پەڕەشوتەوانێکی چینی بە ئاستەم لەکاتی فڕیندا لە مردن رزگاری دەبێت، لەکاتێکدا کە تەوژمی هەوایەکی بەهێز بەرەو زیاتر لە هەشت هەزار مەتر بەرزی دەکاتەوە.
پەڕەشوتەوانەکە ڤیدیۆی ئەو کامێرانەی بڵاوکردووەتەوە کە لەکاتی فڕیندا لەسەر جەستەی جێگیری کردون، دوای ئەوەی تەوژمە بەهێزەکە بەرزی دەکاتەوە رێژەی ئۆکسجین بە تەواوی کەمدەبێتەوە و نزیکە لەوەی گیان لەدەست بدات.
گەیشتووەتە بەرزی نزیکەی نۆ کیلۆمەتر
پێنگ یوجیانگ ئەو پەڕەشوتەوانەیە کە روداوەکەی بەسەردا هاتووە، لەکاتێکدا بە مەبەستی فڕین چووەتە شاخی کیولیان، تەنها لەماوەی یەک خولەکدا تەوژمێکی هەوای بەهێز بەرەو بەرزی هەشت هەزار و 500 مەتر هەڵی دەفڕێنێت و رێژەی ئۆکسجین نزیک دەبێتەوە لە سفر.
وەک لە گرتەڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێت، پێنگ تاوەکو لە تەوژمە هەواکە رزگاری دەبێت، نزیکە لەوەی بهێۆش ببێت و بەهۆی نزمی پلەکانی گەرماوە دەموچاو و جەستەی نزیک دەبنەوە لە بەستن و سەهۆڵ دایپۆشیوە.
زۆر ترسناک بوو، نامدەزانی بۆ کوێ بڕۆم!
لەدوای رزگاربوونی پێنگ یوجیانگ بۆ کەناڵی تەلەفزیۆنی ناوەندیی چینی باسی لەوەکردووە: پشتێنێکی نوێی تایبەت بە فڕینم کڕیبوو و دەمویست ئەوە تاقی بکەمەوە، بەڵام لەناکاو بەهۆی بەرکەوتن بە تەوژمێکی هەواوە هەستم بە لەرزین کرد، هەوڵم دا بەخێرایی بنیشمەوە، بەڵام تەوژمەکە بەسەرمدا زاڵ بوو و لەگەڵ خۆیدا بردمی.
دەشڵێت، "بە هەورەکان دەورە درابووم، بەراستی ترسناک بوو، هەموو شتەکانی چواردەورم تەنها سپی بوون، ئەگەر رووگەنوێن 'قیبلەنوماکە'م پێنەبووایە نەمدەزانی بەرەو کوێ بڕۆم".
ئاماژەی بەوەشکردووە، کاتێک ئامێرەکەی بینیوە کە گەیشتووەتە بەرزی نزیکەی 9 کیلۆمەتر، سەری سوڕماوە، وتووشیەتی: پێموایە بۆ ماوەیەکی کەم لەوکاتەدا بێهۆش بووبم.
پێنگ یوجیانگ یەکێکە لە پەڕەشوتەوانە بەتواناکانی وڵاتی چین و بەردەوام گەشت بە پەڕەشوتەکەی دەکات. لەگەڵ ئەوانەشدا بەڵام ئەگەرچی یاریزانان چەند پرۆفیشناڵ بن لە بوارەکەیاندا، هێشتا ناتوانن لە هەندێک کاتدا خۆیان لە سروشت و رووداوە سروشتییەکان لابدەن.
A freak updraft over the Qinghai-Tibetan Plateau lifted Chinese Paraglider Peng Yujiang nearly nine kilometers in minutes — and the entire flight was caught on camera.
— Sixth Tone (@SixthTone) May 28, 2025
Screenshots from Peng’s GPS flight tracker show he took off at 12:19 p.m. from the Qilian Mountains, an area… pic.twitter.com/ov4Ld5ARx1
چەند كەسێكی تر لەسەر دۆسیەی كوشتنی نارین گوران لە باكوری كوردستان دادگایی دەكرێن.
