ئەمریكا كوژرانی سەربازێك و برینداربونی دوو سەربازیی وڵاتەكەی لە حەمرین راگەیاند.
ناوەندی فەرماندەیی هێزەكانی ئەمریكا ناسراو بە سێنتكۆم لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردوە، لە ٣٠ی مانگی ساڵی رابردوو تا شەشی ئەم مانگە ژمارەیەك ئۆپراسیۆنیان دژی داعش لە عیراق و سوریا ئەنجام داوە و بە فڕۆكەی جەنگی چەند ناوچەیەكی حەمرین بۆردومان كراوە.
سێنتكۆم ئاماژەی بەوەكردوە لە شەڕ و پێكدادانی هێزەكانی هاوپەیمانان بە سەرپەرشتیی ئەمریكا لە ناوچەی حەمرین دژی چەكدارانی داعش، سەربازێك كوژراوە و دوو سەربازیش برینداربون.
بە پێی راگەیەنراوەكە لە دوو و سێی ئەم مانگەشدا هێزەكانی ئەمریكا بە هاوبەشیی لەگەڵ شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكراتی هەسەدە هەڵمەتێكیان لە دژی رێكخراوی داعش لە ناوچەكانی دێرزور ئەنجام داوە و سەركردەیەكی داعشیان دەستگیر كردوە.
هەسەدە سەركەوتنی گەورەی لە بەنداوی تشرین راگەیاند و بەڵێنی سەركەوتنی گەورەتر دەدات.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات"هەسەدە"لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، هێزەكانیان تەواوی هێرشەكانی توركیا و گروپە چەكدارەكانیان بە پشتیوانی فڕۆكە و تۆپهاوێژەكانیان بۆسەر گوندەكانی باشووری رۆژهەڵاتی مەنبج و دەوروبەری بەنداوی تشرین تێكشكاندووە.
لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتووە، لە ئەنجامی تێكشكاندنی هێرشەكاندا، دەیان چەكدار كوژراون و دەیان زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازی تێكشكێندراون.
هەسەدە جەختی لەوەشكردوەتەوە، هێزەكانیان گورزی بەهێزیان لە سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكان داوە، ئەو سەركەوتنەش دەكەنە دیاری گەل و بەڵێنی سەركەوتنی مەزنتر دەدەن.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەکی بەهێز چینی هەژاند و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا ٥٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و بە دەیان کەس لەژێر داروبەرزی خانووە رووخاوەکاندا ماونەتەوە و تیمەکان بەپەلە دەستیان بە کارەکان کردووە.
ئاژانسی هەواڵی چین بڵاویكردەوە، بومەلەرزەكە بە گوڕی ٧.١ پلە بە پێوەری ریختەر روویداوە و ناوچەكانی تبت لە وڵاتی چین و چەند ناوچەیكی نیپاڵی گرتووەتەوە و لە هیندستان و بەنگلادیش هەستی پێكراوە.
لەلایەکی دیکەوە ناوەندی بومەلەزەزانی هیندستان بڵاوی كردووەتەوە بومەلەرزەكە سەعات ٦:٣٥ خولەكی بەیانی لە ناوچەی شیزینگ لە تبت روویداوە كە هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی نیپاڵ.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بەهۆی بومەلەرزەكەوە لانیكەم ٥٣ كەس لە تبت گیانیان لەدەستداوە و ٦٨ كەسیش برینداربوون، هاوکات، دەیان کەس لەژێر داروبەردی خانووە رووخاوەکاندا ماونەتەوە.
بەهۆی ترس لە روودانی پاشەلەرزە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە ماڵەكانیان جێهێشتووە.
سەرۆکی فەرەنسا رایدەگەیەنێت، پێویستە رۆژئاوا لەبارەی دەسەڵاتدارانی نوێی سوریاوە ساویلکە نەبێت و ئاگاداری دۆخەکە بێت. دەشڵێت، "فەڕەنسا هەرگیز دەستبەرداری شەڕڤانانی کورد نابێت لە سوریادا".
