ترەمپ: ژاپۆن مامەڵەیەكی خراپی بازرگانی لەگەڵ ئەمریكا كردووە
٧ی نیسانی ٢٠٢٥
ژاپۆن وەفدێك دەنێرێتە ئەمریكا بە ئامانجی دانوستان لەسەر پێناسە گومرگییەكان، ترەمپیش دەڵێت؛ ژاپۆن لە رووی بازرگانییەوە بە خراپی مامەڵەی لەگەڵ ئەمریكا كردووە.
دوای داواكاری ژاپۆن بۆ پێداچوونەوە بە پێناسە گومرگییەكان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تروس رایگەیاند، گفتوگۆی لەگەڵ شیگێرو ئیشیبا سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن كردووە و بەنیازە وەفدێك رەوانەی ئەمریكا بكات بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەسەر پێناسە گومرگیەكان.
ئاماژەی بەوەش كرد، لە ماوەكانی رابردوودا ژاپۆن مامەڵەیەكی خراپی بازرگانی لەگەڵ ئەمریكا كردووە چونكە ژاپۆن ئۆتۆمبێل لە ئەمریكا ناكڕێت بەڵام ئەمریكا ملیۆنان ئۆتۆمبێل لە ژاپۆنەوە هاوردە دەكات.
پێشتر، چەند سەرچاوەیەكی میدیایی بڵاویان كردبووەوە دۆناڵد ترەمپ هەڵسەنگاندن بۆ هەڵپەساردنی پێناسە گومریگیەكان دەكات بۆ ماوەی 90 رۆژ، بەڵام كۆشكی سپی سەرجەم ئەو لێدوانانەی بەدرۆخستنەوە و بە هەواڵی ساختە ناوی بردن.