کوردستانکوردستان

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، سەعات ٤ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، درۆنێکی تورکیا ئۆتۆمبێڵیکی لە گوندی خان جەبەلی سەر بە شاری دێرک لەسەر رێگای دێرک و قامیشلۆ کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا دوو ئۆتۆمبێل سوتاون.

بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانیش ٤ کەس برینداربون و بۆ وەرگرتنی چارەسەر بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانە کراون .

پێشتریش ھەر لەم ھەفتەیەدا، گروپەکانی نزیک لە تورکیا ٦ کەسیان لە ناوچەکانی شێراوا و جندرێس و ماباتا ڕفاند، ھەروەھا لە ناوەندی شاری عەفرین کەسێکی خاون پێداویستی تایبەت لەلایەن گروپێکی چەکدار بە ناوی (جەبھەت شامییە) ڕفێندرا.

ھاوکات، گوندی کەشتعار و فڕۆکەخانەی منغ لە ناوچەی شەھبا و گوندەکانی ئاقیبە و بێنە و سوغانکی لە ناحیەی شێراوا، لەلایەن سوپای تورکیا و گروپەکانی نزیک لەو وڵاتە تۆپباران کراوە و ھێرشەکە زیانی ماددی زۆری لێکەوتووەتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

زانکۆی سەڵاحەدین دەڵێت، بکوژەکە ھەڵیکوتاوەتە سەر ئۆفیسی راگری کۆلێژی یاسا و ماڵی مامۆستایەکی دیکەی کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆکە و لە ئەنجامدا ھەردووکیانی کوشتووە.
 
لە بەشێکی راگەیەندراوەکەی زانکۆی سەڵاحەدیندا ھاتووە، رووداوەکە سەعات ٨:١٥ خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ بووە و تۆمەتبارەکە ھەڵیکوتاوەتە سەر ئەو شوێنەی کە مامۆستایانی زانکۆی سەلاحەدین تێیدا نیشتەجێن و چووەتە ئۆفیسی راگری کۆلێژی یاسا و یەکێک لە تاوانەکانی ئەنجامداوە.

زانکۆی سەڵاحەدین دەشڵێت، پرۆسەی خوێندن بەردەوام دەبێت و گیانی مامۆستایانیان پارێزراوە و دەشڵێت، "سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرجەم دەزگا ئەمنییەکان خەریکی لێکۆڵینەوەی وردن لەم رووداوە کارەساتبارە بۆئەوەی تاوانبار بە سزای یاسایی بگەیێندرێت."
 
دەقی راگەیێندراوی زانکۆی سەڵاحەدین:
 
بەناوی خودای گەورە و میھرەبان  
 
بەداخەوە ئەمڕۆ ڕێککەوتی ۲۸ ی ٦ ی ۲٠۲۲ کاتژمێر ۸:۱٥ دەقیقەی بەیانی، قوتابییەک ھەڵدەکوتێتە سەر ئۆفیسی ڕاگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین - ھەولێر و د‌ێی نوێی زانکۆ، کە ماڵی مامۆستایانی زانکۆی سەلاحەدینی لێیە.  
 
ئەمەش لە ئەنجامی پێشینەی مامەڵەیەکی نەقلکردنی بەر لە (  ۲ - دووساڵ )بووە، ئەمڕۆ ھەمان قوتابی ھەڵیکوتایە سەر ‌ ئۆفیسی ( پڕۆفیسۆر د.کاوان ئیسماعیل –ڕاگری کۆلێژی یاسا) و ماڵی ( پ.ی.د. ئیدریس حەمە خان- مامۆستا لە کۆلێژی ئەندازیاری) لە ئەنجامدا ھەردووکیان شەھید دەکات و لەگەڵ ئەوەشدا کارگوزارێکی کۆلێژی یاسا بریندار دەکات.  
 
وێڕای سەرەخۆشی لە خانەوادەی مامۆستایانی شەھید، ھیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکەش دەخوازین.  
 
