سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی دۆناڵد ترەمپ دەکات و هیوای وایە پێش هاتنی ساڵی نوێ بڕیاری گرنگ لەبارەی ئاشتییەوە بدرێت.
ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین لە پۆستێکدا لە تێلیگرام و ئێکس ئاشکرای کرد، بەمزووانە سەردانی ئەمریکا دەکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
زیلێنسکی ئاماژەی بەوە کردووە، دوای وەرگرتنی زانیاری لە رۆستەم عومەرۆڤ، گەورە دانوستانکاری ئۆکراین سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنی ئەمریکی، گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە "دەکرێت پێش هاتنی ساڵی نوێ بڕیار لەسەر زۆر شت بدرێت".
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی "کیێڤ پۆست"، بڕیارە کۆبوونەوەکە لە 28ی کانونی یەکەم لە مار ئا لاگۆ لە فلۆریدا بەڕێوەبچێت.
زیلێنسکی باسی لەوەش کردووە کە گفتوگۆیەکی "بەرهەمدار"ی لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ و جارید کوشنەر هەبووە و بیرۆکەی نوێیان بۆ ئاشتی راستەقینە و خشتەی کاتی تاوتوێ کردووە.
ئەم جموجۆڵانە لە کاتێکدایە کە ترەمپ فشار دەکات بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی نزیکەی چوار ساڵە بەردەوامە.
سەرۆکی کۆریای باکور پلانی دروستکردنی کارگەی نوێی تەقەمەنی ئاشکرا دەکات و دەڵێت، زیادکردنی بەرهەمهێنانی موشەک و تۆپ زۆر گرنگە بۆ بەهێزکردنی توانای بەرپەرچدانەوەی جەنگ.
میدیای رەسمی کۆریای باکور بڵاویکردەوە، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکور لە کاتی سەردانیکردنی بۆ کۆمپانیا گەورەکانی دروستکردنی تەقەمەنی، فەرمانی کردووە بەرفراوانکردنی توانای بەرهەمهێنانی موشەک و گولـلە تۆپ ئەنجام بدەن.
کیم جۆنگ ئون ئاماژەی بەوە کردووە، بڕیاری دروستکردنی کارگەی نوێی تەقەمەنی لە کۆنگرەی داهاتووی حزبدا دەدرێت، تا بتوانن پێداویستییەکانی هێزی موشەکی و تۆپخانەی سوپای گەل پڕبکەنەوە.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە، پێنجشەممەی رابردوو میدیاکان بڵاویانکردەوە کیم بەسەردانێک چاودێری دروستکردنی ژێردەریاییەکی ئەتۆمیی کردووە کە کێشەکەی 8700 تەنە و موشەکی ستراتیژیی لەسەر جێگیر دەکرێت.
چاودێران پێیانوایە ئەم هەنگاوەی کۆریای باکور پەیوەندی بە ناردنی چەک و سەربازەوە هەیە بۆ روسیا، بەتایبەت دوای ئەوەی باس لە ناردنی 15 هەزار سەربازی ئەو وڵاتە کرا بۆ پشتیوانی مۆسکۆ لە جەنگی ئۆکراین.
لە شەوی کریسمسدا و بە بڕیاری راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، هێزەکانی ئەمریکا هێرشێکی ئاسمانییان کردە سەر پێگەکانی داعش لە ولایەتی سۆکۆتۆ لە باکوری خۆرئاوای نەیجیریا.
لە شەوی 25ی کانونی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکەیان وەڵامێک بووە بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر کۆمەڵگە مەسیحییەکان. هاوکات فەرماندەیی ئەمریکا لە ئەفریقا (AFRICOM) کوژرانی چەندین چەکداری داعشی پشتڕاستکردەوە.
حکومەتی نەیجیریا رایگەیاند، هێرشەکە بە داواکاریی رەسمی ئەوان و لە چوارچێوەی هاوکاریی ئەمنی بووە، بەڵام جەختیکردەوە کە توندوتیژییەکان تەنیا دژی مەسیحییەکان نییە و موسڵمانانیش دەبنە قوربانی.
راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، سۆکۆتۆ بووەتە خاڵێکی مەترسیدار بۆ پەڕینەوەی چەکدارانی داعش و بەیەکەوەبەستنیان بە گروپە چەکدارەکانی ناوچەی ساحیل لە ئەفریقا، بە تایبەت دوای دەرکەوتنی گروپێکی نوێ بەناوی "لاکوراوە" کە رۆڵی پرد دەبینێت لە نێوان داعش لە نەیجیریا و داعش لە نەیجەر و مالی.
ئەم هێرشە دوای چەند رۆژێک دێت لە هێرشێکی خوێناوی داعش لە نەیجەر، ئەمەش وایکردووە واشنتن هەوڵبدات رێگری لە دروستبوونی رێڕەوێکی نوێی چەکدارە توندڕەوەکان بکات لە ناوچەکەدا.
وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، فڕۆکە بۆمب هاوێژە دوور مەوداکانیان بەسەر ئاوەکانی باکوری ئەوروپادا فڕیون و ئاماژەیان بەوەشکردوە، ئۆپراسیۆنە سەربازیەکەیان بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بە شێوەیەکی رێکوپێک لە ناوچە جیاجیاکان ئەنجام دراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی بەرگری روسیا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، کە تیایدا فڕۆکە بۆمب هاوێژەکانی( Tu-95MS بە ئاسمانی دەریای نەرویجی و بارێنتس لە باکوری ئەوروپا دەسوڕێنەوە، ئەمە لە کاتێکدایە ئەوروپا ئا،ادەکاری دەکەن بۆ بەڕێوەچونی بۆنەکانی سەری ساڵ.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو گەشتە پلانبۆداڕێژراوە بەشێک بووە لە ئپراسیۆنێکی ئاسمانی مەودا دوور، کە لەو ماوەیەدا فڕۆکە بۆمبڕێژکراوەکانی روسیا لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی "وڵاتانی بیانییەوە" یاوەری کراوە، بەبێ هێنانی ناوی ئەو وڵاتە.
بەرپرسانی سەربازی روسیا رایانگەیاندووە، گەشتەکە لە چوارچێوەی "بەڵێنەکانی شەڕ و مەشقکردن" ئەنجامدراوە و تا ئێستا حکومەتەکانی ئەوروپا هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەو ئۆپەراسیۆنە نەداوە.
لەلایەکی دیکەوە سوپای پۆڵەندا رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەیان رێگرییان لە فڕۆکەیەکی سیخوڕی روسی کردووە بەسەر دەریای باڵتیکدا فڕیوە و دوابەدوای روداوەکە بەشێک لە ئاسمانی پۆڵەندا داخرا.
ئەمە لە کاتێکدایە لای خۆشیانەوە بەرپرسانی ژاپۆن، رایانگەیاند بوو، لە ئۆپراسیۆنێکی ئاسمانی هاوبەشی نێوان روسیا و چین فڕۆکە جەنگییەکانیان سەرەتا بەسەر دەریای ژاپۆن و دواتر لەگەڵ فڕۆکە جەنگییەکانی چین بەسەر دەریای رۆژهەڵاتی چیندا فڕیون و جارێکیش بە تەواوی ژاپۆنیان سووڕاونەتەوە.
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل "هەرگیز" کەرتی غەززە بەجێناهێڵن و دوای هەڵوەشاندنەوەی حەماس و ژێرخانەکەی، ناوچەیەکی ئەمنی لەناو کەرتەکە بۆ پاراستنی شارۆچکە ئیسرائیلییەکان دادەمەزرێنن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، ئیسرائیل هەرگیز غەززە بەجێناهێڵێت. لە ناو کەرتی غەززەوە ناوچەیەکی ئەمنی دروست دەبێت، ناوچەیەکی ئەمنی بەرچاو لە شوێنە ستراتیژییەکانی غەززە، بە مەبەستی پاراستنی ئەو شوێنانەی جولەکەنشینن.
