ئیتاڵیا ئاستی ئامادەکاریی بۆ هۆشداریی سوور لە 14 شاردا بەرزکردەوە، هاوکات لەگەڵ بەردەوامی ئەو شەپۆلە گەرمایەی کە کیشوەری ئەوروپای گرتووەتەوە.
لە هۆشدارییەکی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما مەترسییەکی راستەوخۆ و دەستبەجێ پێکدەهێنێت، بەتایبەت بۆ بەساڵاچووان، کۆرپەکان و ئەو چینانەی کە هەستیارترن.
ئیتاڵیا پشت بە سیستمێکی هۆشداریی سێ ئاستی دەبەستێت: زەرد بۆ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، پرتەقاڵی بۆ مەترسیی ئەگەری، و سوور کە بەواتای ئەوە دێت گەرماکە بووەتە هەڕەشە بۆ سەر تەندروستی هەموو هاووڵاتیان بەبێ جیاوازی.
لەلایەکی ترەوە، ئامارە رەسمییەکانی 7 وڵاتی ئەوروپی ئاشکرایان کردووە کە لە کاتی شەپۆلی گەرمای مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا، نزیکەی 14 هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدان زیاتر لە رێژەی ئاسایی تۆمارکراوە، لەگەڵ نزیکەی 2200 حاڵەتی گیانلەدەستدانی زیادە کە نووسینگەی کەشناسی بەریتانیا لە نێوان 18 بۆ 28ی هەمان مانگدا رەسدی کردووە ئەم ژمارانە هێشتا سەرەتایین و پێشبینی دەکرێت لەگەڵ گەیشتنی زانیاری نوێدا بەرزتر ببنەوە.
'پلانی دوو قۆناغی'ـی ترەمپ؛ ئەمریکا بۆردومانی پێگەکانی ئێران دەکات و بژاردەی گورزە گەورەکەی لەسەر مێزە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران پەنای بۆ بژاردەی سەربازیی ستراتیژی بردووە کە باڵادەستیی هێزی ئەمریکا پێشاندەدات؛ بڕیارەکانی واشنتۆن بە ئامانجی ناچارکردنی تارانە بۆ گەڕانەوە سەر مێزی گفتوگۆ یان رازیبوون بە داواکارییەکانی ئەمریکا، نەک وەشاندنی گورزێکی خێرای کۆتایی.
میدیاکانی ئەمریکا ئاشکرایانکردووە قۆناغی یەکەم لە سێ خاڵ پێکدێت کە بەم شێوەیەیە:
قۆناغی یەکەم: ئۆپەراسیۆنی دووانی لە گەروی هورمز:
بۆردومان و گەمارۆ: چەند رۆژێکە ئەمریکا دەستی بە جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی دووقۆڵی کردووە؛ لە لایەکەوە پێگەکانی ئێران لە تەواوی ناوچەکانی نزیک گەروی هورمز بۆردومان دەکات، و لە لایەکی تریشەوە گەمارۆیەکی توندی خستووەتە سەر جووڵەی کەشتییەکان.
پێشێلکردنی رێککەوتن و ئاماری هێرشەکان: لێپرسراوانی ئەمریکی بە کەناڵی حەدەسی عەرەبییان راگەیاندووە، ترەمپ دەرفەتێکی باشی دابوو بە ئێرانییەکان بۆ دانوستان، بەڵام تاران دوای پابەندبوونی سەرەتایی، تەنیا لە هەفتەی رابردوودا هێرشی کردە سەر سێ کەشتیی بازرگانی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا، بە گشتی لە دوای راگەیاندنی یاداشتی چوارچێوەییەوە، ئێران 23 کەشتیی بۆردومان کردووە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 12 کەشتیوان.
