرمەزاربوون، وتارەکەی سەرۆکی ئەمریکا بەهۆی خراپیی کەشوهەوا و بارانبارینی بەخوڕەوە بۆ ماوەی نزیکەی دوو سەعات دواکەوت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەزاران کەس لە شوێنی ئاهەنگەکە مانەوە تا گوێبیستی وتارەکەی بن کە تێیدا میلانیا ترەمپی خانمی یەکەمیش یاوەری دەکرد.
ترەمپ رایگەیاند، سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو سەدە و نیو، ئەمریکا هێشتا لە سەرەتای رێگەدایە و وتی: "رەنگە کۆنترین کۆماری دەستوری بین لەسەر زەوی، بەڵام هێشتا باشترینی ئەمریکا نەهاتووەتە دی."
سەرۆکی ئەمریکا داوای پاراستنی باڵادەستیی وڵاتەکەی کرد لە بوارەکانی سەربازی و بۆشایی ئاسماندا و دووپاتیکردەوە کە ئەمریکا لە ساڵانی داهاتوودا گەورەتر، باشتر و بەهێزتر دەبێت.
ترەمپ رەخنەی لە سیاسەتەکانی پێشوو گرت بۆ داوای لێبووردن لە هێزی ئەمریکا و وتی: "هێز و هەژموونی ئەمریکا پێویستی بە داوای لێبووردن نییە، ئێمە گەورەترین هێزی بەدیهێنەری ئاشتی و دادپەروەری بووین لە سەدەی رابردوودا، ستەمکارانمان شکست پێهێنا و ئازادیمان پاراست."
ژمارەی قوربانیانی دوو بوومەلەرزەكەی ئەم دواییە ڤەنزوێلا نزیكبووەوە لە سێ هەزار گیانلەدەستدان.
خۆرخی رۆدریگێز، سەرۆكی كۆمەڵەی نیشتمانی لە پەرلەمان ڤەنزوێلا رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ئەو دوو بوومەلەرزە یەك لەدوای یەكەی كە وڵاتەكەی گرتەوە، بۆ لانیكەم دوو هەزار و 954 كەس بەرزبووەتەوە، لە كاتێكدا زیاتر لە 16 هەوار و 500 كەسی دیكەش بریندار بوون، تا ئێستاش گەران بەدوای كەسانی بێسەروشێن بەردەوامە.
لەو كاتەوەی كە دوو بوومەلەرزە بەهێزەكە لە 24ی حوزەیرانی رابردوودا بە گوڕی 7.2 پلە و 7.5 پلە بەپێی پێوەری ڕێختەر ئەو وڵاتەیان هەژاند، دەسەڵاتداران 942 پاشكۆبوومەلەرزەیان تۆماركردووە.
بەپێی ئامارەكانی ڤەنزوێلا زیانی باڵەخانەكان لە كاتی بوومەلەرزە سەرەكییەكاندا نزیكەی 190باڵەخانە بە تەواوی رووخاون و 850باڵەخانەی دیكەش زیانیان بەركەوتووە.
هەروەها، زیاتر لە 16هەزار كەس بەهۆی ئەو كارەساتە سروشتییەوە ماڵ و حاڵی خۆیان لەدەستداوە و ئاوارەبوون.
دۆناڵد ترەمپ بە پێگەی ئەکسیۆسی راگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ داوای کردوە لە کۆشکی سپی لەگەڵیدا کۆببێتەوە و رەنگە هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەکە ئەنجام بدەن
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردوە، ناتانیاهۆ دەزانێت کێ سەرۆکە و پەیوەندی نێوانیان زۆر باشە.
لەبارەی پرسی ئێرانیشەوە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، لەگەڵ ئێرانییەکان رێککەوتوون هەفتەیەک پشوبدەن لە دانوستانەکانی نێوانیان تا پرسەی عەلی خامنەیی، رابەری پێشوی باڵای ئێران کۆتایی دێت.
هەروەها سەرسامی خۆی دەربڕیوە، کاتێک بینیویەتی خەڵکی ئێران دەگرین لە پرسەی عەلی خامنەییدا، چونکە ئەو پێیوابوە ئێرانییەکان رقیان لێیەتی.
سەرۆکی ئەمریکا جارێکیتریش دوپاتی کردوەتەوە، ئێرانییەکان تکادەکەن بۆ ئەوەی لەگەڵیاندا رێکبکەوێت و لەکاتی پرسەی عەلی خامنیەشدا هیچ لایەنێک هێرش ئەنجام نادات.
روسیا گەیشتنی ئەمریكا و ئێران بە رێككەوتنی كۆتایی بە زۆر قورس دەزانێت و چەند پێشنیازێكیش بۆ چارەسەری دۆسێی ئەتۆمیی دەداتە ئێران.
ئاژانسی هەواڵی رەسمی روسیا بڵاویكردەوە، لە رێوڕەسمی ماڵئاواییكردن لە تەرمی عەلی خامنەیی رابەری باڵای پێشووی ئێران، دیمیتری مێدڤێدیڤ جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا، لەگەڵ مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران كۆبووەتەوە و چەند پرسێكی گرنگیان تاووتوێكردووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، مێدڤێدیڤ جەختیكردووەتەوە بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجەكانی ئێستا، گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی لە نێوان ئەمریكا و ئێران زۆر قورس دەبێت و چەند رێگەچارەیەكیشی بۆ ئێران پێشنیازكردووە بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی مادە ئەتۆمییەكانی ئەو وڵاتە بە رێگەی ئاشتییانە.
مێدڤێدیڤ راشیگەیاندووە، گەروی هورمز سەلماندوویەتی كارتێكی بەهێزی فشارە بۆ ئێران و گەروی بابولمەندەبیش دەتوانێت هەمان رۆڵ بگێڕێت.
سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت؛ وڵاتەکەی ورەی شەڕکردنی ئێرانی تێکشکاندووە و لەبەرانبەریشدا بۆ بەڕێوەبەردنی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رابەری باڵای پێشووی ئێران، هەفتەیەک مۆڵەت و ئارامیی پێداون.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکدا بەبۆنەی یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریکا لە چیای "راشمۆر" رایگەیاند: ململانێکانیان لەگەڵ ڤەنزوێلا تەنها لە یەک رۆژدا یەکلاکردەوە، هاوكات گورزی زۆر کوشندە و بەهێزیان لە ئێران وەشاند.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا لایەنی ئێرانی بە پەرۆشەوەیە و بە هەموو شێوازێک هەوڵدەدات بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەمریکادا بگاتە رێککەوتن و چارەسەرێکی سیاسی.
سەرۆکی ئەمریکا وتیشی: "ئێمە لە ڕووی بەخشندەیی و میهرەبانیی خۆمانەوە، مۆڵەتی هەفتەیەکمان بە ئێران داوە بۆ راگرتنی ئۆپراسیۆنەکان، تا بتوانن رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی رابەرەکەیان ئەنجام بدەن."
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدا دێن کە لە بەیانی دوێنێ هەینییەوە، رێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی عەلی خامنەیی، رابەری کۆچکردووی ئێران بە ئامادەبوونی وەفدە بیانییەکان و کەسایەتییە سیاسی و گشتییەکان دەستیپێکردووە. بڕیاریشە رێورەسمەکە بۆ ماوەی حەوت رۆژ بەردەوام بێت و تەرمەکەی بە شارەکانی تاران و قوم و وڵاتی عیراقدا تێپەڕێت، تا دواجار لە زێدی خۆی لە شاری "مەشەدە" بە خاک بسپێردرێت.