دڵنیاتان دەکەینەوە، پڕۆسەی خوێندن بەردوام دەبێت و گیانی مامۆستایانمان پارێزراوە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرجەم دەزگا ئەمنییەکان خەریکی لێکۆڵینەوەی ووردن لەم ڕووداوە کارەساتبارە بۆئەوەی تاوانبار بە سزای یاسایی بگەیەندرێت.  
 
ئەنجوومەنی زانکۆی سەلاحەدین-ھەولێر  
ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین-ھەولێر.  

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی رونکردنەوەکەی فەرماندەیی بارزان:

روونکردنەوەیەک لە فەرماندەیی بارزانەوە

دوای رووداوەکەی ئەمڕۆی زانکۆی سەلاحەددین لەھەندێ دەزگای راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وا بڵاوکراوەیەوە، گوایە باوکی تۆمەتبار فەرماندەیە لە فەرماندەیی بارزان، لێرەوە رایدەگەیەنین باوکی تۆمەتبار ھیچ پلە و پۆستێکی سەربازی لە فەرماندەیی  بارزان نیە  و ئەو زانیاریانەی بڵاو کراونەتەوە دوورن لە راستیەوە.

پرسە و سەرەخۆشی خۆمان بۆ قوربانیانی کارەساتەکەی ئەمڕۆی زانکۆی سەلاحەددین رادەگەیەنین و ھەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە باوکی تۆمەتبار ھیچ پلە و پۆستێن سەربازی نیە و زراندنی ناوی فەرماندەیی بارزان لەلایەن ھەندێ دەزگای راگەیاندن بە مەبەست بۆوە.

فەرماندەیی بارزان

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دارایی رایگەیاند، دابەشکردنی موچە رۆژی پێنج شەممە داھاتوو ٧/٧/٢٠٢٢ تەواو دەبێت، واتا لە ماوەی ھەفتەیەکدا موچەی سەرجەم وەزارەتەکان دابەش دەکرێن.

خشتەی دابەشکردنی موچە بۆ مانگی شەش بەم شێوەیە دەبێت:

No photo description available.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕێوڕەسمێکی ماتەمینی بۆ شەھیدکردنی ھەریەک لە د. کاوان ئیسماعیل ڕاگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەڵاحەدین و د.ئیدریس حەمەخان مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەدین رێکخست و رایگەیاند، بەتوندی ئیدانەی ئەم جۆرە دەست درێژیانە دەکەین و لەپێناو سەروەری یاساو پاراستنی حەرەمی زانکۆکان ھەمو ڕێکارێکی یاسایی دەگرینە بەر، ھیواشمان وایە ھەمو مامۆستایان و خوێندکاران و کۆمیونیتی ئەکادیمی زانکۆکان پێکەوە ھەماھەنگ بن بۆ ئەوەی بەرپرس بین و نەھێڵین ئەم دیارەدە دزێوانە بپەڕنەوە ناو حەرەمی زانکۆکانمان و پەرەبسێنێت.

ئارام محمد قادر، زانکۆکان و دامەزراوە زانستییەکانی ڕاسپارد بە داگرتنی ئاڵای وەزارەت و زانکۆکان و دامەزراوە زانستییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ماوەی سێ رۆژ و ڕاگرتنی سەرجەم چالاکییە زانستییەکان و مەراسیم و بۆنە و ئاھەنگەکانی دەرچون لەسەرجەم زانکۆکانی حکومی و تایبەت بۆ ماوەی سێ ڕۆژ.

وەزارەتی خوێندنی باڵا دەشڵێت، چەند بڕیارێک لەبارەی بۆنەو چالاکییە زانستییەکان لە زانکۆ حکومی و تایبەتەکانی ھەرێمی کوردستان دەردەکات و سەرجەم بۆنەو چالاکییە زانستییەکان لە زانکۆکانی کوردستان ڕادەگرێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی لە پەیامێکدا بڵاویکردووەتەوە، بەیانی ئەمڕۆ ھەواڵی ڕووداوێکی دڵتەزێن ڕایچڵەکاندین کە بە داخەوە ھەواڵی شەھیدبوونی ھەردوو مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین "د. کاوان ئیسماعیل" و "د. ئیدریس حەمە خانی" بوو.