ناوبراو جەختیکردوەتەوە، لە بەشی باکوور، بەپێی دیدگای ئەو، لە داهاتوودا، بە شێوەیەکی رێکخراو، دەتوانرێت شوێنێکی نیشتەجێبوون دابمەزرینن و وتویەتی ئەمە ئەوەیە کە دەیڵێتو بەردەوام وتویەتی.
کاتز لەبارەی قسەکانیشیەوە دەڵێت؛ سبەینێ راگەیەندنەکان هەوڵ دەدەن قسەکانم وەک راگەیاندنی دەستبەجێی نیشتەجێبوونەکان لە سەرتاسەری غەززە لێکبدەنەوە، بەڵام قسەکانی من روونە و جەخت لەسەر ئەو خاڵە دەکەمەوە کە دامەزراندنی یەکەیەکی نیشتەجێبون شتێکی چارەنووسسازە و دەتوانرێت لە کاتی گونجاودا لە داهاتوودا جێبەجێ بکرێت
بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1969ەوە، دانیشتووانی مۆگادیشۆی پایتەختی سۆماڵ بە شێوەی "یەک کەس، یەک دەنگ" بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی خۆجێیی دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دانیشتووانی 16 ناوچەی پایتەخت لە هەڵبژاردنێکدا بەشدار دەبن کە حکومەتی فیدراڵی رێکخستووە، سەرەڕای ئەوەی ئۆپۆزسیۆن رەتیکردووەتەوە و بە "لایەنگرانە" وەسفی دەکات.
شارەزایان ئەم هەنگاوە بە گۆڕانکارییەکی گەورە لە سیستمی سیاسیی سۆماڵ دەزانن، کە دەیان ساڵە پشت بە دانوستان و دابەشکاریی خێڵەکی دەبەستێت.
هەرچەندە ئەم هەڵبژاردنە بۆ دیاریکردنی ئەندامانی ئەنجومەنی ناوخۆییە و راستەوخۆ سەرۆکی شارەوانی دیاری ناکات، بەڵام بەپێی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، نزیکەی 900 هەزار دەنگدەر لە 523 وێستگە تۆمارکراون و 20 پارت کاندیدیان هەیە.
ئۆپۆزسیۆن نیگەرانە لەوەی ئەم هەڵبژاردنە هەوڵێک بێت بۆ درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی حەسەن شێخ مەحمود، کە بڕیارە ساڵی 2026 کۆتایی بێت، بەڵام حکومەت ئەم تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ واشنتۆن نەگەشتونەتە رێککەوتن لەسەر پرسی خاک، چاوەڕوانی وەڵامدانەوەی مۆسکۆن سەبارەت بە دوایین رەشنووسی پلانی کۆتایی هێنان بە شەڕ، کە لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆیان لەسەر کردوە.
زیلینسکی لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنوسان، کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە وتویەتی؛ لە چاوەڕوانی وەڵامی مۆسکۆدان سەبارەت بە پلانەکەی ئەمریکا بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی ئۆکراین و روسیا، کە 20 خاڵە و لە کۆتایی هەفتەی رابردوو لە میامی لەگەڵ ئەمریکییەکان لەسەری رێککەوتوون.
سەرۆکی ئۆکراین، جەختیکردوەتەوە، کە دانوستانکارانی ئەمریکا و ئۆکراین لە دانوستانەکانیاندا بە ئامانجی کۆتایی هێنان بە شەڕ لەگەڵ روسیا نەیانتوانیوە لەبارەی پرس خاکەوە بگەنە رێککەوتن، داواشی کرد ئەو پرسانە لە ئاستی سەرکردایەتیدا تاوتوێ بکرێن.
لای خۆیەوە ئاژانسی فرانس پرێس، لەزاری زیلینسکیەوە بڵاویکردوەتەوە، ئۆکراین و ئەمریکا سەبارەت بە خاکی ناوچەی دۆنێتسک و وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا نەگەیشتونەتە رێککەوتن و بەگوێرەی ئەو رەشنوسەی لە پلانی ئاشتیدا هاتووە؛ واشنتۆن، کیێڤ و مۆسکۆ بە هاوبەشی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا بەڕێوەدەبەن.