ئەمڕۆ لە دادگای ئامەد، 15 كەس بە تاوانی شاردنەوەی تاوانباران لە دۆسێی كوشتنی نارین گوراندا دادگایی دەكرێن، تۆمەتباران و پارێزەرەكانیان و بەشێك لە كەسوكاری تۆمەتباران ئامادەی دانیشتنەكە بوون، چاوەڕوان دەكرێت دادگا بڕیاری كۆتایی لەسەر دۆسیەكە بدات.
ئەوەش لە كاتێكدایە دوو شەممەی رابردوو دادگای ئامەد، سزاكانی سەر دۆسیەی نارین گۆرانی تەمەن هەشت ساڵ یەكلایكردەوە، دادگای سزا قورسەكان بە زۆرینەی دەنگدا سزای زیندانیكردنی هەتاهەتایی سەپاند بەسەر هەریەك لە یوكسەل گوران دایكی نارین و ئەنەس گورانی برا و سەلیم گورانی مامیدا، هەروەها سزای چوار ساڵ و شەش مانگ زیندانیكردنی بەسەر نەوزاد بەختیار دراوسێی ماڵی نارین گوراندا سەپاند.
نارین گوران تەمەن هەشت ساڵ، لە 21ی ئابی 2024، لە گوندی چولی سەر بە شارۆچكەی رەزانی پارێزگای ئامەد لە باكوری كوردستان بێسەروشوێن بوو، لە 8ی ئەیلول تەرمەكەی لە تورەكەیەكدا دۆزرایەوە، دواتر بەپێی راپۆرتی پزیشكی راگەیەنرا خنكێندراوە.
دادگای تێهەڵچوونەوەی ئەمریكا، بڕیاری دا بە هێشتنەوەی باجی گومرگی كە لەلایەن سەرۆكی ئەمریكاوە بڕیاری لەسەر درابوو.
دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی ئەمریكا بڕیاریدا، لەسەر بەردەوامی باجی گومرگ بەڕێژەی 10٪ لەسەر كاڵای هاوردە، كە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە بڕیاری لەسەر درابوو .
ئەوەش لە دوای ئەوە دێت، ئیدارەی ترەمپ تانەی لە بڕیارەكەی دادگای بازرگانی نێودەوڵەتی ئەمریكا داوە، داوەشی لە دادگای تێهەڵچوونەوە كرد ئەو بڕیارە رابگرێت و رێگە بەبەردەوامی باجی گومرگی لەسەر كالای هاوردە بەرێژەی 10٪ بدات كە لەلایەن ترەمپەوە بڕیاری لەسەر درابوو.
دوو رۆژ لەمەوبەر،دادگای تایبەت بە بازرگانی نێودەوڵەتی سەر بە دادگای فیدراڵی ئەمریكا، بریاری ئیدارەی ترەمپی بۆ دانانی باجی گومرگی بەرێژەی ٪10 لەسەر كاڵای هاوردە بۆ ئەمریكا هەڵوەشاندەوە.
دادگاكە لە بڕیارەكەیدا جەختی لەوە كردبووەوە، كە تەنها كۆنگرێس دەسەڵاتی سەپاندنی ئەو جۆرە باجە گومرگییانەی هەیە.
پێشنیازی هەمواری یاسای سزاكان پێشكەشی پەرلەمانی توركیا كرا.
عەبدوڵا گولەر سەرۆكی فراكسیۆنی ئاكەپە لە پەرلەمانی توركیا رایگەیاند، 10 یەمین پاكێجی هەمواری یاسای سزاكان پێشكەش بە پەرلەمان كراوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەیگەیەننە دەستەی داد.
راشیگەیاندووە، یەكێك لە خاڵەكانی یاساكە ئەوەیە حكومەت بتوانێت سوود لە ئازادكردنی كۆنترۆڵكراوی زیندانیان وەربگرێت، دەبێت زیندانییەكان 10%ی سزاكانیان تێپەڕاندبێت، هەروەها تۆمەتباران سودمەنددەبن لە ئازادكردنی مەرجدار كاتێك سێ لەسەر چواری سزاكەیان تەواوكردبێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، زیندانیانی نەخۆش و كەمئەندام، لە لیستی ئەو كەسانەدا نین سزای هەتاهەتایی و قورسیان بەسەردا بسەپێنرێت.
