وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، نیگەرانن لە پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییەی نێوان ئێران و عێراق و پاكستان، كە بۆردومانكردنی چەند ناوچەیەكی لە هەر سێ وڵات لێكەوتووەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە بە لێكتێگەیشتن و لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی سەروەری وڵاتان لە چوارچێوەی بنەما سەرەكییەكانی یاسای نێودەوڵەتی، كێشەكانی نێوان ئەو سێ وڵاتە چارەسەربكرێن و مەترسی زیاتر بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە دروست نەكرێت.
هەروەها، ئامادەیی توركیای بۆ نێوەندگیری هەر سێ وڵات دەربڕیووە و داواشی لە عێراق و ئێران و پاكستان كردووە، بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندی دۆستانەی نێوانیان ئاسایش وسەقامگیری بۆ ناوچەكە دەستەبەر بكەن.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، زنجیرەیەک ھێرشی سەربازییان لە پارێزگای سستان و بلوچستانی ئێران ئەنجامداوە، کە دەکەوێتە نێوان ھەردوو وڵاتەکەوە، حەوت ئامانجیان بە قووڵایی ٨٠ کیلۆمەتر لەناو خاکی ئێران پێکاوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ھێرشەکەیان وەڵامی ھێرشەکەی چەند رۆژی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بووە بۆ سەر وڵاتەکەیان.
جێگری پارێزگای سستان و بلوچستانیش رایگەیاند، بەھۆی بۆردومانەکانی پاکستانەوە سێ ژن و چوار منداڵ کوژراون و ھیچ کام لە کوژراوەکانیش ھاووڵاتی ئێرانی نەبوون.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ھێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە، تا ئێستا ٢٤ ھەزار و ٤٤٨ کەس کوژراون و ٦١ ھەزار و ٥٠٤ کەسیش برینداربوون.
ھەروەھا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا ئیسرائیل ١٦ کۆمەڵکوژی دژی خێزانەکانی کەرتی غەززە ئەنجامداوە کە بەھۆیانەوە ١٦٣ کەس کوژراون و ٣٥٠ کەسیش برینداربوون، تا ئێستاش ژمارەیەک لە قوربانییەکان لەژێر بینا روخاوەکاندا ماونەتەوە و ھەوڵەکان بۆ دەرھێنانەوەیان بەردەوامە.
دوێنێ لە ھێرشێکی مووشەکی ئێراندا بۆ سەر ویلایەتی بە لوچستان لە پاکستان، دوو منداڵ کوژران و سیانی دیکەش برینداربوون. سوپای پاسدارانی ئێرانیش رایگەیاند، بارەگای پارتێکی نەیاری بە ناوی "جەیش عەدل" کردووەتە ئامانج.
لەوبارەوە وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، پاکستان ناڕەزایی توندی خۆی لەسەر ھێرشەکە گەیاندووەتە دەسەڵاتدارانی ئێران.
جەختیلەوەشکردووەتەوە، نابێت ئێران تاکلایەنانە ھیچ کردەوەیەک لە دەرەوەی سنووری وڵاتەکەی ئەنجامبدات.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان راشیگەیاندووە، ئامادەن ھاوکاری ئێران و وڵاتانی دراوسێی دیکەش بن لە پرسی تیرۆر.
جۆن کیربی وتەبێژی کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە ، ئەمریکا نایەوێت ئالۆزییەکان فراوان بکات و جەنگ لەگەڵ حوسییەکان دروست بکات ، حوسییەکانیش کاتیان لەبەردەستدا ماوە بۆ ئەوەی بریارێکی راست بدەن و ھێرشەکانیان لەدەریای سور رابگرن .
بەڵام بەپێی راپۆرتێکی فایننشاڵ تایمز ، ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی حوسییەکان وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی جیھانی رابگەیەنێت و لە چەند رۆژی داھاتوودا ئەو ھەنگاوە دەنێت .
ئەوە لەکاتێکدا لە ماوەی رابردوودا حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن ، چەندین ھێرشیان دژی کەشتییە بازرگانیەکان لە دەریای سور ئەنجامداوە و ھێرشەکانیشیان وەک وەڵامێک بۆ ھێرشەکانی ئیسرائیل لە غەززە ناوبردووە .
عەمید محەمەد ڕەزا ئاشتیانی، وەزیری بەرگری ئێران لە لێدوانێکی رۆژژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، ھیچ ھێڵێکی سووریان نییە بۆ بەرگریکردن لە گەلی ئێران و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیان.
ئەوەشی خستەڕوو، ئێران لە تەواوی جیھان ئیدانەی کردەوە تیرۆریستییەکان دەکەن و بەردەوام دەبن لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان، ھەر کردەوەیەکی تیرۆریستیش دژی گەلی ئێران ئەنجامبدرێت، وەڵامی جددیان دەبێت.
