لە ڕووداوێکی نامۆدا لە شاری لۆس ئەنجلسی ئەمریکا، گروپێکی دەمامکدار هەڵیانکوتایە سەر فرۆشگایەک و بەبەهای  7 هەزار دۆلار بووکەڵەی جۆری "لابوبو" (Labubu)یان دزی.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ناوچەی لۆس ئەنجلس رایگەیاند، رووداوەکە ب29  کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی لۆس ئەنجلسەوە دوورە.

بەگوێرەی پۆلیس، دزەکان ئۆتۆمبێلێکی دزراویان لە جۆری تۆیۆتا تاکۆما بەکارهێناوە، کە دواتر بەجێهێڵراوی دۆزراوەتەوە. لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکە بەردەوامە و تا ئێستا هیچ زانیارییەکی زیاتر ئاشکرا نەکراوە.

بووکەڵەکانی لابوبو، کە لەلایەن هونەرمەندی خەڵکی هۆنگ کۆنگ، کاسینگ لونگ، دیزاین کراون، دوای دەیەیەک لە دەرکەوتنیان بوونەتە یەکێک لە بەنرخترین و بەناوبانگترین ئەو بووکەڵانەی کە خەڵک وەک یادگاری کۆیاندەکاتەوە.

فرۆشگاکە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام رایگەیاندووە کە دزەکان هەموو بووکەڵەکانی فرۆشگاکەیان بردووە و شوێنەکەشیان تێکداوە. لە گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرای چاودێریدا دەردەکەوێت کە گروپێک کەس بە جلوبەرگی کڵاودار و دەمامکەوە شووشەی فرۆشگاکە دەشکێنن و سندوقی بووکەڵەکان دەبەن.

لە پۆستەکەدا هاتووە: "هێشتا لە شۆکداین"، و داوایان لە خەڵک کردووە یارمەتییان بدەن بۆ دۆزینەوەی دزەکان.