وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بڕیاریدا لەمساڵی خوێندنەوە کتێبەکان لە خوێندکارەکان وەردەگیرێتەوە و لە ساڵانی داهاتووی خوێندندا بەکاردەهێندرێتەوە.

لە بڕیاریکی نوێدا، بۆ خوێندنی ساڵی (2026 بۆ 2027) بەپێی نوسراوێکی رەسمی، کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی دیوانەوە دەرچووە، ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کراوە، داوا دەکرێت دوای تاقیکردنەوەکان کتێب لە خوێندکارەکان وەرگرنەوە، بەمەبەستی بەکارهێنانەوەی لە ساڵانی داهاتودا.

لە ناوەڕۆکی بڕیارەکەدا جەخت کراوەتەوە، کە دوای وەرگرتنەوەی کتێبەکان، دەبێت بە شێوەیەکی رێکوپێک، جیابکرێنەوە و لە کۆگای قوتابخانەکان دابنرێن، تاوەکو ئامادە بکرێن بۆ دووبارە دابەشکردنەوەیان بەسەر خوێندکاران بۆ ساڵی خوێندنی داهاتوو.

وەزارەتی پەروەردە سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی راسپاردووە، کە بەدواداچوونی ورد بۆ ئەم پرۆسەیە بکەن لە کاتی سەردانی مەیدانییان بۆ ناوەندەکانی خوێندن، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی رێنماییەکان و پاراستنی سامانی گشتی کە لە کتێبی خوێندندا بەرجەستە دەبێت.