سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتێکی ئەمریکا و هاوژینەکەی کوژران
رەوەز
١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
میلیسا هۆرتمان، جێگری پێشوی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتی مینیسۆتا و هاوژینەکەی مارک، ئەمڕۆ شەممە لە ماڵەکانیان لە شاری بروکلین پارک کوژران، لەهەمانکاتدا یەکێکی تر لە پارلەمانتارانی دیموکرات جۆن هۆفمان و هاوژینەکەی برینداربوون.
تیم والز، پارێزگاری مینیسۆتا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە “وا پێدەچێت روداوەکە دەستێکی سیاسی لە پشت بێت”.
تەقەکەرەکە خۆی بە شێوەی پۆلیس دەرخستبوو و لە دوو شوێنی جیاواز تەقەی کردووە.
والز لە کۆنفرانسەکەدا گوتی: “ویلایەتەکەمان رابەرێکی گەورەی لەدەستدا، منیش هاوڕێیەکی نزیکم لەدەستدا. سپیکەر هۆرتمان کەسێک بوو کە خزمەت بە گەلی مینیسۆتای دەکرد بە رێزەوە”.
هۆرتمان یەکێک لە بەرپرسە کاریگەرەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی مینیسۆتا بوو لە دەیەی رابردوودا و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی دیموکراتەکانی ئەم ویلایەتەی دەکرد.
هەتا ئێستا تەقەکەرەکە نەگیراوە و گەڕان بەدوایدا بەردەوامە. لە دوای روداوەکە پۆلیس پاسەوانی بەسەر ماڵی هەموو پارلەمانتارەکانی تردا داناوە.