بەپێی راپۆرتی تەلەڤیزیۆنی BBC، تا رۆژی 28ـی مانگی مایس، 26 حاڵەتی توشبون بە سورێژە تەنیا لە سکۆتلەندا پشتڕاستکراونەتەوە، کە ئەمەش زیاترە لە تەواوی ئامارەکانی ساڵی 2024.
ئەم بەرزبونەوەیەی رێژەی توشبوون، لە کاتێکدایە کە دو ساڵ لەمەوبەر تەنها یەک حاڵەتی سورێژە لە سکۆتلەندا تۆمارکرابوو، بەڵام ساڵی رابردو ئەو ژمارەیە بەرزبوەوە بۆ 24 حاڵەت.
پسپۆڕانی تەندروستی ئاماژە بەوە دەکەن کە کەمی رێژەی کوتان لە هەندێک ناوچە دەبێتە هۆکاری سەرەکی زیادبونی حاڵەتەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە سورێژە یەکێکە لە درمیترین نەخۆشییەکان کە لە رێگەی کۆکە و پژمینەوە بڵاودەبێتەوە.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە مانگی ئاداری رابردودا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا رایگەیاند ژمارەی توشبوانی سورێژە لە ئەوروپا لە بەرزترین ئاستی خۆیدایە بۆ ماوەی 25 ساڵ.
بەپێی ئەم راپۆرتە، منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ، زیاتر لە 40% لە ئەو حاڵەتانە پێک دەهێنن کە لە ئەوروپا و ناوەڕاستی ئاسیا تۆمارکراون.
هێلین بێنسۆن، راوێژکاری تەندروستی گشتی لە NHS، دەڵێت: "زیادبونی حاڵەتەکان لە سەرانسەری سکۆتلەندا بەرچاوە، پێشتر ئەمساڵ ئامارێکی زیاترمان بینیوە لە چاو تەواوی ساڵی ڕابردو."
ئەو وتیشی: "لە گلاسکۆ لە سەرەتای ئەمساڵەوە چەندین حاڵەتمان بینیوە، هەروەها لە چەند هەفتەی رابردوشدا ژمارەیەکی کەممان لە ناوچەی گۆڤانهیل تۆمارکردووە.
بێنسۆن جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشییەکە لە کۆمەڵگەدا هەیە، بۆیە هەوڵەکانیان ئێستا ئەوەیە کە ژمارەی حاڵەتەکانی دیکە کەم بکەنەوە.
سەرۆكی ئێران رایگەیاند، تاران هەوڵی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی نادات، بەڵام دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت.
مەسعود پزیشكیان سەرۆكی ئێران لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندوە، مەرجە بنەڕەتییەكانی ئێران بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریكا، جێبەجێكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانە، چونكە بەپێی ئەو ئەو یاسایانە هەموو دەوڵەتێك مافی هەیە توێژینەوەی زانستی تایبەت لە بواری پیتاندنی یۆرانیۆم و بەكارهێنانی وزەی ئەتۆم بەشێوەی ئاشتیانە ئەنجام بدات .
هەروەها رایگەیاندوە، بەپێی فەتوای رابەری باڵای شۆرشی ئێران، تاران هەوڵ نادات بە هیچ شێوەیەك چەكی ئەتۆمی هەبێت، بەڵام دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت كە بۆ چارەسەركردن و كشتوكاڵ و پیشەسازی بەكاریدەهێنن .
ئیلۆن مەسک گەورە ملیاردێری ئەمریکی و راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ بە رەسمی وازهێنانی لە پۆستە حکومییەکەی راگەیاند و دەڵێت، "ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ جێدەهێڵم".
ئیلۆن مەسک بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای تێسلا و سپەیس ئێكس، وازهێنانی لە پۆستەكەی وەك راوێژكاری دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا راگەیاند، ئەوە جگە لەوەی مەسک سەرۆکایەتی وەزارەتێکی دەکرد بە ناوی "دەستەی کارایی حکومی"، بە ئامانجی کەمکردنەوەی خەرجی لە ئیدارەکەی ترەمپدا.
مەسک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، ماوەی کارکردنی وەک فەرمانبەرێکی تایبەت لە حکومەتدا کۆتایی هات. سوپاسی سەرۆکی ئەمریکاش دەکات کە ئەو هەلەی بۆ رەخساندووە بۆ کەمکردنەوەی بەهەدەردانی پارە لە حکومەتدا.
مەسک دەشڵێت، دەستەی کارایی حکومی بەگوێرەی کات چالاکتر دەبێت و دەبێتە بەشێک لە رێکارەکان لە تەواوی حکومەتدا.
مەسک سەرەڕای ئەوەی ملیاردێرێکی ئەمریکییە، دۆستێکی نزیکی سەرۆکی ئەمریکاشە و هەر لە سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بۆ ئەم خولەی ئێستای سەرۆکایەتی ئەمریکا مەسک رۆڵێکی بەرچاوی گێڕا لە هەڵمەتی بانگەشەدا.
دەسەڵاتی دیمەشق رەتیدەكاتەوە شەڕڤانێكی ژن رادەستی یەپەژە بكاتەوە و ئاڵوگۆڕی دیل و زیندانییەكانیش راگیرا.
ئاژانسی هاوارنیوز بڵاویكردەوە، قۆناغی دووەمی رێككەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەكان لە نێوان دەسەڵاتی دیمەشق و ئەنجومەنی گشتی گەڕەكەكانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە حەلەب بەهۆی ئەوەی دیمەشق ڕەتیكردەوە كە شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی ژنان یەپەژە ئازاد بكات، دواخراوە.
بڕیار بو رۆژی چوارشەممە لە چوارچێوەی ڕێككەوتنەكاندا 285 دیل و 161 زیندانی لەنێوان دیمەشق و ئیدارەی خۆسەریی لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا ئاڵوگۆڕ بكرێن، بەڵام دیمەشق بڕگەكانی ڕێككەوتنەكەی جێبەجێ نەكردوە و ڕەتیكردووتەوە زیندانییەكان ئازاد بكات.
لای خۆیەوە قەهرەمان بەكر، بەڕێوەبەری هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ رایگەیاند قۆناغی یەكەمی ئاڵوگۆڕی زیندانییەكان سەركەوتوو بووە، بەڵام لە قۆناغی دووەمدا دەسەڵاتی دیمەشق پرۆسەكەی ڕاگرتووە، ئەگەرنا ئەوان ئامادەن هەموو زیندانییەكان ئازاد بكەن بەڵام دیمەشق ئامادە نەبووە شەڕڤانێكی یەپەژە ئازاد بكات.
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ رۆژی چوارشەممە ئاشکرای کرد کە نزیکن لەوەی لەگەڵ ئێران بگەینە رێککەوتن، لە هەمان کاتدا ئاگاداری بە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوە کە کارێک نەکات زیان بە دانوستانەکان بگەیەنێت.
ترەمپ: دیپلۆماسی باشترین رێگایە
ترەمپ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "دەتوانن بە رێگەی دیپلۆماسی کێشەکانیان لەگەڵ ئێران چارە بکەن، بنیامین ناتەنیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیشم ئاگادار کردووەتەوە، نابێت کارێک بکات زیان بە دانوستانەکانیان لەگەڵ تاران بگەیەنێت."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش دا کە "دەتوانن هێرش بکەنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران و لەناویان ببەن، بێ ئەوەی هیچ کەسێکیش بکوژرێت، بەڵام ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ ئەوە، چونکە خەریکە لەگەڵ تاران بگەنە رێککەوتن."
ئومێدی رێککەوتن لە چەند هەفتەی داهاتوودا
ترەمپ دووپاتی کردەوە کە "ئێران چاوی لە رێککەوتنە، ئەگەر بگەنە رێککەوتن ژیانی زۆر کەس دەپارێزن، بەڵام کاتی رێککەوتنەکەش دیار نییە، لەوانەیە لە چەند هەفتەی داهاتوودا بێت."
