بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی پەروێزخان ڕایگەیاند لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی خۆیان گەیاندووەتە تاران سەبارەت بە ڕووداوی ھێرشکردنە سەر شۆفێرێکی کورد.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە بەرپرسانی ئەمنی ئێران لێکۆڵینەوەیان کردووە لەگەڵ ئەو کەسانەی کێشە بۆ شۆفێرانی کورد دروست دەکەن و ١٠ کەسیان دەستگیرکردووە و لە دادگای قەسری شیرین ڕاگیراون.

سەرۆکی دادگای قەسری شیرین و بەرپرسانی تری کۆماری ئیسلامی ئێران جەختیان لەوە کردوەتەوە ڕێگە بە دووبارە بوونەوەی ئەو ڕووداوانە نادەن، ئەمنییەتی دەروازەکە دەپارێزن.

شاندی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان بە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی وتوە " شۆفێرانی کورد ناڕازین لە مامەڵەی کرێکارانی نێو دەروازەکە لە دیوی ئێران و بەردەوام ناڕەزایەتی ئەوە دەردەبڕن، کە ڕووبەڕووی ھەڕەشە و لێدان و بێ ڕێزی دەبنەوە."

داواش لە لایەنی ئێران کراوە "لە ڕێگەی ھێزە ئەمنییەکان و یاساوە کۆنترۆڵی دەروازەکە بکەن و ئیجرائات لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکەن، کە دەبنە ھۆی تێکدانی ئارامی و ئاسایشی نێو دەروازەکەو دروستکردنی کێشە بۆ شۆفێرانی کورد."