پەیامنێری کوردستان نیوز رایگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٢ گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بەناوی خالید ئەسکەندەر دانیشتووی قەزای سۆران لە کاتی کۆکردنەوەی گیا بەھارییەکان لە کوێستانی گەڵاڵەی سنووری قەزای چۆمان مینی پێداتەقییەوە.
وتیشی، بەوھۆیەوە گەنجەکە بە سەختی بریندار بووەو دۆخی تەندروستیشی ناجێگر، بۆ چارەسەرکردن رەوانەی نەخۆشخانەی ئاشتی کراوە لە سۆران.
ساڵانە رووداوی مین و تەقەمەنی لە سنوری ئیدارەی سۆران لە ناوچەکانی باڵەکایەتی و برادۆست و مێرگەسور بە تایبەتی لە وەرزی بەھار زۆر تۆمار دەکرێت زۆربەی رووداوەکانیش کەسانی دانیشتووی دەرەوەی ئەو ناوچانەن بە مەبەستی کۆکردنەوەی گیا بەھاریەکان و بەخێوکردنی مەر و مالات و مێشە ھەنگ سەردانی ناوچە سنورییە کوێستانیەکان دەکەن ئەو ناوچانەش زۆرترین کێڵگەی بە مین چێندراوی تێدایە.
سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی لە لێدوانێکدا رایگەیاند، بەھاوکاری چەند کۆمپانیایەک توانیویانە ٣ ھەزار و ٦٠٠ سەبەتەی خۆراک ئامادە بکەن بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان.
وتیشی، رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت "سی دی ئۆ" دابەشکردنی سەبەتەی خۆراکەکانی بەسەر خێزانە کەدەرامەتەکاندا گرتووەتە ئەستۆ.
عەلی جەمال قەدووری وتەبێژەی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، دوای وەرگرتنی زانیار و بەدواداچونی ورد و وەرگرتنی فەرمانی دادوەر بەشی پۆلیسی کەلار لە سنوری گەرمیان گروپێکی حەوت کەسی لە بازرگان و بەکارھێنەری مادەی ھۆشبەر دەستگیرکران کەشەش تۆمەتباریان دانیشتووی قەزای کەلارن و یەکێکیان دانیشتووی شاری ھەولێرە.
وتیشی، لەگەڵ تۆمەتباراندا دەستگیراوە بەسەر کریستاڵ و تلیاک لەگەڵ ئامێرەکانی بەکارھێنانی مادەھۆشبەرەکان.
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان راشیگەیاند، لەئێستادا بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی ٣٠ لە یاسای ھۆشبەر بەندکراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.
سەرچنار ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا تایبەت بە شێوازی نوێی چاپکردنی تابلۆی ئۆتۆمبێل رایگەیاند، ئەو کارە پێچەوانەی ماددەی چواری دەستوری ھەمیشەیی و زمانە رەسمییەکانە لە عێراق و ھەرێمی کوردستانیش، چونکە زمانی رەسمی لە عێراق کوردی و عەرەبییە، بەڵام تابلۆی نوێی ئۆتۆمبیل بە زمانی ئینگلیزی دەنوسرێت.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، ئەم بابەتە بەرز دەکەنەوە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان و ڕێکار یاسایی دەگرنەبەر.
پەروین بوڵدان ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە" رایگەیاند، تورکیا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەنا بۆ شەڕ دەبات، ئەوەش ناسەقامگیری زیاتر بۆ وڵات و بۆ خۆرھەڵاتی ناوەڕاست دروستکردووە.
راشیگەیاندوە، زیاتر لە ٢٠ ئەندامی ھەدەپە بەبێ بەڵگە لەلایەن پۆلیس و ھێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیرکراون، ئەرۆدغانیش ھەمیشە خواستی شەڕی ھەیە، بۆیە ھەدەپە و خەڵکیش لە شەڕە بەردەوامەکانی ئەردۆغان بێزارن.