زیلینسکی ئەوەشی خستوەتەڕو، ئامادەن لەسەر ئاستی سەرکردایەتی کۆبونەوە لەگەڵ ئەمریکا ئەنجامبدەن، بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەستیارەکانی وەک بابەتەکانی پرسی خاک.
سەرۆکی ئۆکراین دەشڵێت؛ پلانی ئاشتیی شەڕ رادەگرێت و رێگە خۆش دەکات بۆ ئەگەری دروستکردنی ناوچەی دابرێندراو لەشەڕ و لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەو پلانەشدا، کیێڤ هەڵبژاردن ئەنجام دەدات دوای واژۆکردنی پلانی ئاشتی.
لە کۆتایشدا سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاندوە، پڕۆژە یاسای ئاشتی کیێڤ ناچار ناکات بە رەسمی دەستبەرداری هەوڵەکانی ببێت بۆ ئەنداموون لە هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی "ناتۆ".
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان لە شوێنی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی لیبیا بەردەوامە و ئاشکراشیکردوە، سەرجەم سەرنشینانی فڕۆکەکە، کە سەرۆکی ئەرکانی سوپای تورکیای هەڵگرتبوو گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، عەلی یەرلیکایای وەزیری ناوخۆی تورکیا گیانلەدەستدانی سەرجەم سەرنشنەکانی فڕۆکەکەی سەرۆک ئەرکانی لیبیای راگەیاند، کە ژمارەیان هەشت کەس بووە. ئاماژەی بەوەشکرد لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن لە روداوەکە و تیمێکی لیبیا گەیشتونەتە ئەنکەرە بۆ بەشداریکردن لە لێکۆڵینەوەکان.
وەزیری ناوخۆی تورکیا، ئەوەشیخستەڕوو، سندوقی رەشی فرۆکەکەیان دەستکەوتوە و ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان لە شوێنی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە بەردەوامە، دوای پشکنینی سندوقە رەشەکە، هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە رادەگەیەنن.
درەنگانێکی شەوی رابردوو، میدیاکانی تورکیا رایانگەیاند، فڕۆكەكەی محەمەد حەداد سەرۆك ئەركانی سوپای لیبیا لە کاتی بەجێهێستنی ئەنقەرە بەرەو پایتەختی لیبیا كەوتووەتە خوارەوە، وەزیری ناوخۆی توركیاش، هەر ئەوکات پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ فڕۆكەی سەرۆكایەتی لیبیا پشتڕاستکردەوە، كە سەرۆك ئەركان و چەند كەسێكی دیكەی تێدا بووە.
چین لە بواری پیشەسازیدا، بەردەوامە لە بەهێزکردنی هەژمونی خۆی بەرانبەر بە ئەمریکا، جارێکی تر لێپرسراوانی واشنتۆن هۆشداری دەکەن لە قۆرخکردنی پیشەسازی ئەلیکترۆنی، لەلایەن وااتی چینە وە و داوای سزادانی دەکەن.
دەسەڵاتدارانی ئەمریکا رایانگەیاند، نوسینگەی نوێنەری بازرگانی ئەمریکا بەو ئەنجامە گەیشتوە، کە چین پێویستە سزا بدرێت بەهۆی بەکارهێنانی شێوازی نادادپەروەرانە بۆ زاڵبوون بەسەر پیشەسازی نیمچە گەیەنەرەکاندا( ئەلیکترۆنیات) وقۆرخکردنی ئەو پیشەسازییە بۆ خۆی .
میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردوەتەوە، لێکۆڵینەوەیەک لەلایەن (نوسینگەی نوێنەری بازرگانی ئەمریکا - USTR ) ەوە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە بەکارهێنانی شێوازی نادادپەروەرانەی چین "بۆ زاڵبوون بەسەر پیشەسازی نیمچە رێبەرەکاندا ناعەقڵانییە و دەبێتە بارگرانی بۆ ئەمریکا و سنوردارکردنی بازرگانی ئەو وڵاتە.