ئامانجە سەربازییەکان: وتەبێژە سەربازییەکانی ئەمریکا جەخت دەکەنەوە، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا 'سێنتکۆم' کار بۆ لێدانی ئامانجە سەربازییەکانی ئێران دەکەن، لەوانەش: تواناکانی بەرگری و هێرشبەری (وەک سەکۆکانی هاویشتنی موشەک و درۆنەکان)، توانای پیشەسازیی سەربازی، گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی، و سەرجەم تواناکانی تری هێزی دەریایی ئێران.
قۆناغی دووەم: بژاردەی گورزە گەورەکە و هێنانە سەر لێواری روخان:
قۆناغی دوای هورمز: گەورەترین پرسی سەر مێزی سەرۆکی ئەمریکا بریتییە لە "قۆناغی ژمارە دوو". ئاماژەکان نیشان دەدەن ئەمریکا چەک و هێزی زیاتر دەگوازێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش بژاردە دەداتە ترەمپ بۆ وەشاندنی گورزێکی گەورەتر و بەرفراوانتر بۆ سەر ژێرخانی ئێران، تا رژێمی تاران لاواز بکات یان بیخاتە سەر لێواری روخان.
چاوەڕوانی بۆ بڕیاری کۆتایی: سەرەڕای هەڕەشە بەردەوامەکانی ترەمپ، هەڵسەنگاندنە ئارامەکانی لێپرسراوانی ئەمریکی ئاماژە بە ئەگەرێکی "گورزە گەورەکە" ناکەن. لێپرسراوێکی ئەمریکی رایگەیاندووە: "ترەمپ بژاردەی دروستی دابووە ئێرانییەکان، بەڵام ئەوان بڕیاری هەڵەیان دا و بوونە هێرشبەر لەبری هێورکردنەوەی رەوشەکە؛ ئێستاش دەبێت چاوەڕێ بین ببینین چی دەکەن."
پاشەکشەی توانای سەربازیی تاران: کەناڵی حەدەس ئاشکرایکردووە، ئەوەی وا لە لێپرسراوانی باڵای ئیدارەی ئەمریکا دەکات پەلە نەکەن لە وەشاندنی گورزی کۆتایی، هەڵسەنگاندنەکانی هەواڵگریی ئەمریکایە؛ زانیارییەکان دەری دەخەن کە هێزەکانی ئەمریکا تا ئێستا سەرکەوتوو بوون لە لێدانی کارگەکانی پیشەسازیی سەربازیی ئێران، تێکشکاندنی ژمارەیەکی زۆری سەکۆکانی هاویشتنی موشەک و درۆن، پەکخستنی هێزی دەریایی و خاپوورکردنی سەنتەرەکانی سەرکردایەتی و کۆنترۆڵی ئەو وڵاتە.
بەراوردکردنی هێرشەکانی ئێران بە بەردهاویشتن: لێپرسراوێکی ئەمریکی رەوشی ئێستای تواناکانی ئێران بە پیاوێک بەراورد دەکات کە لەسەر شەقامێکی گشتی وەستابێت و بەرد بگرێتە ئۆتۆمبێلەکان؛ بێگومان ئەوە هەڕەشەیە بۆ سەر سەلامەتیی هاتوچۆ، بەڵام ناتوانێت رێگری لە رۆشتنی ئۆتۆمبێلەکان بکات. ئەو لێپرسراوە دەڵێت: "هێرشەکانی ئێستا کورتخایەن و تەنیا کاریگەریی دەروونییان هەیە، تاران چیتر ناتوانێت وەک چەند مانگێک لەمەوبەر هێرشی بەرفراوان و گەورە ئەنجام بدات، تەنانەت توانای ئەوەشی نەماوە گەروی هورمز بە تەواوی دابخات."
ترەمپ بژاردەی زۆری لەبەردەستدایە:
بەپێی سەرچاوەکانی کەناڵی حەدەس، ژمارەیەک لە لێپرسراوانی واشنتۆن پێیان وایە ترەمپ ناچار نییە لەم قۆناغەی ئێستای بۆردومانەکان زیاتر بڕوات؛ چونکە رژێمی ئێران لە ئێستادا زیاتر لە هەر کاتێکی تر رووبەڕووی مەترسیی بووتەوە.
لە کۆتاییدا ئاژانسەکانی هەواڵ ئەوەیان خستووەتەڕوو، دۆناڵد ترەمپ لە ئێستادا توانای چاوەڕوانیکردنی هەیە و دەتوانێت لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا هەر بژاردەیەک کە بییەوێت هەڵیبژێرێت، ئاشکراشیانکردووە باشترین شت کە بۆ ئێران، ناوچەکە و ئەمریکا روبدات، ئەوەیە کە ئێران رێگەی رێککەوتن و لێکتێگەیشتن لەگەڵ ترەمپ هەڵبژێرێت.
ڤەنزوێلا زیاتر لە 345 ملیۆن دۆلار لە سندوقی نێودەوڵەتیی دراو وەردەگرێت بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان و نۆژەنكردنەوەی ئەو ناوچانەی بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانیان بەركەوتووە.
دێڵسی رۆدریگێز سەرۆكی كاتیی ڤەنزوێلا رایگەیاند، وڵاتەكەی بڕی 346 ملیۆن دۆلار لە سەرچاوە داراییەكانی خۆی لە سندوقی نێودەوڵەتیی دراو رادەكێشێت بەمەبەستی نۆژەنكردنەوەی ئەو ناوچانەی لەكاتی دوو بوومەلەرزە بەهێزەكەی مانگی رابردوو زیانیان بەركەوتووە.
وتیشی، ئەو پارەیە هاوكار دەبێت لە پاڵپشتیكردنی خێزانە زیانلێكەوتووەكان لە دابینكردنی شوێنی مانەوە و پێداویستیی و خزمەتگوزارییە گشتییە سەرەكییەكان.
ئاشكراشیكرد، بەهۆی بوومەلەرزەكانەوە پێنج هەزار و 69 كەس گیانیان لەدەستداوە، 16 هەزار و 740 كەسیش برینداربوون، زیانیش بەر 856 باڵەخانە كەوتووە و 190یان بەتەواوی داڕماون.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی بۆ جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (فێفا) کردووە کە لە داهاتوودا مۆندیال دووبارە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕێکبخرێتەوە، بەڵام بەبێ بەشدارییکردنی مەکسیک و کەنەدا لە میوانداریکردنەکەیدا.
له کاتی چالاکییەکدا کە لەگەڵ ئینفانتینۆی سەرۆکی "فێفا" لە تاوەری ترەمپ کۆی کردنەوە، ترەمپ رایگەیاند: پێم وت کە پێویستە جارێکی تر و بۆ جاری داهاتوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵبژێردرێتەوە، بەڵام ئەمجارەیان بەبێ مەکسیک و کەنەدا.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئینفانتینۆ بیرۆکەیەکی جیاوازی خستووەتەڕوو، ئەویش ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەکەیە بە هاوبەشی لە نێوان ئەمریکا و چین، بەو پێیەی ئەم کارە دەبێتە هۆی کورتکردنەوەی گەشتەکانی نێوان یارییەکان، ئەمەش شتێکە کە یاریزانەکان حەزی پێدەکەن وەک خۆی دەڵێت.
بڕیارە وڵاتانی ئیسپانیا، پورتوگال و مەغریب میوانداری یارییەکانی کۆتایی مۆندیالی 2030 بکەن، بەو مەرجەی یارییەکانی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە لە ئەرژەنتین، ئوروگوای و پاراگوای بەڕێوەبچن، ئەمەش وەک ئاهەنگێڕانێک بەبۆنەی سەدەمین ساڵیادی دەستپێکردنی پاڵەوانێتی جامی جیهانی. ئەم هەنگاوەش بۆ ڕێزلێنانە لە وڵاتی ئوروگوای کە میوانداری یەکەمین خولی مۆندیالی کرد و تێیدا سەرکوتوو بوو لە ساڵی 1930، هاوکات عەرەبستانی سعودیەش میوانداری خولی ساڵی 2024 دەکات.