کۆتایی گەڕی پێنجەمی دانوستانەکان لە رۆما
لە 23ی ئایاری 2025دا، گەڕی پێنجەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە ڕۆما کۆتایی هات.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەو بارەیەوە رایگەیاند: "گفتوگۆی ئەتۆمی لەگەڵ واشنتن ئاڵۆزە و کاتی زیاتری پێویستە."
وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: "بەهۆی پێشکەشکردنی پێشنیازەکانی عوممان، پێشکەوتنی باش لە دانوستانەکاندا هەبوو."
لە لایەکی ترەوە، بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان رایگەیاند کە "لە دانوستانەکانی گەڕی پێنجەمی نێوان ئەمەریکا و ئێران کەمێک پێشکەوتن هەبووە، بەڵام یەکلاکەرەوە نەبووە."
هاوکات هەر لەو دیدارە رۆژنامەوانییەدا سەبارەت بە جەنگی روسیا و ئۆکراین، رایگەیاند؛ نازانم پوتن بە نیازی چییە، بەڵام ئەگەر فریومان بدات وەڵامێکی جیاوازمان دەبێت.
ئاژانسی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوەی ئاگاداری روسی رایگەیاندووە، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا، بەو مەرجە کۆتایی بە شەڕی ئۆکراین دەهێنێت؛ کە سەرکردە رۆژئاواییەکان بەڵێنێکی نووسراوی بدەنێ بۆ راگرتنی فراوانبوونی ناتۆ بەرەو رۆژهەڵات و هەڵگرتنی هەندێک سزاکان لە سەر روسیا.
دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو پوتن زیاتر لە دوو سەعات گفتوگۆی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کرد، رایگەیاند، رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر کارکردن لەگەڵ ئۆکراین بۆ داڕشتنی یاداشتێک کە پێکهاتەکانی رێککەوتنی ئاشتی دەخاتە روو. بە کاتی ئاگربەستیشەوە. مۆسکۆ رایگەیاندووە کە لە ئێستادا سەرقاڵی داڕشتنی یاداشتەکەی خۆیەتی، بەبێ ئەوەی وادەی تەواوکردنی دیاری بکات.
بەڵام حکومەتەکانی کیێڤ و ئەوروپا، مۆسکۆیان تۆمەتبار کردووە بەوەی کە کات درێژ دەکاتەوە و یاری بەکات دەکات لە کاتێکدا هێزەکانی لە پێشڕەوی بەردەوامن لە رۆژهەڵاتی ئۆکراین.
رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای روسییەوە رایگەیاندووە: پوتین ئامادەیە بۆ ئاشتی، بەڵام بە مەرجەکانی خۆی.
بەگوێرەی ئەو سێ سەرچاوەیە، پوتن دەیەوێت بەڵێننامەیەکی نووسراو لەلایەن زلهێزە گەورەکانی رۆژئاواوە بۆ فراواننەکردنی ناتۆ- ئەمەش ئاماژەیەکی رونە بۆ ئەوەی ئۆکراین، جۆرجیا، مۆڵدۆڤا و وڵاتانی دیکەی سۆڤیەتی پێشوو نەچنە ناو هاوپەیمانییەوە.
هەروەها روسیا داوا دەکات ئۆکراین لە دەرەوەی ناتۆ بمێنێتەوە و هەندێک سزای رۆژئاوا هەڵبگیرێت و سەروەت و سامانی بەستووی روسیا لە رۆژئاوا یەکلایی بکرێتەوە و مافی قسەکەرانی روسی لە ئۆکراین دەستەبەر بکرێت. سەرچاوەی یەکەم ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر پوتن درک بەوە بکات کە ناتوانێت بە مەرجەکانی خۆی بگاتە رێککەوتنی ئاشتی، ئەوا پەنا بۆ هەنگاوی سەربازی دەبات بۆ ئەوەی ئۆکراین و ئەوروپییەکان قەناعەت پێبکات کە "رەنگە سبەینێ ئاشتی بەئازارتر بێت".