وەزیری بەرگری ئێران وتیشی، رێز لە سەروەری وڵاتانی دراوسێی ئێران دەگرن، بەڵام رێگەنادەن ھیچ کەس و لایەنێک ببێتە ھەڕەشە بۆ سەر ئێران لە وڵاتانی دراوسێوە و رێوشوێنی پێویست لەبارەیانەوە دەگرنەبەر.
ئەنتۆنی بلینکن لە کۆڕبەندی ئابووری جیھانی داڤۆس، بانگەوازی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی کرد.
وتیشی، ئاسایشی راستەقینە لە فەڵەستین بەدی نایەت مەگەر دەسەڵاتەکە بەھێزتر نەکرێت کە بتوانێت بەشێوەیەکی کاریگەر خزمەتگوزارییەکان بگەیەنێتە گەلەکەی.
بلینکن ئاماژەی بەوەشکرد، دەسەڵاتێکی کارا لە فەڵەستین تەنھا بە پشتیوانی و ھاوکاری ئیسرائیل دەتوانێت کاربکات نەک بە بەردەوامی دژایەتیکردنی.
دوپاتیشیکردەوە، ئەمریکا داواکارە دەسەڵاتی فەڵەستینی بە سەرۆکایەتی مەحمود عەباس دوای جەنگ دەسەڵات لە کەرتی غەززە بگرێتە دەست.
بەپێی داتاکانی رێکخراوی ئۆپێک، بەھۆی پێشکەوتنی بەردەوامی تەکنەلۆجیاوە، یەدەگی نەوت زیادیکردووەو ھیچ نیگەرانییەک لەم رووەوە نییە، ھەروەھا ئاستی بەرھەمھێنانیش بەردەوام لە فراوانبووندایە.
بەپێی پێشبینییە سەرەتاییەکانی رێکخراوی وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت (ئۆپیک)، چاوەڕێ دەکرێت خواست لەسەر نەوت لە ساڵی ٢٠٢٥دا بگاتە تۆمارێکی مێژوویی و تێکڕای بەکارھێنانی جیھانی بگاتە ١٠٦ ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، لەکاتێکدا ئێستا زیاتر لە ١٠٢ ملیۆن بەرمیلە.
ئیدارەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، بەھۆی ھێرشە بەردەوامەکانیان بۆسەر دەریای سوور و گوێ نەگرتن لە ھۆشدارییەکانی ئەمریکاو وڵاتانی ھاوپەیمان، دواجار حوسییەکانی یەمەن خرانەوە ناو لیستی تیرۆرەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ئەو پۆلێنکردنە دوای ٣٠ رۆژ واتا لە ١٦ی شوباتەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە ئەگەر ھاتوو حوسییەکان ھێرشەکانیان لە دەریای سوور رانەگرت.
ئیدارەی جۆ بایدن سێ ساڵ لەمەوبەر ئەو گروپەی لە لیستی تیرۆر لابرد، بە ھۆکاری مرۆیی.
سوپای پاسدارانی ئێران لە ١٢ سەعاتی دوای ھێرشەکەی ھەولێر سێ راگەیەنراوی بڵاوکردووەتەوە، راگەیەنراوی یەکەم و سێیەمیان تایبەتە بە ھێرشەکەی سەر ھەولێر، لە راگەیەنراوی یەکەمدا دەڵێت، ھێرشەکەی ھەولێر لەکاردانەوەی ھێرشەکەی کرماندا ئەنجامدراوە و بنکەی سیخوڕیی و کۆبوونەوەی دژبەرانی ئێرانی تێدا کراوەتە ئامانج.
بەڵام لە راگەیەنراوی سێیەمی سوپای پاسداراندا ئەوە خراوتەڕوو، ئەو شوێنانەی لە ھەولێر بە ئامانجیان گرتوون، بنکەی سەرەکی ھەواڵگری ئیسرائیل ناسراو بە "مۆساد"یان تێدا بووە و بە مووشەکی بالیستی کراونەتە ئامانج، ھێرشەکەش لەکاردانەوەی کوژرانی سەرکردەکانی سوپای پاسداران و بەرەوی مقاوەمەدا ئەنجامدراوە.
ئاژانسی ھاوار نیوز بڵاویکردووەتەوە، لە سێ رۆژی سەرەتای ئەم ھەفتەیەدا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا نزیکەی ٨٠ دامەزراوەی خزمەتگوزاریی وەک وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا، نەوت، غاز و نەخۆشخانە و قوتابخانەیان لە باکوور و رۆژھەڵاتی سوریا کردووەتە ئامانج و بەشێکی زۆریش لەو وێستگانەی بۆردمانکراون لەکارکەوتوون.
