ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم: تیشكدانەوەی ئەتۆمی لە نزیك دامەزراوەی نەتەنز دروستبووە
١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، لەئاكامی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ دامەزراوەی نەتەنز لە ئەسفەهانی ئێران تیشكدانەوەی ئەتۆمی لەناوچەكەدا دروستبووە.
رافایل گروسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆم، لە پەراوێزی كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تایبەت بە گرژییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئێران رایگەیاند، لە ئاكامی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، وێستگەیەكی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئەو وڵاتە لەناوبراو، كە تێیدا پیتاندنی یۆرانیۆم گەیشتووەتە ٪ 60.
ئەوەشی خستەڕو، بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە بۆ دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز لە پارێزگای ئەسفەهانی ئێران، تیشكدانەوەی ئەتۆمی لەناوچەكەدا دروستبووە.
گروسی دەشڵێت، هیچ ئاماژەیەك نییە هێرشەكانی ئیسرائیل گەیشتبێتنە وێستگەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ژێر زەوی دامەزراوەی نەتەنز، بەڵام هێرشەكە زیانی بە ئامێرەكانی ناوەندی جێگۆڕكێی وزە گەیاندووە.