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاندووە، پێویستە رۆژئاوا لەبارەی دەسەڵاتدارانی نوێی سوریاوە ساویلکە نەبێت، کە لەدوای رووخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەدەوە دەسەڵاتیان لەو وڵاتە گرتووەتە دەست.
ماکرۆن ئەوەشی خستەڕوو، "فەڕەنسا هەرگیز دەستبەرداری شەڕڤانانی ئازادی نابێت، وەک کوردەکان، کە دژی گروپە توندڕەوەکانی سوریا شەڕیان کرد".
سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوەکردووە، "ئێمە پێویستە رێز لە گۆڕانی رژێمی سوریا بگرین".
ماوەی چەند رۆژێکە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێک لە چین میدیاکانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، کە باس لەوەدەکرێت بڵاوبوونەوەی خێرایە و کاریگەریی لەسەر کۆئەندامی هەناسە دروست دەکات.
دوای پێنج ساڵ لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لە هەمان وادەدا لە چین، ئێستا میدیاکان باس لە ڤایرۆسێکی نوێ دەکەن بە ناوی HMPV، ئەگەر چی ئەو ڤایرۆسە ئەوەندە نوێ نییە وەک لە میدیاکاندا باس دەکرێت و بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠١ لە هۆڵەندا تۆمار کراوە.
ڤایرۆسەکە ماوەی سێ مانگە لە چین سەری هەڵداوەتەوە و بەخێرایی لەناو منداڵاندا بڵاودەبیتەوە، پزیشکەکان باس لەوەدەکەن، ئەوەندە مەترسیدار نییە وەک ئەوەی لە میدیاکاندا باس دەکرێت، بەهەمان شێوەی پەتای وەرزییە.
دووبارە سەرهەڵدانەوەی ڤایرۆسەکە
بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠١ لە هۆڵەندا ڤایرۆسی HMPV 'هیومان مێتاپینیۆمیۆمۆ ڤایرۆس' تۆمار کراوە، کە هاوشێوەی ئەو ڤایرۆسانەی کار لە کۆئەندامی هەناسەدان دەکەن، ئەمیش کاردەکاتە سەر ئەو کۆئەندامە، ئێستا بەشێوەیەکی بەربڵاو لە چین سەری هەڵداوەتەوە و تاوەکو ئەم ساتە لە هیندستانیش سێ حاڵەت تۆمار کراون.
ماوەی سێ مانگە تەندروستی جیهانی چاودێری بڵاوبوونەوەی دەکات
ماوەی سێ مانگە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی چاودێری تۆمارکردنی چەند حاڵەتێک دەکات لەناو منداڵانی چیندا، کە هاوشێوەی پەتای وەرزی نەخۆش دەکەون و بەشێوەیەکی گشتی منداڵەکان گرفتیان لە کۆئەندامی هەناسەیاندا هەیە، لە سەرەتادا هۆکارەکەیان بۆ چوونە ناو وەرزی زستان و ساردبوونی کەشوهەوا دەگەڕاندەوە.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانیش لە سۆشیاڵ میدیادا بابەتەکە بە جیهادا بڵاوبووەوە و دەسەڵاتداران داوایان کرد، منداڵ و بەساڵاچووان و ئەو کەسانەی گرفتی کەمی بەرگری جەستەیان هەیە، تاوەکو دەتوانن گەشت بەرەو چین نەکەن.
پزیشکێکی پسپۆڕ: ئەوەی بڵاوبووەتەوە پەتای وەرزییە
بیلال زعەیتەر پزیشکی بواری دەرمانسازی و نەخۆشییە درمییەکان باسی لەوەکردووە، ئەو ژمارە زۆرەی باس دەکرێت لە چین، سەرجەمیان توشبووی ئەو ڤایرۆسە نوێیە نین، بەڵکو پەتای وەرزیش بڵاوبووەتەوە و رێژەی زۆری توشبووان پەتا وەرزییەکەیە.
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی تەندروستیی چین ئەوەی پشتڕاستکردووەتەوە، ژمارەیەکی زۆری نەخۆشەکان توشی پەتای وەرزی بوون و ئەوەی باس دەکرێت جێگای نیگەرانی نییە.
