درۆنێکی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی لە شاری دێرکی رۆژئاڤای کوردستان کردە ئامانج
کوردسات نیوز
٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، سەعات ٤ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، درۆنێکی تورکیا ئۆتۆمبێڵیکی لە گوندی خان جەبەلی سەر بە شاری دێرک لەسەر رێگای دێرک و قامیشلۆ کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا دوو ئۆتۆمبێل سوتاون.
بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانیش ٤ کەس برینداربون و بۆ وەرگرتنی چارەسەر بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانە کراون .
پێشتریش ھەر لەم ھەفتەیەدا، گروپەکانی نزیک لە تورکیا ٦ کەسیان لە ناوچەکانی شێراوا و جندرێس و ماباتا ڕفاند، ھەروەھا لە ناوەندی شاری عەفرین کەسێکی خاون پێداویستی تایبەت لەلایەن گروپێکی چەکدار بە ناوی (جەبھەت شامییە) ڕفێندرا.
ھاوکات، گوندی کەشتعار و فڕۆکەخانەی منغ لە ناوچەی شەھبا و گوندەکانی ئاقیبە و بێنە و سوغانکی لە ناحیەی شێراوا، لەلایەن سوپای تورکیا و گروپەکانی نزیک لەو وڵاتە تۆپباران کراوە و ھێرشەکە زیانی ماددی زۆری لێکەوتووەتەوە.