ترەمپ بڕیاری هەڵپەساردنی سزای ڕاگرتنی فۆلارین بالۆگون، هێرشبەری هەڵبژاردەی ئەمریکای بە مشتومڕاویترین و پڕپیتترین ساتی مۆندیالی 2026 دانا.
ترەمپ وتی کە نزیک بووە لەوەی دەستوەردان بکات بۆ ئەوەی رێگە بە هێرشبەرە ئەمریکییەکە بدرێت بەشداری بكات.
وتیشی: ناچاربووم پەیوەندی بە جیانییەوە بکەم و ئامۆژگارییەکی بکەم، پێم وت: ئامۆژگاریت دەکەم رێگە بەم یاریزانە بدەیت بەشداری بکات... نەخێر، ئەوەم نەوت، بەڵکو وتم کە حەزم دەکرد سکاڵا تۆمار بکەم.
لە کۆتاییدا ترەمپ ستایشی بڕیاری دەستە دیسیپلینەکانی "فێفا"ی کرد بۆ هەڵپەساردنی کاتیی سزای راگرتنەکە، و جەختی لەوە کردەوە کە بڕیارەکە مشتومڕێکی بەربڵاوی دروست نەکردووە، ئاماژەی بەوەش کرد کە هەڵبژاردەی بەلجیکا توانیویەتی یارییەکە بباتەوە سەرەڕای بەشداریکردنی سەرجەم یاریزانانی هەڵبژاردەی ڕکابەر.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ رایگەیاند، ئەمریكا فرۆكە جەنگییەكانی لە ئەوروپاوە دەگەڕێنێتەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رەوشی ناوچەکە بەرەو قۆناغێكی مەترسیدار دەڕوات.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی رایگەیاند، ئەمریكا بڕیاریداوە سەرجەم فرۆكە جەنگییەكانی لە ئەوروپاوە بگەڕێنێتەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
راشیگەیاند، ئاماژەكان بەو ئاڕاستەیەن ئەمریكا و ئێران ململانێكانیان پێنبێنە قۆناغێكی مەترسیدارەوە.
پێگەی ئەكسیۆسیش بڵاویكردەوە، پێدەچێت لە رۆژانی داهاتوودا ترەمپ فەرمانی چڕكردنەوە و زیادكردنی هێرشەكان بۆ سەر ئێران بدات.
دوای دەستلەكاركێشانەوەی كییەر ستارمەر لە پۆستەكەی، ئاندی بێرنام وەك تەنها كاندیدی بێ ركابەر پۆستی سەرۆكایەتی پارتی كرێكارانی بەریتانیای بەدەستهێنا.
پارتی كرێكارانی بەریتانیا رایگەیاند، ئاندی بێرنام بە رەسمی و بەبێ هەڵبژاردن بووەتە سەرۆكی نوێی پارتەكە و جێگەی كییەر ستارمەر دەگرێتەوە، چونكە تەنها كاندید بووە كە مەرجەكانی تێدا بووە و هیچ ركابەرێكیشی نەبووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بێرنام پاڵپشتییەكی فراوانی پەرلەمانتارانی پارتەكەی و سەندیكاكانی كرێكارانی هەبووە، بڕیاریشە دوای رێكارە دەستوورییەكان و راسپاردنی لەلایەن شا چارڵزی سێیەمەوە، پۆستی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیاش وەربگرێت.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رایگەیاند، كە ئەگەر ئەمریكا و ئێران بە زووترین كات بۆ ئاساییكردنەوەی هاتوچۆی كەشتییە نەوتییەكان لە گەروی هورمز رێك نەكەون، جیهان رووبەرووی قەیرانێكی گەورەی ئاسایشی وزە دەبێتەوە.
بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لە لێدوانێكدا نیگەرانیی قووڵی خۆی لە تێكچوونی رەوشی گەروی هورمز دەربڕی و رایگەیاند، كە پاراستنی دابینكردنی نەوت پرسێكی زۆر هەستیارە و ئەگەر لە چەند هەفتەی داهاتوودا دۆخەكە ئاسایی نەبێتەوە، ئابووریی جیهان دەكەوێتە مەترسییەوە.
ئەمەش لە كاتێكدایە سوپای پاسداران جارێكی تر داخستنی رەسمیی گەروەكەی راگەیاندەوە و واشنتۆنیش لە رۆژی چوارشەممەوە گەمارۆی دەریایی بە سەر بەندەرە ئێرانییەكاندا سەپاندووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی خێرای نرخەكانی وزە لە بازاڕە جیهانییەكاندا.
مەترسییەکی ژینگەیی لەناکاو جیهانی تۆپی پێ دەهەژێنێت و تەمومژ دەخاتە سەر بەڕێوەچوونی گرنگترین روداوی وەرزشیی ساڵ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، ئەگەری هەیە یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026ـی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و ئەرجەنتین بەهۆی تێکچوونی جۆری هەوا و بڵاوبوونەوەی دووکەڵی چڕی ئاگرکەوتنەوە بەردەوامەکانی کەنەداوە، دوا بخرێت.
بڕیارە رۆژی یەکشەممە، 19ـی تەمموز، یاریی کۆتایی مۆندیال لەسەر یاریگای "میتلایف" لە ویلایەتی نیوجێرسی ئەمریکا بەڕێوەبچێت، بەڵام گەیشتنی دووکەڵی چڕی دارستانە سووتاوەکانی کەنەدا بۆ ئاسمانی چەندین شاری ئەمریکا و لە نێویشیاندا نیویۆرک، نیگەرانییەکی زۆری لای سەرپەرشتیارانی یارییەکە دروستکردووە.
بەهۆی خراپیی کوالیتی هەواوە کە لە هەندێک ناوچەدا ئاستی مەترسییەکەی گەیشتووەتە سەروو 240 (ئەمەش پۆلێن دەکرێت وەک رەوشێکی زۆر ناتەندروست).
ئەو چالاکییە وەرزشییانەی لە ئەمریکا کاریگەر بوون و دواخراون:
خولی نایابی ئەمریکی (MLS) یاریی نێوان هەردوو یانەی "شیکاگۆ فایەر" و "ڤانکۆڤەر وایتکاپس"ی دواخست.
هاوکات لە شیکاگۆ چەندین شوێنی گشتی داخران و چالاکییە دەرەکییەکان هەڵوەشێنرانەوە، بەهۆی گەیشتنی مەترسیی کوالێتی هەوا بۆ "ئاستی سور"، باری نائاسایی راگەیەندرا.
هەرچەندە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەری دواخستنی یاریی کۆتایی مۆندیال هێشتا لاوازە، بەڵام یەکێتیی تۆپی پێی جیهان'فیفا' لە نزیکەوە چاودێریی رەوشەکە دەکات. فیفا پرۆتۆکۆلی تەندروستی تایبەتی هەیە کە رێگەی پێدەدات یارییەکە دوا بخات ئەگەر دەرکەوت رەوشی کەشوهەوا مەترسی لەسەر تەندروستیی یاریزانان و هاندەران دروست دەکات.
بەپێی دواین ئاماری ناوەندی هاوبەشی کەنەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاگرکەوتنەوە، لە ئێستادا 876 ئاگری چالاک لە دارستانەکانی ئەو وڵاتەدا هەن کە 202 دانەیان لەژێر کۆنترۆڵ دەرچوون، هاوکات ژمارەی ئاگرکەوتنەوەکان لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە تا ئێستا سێ هەزار و 500 ئاگری تێپەڕاندووە.
جیهانی وەرزش چاوەڕوانی یارییە مێژووییەکەی رۆژی یەکشەممەیە، کە تێیدا ئەرجەنتین هەوڵی پاراستنی نازناوەکەی دەدات و ئیسپانیایش دەجەنگێت بۆ بەدەستهێنانی دووەم نازناوی مۆندیال لە مێژووی خۆیدا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیارێکی چاوەڕواننەکراوی راگەیاند و دەستبەجێ نهێنیپارێزی لەسەر کۆمەڵێک بەڵگەنامە و زانیاریی هەواڵگریی هەستیار لادا کە پەیوەندییان بە دەستوەردانی دەرەکی لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەیەوە هەیە.
لە دەستپێکی وتارەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا جەختی لە سەرکەوتنە ئابورییەکانی کابینەکەی کردەوە و رایگەیاند:ئێمە لە ئێستادا باشترین دەوڵەتین لەسەر ئاستی جیهان، زیاتر لە هەر کاتێکی تر وەبەرهێنان لە ئەمریکادا هەیە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە رێژەی هەڵاوسان لە وڵاتەکەدا گەورەترین دابەزینی لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا بەخۆیەوە بینیوە و بازاڕە داراییەکانیش لە بەرزترین ئاستی مێژووییدان، بەڵام جەختی کردەوە: هیچ وڵاتێک ناتوانێت مەزن بێت ئەگەر هەڵبژاردنەکانی پاک و بێگەرد نەبن.
دۆناڵد ترەمپ باسی لەوە کرد کە بۆ چەندین ساڵ زانیارییە هەواڵگرییەکان لەسەر دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا بە نهێنی هێڵدرابوونەوە، بەڵام بڕیاریداوە دەستبەجێ بڵاوبکرێنەوە.
ترەمپ ئاشکرای کرد کە چین لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020دا دەستی گەیشتووە بە زانیارییە تایبەتەکانی نزیکەی 20 ملیۆن هاووڵاتی ئەمریکی.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: بەڵگەنامەکان گەورەترین هاککردن و دزینی داتاکانی هەڵبژاردن لە مێژوودا دەردەخەن کە لەلایەن چینەوە ئەنجامدراوە.
هاوکات پەنجەی تۆمەتی بۆ دەوڵەتی قووڵ لە ناو ئاژانسە هەواڵگرییەکانی وڵاتەکەی درێژکرد و تۆمەتباری کردن بەوەی کە تێوەگلاون لە شاردنەوە و داپۆشینی ئەم دەستوەردانانە.
چین و پاکستان بە رەسمی داوایان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران کرد دانوستانەکانی نێوانیان دەست پێ بکەنەوە و پابەندی رێککەوتنی ئاگربەست بن، بە ئامانجی راگرتنی ئەو گرژییە سەربازییە بەردەوامەی لە نێوانیاندا هەیە.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی چین، ئەم داواکارییە لە میانی کۆبوونەوەی وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین و ئیسحاق دار، هاوتای پاکستانی لە شاری شەنگهای هاتووە، کە تێیدا پەرەسەندنەکانی قەیرانی ناوچەکە و رێگاکانی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانیان تاوتوێ کردووە.
لای خۆیەوە، وانگ یی جەختی لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی پابەندبوونی سەرجەم لایەنەکان بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی تایبەت بە ئاگربەستی نێوان واشنتۆن و تاران کردەوە، داواشی کرد ژینگەیەکی گونجاو بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی سیاسی بڕەخسێنرێت تا رێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری دۆخەکە بکرێت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، هەردوو وەزیرەکە جەختیان لە گرنگیی گەڕانەوە بۆ سەر ڕێڕەوی دیپلۆماسی کردەوە و ئاماژەیان بەوە دا کە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان باشترین و گونجاوترین ڕێگایە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا سزادانی تۆڕێكی نێودەوڵەتیی راگەیاند كە هاوكاریی سوپای پاسدارانی ئێرانی كردووە لە دابینكردنی چەكدا.