بیلال زعەیتەر دەشڵێت، ساڵانە لەگەڵ چوونە ناو وەزی زستانەوە پەتا وەرزییەکان بڵاودەبنەوە و ئەوەش لە هەموو جیهاندا هەیە، لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناشەوە بەشێوەیەکی گشتی جیهان هۆشیارترن لەبارەی پەتاکانەوە، بۆیە لایەنە بەرپرسەکان بەرچاو روونترن و دەتوانن هەنگاوی پێویست بگرنەبەر.
نیشانەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکە
نیشانەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکە هاوشێوەی پەتا وەرزییەکانە، بەشێوەیەکی زیاتر لەنێوان منداڵاندا تۆمارکراوە، ئەگەرچی هەموو تەمەنەکان توشی دەبن.
بەشێوەیەکی گشتی لە کەسێک بۆ کەسێکی دیکە نیشانەکان و توندییەکەی دەگۆڕێت، لە نیشانەکانی ئەمانەن:
-تا: تایەکی کەم و مامناوەند.
-کۆکە: کۆکەیەکی بەردەوامی لەگەڵدایە، هەندێک جار بەپێی کەسەکان کۆکەکەی توندە.
-گیرانی لوت یان زیادبوونی دەردراوی لووت.
-هەناسەدان: کاردەکاتە سەر هەناسەدان و هەندێک جار هەناسەدان سەخت دەبێت.
-ماندوویەتی: کەسی توشبوو هەست بە ماندوویەتییەکی زۆر دەکات و بە ئاسانی ناتوانێت ئیش و کارەکانی ئەنجام بدات.
-لە منداڵاندا شیرخواردنیان کەمێک سەخت دەبێت بەهۆی گیرانی لووت و کورتی هەناسەدان.
بەرپرسانی تەندروستی باس لەوەدەکەن، ئەو کەسانەی خۆیان توشبووی نەخۆشییەکی درێژخایەن کە بە پەتا وەرزییەکان کاریگەر بن، یان سیستمی بەرگریان لاوازە، ئەوا لەوانەیە نیشانەکانیان توندتر بێت.
دایک و باوکان دەبێت چی بکەن؟
پزیشکەکان دایک و باوکان هۆشیار دەکەنەوە بەوەی، چاودێری منداڵەکانیان بکەن ئەگەر هەستیان کرد نیشانەکانی پەتای وەرزییان تێدایە، هەندێک جار رەنگی لێوی منداڵەکە شینباو دەبێت و ماندوو دەردەکەون، نیشانەکانی هەناسەتەنگیان پێوە دیار دەبێت.
ئاماژە بەوەشدەکەن، پوێستە لەو کاتانەدا سەردانی پزیشک و بنکە تەندروستییەکان بکەن و چارەسەری پێویست بۆ منداڵەکانیان وەربگرن.
ئەوەشی خستووەتە روو، ئاگاداربوونی پێشوەختە و خۆپارێزی سەختی نەخۆشییەکە کەمدەکاتەوە و زۆر گرنگە بۆئەوەی کەسەکان زووتر چاک ببنەوە.
ڤایرۆسە نوێیەکە وەک کۆرۆنا نییە
بەرپرسانی تەندروستی باس لەوەدەکەن، ڤایرۆسەکە نوێیەکە وەک ڤایرۆسی کۆرۆنا نییە، هەروەها پەتا نییە وەک ئەوەی کۆرۆنا دوای سێ مانگ لە بڵاوبوونەوەی بە پەتایەکی جیهانی ناسێنرا.
٥٪ی توشبووان پێویستیان بە نەخۆشخانە هەیە
لەبارەی ڤایرۆسە نوێیەکە و توشبووانەوە سازیر کومار، پزیشکی پسپۆڕی بوار تیشکی باسی لەوەکردووە، ٥٪ی توشبووانی ڤایرۆسەکە پێویستیان بەوەیە لە نەخۆشخانە بمێننەوە، رێژەی ٩٥٪ی توشبووان دەتوانن لە ماڵەوە چارەسەر وەربگرن و نەخۆشییەکە تێبپەڕێنن.
