بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانبارین و زریانە بەهێزەی چەند ویلایەتێکی ئەمریکای گرتووەتەوە، 17 کەس گیانیان لەدەستداوە. کەشناسیش هۆشداری دەدات، شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین و رەشەبای بەهێز وڵاتەکە دەگرێتەوە.

ماوەی چەند رۆژێکە شەپۆلی بارانبارین و زریانێکی بەهێز چەند ویلایەتێکی ئەمریکای گرتووەتەوە، کە بەهۆیەوە زیانێکی زۆری گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە.

بەهۆی زریانەکانەوە لە ویلایەتی تینیسی ئەمریکا 10 کەس گیانیان لەدەستدا، لە ویلایەتەکانی میزۆریو کێنتاکیش چوار کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لە هەریەک لە ویلایەتەکانی ئارکێنسۆ و ئیندیانا و میسیپیسی یەک کەس گیانیان لەدەستداوە.

هەربەهۆی زریان و رەشەباوە لە چەند ویلایەتێک چەندین باڵەخانە رووخاون و زیان بە خانوو و ماڵی هاووڵاتیان کەوتووە، چەندین هاووڵاتیش ماڵەکانیان چۆڵ کردووە.

ئەوە جگە لەوەی چەندین دار بەهۆی رەشەباکەوە شکاونەتەوە و لە چەند ناوچەیەکیش هێڵەکانی کارەبا پچڕاون، هەروەها چەندین ئۆتۆمبێل زیانیان پێگەیشتووە.

دەستەی کەشناسیی نیشتمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکان هۆشداری داوە لە بەردەوامی شەپۆلی بارانبارین و زریانی بەهێز و داواش لەو کەسانە دەکات کە ماڵەکانیان لەو ناوچانەوە نزیکە کە ئەگەری هەیە شەپۆلەکە زیاتر بیانگرێتەوە، ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و بچنە شوێنێکی پارێزراوتر.