سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی ئۆکراین بەمەبەستی تاووتوێکردنی پرسی کۆتایهێنان بە شەڕی ئۆکراین لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازیکرد لە ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین و لە کۆبوونەوەیەکی کراوەدا پرسی کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراینیان تاووتوێ کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا ترەمپ لەبارەی گەرەنتی ئەمنیەوە بۆ ئۆکراین رایگەیاند، دڵنیایی بە ئۆکراین دەدەم جۆرێک لە گەرەنتی ئەمنی بۆ دابین دەکرێت و هاریکاری زۆریشی دەکرێت، وتیشی، رێی تێدەچێت کۆبوونەوەکەی لەگەڵ زیلینسکی و سەرکردەکانی ئەوروپا ئەنجامی هەبێت، بڕواشی وایە دەرفەتێکی باش هاتووەتە ئاراوە بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆكراین.

زیلینسكیش ئاماژەی بەوە کرد، سوپاسی هەوڵەكانی ترەمپ دەکات بۆ راگرتنی جەنگ، جەختیشی کردەوە ئامادەیە بۆ کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لەگەڵ ترەمپ و ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا، وتیشی بە پشتیوانی سەرۆکی ئەمریکا و لەڕێی دیپلۆماسیەوە کار دەکەن بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ.