لەدوای هێرشە بەرفراوانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجەکان لە ناو ئێران، ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی نێودەوڵەتی بڕیاریان دا گەشتەکانیان بۆ وڵاتانی ناوچەکە بوەستێنن یان هەڵبوەشێننەوە.
لەم هەواڵەدا ناوی گرنگترین کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی دەخەینەڕوو کە گەشتەکانیان وەستاندووە یان ڕێڕەوەکانیان گۆڕیوە:
کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئێگی یۆنانی: هەموو گەشتەکانی بۆ تەل ئەبیب هەڵوەشاندووەتەوە، لەوانەش گەشتی بەیانی زووی رۆژی 12ـی تەمووز، هەروەها هەموو گەشتەکانیشی بۆ بەیرووت و عوممان و هەولێر هەتا بەیانی رۆژی 28ی حوزەیران.
ئێر بالتیک: ئەم کۆمپانیایە لە لاتڤیاوە رایگەیاند گەشتەکانی بۆ تێل ئەبیب هەتا 23ی حوزەیران هەڵوەشاندووەتەوە.
ئێرفڵۆت: کۆمپانیا روسیەکە رایگەیاند گەشتەکانی نێوان مۆسکۆ و تاران هەڵوەشاندووەتەوە، هەروەها گۆڕانکاریشی لە ڕێڕەوەکانی تر کردووە کە بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێدەپەڕن.
ئێر یوروپا: کۆمپانیای ئیسپانی رایگەیاند گەشتەکانی بۆ تەل ئەبیب هەتا 31ـی تەمووز هەڵوەشاندووەتەوە.
ئێر فڕانس - کی.ئێل.ئێم: ئێر فڕانس گەشتەکانی بۆ تەل ئەبیب هەتا ئاگادارکردنەوەی تر وەستاندووە. کی.ئێل.ئێم هەموو گەشتەکانی بۆ تەل ئەبیب هەتا یەکی تەمووز هەڵوەشاندووەتەوە.
ئێر هیند: رایگەیاند ژمارەیەک لە گەشتە فڕۆکەوانییەکان ئاڕاستەیان گۆڕاوە یان گەڕێنراونەتەوە بۆ ئەو شارانەی لێیان فڕیون.
ئارکیا: کۆمپانیای ئیسرائیلی رایگەیاند هەموو گەشتەکانی هەتا 21ی حوزەیران هەڵوەشاندووەتەوە.
بڵووبێرد ئێرویز: کۆمپانیا یۆنانیەکە هەموو گەشتەکانی بۆ ئیسرائیل لە 13 هەتا 21ی حوزەیران هەڵوەشاندووەتەوە و دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی نێوان 22 و30ی حوزەیرانی وەستاندووە هەتا دۆخی ئەمنی روندەبێتەوە.
ئەم بڕیارە هاوکاتە لەگەڵ گرژییە بەردەوامەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل کە 13ـی مانگ بە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر کەسایەتییە سەربازییە باڵاکانی ئێران و بنکە ئەتۆمیەکان دەستیپێکرد.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، زیان بە چوار باڵەخانە لە ئەسفەهان گەیشتووە، کە تاقیگەی کیمیایی و کارگەیەکی گۆڕینی یۆرانیۆمی تێدایە.
رافێل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ئاماژەی بەوەکردووە، لەگەڵ لایەنی ئێرانی لە پەیوەندیدان و بەردەوام زانیارییەکان ئاڵوگۆڕ دەکەن.
باسی لەوەشکردووە، پەیوەندییان لەگەڵ پشکنەرەکان بەردەوامە و سەلامەتی ئەوان لەپێشینەی کارەکانیانە.
راشیگەیاندووە، پەرەسەندنی گرژییەکان زیان بە دانوستانەکان لەبارەی سیستمە ئەتۆمییەکەی ئێران دەگەیەنێت و چارەسەرە دیبلۆماسییەکان بۆ بەدەستنەهێنانی چەکی ئەتۆمیی لەلایەن ئێرانەوە دوا دەخات.
گرۆسی وتووشیەتی، هیچ زیانێک بە وێستگەی پیتاندنی سووتەمەنی فۆردۆ نەگەیشتووە.
یان لە ڕیاکتۆرێک کە لە قۆناغی دروستکردندایە لە خونداب دەستنیشان نەکراوە.
باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل رایگەیاند، موشەکێکی ئێرانی لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەو وڵاتە کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
مایک هاکابی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل رایگەیاند، موشەکێکی ئێرانی لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەو وڵاتە کەوتووەتە خوارەوە، کاری لە پێشێنەی ئەوانیش پاراستی کارمەندەکانیانە، بەو هۆیەوە بۆ ئەمڕۆ باڵیۆزخانەکەیان لە ئیسرائیل دادەخەن و هیچ کاروبارێک بەڕێ ناکەن.
وتیشی، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل چاودێری دۆخەکە دەکەن و لە ئێستادا ناتوانن کارمەندەکانیان لە ئیسرائیل ببەنە دەرەوە، بەهۆی ئەوەی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە راگیراون.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی سێ رۆژە هێرشی ئیسرائیل و ئێران بۆسەر یەکتر بەردەوامە و دوایین هێرشی ئەمشەوی ئێران بۆسەر ئیسرائیل بووەتە هۆی پێنج گیانلەدەستدان و 92 بریندار.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: بەم نزیکانە رێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و ئێران رادەگەیەنم، وەک چۆن پێشتر هەوڵمدا هیندستان و پاکستان بگەن بە رێککەوتن.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: هەوڵدەدەین ئیسرائیل و ئێران بگەیەنین بەرێککەوتن و ئاشتی لە ناوچەکە بەر قەرار بێت، دەشڵێت: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەزن دەکەینەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ترەمپ: ئەگەری بەشداریكردنی ئەمریكا لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران هەیە.
جێگەی ئاماژەیە، هێرشەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران بۆ سەر یەکتری ماوەی چەند رۆژێکە بەردەوامە و کاردانەوەی جیهانی بەدوای خۆیدا هێناوە و بەشێكی زۆر لە وڵاتە زلهێزەکان داوادەکەن ئەو دوو وڵاتە بگەن بە ئاشتی و کۆتایی بەو شەڕە بهێنرێت.
ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیا ئامادەیی دەردەبڕن بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی .
یۆهان فادیفۆل وەزیری دەرەوەی ئەلمانیا كە بە سەردانێك لە رۆژهەڵاتی ناوەراستە رایگەیاندوە، بە ئامانجی هێوركردنەوەی رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەراست و كەمكردنەوەی ململانێكان لەنێوان ئیسرائیل و ئێراندا ، هەریەك لە ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا ئامادەن بە زوترین كات دانوستان لەگەڵ ئێران دەستپێبكەن سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی .
هەروەها رایگەیاندوە ، پێشتر تاران دەرفەتەكانی نەقۆستەوە بۆ ئەوەی دەست بە دانوستانێك بنیاتنەر بكات و ئاڵۆزییەكان نەگەنە بەم ئاستەی ئێستا.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پەیوەندییان بە هێرشەکانی شەوی رابردووی ئیسرائیل بۆسەر ئێرانەوە نییە و دەشڵێت، دەتوانن کۆتایی بەم شەڕە خوێناوییە بهێنن.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا هیچ پەیوەندییەکی بە هێرشەکانی شەوی رابردووی ئیسرائیل بۆسەر ئێرانەوە نییە.
هۆشداریشی داوەتە ئێران و دەڵێت: ئەگەر بە هەرجۆرێک ئێمە بکرێینە ئامانج، لەلایەن ئێرانەوە یان ئەو گروپانەی نزیکن لێی، ئەوا هێزەکانمان کارێکی واتان پێدەکەن هەرگیز نەتانبینیوە.
لە کۆتاییشدا ترەمپ ئاماژەی بەوەکردووە، دەتوانن بە ئاسانی رێککەوتن لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا بکەن و کۆتایی بەم شەڕە خوێناوییە بهێنن.
ئەوەش دوای ئەوە دێت، لە دوو رۆژی رابردوودا ئێران هەڕەشەی هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکای کرد لە ناوچەکەدا.
حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ تاراندا چەندین هێرشیان بۆسەر ئیسرائیل ئەنجامداوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو ماڵپەڕی ئەکسیسۆس لەزاری بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلەوە رایگەیاند، محەمەد ئەلغەماری سەرۆک ئەرکان و کەسایەتی دووەمی حوسییەکانیان لە بۆردومانێکدا کردووەتە ئامانج.
