ئیدارەی ترەمپ بە ئیمەیڵێکی هەڵە داوای لە ئۆکراینیەکان کردووە ئەمریکا بەجێبهێڵن
محەمەد رزگار
٥ی نیسانی ٢٠٢٥
ئیداری ترەمپ بە هەڵە داوا لە ئۆکراینیەکانی نیشتەجێی ئەمریکا دەکات وڵاتەکە جێبهێڵن، وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆیی ئەمریکاش دەڵێت؛ هێشتا پارێزبەندی ئۆکرانییەکان کۆتایی نەهاتووە.
ژمارەیەک ئۆکراینی ئیمەیڵێکیان پێگەیشتووە کە تێیدا ئاگادارکراونەتەوە، مافی نیشتەجێبوونیان هەڵوەشاوەتەوە و ماوەی حەوت رۆژیان پێدراوە بۆ ئەوەی وڵاتەکە بەجێبهێڵن یان روبەڕوی لێپرسینەوە دەبنەوە.
هاوکات وتەبێژی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا رایگەیاند، ئیمەیڵەکە بە هەڵە نێردراوە هەروەها پرۆگرامی پارێزبەندی ئۆکراین، لە دوای هێرشەکانی روسیا لە ساڵی 2022 بۆ ئەو وڵاتە دامەزراوە و هێشتا کۆتایی نەهاتووە.
ئاژانسی رۆیتەرز مانگی رابردوو رایگەیاندبوو، ئیدارەی ترەمپ بەنیازە دۆخی نیشتەجێبوونی یاسایی کاتی، نزیکەی 240 هەزار ئۆکراینی هەڵبوەشێنێتەوە، کە لە ململانێکان لەگەڵ روسیا وڵاتەکەیان جێهێشتووە.
ئۆکراینیەکان بە شێوەیەکی یاسایی لە ئەمریکا لەژێر بەرنامەیەکی مرۆیدا نیشتەجێن، هەروەها لە ئیمەیڵەکەدا پێنجشەممەی رابردوو بە هەڵە نێردراوە تێیدا نووسراوە، "ئەگەر دەستبەجێ ئەمریکا بەجێنەهێڵیت، ئەوا توشی رێکاری یاسایی دەبیت کە دەتوانێت ببێتە هۆی دوورخستنەوەت لە وڵاتەکەمان".