ڕاشیگەیاندووە، ئیدانەی ئەو کردەوەیە دەکات و دەستخۆشی لە ھێزە ئەمنیەکان دەکات کە توانیان ئەو تۆمەتبارە دەستگیر بکەن و ڕووبەڕووی یاسای بکەنەوە تا بە سزای خۆی بگات.

دووپاتیشیکردووەتەوە، دەبێت ئەوپەڕی ھەوڵ بدرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی چەکداری و ھەر جۆرێک لە جۆرەکانی توندوتیژی. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە پەیامێکدا وێڕای دەربڕینی ھاوخەمیی، جەختی لە گرنگیی ھەوڵەکانی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان کردووەتەوە بۆ دەرکردن و ڕێکخستنی یاساکانی قەدەغەکردنی ھەڵگرتن و بەکارھێنانی چەک و ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە  پێویستە چەک بە ھەموو شێوەیەک لە کۆمەڵگە و ژیانی ئاسایی خەڵک دوور بخرێتەوە و سنوورێک بۆ ئەو تاوانکارییانە دابنرێت.

داواش لە دادگاکان کراوە بە پێی یاسا بەرکارەکان توندترین ڕێکار لەگەڵ کەیسەکە بگرنەبەر و ھیچ ئاسانکارییەکی بۆ نەکرێت، بۆ ئەوەی نەبێتە ھۆکار بۆ زیادبوونی ئەوجۆرە تاوانانە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری پێشمەرگە و سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری - زانیاری ھەرێم و سوپاسالاری پێشمەرگە و ژمارەیەک لە فەرماندە و پلەدارانی ‏پێشمەرگە ئامادە بوون، پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و دواین ھەنگاوەکانی ‏یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە و گرفتەکانی بەردەم پرۆسەکە و پێشنیارێکی ئەمەریکییەکان ‏لەمبارەیەوە تاوتوێ کران.‏

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی کە لە جەنگی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش ھاوکاری ھەرێم بوون و پشتیوانی ھێزی پێشمەرگەبوون لە ڕووی مەشق و ڕاھێنان و پڕچەکردن و پێشخستنی توانا سەربازییەکان. 

ڕوونیشیکردەوە پەرۆشیتان بۆ یەکخستن و چاکسازیکردن لە وەزارەتی پێشمەرگە مایەی دەستخۆشیە و سوپاسگوزارین و ڕاشیگەیاند ھەر پلانێک بۆ رێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە دابنرێت پێشوازی لێدەکەین بەڵام پێویستە لەم ھەنگاوەدا ھەلومەرجی ھەرێم و واقیعی ئەمڕۆ لە بەرچاوبگیرێت و ھاوسەنگی بنەمابێت بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژە نیشتمانییە و بە بەرنامەی کوردستانی بیخەینە بواری جێبەجێکردنەوە و ھەرھەنگاوێکیش بنرێت دەبێت لە خزمەتی پاراستنی ئاسایشی ھەرێم بێت.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینی ھەرێمی کوردستانی بۆ ئەمریکا و ھاوپەیمانان ‏دووپات کردەوە بۆ ئەو پشتگیری و ھاوکارییەی لە کاتی شەڕی دژی داعشدا و ئێستاش ‏پێشکەش بە پێشمەرگەی دەکەن و جەختی لە پشتگیریی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و ‏حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پرۆسەی چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە و ‏یەکخستنەوەی پێشمەرگە کردەوە.‏

لای خۆیەوە جەنەرال برێنان دووپاتی کردەوە کە ئەمر‌یکا لە پشتگیری و یارمەتیدانی ‏پێشمەرگە بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی لە ژێر چەتری وەزراەتی پێشمەرگە و یەک فەرماندەییدا ‏کۆبکرێتەوە و بکرێتە ھێزێکی نیشتیمانیی پیشەگەر، کە بە ھێز و توانا بێت و بتوانێت ئەرکی خۆی ‏جێبەجێ بکات. ‏