سێ توشبووی HMPV لە هیندستان تۆمارکراون
وەزارەتی تەندروستی هیندستان رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا سێ توشبووی ڤایرۆسەکە لە هیندستاندا تۆمارکراون، کە یەکەم حاڵەتیان کۆرپەیەکی تەمەن سێ مانگە، دووەمیشیان کۆرپەیەکی تەمەن هەشت مانگە، بەڵام زانیاری پێویست لەسەر حاڵەتی سێیەم نییە.
ڤاکسین
هێشتا هیچ ڤاکسینێک بۆ ڤایرۆسەکە نییە، پزیشکەکان باس لەوەدەکەن، کەسانی توشبوو تەنها لەرێگای وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی، پشوودان و چاودێرییەوە دەتوانن نەخۆشییەکە تێبپەڕێنن.
حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمار نەکراوە
ئەگەرچی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە هاوشێوەی پەتای وەرزی خێرایە و لە هەندێک کەسیشدا نیشانەکانی توندە، بەڵام هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە تۆمار نەکراوە.
رێگاکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە
ڤایرۆسی HMPV، لەرێگای بەرکەوتنی راستەوخۆ و تەوقەکردنەوە، هەروەها دەستلێدانی کەلوپەلی کەسانی توشبووەوە دەگوازرێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، رێزی هەر بڕیارێك دەگرن کە گەلی سوریا بیدات، سەردانەكەی سودانیش بۆ تاران لە پێناو پتەوكردنی پەیوەندییەكانی بەغداد و تارانە.
ئیسماعیل بەقائی وتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئیران رایگەیاند، تاران رێز له هەر بڕیار و خواستێكی خەڵكی سوریا دەگرێت و لەگەڵ پاراستنی یەكپارچەیی خاكی ئەو وڵاتەشدان و گەلانی سوریا هەر بڕیاریک بۆ داهاتووی سیاسی خۆیان بدەن تاران رێزی لێدەگرێت و نایانەوێت سوریا ببێتە شوێنێك بۆ تیرۆریستان و دەستوەردانی وڵاتانی تر.
وتیشی، سەردانەكەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ تاران لە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، لەسەر بانگهێشتی مەسعود پزیشكیان سەرۆك كوماری ئێرانە و ئامانج لێی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتە به دڵنیاییشەوه پێشهات و روداوەكانی ناوچەكه بەتایبەتیش سوریا، بەشێك دەبن له تەوەرەكانی گفتوگۆی نێوان سودانی و لێپرسراوانی ئێران.
حكومەتی نوێی سوریا هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانی وڵاتەكەی لە كڕینی موڵك و خانووبەرە لەو كەسانەی دەستیان بە خوێنی سورییەكان سور بووە.
وەزارەتی بەڕێوەبردنی ناوخۆیی و ژینگەی سوریا لە راگەیەندراوێكدا هۆشداری داوەتە سەرجەم هاووڵاتیانی سوریا و داوای لێكردوون، ئاگاداربن لە كڕینی موڵك و خانووبەرە لە هەر كەسێك كە لە سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەددا دەستی بە خوێنی سورییەكان سور بووبێت.
ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، ئەو هۆشدارییە بۆ ئەوەیە موڵكی هاووڵاتییە سورییەكان پارێزراو بێت و گرێبەستەكانیان هەڵنەوەشێندرێتەوە، چونكە لە سەردەمی رژێمی پێشوودا چەندین پێشێلكاری كراوە و موڵكی خەڵك بەتاڵان براوە و ساختەكارییەكی زۆر لە گرێبەستەكانی كڕین و فرۆشتندا كراوە.
شەپۆلێکی سەرما و کڕێوە رۆژئاوای ئەمریکای گرتووەتەوە و کەشناسی باس لەوەدەکات، شەپۆلەکە بەرەو رۆژهەڵاتیش دەڕوات، پێشبینی دەکرێت بەهۆی ئەو شەپۆلی سەرما و بەفر بارینەوە هاتوچۆ رابگیرێت.
دەستەی کەشناسیی نیشتیمانیی ویلایەتە یەگرتووەکانی ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، شەپۆلی سەرما و کڕێوە 'واتە بارینی بەفر بە رەشەباوە' چەند ویلایەتێکی رۆژئاوای گرتووەتەوە و شەپۆلەکە بەرەو رۆژهەڵاتیش پەل دەکێشێت، پێشبینی دەکرێت لە چەند ناوچەیەک ٣٨ سانتیم بەفر ببارێت و لە هەندێک ناوچەش زیاتر ببارێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینی دەکرێت شەپۆلەکە رێگای هاتوچۆ بگرێت و گەشتەکانیش پەک بخات، هەروەها رەشەباکە ئەوەندە بەهێز بێت دارەکان بشکێنێتەوە و ببێتە هۆکاری پچڕانی کارەباش.
ئەمە یەکەم شەپۆلی بەهێزی سەرما و بەفربارین و رەشەبایە لە ساڵی نوێدا ئەمریکا بگرێتەوە. لەکاتێکدا چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکراونەتەوە کە رێگای هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لە چەند شار و ویلایەتێک گیراوە و رێگاکان بەستوویانە و بوونەتە سەهۆڵبەندان، بەتایبەت لە ویلایەتی کانساس و میزۆریدا.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی کانساسیش هۆشداریان لەبارەی گەشتکردنی نێوان ٤٦ فڕۆکەخانە داوە لەنێوان کانساس و ویلایەتی نیوجێرسی ئەمریکادا.
سەرۆكی ئۆكراین رایدەگەیەنێت، دۆناڵد ترەمپ بەهێزە و توانای هەیە كۆتایی بە جەنگی نێوان وڵاتەكەی و روسیا بهێنێت.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراین لەچاوپێكەوتنێكدا رایگەیاند، گەشبینە بەوەی كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا بەهێزە و دەتوانێت روسیا ناچار بكات بچێتە دانوستانەكانی ئاشتییەوە و كۆتایی بە جەنگی ئۆكراین بهێنێت.
وتیشی، ترەمپ رۆڵێكی بنەڕەتی دەبێت لە گرەنتیكردنی ئاسایشی ئۆكراین و كردنەوەی رێگا لە بەردەم دانوستانی ئاشتی، دوپاتیشیكردەوە لەگەڵ ئەوروپا گرەنتی ئەمنی بەهێز دەدەنە ترەمپ بۆئەوەی بەو رێگەیە دانوستان لەگەڵ روسیا دەستپێبكەن.
سەرۆكی ئۆكراین ئاشکراشیکرد، لەگەڵ ترەمپ یەكەمجار دەستپێشخەری دەكەن بۆ ئاشتی و وڵاتانی ئەوروپاش پشتگیری هەڵوێستەكەیان دەكەن.
فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە بەغدادە و بڕیارە لەگەڵ سەرۆك وەزیران و سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كۆببێتەوە.
میدیاكانی عیراقیەكان بڵاویانكردتەوە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسداران و ژمارەیەك راوێژكار لە سوپای قودس گەیشتونەتە بەغداد، بڕیارە لەگەڵ محەمد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران و فالح فەیاز سەركردەی حەشدی شەعبی كۆببێتەوە.
ئەوەش ئاشكرا كراوە كە قائانی لەسەردانەكەیدا پەیامێك دەگەیەنێتە عیراق سەبارەت بە پێشهاتەكان و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بەتایەبت رەوشی سوریا، بەتایبەت بۆ ئەوەی عیراق لە هەر رەوشێكی نەخوازراو دوربكەوێتەوە و نەبێتە شوێنی هێرشێك كە لەلایەن ئەمریكا یان ئیسرائیلەوە ئەنجام بدرێت.
ئەوەش لە كاتێكدایە بڕیارە رۆژی چوارشەممە محەمد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق سەردانی تاران بكات.
وەزیری دەرەوەی حکومەتی کاتیی سوریا سەردانی قەتەڕی کرد و بڕیارە لە سەردانەکەیدا چاوی بە بەرپرسانی ئەو وڵاتە بکەوێت.
ئەسعەد حەسەن شیبانی وەزیری دەرەوەی حکومەتی کاتیی سوریا لەگەڵ مەرەهف ئەبو قەسڕە وەزیری بەرگری سوریا و ئەنس خەتابی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری گشتی لە قەتەڕن و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە و محەمەد خەلیفی وەزیری دەرەوەی قەتەردا کۆببنەوە.
