بۆ دەرخستنی راستییەکان لەچوارچێوەی هەوڵەکان بۆ رێکخستن و دیزاینی نوێی سەنتەری شار و بەردەرکی سەرا، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد سەردانی سەرای سلێمانی کرد.

دواتر و بەمەبەستی رەواندنەوەی ئەو نیگەرانییانەی دەربارەی چارەنوسی باڵەخانەی ئوتێل مەولەوی و ژمارەیەک لەدووکانەکان دروستبووە، خاتوو شاناز سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی کرد بەئامادەبوونی پارێزگاری سلێمانی و جێگرەکەی و سەرۆکی شارەوانی سلێمانی لەگەڵ خانەوادەی حاجی باقی حسن خاوەنی ئوتێلەکە و ژمارەیەک لە دوکاندار و فرۆشیاراندا.

لەکۆبوونەوەکەدا لە ئوتێل مەولەوی، خاتوو شاناز رایگەیاند، لەسۆنگەی بایەخدانمان بە پاراستنی کولتورو مێژوی ئەم شارە و رێگریکردن لە رووخاندنی ئوتیل مەولەوی و تێکدانی سیما و شوناسی شار، بەردەوام لەگفتوگۆداین لەگەڵ شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چۆنیەتی نۆژەنکردنەوە و دیزاینکردن رێکخستنەوەی بەردەرکی سەرا بە مەرجێک کە پارێزگاری لە سیما کلتورییە دێرینەکەی بکات و پاراستنی شوێنەوارەکان رەچاو بکرێت.

وتیشی، بەردەرکی سەرا سمبولێکی مێژوویی گرنگە بۆ ئەم شارە، ئەمڕۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانم هێناوە بۆ گوێگرتن لەخەڵکی شار و کاسبکاران و خاوەن موڵکەکان و بەدەنگەوەهاتنی داواکاریەکانیان بۆ هێشتنەوەی باڵەخانەکە و دڵنیاکردنەوەیان کە نە سەرا و نەئوتێل مەولەوی تێک نەدراوە و ناڕوخێنرێت. 

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دووپاتی کردەوە، پاڵپشتی بینا کۆنەکانی ئەم شارە و خەڵکەکەی ئەکات، چونکە هەموو گۆشەیەکی یادگارێکە بۆ هەر تاکێکمان بۆیە پارێزگاری لێ دەکەین، داواشی کرد کە پڕۆژەی نوێ بۆ جوانکاری شار جێبەجێ بکرێت و ئاوڕێک لە خانوەکۆنەکانی گەڕەکی شێخانیش بدرێتەوە و تا ئەو خانوانەی ماون لەڕووخان بپارێزرێن.