فراکسیۆنی یەکێتی: بەئامانجگرتنی ماڵی نێچیرڤان بارزانی کارێکی تیرۆریستییە و جێگەی قبوڵکردن نییە
٢٨ی ئازاری ٢٠٢٦
فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە پەیامێکدا ئیدانەی بەئامانجگرتنی ماڵی نێچیرڤان بارزانی دەکات و دەڵێت: ئەم دەستدرێژییە تەنها هێرش نییە بۆ سەر کەسایەتییەکی نیشتمانی، بەڵکو دەستدرێژییەکی ئاشکرایە بۆ سەر ئاسایش و سەروەریی عیراق و هەرێم.
دەقی پەیامەکە...
بەنیگەرانیەکی قووڵەوە، چاودێری ئەو هەواڵانە دەکەین کە باس لە بەئامانجگرتنی ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەکەین.
ئەم دەستدرێژییە تەنها هێرش نییە بۆ سەر کەسایەتییەکی نیشتمانی، بەڵکو دەستدرێژییەکی ئاشکرایە بۆ سەر ئاسایش و سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان.
ئەم هێرشە پێشێلکارییەکی زەقە بۆ هەموو نەریت و یاساکان، و هەوڵێکی بێهودەیە بۆ تێکدانی ئاسایش لە ناوچە ئارامەکانی "دهۆک".
لە هەمان کاتدا، ئەمە کارێکی تیرۆریستییە و لە ژێر هیچ پاساوێکدا جێگەی قبوڵکردن نییە، ئامانجی سەرەکییەکەشی بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندنە لە ناو هاووڵاتیانی سڤیل.
داوا لە حکومەتی فیدراڵ و لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان دەکەین بە زووترین کات لێکۆڵینەوەیەکی خێرا و شەفاف دەستپێبکەن بۆ ئاشکراکردنی لایەنە تێوەگلاوەکان و ڕادەستکردنیان بە دادگا تا سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن.
فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق


