لە راگەیەندراوێکدا دانەگاز دەڵێت، ھێرشە مووشەکییەکان بۆسەر کێڵگەکە ھیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە، ھەرچەندە " لە پاش روداوەکەی رۆژی ٢٢ی حوزەیران، دوو موشەکی دیکە لە رۆژانی ھەینی و شەممە لە کێڵگەی کۆرمۆر لە ھەرێمی کوردستانی عێراق کەوتوونەتە خوارەوە". 

لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی دانەگازدا ھاتووە، بەرھەمھێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر بەشێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە، باری ئەمنی تووندوتۆڵتر دەکرێت، تەنیا کارکردن لە پڕۆژەی فراوانکردنی کۆرمۆر کەی ئێم ٢٥٠ بەشێوەیەکی کاتی راگیراوە.

کۆمپانیاکە دەشڵێت، "حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو رێکارێکی گرتووەتەربەر بۆ زیادکردنی رێکارە ئەمنییەکان لە کۆرمۆر، لەوانەش ھێنانی ھێزی سەربازیی زیاتر بۆ پاراستنی کێڵگە و دامەزراوەکان".

رۆژی ٢٢ی ئەم مانگە بە مووشەک ھێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، دواتر دوو موشەکی دیکە لە رۆژانی ھەینی و شەممە لە کێڵگەی کۆرمۆر کەوتنە خوارەوە. 

دوای روداوەکە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران بەیاوەری وەزیرانی پێشمەرگە و سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت وبەرپرسانی تری ئەمنی، شەوی  ٢٥/٦، سەردانی کێڵگەی غازی کۆرمۆری کردو لەگەڵ بەرپرسانی کۆمپانیای دانا غاز کۆبووەوە.

قوباد تاڵەبانی دڵنیایی پێدان کە کار دەکەن لەپێناو پاراستنی ژیانی کارمەندانی ناو کێڵگەکە و ئەوان وەکو حکومەتی ھەرێم بەھیچ شێوەیەک رێگر نین لەبەردەم ھاتووچۆی کارمەندان و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق لەسەر خەت دەبن بەمەبەستی بەرگرتن لەڕوونەدانی لەو جۆرە ھێرشانە.