بۆ ئەو مەبەستەش داوادەکەن، سزای وڵاتی چین بدرێت و باجی گومرگری بخرێتەسەر، بە تایبەتی ئێستا، کە ئاستی گومرگر ئەمریکا بۆ ئەو جۆرەی بازرگانیەی وڵاتی چین سفرە.
بۆ ئەو مەبەستەش لێپرسراوانی واشنتۆن، پیسنیازیان کردوە، باجی گومرگری بخرێتە سەر ئەو جۆرەی پیشەسازی لە وڵاتی چیندا و پیسیان وایە، لە دوای 18 مانگ ئەو باجە دەسەپێندرێت.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەگەر سوپای روسیا بەردەوام بێت لە تۆمارکردنی سەرکەوتنی سەربازی لە ئۆکراین، ئەوا مەترسییەکی جددی بۆ سەر هاوپەیمانیی ناتۆ دروست دەکات.
یۆهان ڤادیفوڵ، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی ئاشکرای کرد، بەردەوامبوونی سەرکەوتنەکانی روسیا هەڕەشەیە بۆ سەر ناتۆ، بۆیە بە تەنها ئەم هۆکارە بەسە بۆ ئەوەی پشتیوانیکردنی ئۆکراین بخەینە پێش هەموو جۆرە سیاسەتێکی هاوپەیمانیەکە.
وتیشی: "هەرچەند دۆخی ئاشتی لە ئۆکراین سەقامگیرتر بێت و ئەو وڵاتە بتوانێت بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی بکات، ئەوە بۆ تەواوی ئەوروپا باشترە، بۆیە هیچ پاساوێک نییە بۆ کەمکردنەوەی هەوڵەکانمان، بەڵکو بە پێچەوانەوە نابێت بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری ئەو پلانانە بین".
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، روسیا بەردەوام جەخت دەکاتەوە کە ناردنی چەک بۆ ئۆکراین رێگرە لە چارەسەری سیاسی و وڵاتانی ناتۆ راستەوخۆ تێوەدەگلێنێت لە ململانێکە و یاری کردنە بە ئاگر.
سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، روسیا هێرشێکی "فراوانی"ی کردووەتە سەر چەندین شاری وڵاتەکەی، ئەوەش لە کاتێکدایە کە رۆژێک پێشتر هۆشداریدابوو لە هێرشەکان لە ماوەی جەژنەکانی سەری ساڵدا.
بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسانی ئۆکراین، لە ئەنجامی هێرشەکانی روسیا بۆ سەر چەندین شاری ئۆکراین سێ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە یەکێکیان منداڵێکی 4 ساڵانە. هەروەها ژێرخانی وزە کراوەتە ئامانج و چەند ناوچەیەک بێ کارەبا ماونەتەوە.
زێلێنسکی رایگەیاند، خەڵک دەیانەوێت "لەگەڵ خێزانەکانیان، لە ماڵەکانیان و بە سەلامەتی" بن لە پێش جەژنی کریسمس و وتی، هێرشەکان "پەیامێکی زۆر روونن سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی روسیا"، لە کاتێکدا گفتوگۆکانی ئاشتی بەردەوامن.
وتیشی: "پوتن هێشتا ناتوانێت قبوڵ بکات کە دەبێت واز لە کوشتن بهێنێت و ئەمەش مانای ئەوەیە کە جیهان فشاری پێویست ناخاتە سەر روسیا".
زێلێنسکی پێشتر هۆشداریدابوو کە "سروشتی کرێملینە" لە ماوەی جەژنەکاندا "هێرشی بەرفراوان ئەنجام بدات و هاووڵاتیان بەئامانج بگرێت"
ئاژانسی هەواڵی تاس-ی روسیا رایگەیاند، وەزارەتی بەرگریی روسیا ژێرخانەکانی وزە و گواستنەوەی کردووەتە ئامانج.