لای خۆیەوە ئۆکراین پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە نابێت ڤیتۆی لەسەر بێت بۆ ئەندامێتی لە ناتۆ و دەڵێت پێویستی بە گەرەنتی و دڵنیایی ئاسایشی رۆژئاوا هەیە بۆ ئەوەی رێگری لە هەر هێرشێکی داهاتووی روسیا بکات.
میدیاکانی تورکیا باسیان لەوەکرد، پۆلیسی تورکیا پزیشکێکی دەستگیر کردووە کە لە رێگای چاویلکەکەیەوە ڤیدیۆی ژنانی لە شوێنە گشتییەکاندا تۆمار کردووە.
میدیاکانی تورکیا ئەوەیان خستووەتە روو، ئەو پزیشکە تەمەنی 77 ساڵ بووە و پسپۆڕی نەخۆشییەکانی چاو بووە، لە ناوەندی ئیستانبوڵ پیاسەی کردووە و لە رێگەی چاویلکەکەی چاوییەوە ڤیدیۆی ژنانی گرتووە.
ئەوەش هاتووە، پزیشکەکە بەر لەوەی پۆلیسەکان بگەنە لای هەوڵی داوە چاویلکەکەی بشکێنێت، بەڵام پۆلیسەکان دەستگیریان کردووە و دەستیان گرتووە بەسەر چاویلکەکەشیدا.
لە ئێستادا ئەو پزیشکە لەلای پۆلیس دەستبەسەر کراوە و لێکۆڵینەوە لە بابەتەکەش دەستی پێ کردووە.
نەتەوەیەكگرتوەكان رایگەیاند، بە ئەگەرێكی زۆرەوە تا ساڵی 2029 رێژەی گەرمبونی گۆی زەوی 1.5پلە تێدەپەرێنێت.
فەرمانگەی كەشناسی بەریتانیا لە ڕاپۆرتێكی ساڵانەی كەشوهەوادا كە بۆ رێكخراوی كەشناسی جیهانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان ئامادەی كردووە رایگەیاندووە، ڕێژەی گەرمبوونی زەوی لە ئاستێكی بەرزی مێژووییدا دەمێنێتەوە، دوای ئەوەی پلەی گەرمی هەسارەی زەوی لە ساڵانی 2023و 2024 بەرزترین پلەی تۆماركردوە.
راشیگەیاند، بە پێی ئەو راپۆرتەی ئەو فەرمانگەیە ئامادەیكردوە بۆ 10 ساڵی داهاتوو هیچ ئەگەرێكی ساردبوونەوەی گۆی زەوی تۆمارنەكراوە بە ئەگەرێكی لە 70% وە لە ساڵی 2029دا رێژەی گەرمبوونی گۆی زەوی 1.5پلە تێدەپەرێنێت.
بەڵام لە هەمانكاتیدا، زۆرێك لە شارەزایانی كەشوهەوا ئەو راپۆرتەی فەرمانگەی كەشناسی بەریتانیا رەتدەكەنەوە چونكە بە وتەی ئەوان هێشتا دەردانی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن دەستی بە دابەزین نەكردووە و بەردەوامە لە بەرزبوونەوە ئەوەش وا دەكات گەرمبونی زەوی لە ئاستێكدا بوەستێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە وشكەساڵی كە لە ئیٍستادا زۆرینەی وڵاتان لە نێویاندا عیراق پێوەی دەناڵینن یەكێكە لە هۆكارەكانی گەرمبوونی گۆی زەوی.
سوپای پاسداران هۆشداری داوە بە ئەمریکا و ئیسرائیل و دەڵێت: پەنجەمان لەسەر پەلەپیتکەی تفەنگەکانمانە، هەر بێمێشکییەک رووبدات وەڵامێکی لەبیرنەکراومان دەبێت.
حسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران هۆشداری دەدات بە هەریەک لە ئەمریکا و ئیسرائیل و ئاماژەی بەوەکردووە، "ئامادەی هەموو سیناریۆیەکین، پەنجەمان لەسەر پەلەپیتکەی تفەنگەکانمانە و چاوەڕێین".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێران گەلێکی مەزنی هەیە، دەزانێت چۆن لە کاتە سەختەکاندا مەمەڵە بکات، کاریگەریی لەسەر قوڵایی مێشکی دوژمنە شەیتان ئاساکان هەیە، لە رووبەڕووبوونەوەیاندا دەبێت ناوەخنی بیرکردنەوە و مەبەستەکانیان بزانین، جەنگی 'مەعریفی' کە یەکێکە لەو ئامڕازانەی ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی بەکاریدەهێنن بۆ چوونە ناو قوڵایی بیری کۆمەڵگە، کە دەبێت کۆمەڵگەی لێ هۆشیار بکرێتەوە".
دەشڵێت: سوپاکەمان لەوپەڕی ئامادەباشیدایە، ئێمە لە جەنگێکی سەرتاسەریداین، رووبەڕووی شەڕی ئابووری، سزاکان، فشارە سیاسییە جیهانییەکان، جەنگی میدیایی ماوە درێژ، پڕوپاگەندەی میدیایی، داگیرکاریی کولتووری و دەیان هەڕەشەی جۆراوجۆری بووینەتەوە، کە دوژمنانمان دوور و نزیک بەسەر گەلەکەماندا دەیسەپێنن، لەسەروو هەموو ئەوانەوە ئێران خۆڕاگرە.
دەرگای دۆزەخێکی نەبڕاوەتان بە روودا دەکەینەوە
راشیگەیاندووە، "ئیسرائیل هێرشەکانیان دژی وڵات و خەڵکەکەمان درێژە پێدەدەن، بۆیە هۆشدارییان پێدەدەین، کە ئەگەر بەوجۆرە بەردەوام بن ئەوا دەرگای دۆزەخێکی نەبڕاوەیان بە روودا دەکەینەوە".
ئێران بۆ ئەمریکا: رابردووتان بیر دەبەینەوە
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران روو دەمی کردووەتە ئەمریکا و دەڵێت، "پەنجەمان لەسەر پەلەپیتکەی تفەنگەکانمانە و چاوەڕێین، هەر هەڵەیەک ئەنجام بدەن، وەڵامێکی خێرای واتان دەدەینەوە کە رابردووتان بیربچێتەوە".
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە و لەدوای دەستبەکاربوونەوەی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا، دانوستانەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە دەستی پێکردووەتەوە و بەپێی لێدوانی بەرپرسان و خودی دۆناڵد ترەمپیش، گفتوگۆکان لە قۆناغێکی باشدان و نزیکن لە رێککەوتن.
لەلایەکی دیکەوە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەردەوامە و ئەمڕۆ ئیسرائیل لەدوای بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی سەنعا لە یەمەن ئاماژەی بەوەکرد، "حوسییەکان جگە لە قۆڵێکی پشت ئێران هیچی دیکە نین، ئەوانیش بەرپرسیارن لەو "دەستدرێژییە" کە لە یەمەنەوە سەرچاوە دەگرێت".

مێدڤێدێڤ وەڵامی ترەمپ دەداتەوە و دەڵێت: شتە خراپەکە جەنگی جیهانی سێیەمە و هیوادارین سەرۆکی ئەمریکا لەوە تێبگات.
دیمیتری مێدڤێدێڤ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وەڵامی قسەکانی ترەمپ دەداتەوە کە وتی: پوتن یاری بە ئاگر دەکات و شتە خراپەکان لە روسیا رودەدەن، مێدڤێدێڤ دەڵێت: تەنها یەک شت بە خراپ دەزانم ئەویش جەنگی جیهانی سێیەمە و هیوادارین ترەمپ درک بەو بابەتە بکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس بڵاویکردەوە، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا یاری بە ئاگر دەکات، ئەمەر منیش نەبومایە زۆر شتی خراپ بەسەر روسیادا دەهات.
هاوکات سەرۆكی ئەمریكا هۆشداریی توند دەداتە سەرۆكی روسیا و هەڕەشەی سەپاندنی سزای نوێ بەسەر مۆسکۆدا دەكات.
ترەمپ دەڵێت: ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا یاری بە ئاگر دەکات، ئەمەر منیش نەبومایە زۆر شتی خراپ بەسەر روسیادا دەهات.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس بڵاویکردەوە، شتێک هەیە درکی پێناکرێت، ئەویش ئەوەیە ئەگەر من نەبومایە روسیا زۆر خراپی بەسەر دەهات.
کەناڵی سی ئێن ئێن بە پشت بەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان رایگەیاندووە کە "ترەمپ بیر لە سەپاندنی سزای نوێ بەسەر روسیا دەکاتەوە لە چەند رۆژی رابردوودا دوای ئەوەی بێزاری خۆی لە پوتن دەربڕی".
جێگەی ئاماژەیە، پێشتر ترەمپ سەبارەت بە پوتن وتی: پەیوەندییەکەیان زۆر باش بوو، بەڵام شتێک بەسەریدا هات و شێت بوو.
پزیشکێکی نەشتەرگەری فەرەنسی کە دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر چەندین منداڵ داوای لێخۆشبوون دەکات و وتوێتی: چانسێکم بدەنێ بۆ ئەوەی ببمە "مرۆڤێکی باشتر"
جۆیل لی سکۆرنێک، ئەو پزیشکە نەشتەرگەرەی پێشوو کە تۆمەتبارە بە دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان و لەلایەن داواکارانی گشتیەوە بە "شەیتان" وەسفکراوە، دوای سێ مانگ دادگاییکردن رایگەیاندووە؛ داوای "هیچ نەرمییەک" لە دادگا ناکات، بەڵکو داوای "هەندێک مرۆڤایەتی" دەکات.
بڕیارە رۆژی چوارشەممە دادگە بڕیاری خۆی لەم دۆسیەیە دەربکات. تۆمەتبار کە بۆ دواجار لە دادگا بانگهێشت کرا بۆ قسەکردن، رو لە دادوەران وتی: داوای هیچ بەخشینێک لە دادگە ناکەم، بەڵکو تەنها ئەمەوێت مافی ئەوەم پێ بدرێت کە ببمە کەسێکی باشتر و ئەو بەشەی مرۆڤایەتیم بەدەست بهێنمەوە کە زۆر دەمێکە ونم کردووە.
لێسکۆرنێک کە تۆمەتبارە بە دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر299 نەخۆش کە زۆربەیان منداڵن، پارێزەرەکەی ماکسیم تێسیێر، وتی: جۆیل لیسکۆرنێک نایەوێت خۆی لە سزاکەی بدزێتەوە، بەڵام داواشدەکات کە دادگە ئەو بەڵگانەش لەبەرچاو بگرێت کە لە بەرژەوەندی ئەون".
دادگەی گشتی فەڕەنسا، رۆژی هەینی، داوای 20 ساڵ زیندانی و جێبەجێکردنی کۆمەڵێک رێکاری ئەمنی کردووە بۆ جویل لو سکوارنیک، هەروەها دادگە داوا دەکات کە بەهۆی ئاڵۆزی لە کەسایەتیدا و مەترسیەکانی دووبارەکردنەوەی تاوان، دوای تەواوبوونی سزاکەی لە ژێر چاودێریدا بمێنێتەوە.
دادگە بە تەنیشت بەندکردنیەوە بە 20 ساڵ بۆ هەمیشە پیشەی پزیشکی لە تۆمەتبار قەدەغەدەکات و بەهیچ جۆرێک بۆی نییە لەگەڵ منداڵ کاربکات و ناتوانێت خاوەنداری لە هیچ ئاژەڵێکی ماڵی بکات.
هەروەها داوای لێسەندنەوەی مافە مەدەنی و خێزانییەکانی دەکات بۆ ماوەی 10 ساڵ.
لێکۆڵەران توانیان قوربانییەکانی لو سکوارنیک بدۆزنەوە کە نەخۆش بوون و تەمەنیان بەگشتی 11ساڵ بووە لەو کاتەدا کە دەستدرێژیان کراوەتە سەر.