باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد: زانیاریـمان هەیە زانکـۆ ئەمریکییەکان لە سلێمانی دهۆک و بەغداد، لە لایـەن ئێرانەوە دەکرێنە ئامانـج
بڵند
٢٩ی ئازاری ٢٠٢٦
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد، لە راگەیەندراوێکدا هۆشداری دەداتە هاووڵتیانی ئەمریکیو داوایان لێدەکات بە زوترین کات عیراق جێبهێڵن و ، هۆشداریی داوە لە بونی مەترسیی جددی بۆ سەر زانکۆ ئەمریکییەکان لە شارەکانی بەغداد، سلێمانی و دهۆک، لەگەڵ ئەو ناوەندانەی تر کە پەیوەندییان بە ئەمریکاوە هەیە.
باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران و گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی، هەڕەشەی راستەوخۆیان لە دژی هاووڵاتییان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و عیراق کردووە، بەتایبەت لە رێگەی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کە هێشتا مەترسییان لەسەر ئاسمانی ناوچەکە بەردەوامە.
لە بەشێکی تری هۆشدارییەکەدا، لایەنی ئەمریکی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە حکومەتی عیراق نەیتوانیوە رێگری لەم هێرشانە بکات، هەر بۆیە داوا لە سەرجەم هاووڵاتیانی وڵاتەکەی دەکات دەستبەجێ عیراق جێبهێڵن.
باڵیۆزخانەکە ئاستی مەترسی گەشتکردنی بۆ عیراق گەیاندووەتە "پلەی چوارەم" کە بەرزترین ئاستی مەترسییە، و هۆشداری داوە کە گروپە چەکدارەکان ئەگەری هێرشکردنیان بۆ سەر ژێرخانی وزە، فڕۆکەخانە بازرگانییەکان و هۆتێلەکان هەیە، جگە لە مەترسی رفاندنی هاووڵاتیانی بیانی.



