قوباد تاڵەبانی لێپرسراویی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لەگەڵ مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کۆبووەوە و داوای لە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە کرد کە بەپێی گۆڕانکارییەکانی سەردەم راگەیاندنی یەکێتی نوێ بکەنەوە

قوباد تاڵەبانی، لێپرسراویی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، سەردانی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری یەکێتی کرد و بە ئامادەبوونی عیماد ئەحمەد، لێپرسراویی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری و لەتیف نێروەیی، لێپرسراویی بۆردی راگەیاندن، لەگەڵ بەرپرسانی دەزگاکانی راگەیاندن و ئەندامانی مەکتەبی راگەیاندن کۆبووەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەکشەمە(29/3/2026) بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی سوپاس و دەستخۆشی لە راگەیاندکاران و ئەندامانی مەکتەبی راگەیاندن کرد لەپای هەوڵ و ماندووبوونیان بۆ گەیاندنی پەیام و سیاسەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە کۆمەڵانی خەڵكی کوردستان و داواشی لێ کردن بەپێی گۆڕانکارییەکانی سەردەم، راگەیاندنی یەکێتی نوێ بکەنەوە و لەمبارەیەشەوە ئامادەیی خۆی بۆ هەموو جۆرە پشتگیری و هاوکارییەک دەربڕی. 

هەر لەم چوارچێوەیەدا لێپرسراویی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال رایگەیاند یەکێتی هێزێکی گەورە و کاریگەرە لە کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا، هەربۆیە دەبێت راگەیاندنی یەکێتیش بە جۆرێک خۆی نوێ بکاتەوە کە بتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر دەنگ و پەیامی یەکێتی بە خەڵکی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بگەیەنێت.