هاوکات، باس لەوە دەکرێت ئۆکراین کارگەیەکی پترۆکیمیایی لە ستراڤرۆپۆلی باشووری روسیا کردووەتە ئامانج و زیانی زۆری لە کارگەکان داوە.
ڤلادیمیر ڤلادیمیرۆڤ، پارێزگاری ناوچەکە، رایگەیاند درۆنێکی ئۆکراینی کارگەکەی پێکاوە و ئاگرێکی لێکەوتووەتەوە. هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و باڵەخانە نیشتەجێبووەکان زیانیان پێنەگەیشتووە.
لە رۆژانی رابردوودا، سەرنجی سەرەکیی هێرشەکانی روسیا لەسەر شاری ئۆدێسای باشوور بووە، ئەوەش دوای ئەوەی ڤلادیمیر پوتن هەڕەشەی بڕینی دەستڕاگەیشتنی ئۆکراینی بە دەریای رەش کرد.
سەرۆکی روسیا ئەم هەڕەشەیەی وەک تۆڵەسەندنەوەیەک کرد، دوای هێرشەکانی درۆنی ئۆکراین بۆ سەر تانکەرەکانی سەر بە "کەشتیگەلی سێبەری" روسیا، کە ئەو کەشتییانەن بۆ گواستنەوەی کاڵا و نەوت بەکاردەهێنرێن و لەژێر سزاکانی رۆژئاوان.
وتەبێژی بیڵ کلینتۆن داوا لە دۆناڵد ترەمپ و وەزیری دادی ئەمریکا دەکات، سەرجەم ئەو وێنە و بەڵگەنامانە بڵاوبکەنەوە کە پەیوەستن بە دۆسیەی جیفری ئیپستین و ناوبراوی تێدا دەردەکەوێت، دەشڵێت "ئێمە پێویستیمان بە پاراستن نییە".
ئەنجێل ئۆرینا، وتەبێژی بیڵ کلینتۆن، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا لە پەیامێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، یاسای شەفافیەت لە دۆسیەکانی ئیپستین پابەندبوونی یاسایی دەخاتە سەر وەزارەتی داد بۆ خستنەڕووی تەواوی تۆمارەکان بۆ رای گشتی.
وتیشی: "شێوازی بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەکان لەلایەن وەزارەتی دادەوە دەریدەخات کە کەسێک هەیە دەپارێزرێت یان شتێک شاردراوەتەوە، ئێمە نازانین کێیە یان چییە، بەڵام دەزانین کە ئێمە پێویستیمان بە هیچ پارێزبەندییەک نییە".
وەزارەتی دادی ئەمریکا دەستیکردووە بە بڵاوکردنەوەی هەزاران بەڵگەنامە و وێنەی پەیوەست بە تۆڕی جیفری ئیپستین، کە بە ئەنجامدانی تاوانی سێکسی سزادراوە.
لە بەشێک لەو وێنە و دۆسیانەی بڵاوکراونەتەوە، وێنەی بیڵ کلینتۆن و ژمارەیەک کەسایەتی دیاری وەک مایکڵ جاکسۆن و کریس تەکەر دەردەکەون لەگەڵ ئیپستین و جیسلین ماکسوێڵ لە بۆنەی کۆمەڵایەتیدا، بەڵام هیچ تۆمەتێکی فەرمییان ئاڕاستە نەکراوە.
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، هەنگاوێکی زیرەکانە دەبێت ئەگەر سەرۆکی ڤەنزوێلا دەسەڵات جێبهێڵێت، هاوکات هێرشی توند دەکاتە سەر سەرۆکی کۆڵۆمبیا و دەڵێت "کۆکایین رەوانەی ئەمریکا دەکات".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان لە فلۆریدا رایگەیاند، پێیوایە باشترە نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا دەسەڵات جێبهێڵێت و وتی: "ئەوە بڕیارێکی زیرەکانە دەبێت ئەگەر ئەو کارە بکات، بەڵام ئەگەر بیەوێت خۆی بە بەهێز دەربخات و سەرکێشی بکات، ئەوا دواجار دەبێت ئەو کارە بکات".
سەبارەت بەو نەوتەی لە هەفتەکانی رابردوودا لە کەناراوەکانی ڤەنزوێلا دەستی بەسەردا گیراوە، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا دەتوانێت نەوتەکە بفرۆشێت یان بۆ خۆی گلی بداتەوە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە هەڵمەتەکانی فشاری ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا چڕ بوونەتەوە و بەهۆی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئەو کەشتییانەی مادەی هۆشبەر دەگوازنەوە، نزیکەی 100 کەس کوژراون.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ هێرشی توندی کردە سەر گوستاڤۆ پترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا و بە "کەسێکی زۆر خراپ" وەسفی کرد.
ترەمپ وتی: "پترۆ دۆستی ئەمریکا نییە، ئەو کۆکایین دروست دەکات و رەوانەی ئەمریکای دەکات، بۆیە دەبێت ئاگای لە خۆی بێت"
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند، وڵاتەکەی ئاگادارە کە ئێران لەم دواییانەدا "مەشق" ئەنجام دەدات و جەختی کردەوە، هەر هێرشێک لەلایەن تارانەوە بکرێتە سەر ئیسرائیل، وەڵامێکی "توندی" دەبێت.
ناتانیاهۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکی قوبرس و سەرۆک وەزیرانی یۆنان وتی، چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاوتوێ دەکات، بەڵام هیچ زانیارییەکی دیکەی لەبارەی مەشقەکانی ئێرانەوە ئاشکرا نەکرد.
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە کە رۆژی دووشەممە، هەواڵی دژبەیەک لەبارەی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی موشەکی لەلایەن ئێرانەوە لە چەند شارێک بڵاوبووەوە. لەکاتێکدا میدیای رەسمیی ئێران ئەنجامدانی مەشقەکانی پشتڕاستکردەوە، دەستەی رادیۆ و تەلەفزیۆنی وڵاتەکە رەتیکردەوە.
بەپێی راپۆرتێکی تۆڕی "ئێن بی سی" ئەمریکی، ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ خستنەڕووی دۆسیەیەکی هەستیار لەسەر مێزی گفتوگۆکانی لەگەڵ ترەمپ. بەگوێرەی راپۆرتەکە، ناتانیاهۆ نیازی وایە زانیاریی هەواڵگریی نوێ لەبارەی فراوانکردنی بەرهەمهێنانی موشەکی بالیستی لەلایەن ئێران و بنیاتنانەوەی ئەو دامەزراوانەی کە لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا وێران کراون، بخاتەڕوو، لەگەڵ پێشکەشکردنی بژاردەی ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی نوێ.
هاوکات، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" بڵاویکردەوە، ئیسرائیل بە ئیدارەی ترەمپی راگەیاندووە کە مەشقە موشەکییەکانی ئەم دواییەی ئێران رەنگە ئامادەکاری بن بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل. "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە گواستییەوە وتی، "ئاماژەکانمان دەستکەوتووە کە ئێران سەرقاڵی بنیاتنانەوەی تواناکانیەتی لە بواری موشەکیدا".
لەگەڵ بەردەوامی گرژییەكان بەهۆی كوشتنی عوسمان هادی، وتەبێژی بزوتنەوەی "ئینقیلاب مەنچ"، روداوێكی دیكەی تەقەكردن لە بەنگلادیش تۆماركرا كە تێیدا محەمەد موتەڵیب سیكدار، سەركردەیەكی دیاری پارتی هاووڵاتیانی نیشتمانی (NCP) لەلایەن چەكدارانی نەناسراوەوە كرایە ئامانج و گولـلە بەر سەری كەوت.
میدیاكانی بەنگلادیش بڵاویانكردەوە، روداوەکە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە سەعات 11:45 لە ناوچەی سۆنادانگا لە شاری خولنا رویداوە.