پێشتریش لە رۆژی 12ی ئەم مانگەدا، گۆڤاری نیوز ویكی ئەمریكی لە زاری سەرچاوەیەكی ناو بزوتنەوەی ئەنسارولئیسلامی سەر بە حوسییەكان بڵاویكردەوە، لە ئەگەری هێرشكردنە سەر ئێران ئەوان جەنگ دژی ئەمریكا و ئیسرائیل رادەگەیەنن.
میلیسا هۆرتمان، جێگری پێشوی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتی مینیسۆتا و هاوژینەکەی مارک، ئەمڕۆ شەممە لە ماڵەکانیان لە شاری بروکلین پارک کوژران، لەهەمانکاتدا یەکێکی تر لە پارلەمانتارانی دیموکرات جۆن هۆفمان و هاوژینەکەی برینداربوون.
تیم والز، پارێزگاری مینیسۆتا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە “وا پێدەچێت روداوەکە دەستێکی سیاسی لە پشت بێت”.
تەقەکەرەکە خۆی بە شێوەی پۆلیس دەرخستبوو و لە دوو شوێنی جیاواز تەقەی کردووە.
والز لە کۆنفرانسەکەدا گوتی: “ویلایەتەکەمان رابەرێکی گەورەی لەدەستدا، منیش هاوڕێیەکی نزیکم لەدەستدا. سپیکەر هۆرتمان کەسێک بوو کە خزمەت بە گەلی مینیسۆتای دەکرد بە رێزەوە”.
هۆرتمان یەکێک لە بەرپرسە کاریگەرەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی مینیسۆتا بوو لە دەیەی رابردوودا و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی دیموکراتەکانی ئەم ویلایەتەی دەکرد.
هەتا ئێستا تەقەکەرەکە نەگیراوە و گەڕان بەدوایدا بەردەوامە. لە دوای روداوەکە پۆلیس پاسەوانی بەسەر ماڵی هەموو پارلەمانتارەکانی تردا داناوە.
یوری ئۆشاکۆف، یاریدەدەری ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا، رایگەیاند کە پوتین گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی 50 خولەکی لەگەڵ ترامپدا ئەنجامداوە و تیایدا باسیان لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستکرد.
گفتوگۆکە لە نێوان پوتن و ترامپدا سوودبەخش بووە و باسی دۆخی خراپی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کردووە. پوتن ترامپی لەو پەیوەندیە تەلەفۆنیانە ئاگادار کردەوە کە رۆژی پێشوو لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی کردبوو.
یاریدەدەری سەرۆکی روسیا جەختی لەوەش کردەوە، پوتن "ئاماژەی بە گەڕانەوە بۆ دانوستاندن سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی ئێران کرد".
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند؛ کە هیچ پاساوێک نەماوە بۆ درێژەدان بە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا.
وەزیری دەرەوە لەم پێوەندییەدا ئیدانەی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلی کرد و بە پێشێلکردنی سەروەرییەکانی ئەو وڵاتە ناوی برد.
ئاماژەی بەوەدا؛ هێرشکردنە سەر دامەزراوە و ناوچە نیشتەجێبوونەکان و بەئامانج گرتنی زانا ئەتۆمیەکان و کەسایەتییە سەربازییەکان جێگەی لێخۆشبوون نییە و داوای وەڵامدانەوەی یەکلاکەرەوەی جیهان و مەحکوومکردنی نێودەوڵەتیی ئیسرائیل دەکەین بۆ ئەو کردەوە شەڕانگێزییە.
هاوکات تیشکی خستە سەر دامەزراوە ئەتۆمیەکان و وتی: هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئاشتی بە تەواوی نایاساییە و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان قەدەغە کراوە.
هاوکات ئەمڕۆ شەممە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا سەبارەت بە چارەنووسی ئەو دانوستاندنەی بڕیاربوو رۆژی یەکشەممە لە مەسقەت بەڕێوەبچێ رایگەیاند, "سەرنجی سەرەکیمان لە دۆخی ئێستادا، رووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژیی دووژمنە و لەگەڵ هاودەستی ئیسرائیل
ئاژانسێك ئاشكرایکرد، رۆژێك پێش ئەنجامدانی هێرشەكان، ئەمریكا سەدان موشەكی رادەستی ئیسرائیل كردووە.
ئاژانسی میدیڵ ئێست لە زاری دوو لێپرسراوی باڵای ئەمریكاوە بڵاویكردوەتەوە، ئەمریکا ئاگاداری هێرشەكانی ئیسرائیل بووە بۆسەر ئێران، بۆ ئەو مەبەستەش موشەكی تایبەتی رادەستی تەلئەبیب كردووە.
بە وتەی ئەو دوو لێپرسراوە كە ناویان ئاشكرانەكراوە، رۆژێك پێش دەستپێكردنی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، 300 موشەكی هێڵفایەر كە ناوەكەی بە مانای "ئاگری دۆزەخ" دێت، لەلایەن ئەمریكاوە رادستی ئیسرائیل كراون.
ئیسرائیلیش لە رێگەی فڕۆكە جەنگییەكانیەوە سودی لەو موشەكانەی ئەمریكا وەرگرتووە بۆ هێرشكردنەسەر ئێران.
ئیسرائیل جارێکی تر ئێرانی بۆردومانکردەوە و میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، چوار شوێن لە پارێزگای تەبرێز لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردومانکراوە.
هاوکات پەیامنێری کوردسات نیوز: بنکەی راداری ئێران لەسەر شاخی داڵەهۆ لە کرماشان کرایە ئامانج.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی تەسنیم ئاشکرایکردووە: لە هێرشێكی نوێی ئیسرائیلدا بۆ سەر پارێزگای زەنجان سێ زانای بواری ئەتۆم كوژران.
جێگەی ئاماژەیە، لە دوێنێ شەوەوە گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەستی پێکردووە و هەردوولا هێرشەکانیان بۆ سەر یەکتر چڕکردوەتەوە، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان نزیکەی 120 کەس لە ئێران و سێ کەس لە ئیسرائیل کوژراوە.
ئیسرائیل دەڵێت: هێرشەکانمان بۆ سەر ئێران بەپێی پلانی پێشوەختەبوو هەروەها هەموو شوێنە ستراتیژییەکانمان بە ئاماج گرت.
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە ئەنجامدانی هێرشەکان بۆ سەر ئێران و بە ئامانجگرتنی شوێنە ستراتیژییەکان بەپێی پلانی پێشوەختە پلان بۆ داڕێژراو.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل وتیشی: ئێران بەو موشەکانەی ئاڕاستەی ناوخۆیی ئیسرائیلی کرد، هەموو هێڵە سورەکانی بەزاند ودەبێت بە قورسی باجەکەی بدات.
ئەمە لە کاتێکدایە بەهۆی هێرشی موشەکەکانی ئێرانەوە بۆ ئیسرائیل سێ کەس کوژران و دەیان کەسیش برینداربوون.
تادێت هێرشەکانی ئیسرائیل و ئێران بۆ سەر یەکتری زیاتر دەبێت و هەردوو وڵات بە موشەک و بۆردومان وەڵامی یەکدی دەدەنەوە، تارانیش دەڵێت: هەر وڵاتێک بەرگری لە ئیسرئیل بکات بە ئامانج دەیگرین.
لێپرسراوێکی ئێران بە کەناڵی سی ئێن ئێنی راگەیاندووە، هێرشەکانمان بۆ سەر ئیسرائیل چڕتر دەکەینەوە، هەر وڵاتێکیش رێگری بکات بە ئامانج دەیگرین.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان ئێران مافی خۆیەتی وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بداتەوە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت ئیسرائیل لە هێرشەکانیدا بۆ سەر ئێران چەندین فەرماندەی سوپای پاسداران و زانای ئەتۆمی بە ئامانج گرت و چەندین بنکەی ئەتۆمی و سەربازیشی لەناوبرد.
بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، لەئاكامی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ دامەزراوەی نەتەنز لە ئەسفەهانی ئێران تیشكدانەوەی ئەتۆمی لەناوچەكەدا دروستبووە.
رافایل گروسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆم، لە پەراوێزی كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تایبەت بە گرژییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئێران رایگەیاند، لە ئاكامی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، وێستگەیەكی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئەو وڵاتە لەناوبراو، كە تێیدا پیتاندنی یۆرانیۆم گەیشتووەتە ٪ 60.
ئەوەشی خستەڕو، بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە بۆ دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز لە پارێزگای ئەسفەهانی ئێران، تیشكدانەوەی ئەتۆمی لەناوچەكەدا دروستبووە.
گروسی دەشڵێت، هیچ ئاماژەیەك نییە هێرشەكانی ئیسرائیل گەیشتبێتنە وێستگەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ژێر زەوی دامەزراوەی نەتەنز، بەڵام هێرشەكە زیانی بە ئامێرەكانی ناوەندی جێگۆڕكێی وزە گەیاندووە.