نوسینگەی كۆنترۆڵكردنی داراییە بیانییەكانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا، چەند دەزگایەكی نوێی خستە لیستی سزاكانەوە كە بەشدارن لە تۆڕێكی نێودەوڵەتی بۆ كڕین و دابینكردنی چەك بۆ سوپای پاسدارانی ئێران.
وەزارەتی گەنجینەی جەختی كردەوە، ئەو رێكارانە دوای هێرشەكانی ئەم دواییەی ئێران دێت بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكان لە گەروی هورمزدا.
لای خۆشیەوە، سكۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریكا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا زۆر روون بووە لەوەی كە دەبێت ئێران لە چەكی ئەتۆمی دابماڵێت.
ئاماژەی بەوەش كرد، وەزارەتەكەی بەردەوام دەبێت لە بە ئامانجگرتن و پەكخستنی ئەو تۆڕە نایاساییانەی كە پارە بۆ بەرنامە چەكدارییەكان و ئامێری جەنگیی ئێران دابین دەكەن.
حكومەتی بەریتانیا سزای توند بەسەر ئەو خاوەنكار و كۆمپانیایانەدا دەسەپێنێت كە كۆچبەرانی نایاسایی دادەمەزرێنن، بەتایبەت لە كەرتی بیناسازی و گەیاندنی خێرا.
لە سەرەتای تشرینی یەكەمی ئەمساڵەوە حكومەتی بەریتانیا سەرپێچیكارانی یاسای كار روبەڕوی لێپرسینەوەی توند دەكاتەوە، بەپێی یاسا نوێیەكە، هەر خاوەنكارێك لە كەرتی بیناسازی و كارە كاتییەكان وەك گەیاندنی خۆراك، كرێكاری بێ مۆڵەت دابمەزرێنێت، بە بڕی 60 هەزار پاوەند بۆ هەر كرێكارێك سزا دەدرێت، یان سزای پێنج ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا دەسەپێندرێت، ئەم رێكارە بۆ یەكەمجارە كۆمپانیاكانی گەیاندنی خۆراك و گواستنەوە دەگرێتەوە.
ئامارە رەسمییەكانی حكومەتی بەریتانیا ئەوەشیان ئاشكرا كردووە، لە ساڵی 2025دا دەستگیركردنی كۆچبەرانی نایاسایی لە كەرتی بیناسازیدا بە رێژەی 256٪ و لە كەرتی گەیاندندا بە رێژەی 217٪ زیادی كردووە، ئەوەش هۆكاری سەرەكیی توندكردنەوەی یاساكانە لەو سێكتەرانەدا.
ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە ئەگەری هەیە زیاتر لە 500 کەس بەهۆی نقومبوونی دوو کەشتییەوە لە نزیک کەناراوەکانی بۆرما (میانمار) گیانیان لەدەستدابێت، کە لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیرانی ڕابردووەوە بەڕێکەوتبوون.
رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (IOM) و کۆمیساری باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا نیگەرانی قووڵی خۆیان لەو روداوە دەربڕی و ئاماژەیان بەوە کرد، کە زۆربەی سەرنشینانی ئەو دوو کەشتییە لە کەمینەی موسڵمانی رۆهینگانن، کە بەشێکیان لە بەنگلادیشەوە هاتوون و بەشێکیشیان لە ویلایەتی راخینی بۆرماوە بەڕێکەوتبوون.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، یەکێک لە کەشتییەکان کە نزیکەی 250 کەسی هەڵگرتبوو پاش ماوەیەکی کەم لە بەڕێکەوتنی پەیوەندی پچڕاوە و کەشتی دووەمیش کە نزیکەی 280 کەسی تێدابووە لە 8ی تەمموزدا لە نزیک کەناراوەکانی ئەیارواسی نقوم بووە؛ نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداریدەدات، کە ئەگەر ئەم زانیارییانە پشتڕاست بکرێنەوە، ئەم کارەساتە قەبارەی زیانە مرۆییەکانی ئەمساڵ زۆر زیاتر دەکات.
پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، ترەمپ بەمەبەستی داڕشتنی پلانێکی نوێ و چڕترکردنەوەی هێرشەکانیان بۆسەر ئێران، لەگەڵ تیمی باڵای ئاسایشی نیشتمانی کۆبووەوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ تیمی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆک، مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوە و پیت هێگسێت وەزیری جەنگی ئەمریکا کۆبووەوەتەوە و پێی راگەیاندوون: ئەگەر ئێران نەیەتەوە سەر مێزی گفتوگۆ، هێرشەکانیان دەبەنە قۆناغی وێرانکردنی ئەو وڵاتە.
ئەکسیۆس ئاماژەی بەوەشداوە، ئێران بە هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ئوردن، کوێت و بەحرەین وەڵامی گەمارۆکانی ئەمریکای بۆسەر گەروی هورمز، داوەتەوە.
یەکێکی دیکەش لە تەوەرە گرنگەکانی کۆبوونەوەی کابینەکەی ترەمپ، چاودێریکردنی چالاکییە گوماناوییەکانی ئێران بووە لە ناوچەی (Pickaxe-Mountain) کە وەک بنکەیەکی ئەتۆمیی قووڵی ژێر زەوی دەبینرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی پێشوازیکردنی لە عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق لە کۆشکی سپی رایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کار دەکات بۆ ئەنجامدانی چەندین گرێبەستی جۆراوجۆر لەگەڵ عیراقدا و ئاماژەی بەوە کرد کە ئاراستەیەکی روون هەیە بۆ دروستکردنی هاوبەشییەکی بەهێز لە کەرتی نەوتدا لە نێوان هەردوو وڵات کە لە داهاتوویەکی نزیکدا بە رەسمی رادەگەیەنرێت.
ترەمپ جەختی کردەوە کە کۆمپانیا نەوتییە ئەمریکییەکان بە ئاستێکی بێپێشینە دەچنە ناو بازاڕی عیراقەوە، هاوکات ئاشکرای کرد کە واشنتۆن و پێویست نابینێت هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناو خاکی عیراقدا بمێننەوە و بەردەوام بن.
سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستە سەر رۆڵی تاران و رایگەیاند کە ئێران بووەتە بارگرانییەکی گەورە بەسەر شانی عیراق و تەواوی ناوچەکەوە، بەڵام هاوکات ئاماژەی بەوە دا کە دەرفەتێکی بە ئێران بەخشیوە بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن.
ترەمپ باسی لە کێشەکانی دەریایی و گەروی هورمز کرد و روونیکردەوە کە ئەمریکا کار بۆ پاراستنی گەرووەکە دەکات و دوای ئەنجامدانی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، بڕیاری پاشەکشەکردنی داوە لەسەر پرسی سەپاندنی باج لەسەر تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەروەکەدا، ئەمەش لە بەرانبەر پابەندبوونی ئەو وڵاتانە بە ئەنجامدانی وەبەرهێنانی هاوبەش.
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشوازی لە وەبەرهێنانەکان دەکات لە بەرانبەر دابینکردنی پاراستنی تەواو بۆ رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەکانی جیهان.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق کرد و جەختی لە پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە.
ترەمپ لە کاتی پێشوازیکردنی لە سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند: عیراقمان خۆش دەوێت، هاوکات متمانەی خۆی بە سەرکردایەتییەکەی نیشان دا و وتی: زەیدی بە باشترین شێوە نوێنەرایەتی وڵاتەکەی دەکات.
ئەم دیدارە لوتکەیە ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆشکی سپی بەڕێوەچوو، دوای ئەوەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق دوێنێ دووشەممە لەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵای حکومیدا گەیشتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
ئەمە یەکەمین سەردانی دەرەکیی رەسمی زەیدییە بۆ دەرەوەی وڵات لە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عیراق.