نادر رۆستی وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ھەموو کاتێک لەگەڵ نزیکبونەوەی جەژن و بۆنەکان، بەڕێوەبەرایەتییەکانی گەشتوگوزار لە پارێزگاکان پلانی گەشتیاری دادەنێن و لە بازگەکان و دەروازە سنورییەکان و ھۆتێل و چێشتخانەکان و میوانخانەکان ئامادەکاری دەکەن بۆ پێشوازی گەشتیاران لە جەژنی رەمەزاندا.
وتیشی، تائێستا ھیچ داتا و زانیارییەک لەبەر دەست نییە لەبارەی ھاتنی گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێم.
جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە "بەبۆنەی ھاتنی جەژنی رەمەزانی پیرۆز، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١ی ئایاری ٢٠٢٢ تاوەکو ٥ی ئایاری ٢٠٢٢، لەسەرجەم دامودەزگاکانی حکومی ھەرێمی کوردستان پشوی فەرمی دەبێت."
وتەبێژی حکومەت دەشڵێت ڕۆژی ٨ی ئایاری ٢٠٢٢، دەوامی فەرمی دەست پێ دەکاتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە، بە گوژمەی ملیارێک دینار لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، ژمارەیەک پرۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێدەکرێن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پرۆژەکان بریتین لە دابینکردنی قیری شل و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ شەقام و کۆڵانەکان و راکێشانی بۆڕی ئاو و بەھێزکردنی تۆڕی ئاو بۆ چەند شوێنێک و ئامادەکردنی ڕێبەری گەشتیاری.

د. عیزەت سابر مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی بواری ئابووری دەڵێت، ھۆکاری کەمی داھاتی باج لە سلێمانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کۆمپانیا گەورەکانی سلێمانی باجەکانیان بۆ ھەولێر دەگەڕێننەوە، نەک لە ناوخۆی پارێزگاکە بیدەن و بچێتە سەر داھاتی ناوخۆ.
بۆ نموونە ھەردوو کۆمپانیای چیمەنتۆی ماس و کارگەی شیشی ماس لە ناوچەی بازیان لە پارێزگای سلێمانی کاردەکەن، بەڵام لە ھەولێر باج دەدەن.
بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی پەروێزخان ڕایگەیاند لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی خۆیان گەیاندووەتە تاران سەبارەت بە ڕووداوی ھێرشکردنە سەر شۆفێرێکی کورد.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە بەرپرسانی ئەمنی ئێران لێکۆڵینەوەیان کردووە لەگەڵ ئەو کەسانەی کێشە بۆ شۆفێرانی کورد دروست دەکەن و ١٠ کەسیان دەستگیرکردووە و لە دادگای قەسری شیرین ڕاگیراون.
سەرۆکی دادگای قەسری شیرین و بەرپرسانی تری کۆماری ئیسلامی ئێران جەختیان لەوە کردوەتەوە ڕێگە بە دووبارە بوونەوەی ئەو ڕووداوانە نادەن، ئەمنییەتی دەروازەکە دەپارێزن.
شاندی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان بە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی وتوە " شۆفێرانی کورد ناڕازین لە مامەڵەی کرێکارانی نێو دەروازەکە لە دیوی ئێران و بەردەوام ناڕەزایەتی ئەوە دەردەبڕن، کە ڕووبەڕووی ھەڕەشە و لێدان و بێ ڕێزی دەبنەوە."
داواش لە لایەنی ئێران کراوە "لە ڕێگەی ھێزە ئەمنییەکان و یاساوە کۆنترۆڵی دەروازەکە بکەن و ئیجرائات لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکەن، کە دەبنە ھۆی تێکدانی ئارامی و ئاسایشی نێو دەروازەکەو دروستکردنی کێشە بۆ شۆفێرانی کورد."
وتیشی، پێشبینی دەکەن ئەمساڵ زیاتر لە ٢ ھەزار سەربڕینی سەرئاژەڵ لە کوشتارگەکان تۆمار بکرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە کردنەوەی کوشتارگەکان، لیژنەی تەندروستیشیان دروستکردووە بۆ چاودێریکردنی کوالیەتی ئەو گۆشتەی لە جۆری ئاژەڵ و پەلەوەر کە دەخرێنە بازاڕەوە.
وەفدێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی پارێزگای سەڵاحەدینی کرد بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی قەزای خورماتوو و ناحیەکانی دەوروبەری بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارەکانی ئەمنی و تەندروستی و پەروەرەدە.
بڕیاریشدرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دوای پشووەکانی جەژن پارێزگاری سەڵاحەدین سەردانی خورماتوو بکات.

سەرۆکی ڕێکخراوی بیمە بۆ مافە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان بە بۆنەی نزیکبوونەوەی ڕۆژی جیھانی کرێکاران، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ڕێکخست و ڕایگەیاند، لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا لە ھەرێمی کوردستان ١٢ کرێکار لە کاتی کارکردندا گیانیان لە دەستداوە و ١٩ کرێکاریش برینداربوون کە زۆربەیان کرێکاری ناوخۆیی بوون.
وتیشی، بە پێی ئامارەکان بێکاری و ھەژاری لە ھەرێمی کوردستان ڕوو لە بەرزبوونەوەیە و لە ڕێژەیەکی مەترسیداردایە.
لە ھەولێر ڕێکاری پێویست بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون دەگیرێتەبەر کە ماوەی چەند ڕۆژێکە لە بەشێک لە شارە عێراقییەکان بڵاوبووەتەوە و بەھۆیەوە چەند کەسێک گیانیان لە دەستداوە.
بە پێی ڕێکارەکان شارەوانییەکان سەربرینی ئاژەڵ لەسەر شەقامەکان قەدەغە دەکەن و ھەرکەسێکیش سەرپێچی بکات ڕێکاری یاسایی لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
تای خوێنبەربوون نەخۆشیەکی کوشندەیە و لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ لە ڕێگەی خوێن یان خواردنی گۆشتی ئاژەڵی نەخۆش دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.
بە پێی لێدوانی خوڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا تا ئێستا لە ھێرشەکانی ئۆپراسیۆنی چڕنووک - قوفڵ ٥٧ گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان گیانیان لە دەستداوە.
وەزیری بەرگری تورکیا دەڵێت، سەرەڕای نالەباری کەشوھەوا و بوونی ژمارەیەکی زۆر بۆمبی دەستی لە ناوچەکەدا، ئۆپراسیۆنەکەیان لە ھەرێمی کوردستان بەردەوامیی دەبێت.
ناوەندی ڕاگەیاندنی ھێزەکانی پاراستنی گەل - ھەپەگەش ڕایگەیاند، تەنھا لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوودا ٢٨ سەربازی سوپای تورکیا کوژراون.
بە پێی ڕاگەیەندراوەکە، گەریلاکانی پەکەکە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیایان خستووەتە خوارەوە و سەنگەرێکی سوپای تورکیاشیان خاپور کردووە.
د. عیزەت سابر ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، بە بەرنامە کار لەسەر ئەوەکراوە داھاتی سلێمانی کەم ببێتەوە بۆ ئەوەی کێشە بۆ مووچە و خزمەتگوزارییەکانی دانیشتوانی پارێزگاکە دروست ببێت.
وتیشی، بە بەڵگەوە سەدان کارگە و کۆمپانیا و مۆڵی گەورە پارە لە سلێمانی پەیدا دەکەن بەڵام لە ھەولێر باج دەدەن، ئەمەو دەیان ھۆکاری تر وای کردووە لە سلێمانی گرفت بۆ مووچەی بەشێک لە فەرمانبەران و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان دروست ببێت.
د. عیزەت سابر ڕاشیگەیاند، وەک یەکێتی ئەوەی ڕوودەدات جێگەی قبوڵ نییە و ڕوونە ھۆکارەکەی چییە ڕێگەنادەن سلێمانی و خەڵکەکەی بە پلان سزا بدرێن.