ھەپەگە: لە ٢٤ سەعاتدا ٢٨ سەربازی تورکیامان کوشتووە
٢٧ی نیسانی ٢٠٢٢
بە پێی لێدوانی خوڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا تا ئێستا لە ھێرشەکانی ئۆپراسیۆنی چڕنووک - قوفڵ ٥٧ گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان گیانیان لە دەستداوە.
وەزیری بەرگری تورکیا دەڵێت، سەرەڕای نالەباری کەشوھەوا و بوونی ژمارەیەکی زۆر بۆمبی دەستی لە ناوچەکەدا، ئۆپراسیۆنەکەیان لە ھەرێمی کوردستان بەردەوامیی دەبێت.
ناوەندی ڕاگەیاندنی ھێزەکانی پاراستنی گەل - ھەپەگەش ڕایگەیاند، تەنھا لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوودا ٢٨ سەربازی سوپای تورکیا کوژراون.
بە پێی ڕاگەیەندراوەکە، گەریلاکانی پەکەکە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیایان خستووەتە خوارەوە و سەنگەرێکی سوپای تورکیاشیان خاپور کردووە.