ئاماری گیانلەدەستدان بەهۆی بومەلەرزە بەهێزەكانی میانمارەوە سێ هەزار و 300 كەسی تێپەڕاند و ژمارەی بریندارانیش نزیك دەبێتەوە لە پێنج هەزار كەس.

دەستەی راگەیاندنی رەسمی میانمار رایگەیاند، ژمارەی قوربانیانی دوو بومەلەرزە بەهێزەكەی رۆژی 28ی مانگی رابردوو، بەرزبووەتەوە و تائێستا گیانلەدەستدانی سێ هەزار و 301 كەس و برینداربوونی چوار هەزار و 792 كەس پشتڕاستكراوەتەوە، لەكاتێكدا گەڕانیش بەدوای بێسەروشوێنبووان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەكاندا بەردەوامە و تائیستاش 221 چارەنووسیان نادیارە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە 17 وڵاتەوە كارمەندانی هاوكاری و فریاگوزاریی چونەتە میانمار و  دەیان كاروانی ئاسمانی هاوكاری و پێداویستی و كەرەستەی فریاگوزاری رەوانەی میانمار كراون بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان.