روانگەی سوری رایگەیاند، تەحریر شام ٢٠ کیلۆمەتر لە دیمەشقەوە دوورە و چەند گوندێكی دوورەدەستی دیمەشقیان كۆنتڕۆڵ کردووە.
نوێدەکرێتەوە
سەرۆكی ئەمریكا دوو فەرمانی تایبەتی خۆی بۆ هێرشكردنە سەر بارەگاكانی سوپای پاسدرانی ئێران لە سوریا ئاشكرا دەكات.
جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لە نامەیەكیدا بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی كۆنگرێسی وڵاتەكەی ئاشكرایكردووە، تەنها لە مانگی رابردوودا و لە رۆژانی ١١ و ٢٦ی تشرینی دووەم دوو جار فەرمانی ئاراستەی هێزەكانی ئەمریكا كردووە بۆ هێرشكردنە سەر بارەگانی سوپای پاسدارانی ئێران لە سوریاو گروپە چەكدارە هاوپەیمانەكانیان و هەردوو فەرمانەكەش بە تەواوی جێبەجێكراون و هێرشەكان ئەنجام دراون.
راشیگەیاندووە، هەردوو هێرشەكە بارەگاكانی فەرماندەیی و كۆگاكانی چەك و ناوەندە سەربازییەكانی مەشق و راهێنان تایبەت بە سوپای پاسداران و گرووپەكانی هاوپەیمانیان كردووەتە ئامانج، ئەوەش لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی كراونەتە سەر هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا.
شەڕڤانانی هەسەدە پارێزگای دێرەزور و چوارگۆشەی ئەمنی قامیشلۆ و حەسەكەیان كۆنتڕۆڵ كرد.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، شەڕڤانانی هەسەدە پارێزگای دێرەزوریان كۆنترۆڵكردووە.
وتیشی سوپای سوریا رێككەوتنی لەگەڵ هەسەدە كردووە كە چەندە ناوچەیەك رادەست بكات، لە چوارچێوەی رێككەوتنەكە چوارگۆشەی ئەمنی قامیشلۆ و حەسەكەی لە رۆژئاوای چۆڵ كردووە و رادەستی هەسەدەی كردووە.
دەشڵێت، فەرمانگەكانی حكومەت لە دەرعا و بەشێكی زۆری حومس زۆربەی چۆڵ كردووە.
رۆژنامەیەكی ئەمریكی بڵاویكردەوە، ئێران هێزەكانی لە سوریا كشاندوەتەوە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش گەیشتە دەوحە.
رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی بڵاویكردەوە، لە رۆژی هەینییەوە ئێران زۆربەی هێز و كەرەستە سەربازییەكانی لە سوریا كشاندوەتەوە و ئەوەش بەهۆی لاوازیی هێزەكانی ئەو وڵاتە بووە بۆ بەرگریكردن بەرامبەر گروپە چەكدارەكانی سوریا.
ئەو رۆژنامەیە لە زاری سێ لێپرسراوی سوپای پاسدارانەوە گواستییەوە، ئێران زۆربەی هێزەكانی لە سوریاوە بۆ عێراق و لوبنان گواستوەتەوە و تەنانەت بەشێك لە فەرماندە سەربازییەكان ئەندامانی خێزانەكانیشیان رەوانەی دەرەوەی سوریا كردوە.
بەپێی رۆژنامەكە، كارمەندانی باڵیۆزخانە و دامەزراوە دیپلۆماسییەكانی ئێران ئاگاداركراونەتەوە ئامادەبن بۆ جێهێشتنی شوێنەكانیان و گەڕانەوەیان بۆ ئێران.
لە لایەكی دیكەوە میدیاكانی ئێران بڵاویان كردوەتەوە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەكە بەرەبەیانی شەممە گەیشتووەتە دەوحەی پایتەختی قەرتەر بە مەبەستی بەشداریكردن لە لوتكەی دەوحە كە روسیا و توركیاش بەشداریی تێدا دەكەن و بڕیارە تاوتوێی پێشهاتەكانی سوریا بكەن.
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، چارەنوسی بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا نازانرێت.
عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، چارەنوسی بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا نازانرێت، بەڵام مقاوەمە بەردەوام دەبێت لە كارەكانی و هەڕەشەكانی سوریا بۆ ناوچەكە درێژە دەكێشێت.
وتیشی، لە ساڵی ٢٠١١ زۆرینەی بیروڕاكان بەو شێوەیە بوو كە حكومەتی ئەسەد دەكەوێت، بەڵام رووداوەكە سەلماندی كە بۆچونەكان بەشێوەیەكی تر بوون.
عراقچی دەشڵێت، سوریا دووچاری چەند سیناریۆیەك دەبێتەوە لەوانەش، شەڕی ناوخۆ و دابەشبوونی وڵاتەكە و گروپە چەكدارەكان دەست بەسەر تەواوی سوریادا بگرن.
راشیگەیاند، سەرجەم وڵاتانی ناوچەكە هاوڕان كە پاڵپشتی یەكپارچەیی و سەروەری سوریا بكەن.
حكومەتی میسر هەوڵەكانی بۆ چارەسەری رەوشی سوریا چڕكردووەتەوە و داوا لە هەموو وڵاتان دەكات پشتیوانی لە یەكپارچەیی خاكی سوریا بكەن.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی میسر، بەدر عەبد عاتی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی وڵاتەكەی لەبارەی رەوشی سوریا پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی عیراق و سوریا و توركیا و ئێران و ئیمارات و روسیا و ئەمریكا و سەرۆك وەزیرانی قەتەر ئەنجامدا و جەختیكردووەتەوە كە میسر بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیكردن لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری و یەكپارچەیی خاكی سوریا.
ئاماژە بەوەشكراوە، وەزیری دەرەوەی میسر لە رێگەی پەیوەندییە تەلەفونییەكەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە دەستوەردان بكەن لە پێناو هێوركردنەوەی رەوشی سوریا بۆئەوەی خەڵكی مەدەنی زەرەرمەند نەبن.
دوو وڵاتی ناوچەكە داوا لە بەشار ئەسەد دەكەن سوریا بە جێبهێڵێت و لە دەرەوەی وڵاتەكەی حكومەتێك پێكبهێنێت، ئوردنیش ئەو هەواڵە رەتدەكاتەوە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنال لە زاری ژمارەیەك لە لێپرسراوانی ئەمنی میسر و ئوردنەوە بڵاویكردووەتەوە، دەسەڵاتدارانی میسر و ئوردن داوایان لە توركیا كردووە دەستوەردان بكات بۆ راگرتنی گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆن لە هێرش و پێشڕەوییەكانیان و داوایان لە بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریاش كردووە وڵاتەكەی بە جێبهێڵێت و لە دەرەوەی وڵاتەكەی حكومەتێك بۆ سەرپەرشتیكردنی سوریا پێكبیهێنێت.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو داوایەی میسر و ئوردن دوای ئەوە دێت كە هەوڵێكی بەشار ئەسەد بۆ بەدەستهێنانی چەك و زانیاری هەواڵگری لە وڵاتانی ناوچەكە شكستی هێناوە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنال ئاماژەی بەوەشكردووە، دوای بڵاوكردنەوەی ئەو زانیارییانە، باڵیۆزخانەی ئوردن لە واشنتۆن پەیوەندییان پێوەكردوون و رەتیانكردووەتەوە داوایان لە بەشار ئەسەد كردبێت سوریا بە جێبهێڵێت.
سوپای توركیا دەوروبەری تل تەمری لە سنوری كانتۆنی جزیرە تۆپباران كرد، سێ شەڕڤانیش لەكاتی روبەڕووبونەوەی پەلامارەكانی توركیا لە مەنبج ٣ کەس گیانیان لەدەستدا.
سەرلە بەیانی ئەمرۆ سوپای توركیا و گروپەچەكدارەكان تۆپبارانی گوندی (تەویل)یان لە رۆژئاوای شاری تەل تەمری سەر بە پارێزگای جزیرەیان كرد.
هەروەها ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی سەربازی مەنبج رایگەیاند، سوپای توركیا لە رۆژی هەینییەوە باكور و رۆژهەڵات و رۆژئاوایان لە سنوری مەنبج بۆردومان كردووە، هاوكات بۆ یەكەمجار لە بۆردوومانەكاندا فرۆكەی بێفڕۆكەوانی خۆكوژ بەكارهێنراوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، لە كاتی وەڵامدانەوەی پەلامارەكانی توركیا ٣ شەڕڤان شەهیدبوون، بە هەموو شێوەیەكیش ئامادەن بۆ رووبەڕووبونەوەی توركیا.
دوو مووشەك ئاراستەی بنكەیەكی سەربازی توركیا لە سنوری پارێزگای نەینەوا كرا و تائێستا زیانەكان و ئەنجامدەری هێرشەكەش ئاشكرا نەكراون.
شەوی رابردوو بە دوو مووشەك هێرشكراوەتە سەر بنكەی سەربازیی زلیكان سەر بەناحیەی باشیك لە سنوری پارێزگای نەینەوا كە سەربازی توركیای تێدایە، بەڵام تائێستا زیانەكانی ئەو هێرشە و ئەنجامدەری هێرشەكە ئاشكرا نەكراون.
ئاماژە بەوەشكراوە، بە پێی زانیارییەكان هەردوو مووشەكەكە ئامانجەكەیان پێكراوە و لە ناوەڕاستی بنكە سەربازییەكە كەوتوونەتە خوارەوە.
گروپە چەكدارەكانی سوریا كۆنترۆڵكردنی دەرعای و بەشێكی حومسی راگەیاند و چاوی لە دیمەشقە، هەسەدەش فرۆكەخانە و دەزگا ئەمنیەكانی حەسەكە و قامیشلۆی كۆنتڕۆڵ كرد.
گروپی تەحریر شام رایگەیاند، سوپای سوریا لە دەرعا پاشەكشەی كردووە و شارەكە كەوتووەتە ژێر دەستی هێزەكانیان، بەشێكی زۆر شاری حومسیشیان كۆنتڕۆڵ كردووە و لە پێشڕەوی بەردەوام و ئامانجی داهاتوویان دیمەشقە.
هاوكات رۆژنامەی نیۆیۆرك تایمزی ئەمریكی لەزاری لچەند لێپرسراوێكی ئەمریكاوە گواستییەوە، دیمەشق بەم نزیكانە دەكەوێتە ژێر هێرشی گروپەكدارەكان.
هاوكات، پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، لە قامیشلۆ و حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان چوارگۆشەی ئەمنی كە لە فرۆكەخانە و دەزگا ئەمنی و فەرمانگە حكومیەكان پێكهاتوون لەدەست سوپا و هێزە ئەمنییەكانی سوریا نەماون و لەلایەن هەسەدەوە كۆنتڕۆڵكراون.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا داوا لە هاووڵاتیانی لە سوریا دەكات بە زووترین كات ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، رەوشی سوریا بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەچێت بەهۆی شەڕی گروپە چەكدارەكانەوە. داواش لە هاووڵاتیانی ئەمریكا دەكات بە زووترین كات سوریا بەجێبهێڵن و لە دیمەشقیش چەند شوێنێك دانراوە بۆ مانەوە.
دەشڵێت، ئەوانەشی كە نایانەوێت سوریا بەجێبهڵێن پێویستە خۆیان بۆ حاڵەتی نەخوازراو ئامادەبكەن و لەو شوێنانە بمێننەوە كە شەڕی تێدا نییە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وتیشی، ئەوانەشی بە ئاسانی ناتوانن گەشتی گەڕانەوە بكەن، دەتوانن پەیوەندی بە باڵیۆزخانە چیكەوە بكەن لە دیمەشق یاخود باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ئوردن.
کۆشکی سپی داوادەکات کۆتایی بە شەڕی ناوخۆی سوریا بهێنرێت و دەشڵێت، "لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا لەسەر هێڵین".
كۆشكی سپی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، " لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە لەسەر هێڵین، دوا دەكەین ئاڵۆزیەكانی سوریا كەمبكرێنەوە و داوای پارێزگاری هاووڵاتیانی مەدەنی و پێكهاتەكان دەكەین".
كۆشكی سپی داواشدەکات، بە جددی كار بكرێت بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆی سوریا.
ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم زیاد دەكات و هەواڵگریی ئەمریكاش ئاشكرایدەكات، تاران توانای دروستكردنی زیاتر لە ١٠ بۆمبی ئەتۆمیی هەیە.
رافایل گروسی بەڕێوبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند، ئێران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی بەشێوەیەكی خێرا بەرزكردوەتەوەو ئاستی ٦٠٪ی تێپەڕاندووە.
دەشڵێت، ئەگەر ئێران بەوشێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا بڕی یۆرانیۆمی پیتێنراوەی وڵاتەكە حەوت بۆ هەشت هێندە زیاد دەكات.
نوسینگەی هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریكاش لە نوێترین راپۆرتیدا ئاشكرایكردوە، بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران زۆر خێراتر بووە و ئەگەر ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لەو وڵاتە بەو خێرایە بەردەوام بێت ئەوا توانای دروستكردنی ١٢ بۆمبی ئەتۆمیی دەبێت.
دەشڵێت، ئێران ئێستا ناتوانێت بۆمبی ئەتۆمیی دروست بكات، بەڵام ئەو هەنگاوانەی لە بەرنامە ئەتۆمییەكەیدا جێبەجێی دەكات ئاسانكاریین بۆ دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمیی.
نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، بەهۆی ململانێكانی سوریاوە نزیكەی ٤٠٠ هەزار كەس لە سوریا ئاوارەبوون كە زۆربەیان ژن و منداڵن.
سامر عەبدلوجەبار بەڕێوەبەری هەماهەنگی فریاگوزاری لە پرۆگرامی خۆراكی جیهانی رایگەیاند، لە ماوەی ١٠ رۆژی شەڕ و پێكدادانەكانی سوریا لانیكەم ٣٧٠ هەزار كەس لە سوریا ئاوارەبوون.
ئاماژەی بەوەشكردووە، زۆربەی ئەوانەی ئاوارەبوون ژن و منداڵ بوون و ژمارەشیان بە بەردەوامی روو لە زیادبوونە.
نەتەوە یەكگرتوەكان هۆشداریی داوە لەوەی ئەگەر ئاڵۆزییەكان لە سوریا بەردەوامیان هەبێت، ئەوا ژمارەی ئاوارەكانی وڵاتەكە دەگاتە زیاتر لە یەك ملیۆن و ٥٠٠ هەزار كەس.
ئەردۆغان هیوادەخوازێت پێشڕەوییەكانی گروپە چەكدارەكان تا كۆنتڕۆڵكردنی دیمەشقی پایتەختی سوریا بەردەوام بێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند: پێشتر دەستی دۆستایەتیی بۆ بەشار ئەسەد سەرۆك كۆماری سوریا راكێشا، بەڵام ئەو وەڵامی نەبووە، بۆیە ئەوەی ئێستا لەو وڵاتە رودەدات پێشبینیكراو بووە.
وتیشی، ئیدلیب و حەما و حومس كەوتوەتە دەست چەكدارانی سوریا و هیواداریشە پێشڕەویی ئەو هێزانەی سوریا تا دیمەشقی پایتەختی وڵاتەكە بێ كێشە و زیان بەردەوام بێت.
سەرۆك كۆماری توركیا جەختی لەوەشكردوەتەوە ئامانجی چەكدارانی سوریا بەدەستەوەگرتنی پایتەختی سوریا و كۆنتڕۆڵكردنی تەواوی وڵاتەكەیە.
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بارەی عیراقەوە كۆبووە و نوێنەری یۆنامیش لە عیراق ئاماژەی بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كرد و رایگەیاند، سودانی سەردانی هەرێم كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەردوولا.
محەمەد حەسان نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەو وتارێكیدا لە ئەنجومەنی ئاسایش رایگەیاند، هەڵبژانی پەرلەمانی كوردستان بە سەركەوتوویی بەڕێوەچووە و چاودێرانی بیانی و نەتەوە یەكگرتووەكانیش بەووردی ئاگاداری پرۆسەكە بوون.
دەشڵێت، ٧٢٪ی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەشدارییان كردووە و رێژەیەكی بەرچاوی كاندیدە ژنەكان سەركەوتوو بوون و توانیویانە ببنە پەرلەمانتار و سەرۆك وەزیرانی عیراقیش بۆ تاوتوێكردنی پێكهێنانی كابینەی نوێلە هەرێمی كوردستان سەردانی هەرێمی كردووە.