باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل رایگەیاند، موشەکێکی ئێرانی لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەو وڵاتە کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

مایک هاکابی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل رایگەیاند، موشەکێکی ئێرانی لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەو وڵاتە کەوتووەتە خوارەوە، کاری لە پێشێنەی ئەوانیش پاراستی کارمەندەکانیانە، بەو هۆیەوە بۆ ئەمڕۆ باڵیۆزخانەکەیان لە ئیسرائیل دادەخەن و هیچ کاروبارێک بەڕێ ناکەن.

وتیشی، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل چاودێری دۆخەکە دەکەن و لە ئێستادا ناتوانن کارمەندەکانیان لە ئیسرائیل ببەنە دەرەوە، بەهۆی ئەوەی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە راگیراون.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی سێ رۆژە هێرشی ئیسرائیل و ئێران بۆسەر یەکتر بەردەوامە و دوایین هێرشی ئەمشەوی ئێران بۆسەر ئیسرائیل بووەتە هۆی پێنج گیانلەدەستدان و 92 بریندار.