زانکۆی سەڵاحەدین دەڵێت، بکوژەکە ھەڵیکوتاوەتە سەر ئۆفیسی راگری کۆلێژی یاسا و ماڵی مامۆستایەکی دیکەی کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆکە و لە ئەنجامدا ھەردووکیانی کوشتووە.
 
لە بەشێکی راگەیەندراوەکەی زانکۆی سەڵاحەدیندا ھاتووە، رووداوەکە سەعات ٨:١٥ خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ بووە و تۆمەتبارەکە ھەڵیکوتاوەتە سەر ئەو شوێنەی کە مامۆستایانی زانکۆی سەلاحەدین تێیدا نیشتەجێن و چووەتە ئۆفیسی راگری کۆلێژی یاسا و یەکێک لە تاوانەکانی ئەنجامداوە.

زانکۆی سەڵاحەدین دەشڵێت، پرۆسەی خوێندن بەردەوام دەبێت و گیانی مامۆستایانیان پارێزراوە و دەشڵێت، "سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرجەم دەزگا ئەمنییەکان خەریکی لێکۆڵینەوەی وردن لەم رووداوە کارەساتبارە بۆئەوەی تاوانبار بە سزای یاسایی بگەیێندرێت."
 
دەقی راگەیێندراوی زانکۆی سەڵاحەدین:
 
بەناوی خودای گەورە و میھرەبان  
 
بەداخەوە ئەمڕۆ ڕێککەوتی ۲۸ ی ٦ ی ۲٠۲۲ کاتژمێر ۸:۱٥ دەقیقەی بەیانی، قوتابییەک ھەڵدەکوتێتە سەر ئۆفیسی ڕاگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین - ھەولێر و د‌ێی نوێی زانکۆ، کە ماڵی مامۆستایانی زانکۆی سەلاحەدینی لێیە.  
 
ئەمەش لە ئەنجامی پێشینەی مامەڵەیەکی نەقلکردنی بەر لە (  ۲ - دووساڵ )بووە، ئەمڕۆ ھەمان قوتابی ھەڵیکوتایە سەر ‌ ئۆفیسی ( پڕۆفیسۆر د.کاوان ئیسماعیل –ڕاگری کۆلێژی یاسا) و ماڵی ( پ.ی.د. ئیدریس حەمە خان- مامۆستا لە کۆلێژی ئەندازیاری) لە ئەنجامدا ھەردووکیان شەھید دەکات و لەگەڵ ئەوەشدا کارگوزارێکی کۆلێژی یاسا بریندار دەکات.  
 
وێڕای سەرەخۆشی لە خانەوادەی مامۆستایانی شەھید، ھیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکەش دەخوازین.  
 
دڵنیاتان دەکەینەوە، پڕۆسەی خوێندن بەردوام دەبێت و گیانی مامۆستایانمان پارێزراوە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرجەم دەزگا ئەمنییەکان خەریکی لێکۆڵینەوەی ووردن لەم ڕووداوە کارەساتبارە بۆئەوەی تاوانبار بە سزای یاسایی بگەیەندرێت.  
 
ئەنجوومەنی زانکۆی سەلاحەدین-ھەولێر  
ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین-ھەولێر.