بڕیارە لە کۆبوونەوەکانیاندا باس لە دوایین پێشهاتەکانی سوریا و پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بکەن، هەروەها باس لە کاری پێکەوەیی و هەماهەنگی نێوانیان دەکەن بۆ ئاسانکاریکردن لە ئەنجامدانی کارەکاندا.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لەماوەی مانگێکدا ئەمە دووەم سەردانی وەزیری دەرەوەی سوریایە بەشێوەیەکی رەسمی بۆ دەرەوەی سوریا. لەکاتێکدا هەر خۆی ماوەی کەمتر لە مانگێکە رژێمەکەی بەشار ئەسەد رووخاوە و حکومەتی کاتیی لە سوریا پێکهێنراوە.
هەسەدە رایگەیاند لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا، ١٣ چەكداری گرووپەكانی سەر بە توركیا لە شەڕ و پێكدادانەكان لەگەڵ شەڕڤانان كوژراون.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات - هەسەدە، سوپای توركیا و چەكدارانی سوری سەر بە توركیا هێرشی فراوانیان كردوەتە سەر بەنداوی تشرین لە مەنبج و لە بەرامبەردا روبەڕوی بەرگریی شەڕڤانان بونەتەوە و رێگریی لە پێشڕەویی ئەو چەكدارانە كراوە.
هەسەدە روونیكردوەتەوە، لە بەرپەرچدانەوەی سێ هێرشی فراوانی سوپای توركیا و چەكدارەكان، لە ٢٤ سەعاتدا ١٣ چەكداری كوژراون و ژمارەیەكیشیان برینداربون.
میدیا جیهانییەکان باس لە کەشوهەوای بەریتانیا دەکەن و ئاماژەیان بەوەکردووە، پێدەچێت بەهۆی بەفر بارینی زۆر و سەرما و بەستنی رێگاکانەوە، بەریتانیا ئیفلیج ببێت و ئیش و کاری رۆژانە پەکی بکەوێت.
ئاژانسی بی ئەی میدیای بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، پێشبینی دەکرێت بەریتانیا رووبەڕووی شەپۆلێکی سەرمای بەهێز و بەفربارینی چڕ ببێتەوە، بەهۆیەوە شەقام و رێگا و بانەکان بیانبەستێت، تەنانەت لەوانەیە گەشتەکان لەرێگای هێڵی ئاسنی و فڕۆکەشەوە رابگیرێن.
ئەوەش خراوەتە روو، بەپێی دوایین ئەو پێشبینییانەی بۆ وڵاتەکە کراوە بۆماوەی یەک هەفتەی داهاتوو، چاوەڕواندەکرێت شەپۆلێکی چڕی بەفربارین و سەرما وڵاتەکە بگرێتەوە و لە هەندێک ناوچەی وڵاتەکەشدا ئاستی بەفربارین بگاتە ٣٠ سانتیمەتر.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە ژینگەییانەی کە روویانداوە و گۆڕانی کەشوهەوا لە جیهاندا، شارەزایانی کەشناسی باس لەوەدەکەن، پێشبینییەکانی کەشوهەوا رەنگە هەندێکجار بۆماوەی درێژخایەن راست دەرنەچن و بگۆڕێن.
لە ماوەی سێ هەفتەدا چوار گۆڕی بە كۆمەڵ لە پارێزگای دەرعای باشوری سوریا دۆزراونەتەوە كە رووفاتی ١٦٣ كەسیان تێدابووە.
دوو گۆڕی بە كۆمەڵ
روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، رۆژانی شەممە و چوارشەممەی رابردوو لە ریفی دەرعا دوو گۆڕی بە كۆمەڵ دۆزراونەتەوە كە روفاتی 36 كەسیان تێدابووە.
لە نێو روفاتەكاندا ژن و منداڵ هەیە
هەروەها رۆژانی١٦ و ٢٢ی مانگی رابردووش، دوو گۆڕی بە كۆمەڵ لە هەمان پارێزگا دۆزراوەتەوە كە روفاتی ١٢٧ كەسیان تێدابووە و لە نێو روفاتەكانیشدا ژن و منداڵ هەبوون.
