کەسێک بە تۆمەتی دزینی ماتۆڕسکیل دەستگیرکرا و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانیش ئاشکرایکرد، تۆمەتبارەکە دانی بەوەداناوە چوار ماتۆڕسکیلی دزیوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی هاووڵاتیەك لەنوسینگەی نەهێشتنی تاوانی بەکرەجۆی سەربەبەشی نەهێشتنی تاوانی بەرێوەبەرایەتییان سكاڵای تۆماركرد، كە ماتۆڕسکیلەكەی لێ دزراوە، پاش لێكۆڵینەوەو بەدواداچوون و وەرگرتنی بڕیاری  دادوەر، توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی بەکرەجۆوە تۆمەتبار بەناوی (د، م، ح) بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتباردا دانی بە دزینی چوار ماتۆڕسکیلدا ناوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا تۆمەتباری ناوبراو بەبڕیاری دادوەرو بەپێی مادەی (444) لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.