ئەوەشی خستەڕوو، لەئاکامی بۆردومانەکان حەوت ھاوڵاتی مەدەنی لەنێویاندا ژن و منداڵ برینداربوون و پێنج کارمەندی ھێزەکانی حکومەتی سوریاش گیانیانلەدەستدا.
ھاوکات، ڕوانگەی سوری بڵاویکردووەتەوە، زیاتر لە ٧٠٠ شار و شارۆچکەی رۆژئاوای کوردستان لەکارەبا بێبەشبوون و لەو ژمارەیەش زیاتر لە ٣٠٠ شار و شارۆچکەیان دەکەونە سنووری "کۆبانێ"وە.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی مەھەپە لە تورکیا لەوتارێکیدا لە کۆبوونەوەی پارتەکەی ڕایگەیاند، پێویستە ناوچەیەکی ئارام لەسەر سنووری نێوان عێراق و تورکیا دروستبکرێت بە ناوی " ھێڵی ئارام"، بەشێوەیەک ناوچەکە بە درێژایی ٦٠ کیلۆمەتر لەسەر سنووری نێوان ھەردوو ناوچە شاخاوییەکانی ھەرێمی کوردستانەوە و بە درێژایی ٦٠ کیلۆمەتر تاکو پارێزگای ھاتای تورکیا بەردەوام بێت.
ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە تورکیا بەزووترین کات رێوشوێنی پێویست بۆ دروستکردنی ئەو ناوچە ئارامە لەسەر سنوور بگرێتەبەر و رێگەنەدات ھیچ کەس و لایەنێکی سەر پەکەکە لەناو ئەو ھێڵە ئارامەدا ھەبن.
بلینکن ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، لە کۆی ٢٥٠ ئیسرائیلی کە لە غەززە لەلایەن بز,وتنەوەی حەماسەوە وەک بارمتە دەستگیرکراون، تا ئێستا زیاتر لە ١٣٠ یان ئازاد نەکراون و لەو ژمارەیەش ٦ یان بە رەگەز ئەمریکین.
بلینکن ئاماژەی بۆ ئەوە ئەوەشکردووە، لە نزیکەوە چاوی بە خێزانی بارمتەکان کەوتووە و بۆی دووپاتکردوونەتەوە کە ئەمریکا پشتگیریان دەکات، ئارامیش ناگرن تا سەرجەم بارمتەکان ئازاد دەکرێن و دووبارە لەگەڵ خێزانەکانیان شاد دەکرێنەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی کۆشکی سپیش، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، فراوانکردنی ھەوڵەکانی بووە بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان .
بە بەشداری راوێژکاری ئاسایش و ئاسایشی نەتەوەیی ٨٣ وڵات کۆڕبەندی داڤۆس لە سویسرا بەڕێوەدەچێت کە تیایدا تاوتوێی چەند پێشنیازێکی سەرۆکی ئۆکراین دەکەن بۆ بەدیھێنانی ئاشتی و پاڵپشتی ئۆکراین.
ئیگنازیۆ کاسیس، وەزیری دەرەوەی سویسرا رایگەیاند، ٨٣ وڵاتە ئامادەن لە داڤۆس بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئاشتی ئۆکراین و پێویستە رێگاچارەیەک بدۆزنەوە بۆ بانگھێشتکردنی روسیا و بەبێ مۆسکۆ ئەو بابەتە ئەستەم دەبێت. ھەروەھا رەوشی غەززە و چەندین بابەتی دیکەی جیھانی تاوتوێ دەکرێن.
کۆڕبەندی داڤۆس لە رۆژھەڵاتی سویسرا بەڕێوەدەچێت و ماوەی پێنج رۆژ دەخایەنێت و کەسایەتی سیاسی و ئابورییەکانی جیھان کۆدەکاتەوە و بۆ ئەمساڵیش چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکی ئۆکراین بەشداری کۆڕبەندەکە بکات. ھاوکات محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەشدار دەبێت.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دووپاتیکردەوە، وڵاتەکەی ئامادەیە دووبارە جوڵە بکات دژی حوسییەکانی یەمەن ئەگەر بێتو بەردەوام بن لەو ھێرشانەی لە دەریای سوردا دژی کەشتیە سەربازی و بازرگانییەکان ئەنجامی دەدەن، چونکە بە ھەر رێگایەک بێت بەریتانیا دەیەوێت سنورێک بۆ ھێرشی حوسییەکان دابنێت و ھەموو ھەڵوێستەکانیشیان رەتدەکاتەوە.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا راشیگەیاندووە ، ئێران لە ھێرشەکانی دەریای سوردا رۆڵی زۆر خراپی گێراوە.
بە وتەی کامیرۆن، بەردەوامیدان بە کرانەوەی رێرەوە دەریاییەکان بەرژوەندییەکی نیشتمانییە ئەگەرچی کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخەکانیش دروست بکات لە بەریتانیا و وڵاتانی تری جیھاندا .