لە بارەی ئەو پرسە، روانگەی سوریا داوایكردووە لێكۆڵینەوەیەكی نێودەوڵەتی سەربەخۆ بۆ دیاریكردنی ناسنامەی قوربانییەكان بكرێت .
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، بەهۆی هێرشەكانی توركیا زیاتر لە یەك ملیۆن كەس بێئاو بوون و كارەبا و وزەش بەشێویەكی بەرچاو كەمی كردووە.
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، هێرشەكانی چەكدارانی سەر بە توركیا لە ناوچە جیاوازەكان و دژ بە ژێرخانی ناوچەكە و شوێنەكانی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان بە ئامانجی تێكدانی سەقامگیرییە بۆیە دەبێت ئەو هەنگاوانەی توركیا بێ وەڵام نابێت.
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر راشی گەیاندوە، بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هەریەك لە ناوچەكانی دێر حافز و دبس و مسكنە، هەروەها كاردەكات بۆ جێگیركردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكەدا.
ئاماژە بەوە كراوە كە هەنگاوەكانی توركیا و هێرشی سوپای ئەو وڵاتە و هاوپەیمانەكانی لە بەنداوی تشری زیانی زۆری لێكەوتوەتەوە و دۆخی مرۆیی و گەیاندنی ئاو و وزە و خزمەتگوزارییەكانی لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا خستوەتە ژێر مەترسییەوە.
تۆمیکۆ ئیتۆکا، لە تەمەنی ١١٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، ئەو ژنەی لە ریکۆردی گینسدا بە بەتەمەنترین کەسی جیهان ناوی تۆمارکراوە.
تۆمیکۆ لە ناوچەی شیا لە ناوەڕاستی یابان لە خانەی بەساڵاچوواندا دەژیا، ئەگەرچی لە ٢٩ی مانگی ١٢دا کۆچی دوایی کرد، بەڵام هەواڵەکە درەنگتر بە میدیاکان راگەیەنرا.
تۆمیکۆ تاوەکو کۆتایی تەمەنی کە کۆچی دوایشی کرد، یەکێک لە خواردنە سەرەکییەکانی مۆز بووە، هەروەها حەزی بە خواردنەوەی کالبیسی یابانی کردووە، کە ئەو خواردنەوەیە بنەڕەتەکەی کەمێک تامی شیر و ترشییە، غازی تێدا نییە، هەروەها سەرەڕای ئەو تامە بنەڕەتییەی بە چەند تامێکی دیکە ئامادە دەکرێت، لەوانەش ماست و ڤانێلا و چەند تامێکی میوە، ئەوە تۆمیکۆ زیاتر حەزی لێبووە، کالبیس بووە بە تامی ماست.
کالبیس خواردنەوەیەکی باوی یابانە، کە سودەکانی بەرێژەیەک زۆرن، رۆڵی بەرچاو دەگێرێت لە چالاککردنی مێشک و بەهێزکردنی توانای زیرەکیدا، هەروەها بەرگری جەستە بەهێز دەکات و لەگەڵ بەکتریاکانی ریخۆڵەدا دەجەنگێت بۆ پاراستی سیستمی هەرس بە چالاکی و تەندروستی، کە ریخۆڵەکان بە "مێشکی دووەم" ناودەبرێن چونکە کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر هەست و رەفتاری مرۆڤەکان دروست دەکات.
لەدوای مردنی ماریا برانیاسی ١١٧ ساڵ لە ساڵی رابردوودا، تۆمیکۆ بە بەتەمەنترین کەسی جیهان ناوی تۆمار کرا. لە ٢٠ـەکانی تەمەنیدا هاوسەرگیری کردووە و دوو کچ و دوو کوڕی هەیە.
یابان یەکێکە لەو وڵاتانی زۆرترین کەسانی بەتەمەنی تێدایە و تاوەکو مانگی ٩ی ساڵی رابردوو ریکۆردی جیهانی شکاند بەوەی، ٩٥ هەزار و ١٠٠ کەسی وڵاتەکە تەمەنیان گەیشتووەتە ١٠٠ ساڵ و زیاتر.