دوایین پێشھاتەکانی شەڕی دژی تیرۆر و پێویستیی ھاریکاریی نێوان پێشمەرگە و سوپای ‏عێراق و بەردەوامی پشتگیریی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان، ‏تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.‏

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئامانج جەلال لێپرسراوی راگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی ئاوی سلێمانی رایگەیاند، بەبەردەوامی خەزانەکانی ئاو پاک دەکەنەوە و پێش دابەشکردنی ئاویش پشکنینی بۆ دەکەن، داواشی لە ھاوڵاتیان کرد، ساڵانە چەند جارێک تانکی ماڵانەکانیان پاک بکەنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەردۆغان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا بەر لە بەڕێکەوتنی بۆ مەدرید رایگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ جۆبایدن ئەنجامداوە و سبەینێش دەچێتە مەدرید، چی لەدەستبێت دەیکات بۆ دەستبەرکردنی ماف و بەرژەوەندییەکانیان و تێڕوانینەکانیان لە بارەی پەیماننامەی بەرەنگاربوونەوەی گروپە تیرۆریستییەکان دەخەنەڕوو.

جەختیشی کردەوە ھەڵوێستەکانیان لەبارەی دۆسیەی تیرۆر گۆڕانکاری بەسەردا نەھاتووە و لە گفتوگۆکان ئەنجامیان دەوێت نەک قسەی بەتاڵ، وتیشی، ئەگەر سوید وفینلەندا دەیانەوێت ببنە ئەندامی ناتۆ  پێویستە ھەستیارییەکانی تورکیا لەبەرچاو بگرن و کاری جدی بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی گروپە تیرۆریستییەکان.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە پەیامێکدا لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ئەمین بابەشێخ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ڕایگەیاند، بە توندی سەرکۆنەی کوشتنی مامۆستایان دکتۆر کاوان و دکتۆر ئیدریس لە زانکۆی سەلاحەدین دەکەن.

ئەمین بابەشێخ ڕاشیگەیاند، دژی ھەموو جۆرە پەلاماردان و توندوتیژییەکن کە بەرامبەر بە شکۆی زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن ئەنجام بدرێت و بۆ ڕێگریکردن لەو دیاردە ترسناک و نەخوازراوانە داوا لە حکومەتی ھەرێم دەکەن ڕێکارە یاسای و مەدەنییەکان بۆ پاراستنی مامۆستایان و زانکۆ بگرنەبەر. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگار سلێمانی رایگەیاند، بۆ بەڕێوەچوونی تاقیكردنەوەكان لە كەشێكی ئارامدا، لیژنەیەكی باڵایان لە دام و دەزگا ئەمنییەكان و خزمەتگوزارییەكان دروستكردووە.

هاوكات، م. دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، ئەمساڵ گۆڕانكاری لە پرسیاری تاقیكردنەوەكان كراوە و كۆدێكی نهێنی لەسەرە كە دیاریدەكات ئەو خوێندكارە لە كام هۆڵ تاقیكردنەوە دەكات.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە سەرەتادا، دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای گەشتوگوزار لە ھەرێمی کوردستان دەکرێت. دواتر خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازەیاساکانی سەندیکای خاوەن پیشە تەندروستییەکان و پاراستنی ئاژەڵان و مافەکانیان دەکرێت.

ھەروەھا خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای بەرکارکردنی یاسای فیدڕاڵی واژۆی ئەلیکترۆنی و مامەڵەی ئەلیکتڕۆنییەکان و پڕۆژەیاسای ھەمواری یەکەمی یاسای نەوت و گاز و پڕۆژەیاسای ھەمواری یەکەمی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە دەکرێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە راگەیەندراوێکدا دانەگاز دەڵێت، ھێرشە مووشەکییەکان بۆسەر کێڵگەکە ھیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە، ھەرچەندە " لە پاش روداوەکەی رۆژی ٢٢ی حوزەیران، دوو موشەکی دیکە لە رۆژانی ھەینی و شەممە لە کێڵگەی کۆرمۆر لە ھەرێمی کوردستانی عێراق کەوتوونەتە خوارەوە". 

لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی دانەگازدا ھاتووە، بەرھەمھێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر بەشێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە، باری ئەمنی تووندوتۆڵتر دەکرێت، تەنیا کارکردن لە پڕۆژەی فراوانکردنی کۆرمۆر کەی ئێم ٢٥٠ بەشێوەیەکی کاتی راگیراوە.

کۆمپانیاکە دەشڵێت، "حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو رێکارێکی گرتووەتەربەر بۆ زیادکردنی رێکارە ئەمنییەکان لە کۆرمۆر، لەوانەش ھێنانی ھێزی سەربازیی زیاتر بۆ پاراستنی کێڵگە و دامەزراوەکان".

رۆژی ٢٢ی ئەم مانگە بە مووشەک ھێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، دواتر دوو موشەکی دیکە لە رۆژانی ھەینی و شەممە لە کێڵگەی کۆرمۆر کەوتنە خوارەوە. 

دوای روداوەکە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران بەیاوەری وەزیرانی پێشمەرگە و سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت وبەرپرسانی تری ئەمنی، شەوی  ٢٥/٦، سەردانی کێڵگەی غازی کۆرمۆری کردو لەگەڵ بەرپرسانی کۆمپانیای دانا غاز کۆبووەوە.

قوباد تاڵەبانی دڵنیایی پێدان کە کار دەکەن لەپێناو پاراستنی ژیانی کارمەندانی ناو کێڵگەکە و ئەوان وەکو حکومەتی ھەرێم بەھیچ شێوەیەک رێگر نین لەبەردەم ھاتووچۆی کارمەندان و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق لەسەر خەت دەبن بەمەبەستی بەرگرتن لەڕوونەدانی لەو جۆرە ھێرشانە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ناوەندی راگەیاندنی ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج رایگەیاند، سوپای تورکیا و چەکدارە بە کرێگیراوەکانی گوندی "عەرەب حەسەن"یان لە باکوری شاری "مەنبەج" بە تۆپھاوێژ و چەکی قورس و مام ناوەند بۆردوومان کردووە، ھێشتا زیانەکانی ئەو بۆردوومانەش نەزانراوە، بەڵام تا ئێستا بەردەوامە. 


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەلێدوانێکیدا ھیشام محەمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کەرکوک بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، بڕینی کارەباکە لەکەناڵی سەرەکی دابینکردنی ئاوەوەیە لەدووبز.

ڕونیکردەوە لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە کاری سیانە لە ھێڵەکانی کارەبا دەکرێت و بەو ھۆیەشەوە لە ڕۆژی یەکەم بۆ ماوەی شەش سەعات و لە ڕۆژی دوەم بەتەواوەتی کارەبا دەبڕێت و بەوەش ناتوانن ئاو بۆ گەڕەکەکانی کەرکوک دابین بکەن و تەنگژەی ئاویش سەر ھەڵدەدات.

وتیشی داواکارین ھاوڵاتیان لەماوەی ئەو دوو ڕۆژەدا کەمتر ئاو بەکار بهێنن. وتیشی لەئێستادا سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی کەرکوک ھەردوو قۆناغی یەکەم و دووەمی پرۆژەی ئاوی کەرکوکە کە بەھەردوو قۆناغەکە ٣٤٠٠٠ مەتر سێجا ئاو لەسەعاتێکدا  بۆ شاری کەرکوک دابین دەکات و ئەگەر کێشەی کارەبای نیشتمانی نەبێت و ئاویش لە کەناڵی سەرەکی دوبزەوە بۆ پڕۆژەکان دابین بکرێت ھیچ کێشەیەکی ئاو لەکەرکوک بوونی نابێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...657658659660661...996