سەیف نەواز، رێكخەری لقی خولنای پارتی هاووڵاتیانی نیشتمانی (NCP) بە رۆژنامەی "پرۆتۆم ئالۆ"ی راگەیاندووە، سیكدار كە رێكخەری ناوەندی و بەرپرسی بەشی كرێكارانی حزبەكەیە، سەرقاڵی رێكخستنی گردبوونەوەیەكی جەماوەری بووە بۆ كرێكاران لە خولنا، كاتێك هێرشەكە كراوەتە سەری.
بەپێی زانیارییەكان، سیكدار گولـلەیەك بەر لای چەپی سەری كەوتووە و دۆخی تەندروستی جێگیر نییە. ئەنیمێش مەندەل، ئەفسەری لێكۆڵینەوە لە بنكەی پۆلیسی سۆنادانگا پشتڕاستیكردەوە كە بریندارەكە دەستبەجێ گەیەندراوەتە نەخۆشخۆشخانەی كۆلێژی پزیشکی خولنا و پاشان بۆ پشکنینی تیشک گواستراوەتەوە بۆ سەنتەرێكی پزیشكی.
ئەم روداوە دوای ئەوە دێت هەفتەی رابردوو خۆپیشاندانی توندوتیژ بەنگلادیشی گرتەوە، ئەوەش بەهۆی كوشتنی شەریف عوسمان هادی، سەركردەی دیاری ئۆپۆزسیۆن. شەریف عوسمان هادی تەمەن 32 ساڵ، كە بە هەڵوێستە توندەكانی دژی هیندستان ناسرابوو، رۆژی 12ی ئەم مانگە (كانوونی یەكەم) تەقەی لێكرا و رۆژی 18ی مانگ لە نەخۆشخانەیەكی سەنگاپورە گیانی لەدەستدا. هادی رۆڵێكی دیاری هەبوو لە راپەڕینی خوێندكاران لە ساڵی 2024 كە بووە هۆی رووخانی حكومەتی شێخ حەسینە.
بەنگلادیش خۆی بۆ هەڵبژاردنەكانی شوباتی 2026 ئامادە دەكات و گرژییە سیاسییەكان لە لوتكەدان، محەمەد یونس، سەرۆكی حكومەتی كاتی، هەوڵی نزیكبوونەوە دەدات لەگەڵ پاكستان لەسەر حسابی دوورکەوتنەوە لە هیندستان.
هاوكات بەشێك لە باڵی توندڕەوی نێو پارتی (NCP) لێدوانی دژ بە هیندستان دەدەن و هەڕەشەی ئەوە دەكەن هاوكاری هێزە دژبەرەكانی ئەو وڵاتە بكەن بۆ جیاكردنەوەی حەوت ویلایەتەكەی باكوری رۆژهەڵاتی هیندستان (كە بە حەوت خوشكەكە ناسراون). لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی هیندستان ئەو تۆمەتانەی رەتكردەوە و داوای لە حكومەتی كاتی بەنگلادیش كرد رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی ئاشتیانە.
ژاپۆن گەورەترین وێستگەی وزەی ئەتۆم لە جیهاندا بەكاردەخاتەوە .
دەستەی رادیۆ و تەلەفزیۆنی ژاپۆن ئاشكرایكردووە ، چاوەروان دەكرێت بریاری دوبارە بەكارخستنەوەی وێستگەی "كاشیوازاكی كاربوا" ی ژاپۆن پەسەند بكرێـت كە گەورەترین وێستگەی ئەتۆمیە لە جیهاندا و 220 كیلۆمەتر لە باكوری رۆژئاوای تۆكیۆوە دورە ، ئەوەش خاڵێكی وەچەرخان دەبێت لە گەرانەوەی وڵاتەكە بۆ هێزێكی ئەتۆمی .
وێستگەی "كاشیوازاكی كاربوا" یەكێك بوو لەو 54 وێستگە ئەتۆمیەی ساڵی 2011 لە ژاپۆن بەهۆی كاریگەرییەكانی بومەلەرزە وسونامییەوە داخران ، تا ئێستا شژاپۆن 14 لەو وێستگانەی بەكارخستوەتەوە .